کاروچالاکییەکان
کاروچالاکییە کۆمەڵایەتییەکانمان بە شێوەیەکی سەرەکی بەمەبەستی هاندانی گەنجە بۆ ئەوەی رۆڵێکی کاراو ئەرێنیان لە کۆمەڵگدا هەبێ
خولەکانی راهێنان
بەرنامەکانی تواناسازیمان بۆ گەنج لەرێگەی رەخساندنی هەل بۆ لاوان و بەسەرکردنەوەی تواناکانیان بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆیان ئاشتیان بکەینەوە و ببنە رەورەوەی پێشخستن
کۆنفرانسی ئەکادیمی بۆ لاوان
بە شێوەیەک کە تێیدا فێرخوازانی زانکۆ توێژینەوە زانستیەکانیان پێشکەش دەکەن و باشترینیان لە شێوەی پرۆژەی زانستی گەنجان پێشکەش بە لایەنی پەیوندیدار بۆ دروستکردنی بڕیار لەمەڕ ژیانی گەنج، بەو جۆرەش ئاشتکردنەوەی گەنجان لەگەڵ ناوەندەکانی بڕیار و دروستکردنی پردی متمانە و یەکدی خوێندنەوە
سمیناری زانستی و بابەتی
بۆ بەرزکردنی ئاستی زانستی و هۆشیاری گەنج لەمەڕ پرسە هەنووکەیی و باسە مێژووییەکان، لە رێی خوێندنەوە و سەرنجی رەخنەیی بە مەبەستی پێشکەشکردنی تێگەیشتنی نوێ بۆ ئەوباسانە
فستیڤاڵی هونەری و وێژەیی
بۆ بەسەرکردنەوەی توانای کەسانی بەهرەدار و بەتوانا، وەک وێنەگر، نیگارکێش، هۆزانڤان، میوزیک ژەن و دەنگبێژ و ناساندنی تواناکانیان بە نەتەوەی کورد و لەهەمان کاتدا، بەسەرکردنەوەی هونەری کوردی و زیندوو هێشتنەوەی
بەسەرکردنەوەی تواناکان
بەسەرکردنەوەی تواناکان چالاکییەکی بەردەوامی دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمانە. هونەرمەندان، فیلمسازان، نووسەران، مۆسیقاژەنان و بازرگانانی کورد لە ڕێگەی ڤیدیۆکانەوە، کارەکانیان نیشان دەدەن و باسی ئامانجەکانیان دەکەن. دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان لە ڕێگەی ئەم چالاکیە، ئامانجی ئەوەیە کە هانی گەنجی کورد بدات کە بەدواداچوون بۆ خواستە بازرگانی و داهێنەرەکانیان بکەن
دەتوانن لە ڕێگەی سەکۆی نیشتمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینەری ئەم ڤیدیۆیانە بن
ڕۆژی ئاڵای کوردستان
بۆ یادکردنەوە و ڕێزلێنان لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان کە دەکەوێتە ١٧ی کانوونی دووەم، دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان هەڵمەتێکی دیجیتاڵی بۆ ماوەی هەفتەیەک ئەنجامدا. ئێمە بابەت و ناوەڕۆکی پەروەردەییمان لەسەر مێژووی ئاڵای کوردستان بڵاوکردەوە، لە دروستبوونیەوە تا بە فەرمیکردنی، بە هەمان شێوە، هێماکانی ئاڵای کوردستانمان ڕوونکردەوە و کۆمەڵێک ووتەمان بڵاوکردەوە کە گوزارشتیان لە گرنگیی کولتووری و ڕەمزی ئاڵای کوردستانیان دەکرد.
لە ١٧ی کانوونی دووەمدا، دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان کاری هاوبەشی لەگەڵ دوو دامەزراوەی ناوخۆیی کرد؛ زانکۆی کوردستان-هەولێر و کۆمپانیای لەزوو. لەگەڵ زانکۆی کوردستان میوانداری ئاهەنگێکی یەک ڕۆژەمان کرد بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان. لەوێدا چەند ڤیدییۆیەکمان دروستکرد کە خەڵک بە جلی ڕەسەنی کوردی و بە زمانی شیرینی کوردی باسیان لە کولتوور و ئاڵای کوردستان دەکرد. هەروەها لەو ڕۆژەدا هەستاین بە دابەشکردنی سەدان کاڵا کە بە ئاڵای کوردستان نەخشەندرابوون بەسەر قوتابیانی زانکۆی کوردستان-هەولێر.
بە هاوکاریمان لەگەڵ کۆمپانیای لەزوو، توانیمان زیاتر لە سێ هەزار ئاڵای کوردستان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکەین لە ڕێگەی خزمەتگوزاری گەیاندنی لەزوو.
ڕۆژی جلوبەرگی کورد
لە ڕۆژی جلوبەرگی کوردی کە دەکەوێتە ١١ی ئازار، ئێمە وەک دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان بەشداریمان کرد لە ئاهەنگی ساڵانەی قوتابخانەی کامبریدج لە هەولێر. لە چوارچێوەی چالاکیەکانمان هەستاین بە دروستکردنی ڤیدیۆ لەگەڵ قوتابییە گەنجەکان، سەکۆیەکمان پێ بەخشین بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان لە لەبەرکردنی جلی کوردی و وتنەوەی گۆرانی کوردی و ئەنجامدانی یارییە کوردییە کۆنەکان. هەروەها بۆ ئەوەی قوتابییە گەنجەکان زیاتر ئاشنا بکەین بە کولتوور و زمانی کوردی، پۆستەری پەروەردەییەمان لەسەر پارچە سەرەکییەکانی جلوبەرگی کوردی بە زمانی کوردی دروست کرد. دواتر ئەم زانیاریانەمان بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی دوو ڤیدیۆ کە پارچە سەرەکییەکانی جلوبەرگی کوردی پیاوان و ئافرەتانیان پیشان دەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
کەمپەینی هەڵەبجە
دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان پڕۆژەیەکی بەردەوامی هەیە کە تایبەتە بە گێڕانەوە و پاراستنی چیرۆکی ئەو کۆمەڵکوژییەی کە کورد لە ساڵی ١٩٨٨دا تووشی بوو.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، هەڵمەتێکی تایبەتمان بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئەنجامدا، کە بۆتە یادەوەرییەکی زەبربەخشی بەکۆمەڵ بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان. لەم هەڵمەتە تایبەتەی هەڵەبجەدا، سەردانی هەڵەبجەمان کرد بۆ دروستکردنی گرتەی ڤیدیۆیی بۆ دۆکیۆمێنتکردنی ڕۆحی خۆڕاگری دانیشتوانی هەڵەبجە بە بانگهێشتکردنیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی خۆیان لەو کارەساتە و گێڕانەوەی ئەو زیانانەی لە ئەنجامدا تووشی بوون.
ئەم ماڵپەڕە کووکی سەرەکی بەکاردەهێنێت بۆ دڵنیابوون لە کارکردنی دروست