ئامەدسپۆر : گۆڕەپانی پێشبڕکێ بۆ ناساندنی شوناسی کورد و بنیاتنانی ئاشتی
پێشەکی
ئامەدسپۆر، یانەی وەرزشیی تۆپی پێی ئامەد(دیاربەکر بە تورکی) لە باکووری کوردستان، وەکو دروشمێکی کاریگەری شوناسی نەتەوەیی کورد سەریهەڵدا و بەرەنگاری ڕەگەزپەرستی دەبێتەوە. ئامەدسپۆر، یەکێك لە یانە دیارەکانی خولی تۆپی پێی تورکیایە و دروشمی بەردەوامی و خۆڕاگرییە دژی ڕەگەزپەرستیی خولی تۆپی پێی تورکیا. جگە لە بوونی وەکو یانەیەکی وەرزشی، ئامەدسپۆر نوێنەرایەتیی نەتەوەی کوردی کردووە و سەکۆیەك بووە بۆ کۆمەڵگای کوردی لەبەرامبەر پاراستنی شوناسی فەرهەنگی و ویست و مافە سیاسییەکان. هەرچەندە فشارە ڕەواکانی یانەکە لەلایەن هێز و دەستڕۆیشتووانی سیاسی سنووردارکراوە و بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کپکردنی یانەکە و هاندەرانی دراوە. هاوکات ئەوە ڕوونە کە بەم دواییانە گوتە و لێدوانی ئەرێنیی بیانییانیش سەلمێنەری سەرکەوتوویی ئامەدسپۆرە لە گۆڕەپانی تێکۆشان، داواکردنی ماف و ویستی کورد و نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە تورکیا، بۆیە شیکاریێکی ورد پێویستە بۆ تێگەیشتن لە گیرگرفتە بنەڕەت و شاراوەکان و خستنەڕووی ئاستەنگ و بەربەستەکان. ئەم پوختەیە کاریگەریی چەندلایەنەی ئامەدسپۆر دەخاتەڕوو، وەکو دروشمی شوناسی کوردی و بوون بە سەکۆیەك بۆ بنیاتنانی ئاشتی، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی یانەکە دەبنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیادا.
شوناس و نوێنەرایەتی کردن
ئامەدسپۆر لە "ئامەد"ەوە هاتووە، سەرچاوەی مێژووی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ "ئامیدا"، ناوێکی بەهێز و پڕ بەرپرسیارەتییە لەسەر شانی یانە وەرزشییەکە بۆ نوێنەرایەتی کردن و ڕێزگرتن لە ناسنامەی کوردی. سەرەتای مێژووی ناوی یانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، بەر لە شکستهێنانی دانووستان بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی نێوان کورد لەگەڵ تورکیا. کەشی لەبار و ئەرێنییانەی سیاسیی ئەوکات ڕێگاخۆشکەر بوو لەبەردەم گۆڕینی ناوی یانەکە و پەسەندکردنی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا (تی ئێف ئێف) بە مەرجی لابردنی ڕەنگی زەرد لە دروشمی یانەکەدا. یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا کێشەی هەبوو لەگەڵ پێکهاتەی ئەو سێ ڕەنگەی دروشمی یانەکە کە سەوز، سوور و زەرد بوو چونکە ئاماژە بوو بۆ ئاڵای کورد. دانانی ناوی ئامەد بۆ یانەکە و هاتنە ناوەوەی یانەکە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی و کەرتی وەرزشی لە تورکیا بە مەرجی گۆڕینی ڕەنگی زەرد، سوور و سەوز بۆ سپی، سوور و سەوز بڕیارێکی دروست و زیرەکانە بوو لەلایەن یانەکەوە، ئەگەرچی دژایەتیکردنی یانەکە لەلایەن چەندین سیاسیی ڕەگەزپەرست، هێزی سەربازی و شڕۆڤەکاری سیاسی بە ئامانج گیرابوو. لە ئەنجامدا، ئەم بڕیار و هەڵبژاردنە بە مەبەستەی بوو بە هۆکاری کۆکردنەوە و گرتنە باوەشی زمانی کوردی و کەلەپووری فەرهەنگی ئامەدسپۆری کرد بە سەکۆیەك بۆ دەربڕینی شوناسی کوردی و هاوکاری و هیوای ناساندنی کورد بە فەرمی.
سەرەڕای بەرهەڵستی و نکۆڵیکردن لە بەکارهێنانی ڕەنگ و دروشمی یانەی ئامەدسپۆر وەکو خۆی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیاوە، هاندەران و پاڵپشتانی یانەکە سووربوون لەسەر هەڵکردنی ڕەنگ و ئاڵای کوردی، گوتنەوەی دروشمی کوردانە بە زمانی کوردی و چەندین شێوازی تری کولتووری و، دەربڕین و پێناسەی ڕاشکاوانەی شوناسی کورد. ئەمە بوو بە هۆکاری قەڵسکردن و تووڕەکردنی کۆمەڵانی نەتەوەپەرست و دەستڕۆیشتووانی تورك، کە هەوڵیان بۆ سەرکوتکردن و نەهێشتنی پێشاندانی ئەم لایەنە کولتووری و سیاسییەی پێناسە و شوناسی کورد دەدا. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە سەرکوتکارانەیەدا، یانەی وەرزشیی ئامەدسپۆر، لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا(تی ئێف ئێف)ەوە زۆرترین ڕێژەی جەریمەی لەسەر تۆمارکراوە لە یاریگادا بەهۆی گوتنەوەی دروشمی بیروباوەڕییانە و هەڵکردنی دروشمی بیروباوەڕییانەی وەکو (منداڵان نابێت بمرن، دەبێت بێن بۆ سەیرکردنی یاری).
لە ئەنجامدا، دروشم و ڕۆڵی یانەکە لە هەوڵ و تێکۆشانییان بۆ ناساندن و سەربەخۆییی کورد لە تورکیا، وایکرد کە ئامەدسپۆر بکەوێتە ژێر هەڕەشەی توند و پلان بۆ داڕێژراوی یانە ڕکابەرەکان و هاندەرانیان، دام و دەزگای سەر بە دەسەڵاتی تورکیا بە لێکترازاندن، توندوتیژی و هێرشکردنە سەر کولتوور. بەردەوامیی بوونی ئەم ئاستەنگانە لەبەردەم پێناسە و پێشاندانی شوناسی کوردی لە یاریگادا ڕەنگدانەوەی گرژیی ناکۆکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردە لەگەڵ تورکیا. هەر چۆنێك بێت، ئامەدسپۆر بەشێکە لەم ناکۆکییە دوور و درێژەدا، سەرەڕای ئەوەی کە یاریزانانی کورد و تورکی یانەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو سەرنجییان لەسەر یاریکردنە نەك ئەم تێڕوانینە نەرێنییانەی کە خەڵك هەیانە بۆ یاریزانان و یانەکە. ڕەگەزپەرستیی دژ بە ئامەدسپۆر ئەوەندە ڕوون و ئاشکرایە کە نەیاران، توندوتیژان و ڕەگەزپەرستان ناتوانن ئەو ڕاستییە ببینن کە ئامەدسپۆر چەندە باوەڕی بە تەبایی و پێکەوەژیان هەیە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی یاریزانانی یانەکە کورد نین. بە هاتنیان بۆ ئامەدسپۆر، ئەم یاریزانە تورکانە دادەبڕێن لە پەیمانی تورکبوون و وەکو ئامانج سەیر دەکرێن لە بەرامبەر توندڕەویدا بە پشتبەستن بە خراپ پێشاندان و بە داگیرکار ناساندنی کورد لە باکووری کوردستان.
وەرزش و بنیاتنانی ئاشتی
گرنگیی وەرزش لە بوون بە سەکۆیەك بۆ خزمەتکردن و بنیاتنانی ئاشتی، سازان و، لێکتێگەیشتنی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان کڕۆکی گەشەکردنی پەروەردەیی و بەرژەوەندیی سیاسییە. هەنگاوە سەرەتایی و ئەرێنییەکانی وەرزشی لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان دەستپێشخەریی باشن بۆ یەکخستن و سازانی نێوان کۆمەڵگا جیاوازەکان، بەرهەمهێنانی وتووێژی هاوبەشانە و، هەماهەنگیی نێوان نەتەوە، ئایین و سیاسەتە جیاوازەکان. پرسی باڵکانی ڕۆژئاوا و قەوقازی باشوور، نموونەی باڵای ڕەنج و هەوڵی لەم شێوەیەیە،وەك چۆن وەرزش بووە بە ئامرازێك بۆ بنیاتنانی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە کۆمەڵگا ناکۆكەکان. لە ئایرلەندای باکوور، پێشبڕکێی تۆپی پێی لاوان "میڵك کەپ" ڕێکخرا بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی دامارگرژیی دەستایینی و هێنانەپێشەوەی لێك تێگەیشتنێکی هاوچەشن لەنێوان کۆمەڵگای کاتۆلیکەکان و پڕۆتستانتەکان. هەروەها، دەرکەوتنی "وەرزش لەپێناو ئاشتی" ڕووبەڕووی ڕەخنە و هەڕەشەی زۆر بووەوە. زانایان گفتوگۆی ئەوەیان بوو کە وەرزش دەکرێ ببێت بە هۆکاری تۆخ کردنەوەی قۆرخکردنی دەستەڵات لەلایەن کۆمەڵێکەوە، زیادکردنی گرژییەکان و برەودان بە پەراوێز خستنی کۆمەڵانی جیاجیا. یەکێك لە هۆکارە بنەڕەتەکانی ئەم بۆچوونە شێوازی یاریی تۆپی پێیە کە، بریتییە لە زاڵبوون و بەزاندنی بەرامبەر لەسەر بنەمای هێرشبردن و بەرگریکردن، ئەمەش لەبری کەمکردنەوەی ناکۆکی، برەو دەدات بە چەمك و هزری ململانێکردن و تێكهەڵچوون. بۆیە، زۆر جاران سەرکەوتنی ئەو دەستپێشخەرییە پشت دەبەستێت بە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فراوانتر و، ڕێسا و گەڵاڵە داڕشتنی وردی بەرنامە وەرزشییەکان.
ڕەگەزپەرستی و لاسەنگیی دەستەڵات و هێز مەترسی و هەڕەشەی گەورەن لەسەر تۆپی پێ، بە تایبەت لەسەر پەنابەران و نەتەوە کەمینەکان. لە ئینگلتەرا، یاریزانانی نێودەوڵاتیی ڕەشپێست چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی ڕەگەزپەرستی بوونەتەوە لەلایەن هاندەرانەوە. لە ئیتاڵیا، یانەکانی وەکو لازیۆ و ڕۆما و، بەتایبەت یاریزانە بە ڕەچەڵەك ئەفریقییەکان ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و پەڕگیریی سەخت بوونەتەوە لەلایەن هاندەرانەوە. لە ئوستراڵیا، ئەزموون و نمونەی یاریزانانی ڕەسەن و دوورگەنشینانی تۆرێس سترێیت پێشاندەری ئەوەیە کە ئەم بەربەست و ڕێگرییانە یاریزانانییان لە نوێنەرایەتیکردن و بەشداریپێکردن لە تۆپی پێ بێبەش کردووە.
ئامەدسپۆریش بێبەش نەبووە لەم هەموو مەترسی و هەڕەشەیە. هەرچەندە، هەندێك لە توێژەران، سیاسییان و شڕۆڤەکاران باس لەوە دەکەن کە ئامەدسپۆر توانای ئەوەی هەیە بەشداریبکات لە چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان تورك و کورد و، باوەڕم وایە ئەم گریمانەییەی توانینە هەم ناچارکەرە و هەم سەختیشە. گرنگیی یانە وەرزشییەکە لە نوێنەرایەتی کردنی شوناسی کوردی و، بەها و دروشمی یانەکە لە هەوڵ و تێکۆشانییان بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد و سەربەخۆیی، دەگونجێ، فەزایەك ساز بدات بۆ دانوستانی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان، لێکتێگەیشتن و پشتگیری بۆ بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە.
ئامەدسپۆر، وەکو یانەیەك کە هاندەرانی کورد، یاریزانانی کورد و تورك بەیەکەوە کۆدەکاتەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا و دیاسپۆرا، دەکرێ ببێت بە پردێك بۆ بەیەك گەیاندنی کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای تورکی، دروستکردنی پێوەندیێکی فراوانتر، هاوسۆزی و پێزانینی هاوبەش بۆ وەرزشەکە. سەرکەوتن و ناووبانگی یانەکە لە گۆڕەپانی تۆپی پێی تورکی دەکرێ هاندەرێك بێت بۆ یانە کوردییەکانی تر و شکاندنی بەربەست لەبەردەم بەشداریکردنییان لە خولە تورکییەکاندا. سەرەڕای ئەوەش، ژینگە و دەستەڵاتی سەرکوتکار و، دامەزراوە حکومییەکان بەربەستن لەبەردەم ڕۆڵگێڕانی ئامەدسپۆر وەکو سەکۆیەك بۆ بنیاتنانی ئاشتی. هەڵاواردن و جیاکاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو و توندوتیژیی فیزیکی و دروشمی بەرامبەر بە یانەی ئامەدسپۆر و هاندەرانی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد وەکو هەڕەشە و مەترسی دەبینرێ بۆسەر نەتەوەپەرستیی تورکی، درێژەدان بە دابەشکران و بێ متمانەیی لەنێوان هەردوو کۆمەڵگادا. دوابەدوای ئەوە، بە کەوتنە ژێر باری هەلومەرجی نایەکسان و لاسەنگیی هێز، ئامەدسپۆر ناتوانێ وەکو ئەکتەری ئاشتی ڕۆڵ بگێڕێ، لە ئەنجامی دانپێدانەنان بە ماف و بوونی یانەکە و هاندەرانی. بۆیە، تا ئێستاش تێنەگەیشتوون لە، ویستی پەیوەندیی ئاشتییانەی ئامەدسپۆر لەگەڵ یانەکانی تردا و دەستڕۆشتووانی تۆپی پێی تورکیا. ئەمەش بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم ئامەدسپۆر و، ڕێگرە لەبەردەم ڕۆڵی گرنگی یانەکە.
سەرباری ئەوەش، هەڵوێست و بیروباوەڕی یانەکە، شوناسی کورد و پێوەندیی یانەکە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە کۆمەڵەیێکی چەکداری کوردن و ناکۆکیێکی درێژخایەنییان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتی تورکیا، بەرەنگاریی ئەم داپڵۆسین، سەرکوتکاری و ڕەگەزپەرستییە بوونەتەوە کە لە دژی ئامەدسپۆر، یاریزانەکان و هاندەران ئەنجام دەدرێن. ئەم پێوەندییە مەترسییەکانی دووبەرەکایەتی و ناکۆکیی زیادکردووە و، یانەکە بووە بە خاڵی گڕکێشان و چەقی ناکۆکی لەبەرامبەر ئەم هەموو هەوڵەی یانەکە بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد و سەربەخۆیی لە گۆڕەپانێکی فراوانتردا. سەرەڕای جۆش و خرۆشی پاڵەوانێتیی ئامەدسپۆر و پەیامی ئەرێنیی سیاسیی تورك، شارەوان و بەڕێوەبەری یانەکان، پێویستە لە گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان وردبینەوە. ئەمە جیاکاری و هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە لەخۆ دەگرێت لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا(تی ئێف ئێف) و (پی ئێف دی کەی)، ڕەگەزپەرستیی دیاری حیزبە ڕاستڕەوەکان، پەسندکردنی ئامەدسپۆر و ناسنامەی کوردایەتیی لەلایەن یانە تورکی و بیانییەکان و هاندەرانییان، ڕەوتی گشتیی ڕاگەیاندنی تورکی و کۆتایی هێنان بە تێوەگلاندنی ئامەدسپۆر لە توندوتیژیی سیاسی. مێژووی ناکۆکییەکانی نێوان تورك و کورد بۆ نزیکەی ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆیە ژیرانە نییە ئەگەر چاوەڕوانی ئەوە بین لەناکاوێك گۆڕانکارییەکان ڕوو بدەن. پاشماوەی توندوتیژیی داگیرکارانە لە ناوەوە و دەرەوەی باکووری کوردستانیش بەردەوامیی دەبێت لە قۆناخی جیاجیادا. جا بۆیە، بێگانەش پێویستە لەوە تێبگا و پشتگیریی خۆی دووپات بکاتەوە بۆ ئامانجی ئامەدسپۆر لە هاوکاریی بنیاتنانی ئاشتییێکی هاوبەش و، هاوکاری و چارەسەری ڕیشەیی ئەم باسە پەیوەستە بە کۆتایی هێنانی ستەمکاران بە توندوتیژیی پێکهاتەیی، ڕاستەوخۆ، دروشمی ڕەگەزپەرستی دژ بە ئامەدسپۆر.
ڕۆڵی ئامەدسپۆر لە بەرهەمهێنانی فەرهەنگی نوێی وەرزشی
ئامەدسپۆر بەناووبانگترین یانەی کوردیی باکووری کوردستان و تورکیایە، ئەمەش هێزێکی زۆری داوە بە ئامەدسپۆر و وایکردووە خۆڕاگرتر بێت، هاندەرانی ڕوو لە زیادبوون بکەن، هێزیان زۆرتر بێت بۆ ڕێکخستن و یەکخستنییان، جیاکاریی نەکردن و، دەرکەوتن و لێك نزیکبوونەوەی دۆستانە. لە بنەما و ڕێساکانی یانەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە ڕێژەی زیاتری ژنان و منداڵان بێنە نێو یاریگا بۆ سەیرکردنی یارییەکان، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هاندەران دوورن لە بەکارهێنانی زمانی سێکس باوەڕانە و، دۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەم یانانەش دەکەن کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە لە ئامەد. ئەم جووڵانەوە و هەڵسوکەوتە بۆ ئامەدسپۆر لە بەرامبەر هەموو یانەکاندا ڕاستە، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە هاندەران ڕووبەڕووی بوڕسەسپۆر دەبنەوە. بەڕێوەبەرایەتی و هاندەران و ناوەخۆی یانەی بوڕسەسپۆر لە یاریگای خۆیاندا لەڕێگای هێرشی ڕاستوخۆی جەستەیی، توندوتیژیی دروشمی و هەڵگرتنی بانەری ئەو کەسانەی کە بەرپرسن و تێوەگلاون لە کوشتنی هاووڵاتییانی باکووری کوردستان. لە کاردانەوەی ئەمەدا، هاندەرانی ئامەدسپۆر پەنایان بردۆتە بەر توندوتیژی وەکو بەرپەرچدانەوەی ڕەگەزپەرستیی بوڕسەسپۆر لەنێو یاریگادا، بە پێچەوانەی ڕێسا و بنەماکانی یانەکە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەرچەندە ئامەدسپۆر هەوڵ بۆ بەرهەمهێنانی گشتگرەوەیێکی فەرهەنگی و کەشێکی لەبار دەدات، هەڵاواردن و گرژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆسپ و بەربەستی بەرچاو دەهێنێتە بەردەم یانەکە. چوار کۆمەڵەی سەرەکیی هاندەرانی ئامەدسپۆر هەن کە بانگەشەی شوێنکەوتنی ڕێساکانی ئامەدسپۆر و جووڵانەوەی دیموکراسییانە دەکەن لەمانە؛ ئازرایلەر(فریشتەکانی گیان کێشان)، باریکات(سەنگەر)، مۆر باریکات(سەنگەری مۆر، هاندەرانی ژن) و دیرێنیش(کۆڵنەدان). هەرچەندە، هاندەران خۆیان بە دژە فاشیست پێناسە دەکەن، قسە و گوتاریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان(ئێکس، ئینستاگرام، تیکتۆك و یوتیوب) وەڵامدانەوەی فاشیزمی تورکییە لە دژی یانە کوردییەکان. تاوەکو ئێستا هیچ گوتار و ڕاگەیاندنێکی یانەکە یان هاندەرانیم نەبینیوە لەسەر ڕەگەزپەرستیی دژ بە کۆمەڵانی تری تورکیا، وەکو پەنابەران کە بەردەوام بە ئامانج دەگیرێن لەلایەن کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای تورکی، سیاسییانی ڕەگەزپەرستی حیزبە ڕاستڕەوەکان، ئەوانەی کە وابێژیی ئەوە دەکەن کە سۆشیاڵ دیموکراتن لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان و هاندەرانی لەنێو یاریگادا. ئەم تیشك خستنەسەرە وردەی گرژییەکانی نێوان تورک و کورد، کە تێگەیشتنی ئاسانە، ڕەنگە سنوور بۆ توانای وەرچەرخان بۆ دیدی گشتگرەوەی ئامەدسپۆر دابنێ.
لەکۆتاییدا، لێدوانی کۆمەڵانی هاندەری ئامەدسپۆر و گوتاری هاندەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوە دەگەیەنێت کە یانەکە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی فەرهەنگێکی وەرزشیی گشتگرەوە و دژە فاشیست. لەکاتێکدا، هاندەری سێکس باوەڕ و سەربازی باوەڕ لەنێو هاندەرانی تۆپی پێی تورکیادا بوونیان هەیە و دەستبردنی ئامەدسپۆر بۆ لادان لەم تێگەیشتنە دەبێت دانی پێدا بنرێ. لەگەڵ ئەوەشدا گوتاری سەربازیی لەلایەن کۆمەڵانی هاندەری ئامەدسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بنبڕ نەکراوە. بۆ نمونە، لە کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتیی، کۆمەڵی باریکات لە بڵاوکراوەیەکیاندا لە پێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، عەزیز ئێڵاڵدیی بەڕێوەبەری یانەکە بە "فەرماندە" ناودەبەن. هەمان کۆمەڵی هاندەران لە یاریی بەرامبەر بە سۆماسپۆر(لە یاریگای مانیسا بەڕێوەچوو)، ئۆکتای ئایدنیان بە مووشەك هاوێژ ناوبرد، کە تاکە گۆڵی یارییەکەی کرد بۆ ئامەدسپۆر. لەدوای هەمان یاری، لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئامەدسپۆر وێنەی یانەکەی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبوو 'باوەڕمان هەبوو، جەنگاین، بردمانەوە'. هەرچەندە ئەم ڕووداوانە دەگمەنن، بەڕێوەبەرایەتی و کۆمەڵانی هاندەری یانەکە زیاتر بڵاوکراوەکانییان دەربارەی شانازیکردنییانە بە یانەکە، هاندەران و یەکڕیزییان لەگەڵ یانە کوردییەکانی تر و، ئەوەش پێشاندەدەن کە دەتوانن زیاتر هەوڵ بدەن بۆ گشتگرەوەیی، دژە سەربازی باوەڕی و دژە فاشیستی.
ئەنجام
کاروانی ئامەدسپۆر لە گۆڕەپانی پێشبڕکێدا بۆ بنیاتنانی ئاشتی و شوناسی کورد ڕەنگدانەوەی دەبێت بەسەر ئاڵۆزی و فرەلایەنیی سروشتی ناکۆکییەکانی کورد لەگەڵ تورك. گرنگیی دروشمیی یانەکە وەکو سەکۆیەك بۆ دەربڕینی نەتەوەخوازیی کوردی و هیواخوازی وایکردووە ئامەدسپۆر ببێت بە چەقی ئامانجی هەڵاواردنی ڕێکخراو، توندوتیژی و سەرکوتکاری لەلایەن وڵاتی تورکیا و دەستڕۆیشتووانی وەرزشی. لەکاتێکدا، وەرزش دەتوانێ ببێت بە ئامراز بۆ وتووێژی نێوان فەرهەنگە جیاوازەکان، لێکتێگەیشتن و، بەرقەراربوونی ئاشتی، پرسی ئامەدسپۆر تیشك دەخاتە سەر سنووردارکردن و مەترسی لەسەر ئەم بابەتە لە چوارچێوەی دابەشکرانی بە زۆرەملێی کۆمەڵایەتی و سیاسیی. سەرکوتکاری و مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ یانەکە بووەتە هۆی لاوازکردنی بارودۆخ و ڕۆڵی ئەرێنییانە و بەرەوپێشبردنی، هەروەها ئەمە وادەکات زیاتر کورد وەکو هەڕەشە ببینن لەسەر نەتەوەپەرستیی تورکی. بۆ گەیشتن بە چارەسەر و، توانای ئەرێنییانەی ئامەدسپۆر و دەستپێشخەریی وەرزشی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان، لێك تێگەیشتنێکی بەرفراوان و چەند لایەنە پێویستە. ئەمە بە ئاماژەکردن بە پرسە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ناکۆکییەکانەوە هەیە، هەروەها داڕشتنی بەرنامەی وەرزشیی هەستیار لە چوارچێوەی ناوخۆیی و هاوسەنگیی هێز. تەنها بە دەستنیشانکردنی ڕەگی کێشەکان و هۆکاری ناکۆکییەکان، بەرهەمهێنانی دۆخێکی لەبار بۆ وتووێژ و گفتوگۆی ڕاستەقینە و سازان وەرزش دەتوانرێ ببێت بە سەکۆیەك بۆ بنیاتنانی ئاشتی پشتگیریکردنی گشتگرەوەیی، هەمەلایەنە و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. توێژینەوە و وتووێژی زیاتر و بەردەوامییان پێویستن دەربارەی بەر یەککەوتنی وەرزش، ناسنامە و بنیاتنانی ئاشتی لە ناوچە جێ ناکۆکەکان، بۆ تێگەیشتن و پێزانینی زیاترمان دەربارەی ئەم پرسە ئاڵۆزانە. پرسی ئامەدسپۆر وەبیرهێنانەوەی ئەو هەل و بەرەنگاربوونەوانەیە کە دروست دەبن لە ئەنجامی بەریەککەوتنی وەرزش، سیاسەت و، هەوڵی ڕاستەقینە بۆ ماف و نوێنەرایەتی کردنی ڕاستەقینە.
سەرچاوەکان
[i] Ruhavioğlu, R., Uçak Erdoğan, E., Coşkun, R. B., & Molu, B. (2024). Kesk û Sor û Zer: İnat, Umut, Futbol [Green and Red and Yellow: Determination, Hope, Football]. Kurdish Studies Centre. https://kurdish-studies.org/wp-content/uploads/2024/03/KESKuSORuZER_Amedspor_Raporu.pdf
[ii] Yiğit, R. (2023). Amedspor: 'Football Federation and UEFA should take disciplinary measures after Sunday's game'. Bianet. https://bianet.org/haber/amedspor-football-federation-and-uefa-should-take-disciplinary-measures-after-sunday-s-game-275268
[iii] Bianet. (2023). Attack on Amedspor: Fans question how explosives, racist banners allowed in stadium. https://bianet.org/haber/attack-on-amedspor-fans-question-how-explosives-racist-banners-allowed-in-stadium-275233
[iv] The leaders of the Turkish political parties, CHP, Gelecek, Deva, and Yeniden Saadet, congratulated Amedspor for its success while the IYI Parti preferred to call it “Diyarbakırspor”, which is another team of the same city, rather than Amedspor. This choice, of course, is an indication of an ongoing denial of Kurdish names and demands as well as a failure to recognize the Turkish Football Federation’s regulations.
[v] Croq, A. (2021). From Amida to Famagusta via Cairo: The Syrian Scribe Yūsuf ibn Sbāṭ in His Eastern Mediterranean Context c. 1350–1360. Al-Masāq, 33(3), 235–256. https://doi.org/10.1080/09503110.2020.1778892
[vi] Ruhavioğlu et al. (2024).
[vii] Duvar English. (2023). Far-right leader Bahçeli praises racist attacks against Amedspor. https://www.duvarenglish.com/far-right-leader-bahceli-praises-racist-attacks-against-amedspor-news-61977
[viii] Bianet. (2022). Criminal complaint against officer who targeted Diyarbakır's football club over PKK attack. https://bianet.org/haber/criminal-complaint-against-officer-who-targeted-diyarbakir-s-football-club-over-pkk-attack-268007
[ix] Diken. (2016). Amedspor maçının spikeri günah çıkardı: ‘Onlar’, tarih yazan demek. https://www.diken.com.tr/amedspor-macinin-spikeri-gunah-cikardi-onlar-tarih-yazan-demek/
[x] Rûdaw. (2022). Turkey releases football supporters arrested for waving Kurdistan flag. https://www.rudaw.net/english/middleeast/turkey/27092022
[xi] At least 18 songs were composed by different singers for Amedspor and half of them are fully in Kurdish while the others are either in Kurdish and Turkish or only in Turkish. The predominant themes in these songs are Amedspor’s “resistance” and the strong connection between Amedspor and its fans.
[xii] https://www.dailymail.co.uk/sport/article-3439237/Kurdish-conflict-overshadows-Turkish-cup-quarter-final-Amedspor-Fenerbahce-police-fire-water-cannon-banned-spectators.html
[xiii] Human Rights Watch. (2015). Turkey: Mounting Security Operation Deaths
Scores of Civilians Among Hundreds Killed in Southeast. https://www.hrw.org/news/2015/12/22/turkey-mounting-security-operation-deaths
[xiv] The team carried this banner following the killing of children by the state forces in its attacks on the Kurdish armed group in urban settings in 2015 and 2016.
[xv] Kana, E. (2016). Yeşil Kırmızı Amedspor Belgelesi [Green Red Amedspor Documentary]. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=DDS50bG2WBY&ab_channel=Tristana
[xvi] DW Türkçe. (2024). Amedspor'a saldırılar: Futbolcular yaşadıklarını anlatıyor [Attacks on Amedspor: Players tell about their experiences]. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=lxP9xanoFz0&ab_channel=DWT%C3%BCrk%C3%A7e
[xvii] Ünlü, B. (2016). The Kurdish struggle and the crisis of the Turkishness Contract. Philosophy & Social Criticism, 42(4-5), 397-405. https://doi.org/10.1177/0191453715625715
[xviii] Schulenkorf, N., Sherry, E., & Rowe, K. (2016). Sport for development: An integrated literature review. Journal of Sport Management, 30(1), 22-39. https://doi.org/10.1123/jsm.2014-0263
[xix] Mitchell, D., Somerville, I., Hargie, O., & Simms, V. (2021). Can Sport Build Peace After Conflict? Public Attitudes in Transitional Northern Ireland. Journal of Sport and Social Issues, 45(5), 464-483. https://doi.org/10.1177/0193723520958346
[xx] Dorokhina, O., Hosta, M., & van Sterkenburgh, J. (2011). Handbook on Good Practices: Sports in Post-Conflict Societies. Targeting Social Cohesion in Post-Conflict Societies through Sport. Office of the United Nations High Commissioner for Human Rights (OHCHR). https://www.ohchr.org/sites/default/files/Documents/Issues/Racism/IWG/Session9/CoEHandbook1.pdf
[xxi] Sugden, J., & Bairner, A. (1993). Sport, sectarianism and society in a divided Ireland. Leicester University Press.
[xxii] Rookwood, J., & Palmer, C. (2011). Invasion games in war‐torn nations: can football help to build peace? Soccer & Society, 12(2), 184–200. https://doi.org/10.1080/14660970.2011.548356
[xxiii] Ibid.
[xxiv] Kassimeris, C. (2011). Fascism, separatism and the ultràs: discrimination in Italian football. Soccer & Society, 12(5), 677–688. https://doi.org/10.1080/14660970.2011.599586
[xxv] Flynn, C. (2021). Australian Football Star Adam Goodes Took a Courageous Stand Against the Game’s History of Racism. Jacobin. https://jacobin.com/2021/06/adam-goodes-racism-australian-football-league
[xxvi] Cleland, J., & Cashmore, E. (2014). Fans, Racism and British Football in the Twenty-First Century: The Existence of a ‘Colour-Blind’ Ideology. Journal of Ethnic and Migration Studies, 40(4), 638–654. https://doi.org/10.1080/1369183X.2013.777524
[xxvii] Dyal, M. W. (2012). The Ultras, The State, And The Legitimacy Of Violence. Urban Anthropology and Studies of Cultural Systems and World Economic Development, 41(1), 75–106. http://www.jstor.org/stable/23339822
[xxviii] Khatibi, M., Elgenius, G., Turner, P., & Ferrer, J. (2024). Discrimination by avoidance: The underrepresentation of Indigenous Australians in leadership positions within the Australian Football League. Australian Journal of Management, 49(1), 53-72. https://doi.org/10.1177/03128962231160654
[xxix] Ruhavioğlu et al. (2024).
[xxx] Cumhuriyet Halk Partisi [People’s Republican Party] (2024). CHP Leader Özgür Özel spoke at the TBMM Group Meeting: They Think They Will Lose Power If People Enter Taksim. https://en.chp.org.tr/haberler/chp-leader-ozgur-ozel-spoke-at-the-tbmm-group-meeting-they-think-they-will-lose-power-if-people-enter-taksim
[xxxi] 6 PAS. (2024). Amedspor – Iğdırspor: Eski Futbolcu Bariş Karabıyık 6 PAS'ta [Amedspor vs Iğdırspor: Former Player Barış Karabıkıy at 6 PAS]. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=-6U3ktpKnMM&ab_channel=Amed6Pas
[xxxii] Ruhavioğlu et al. (2024)
[xxxiii] Zaman, A. (2023). Anti-Kurdish racism stains soccer pitch in western Turkey. Al Monitor. https://www.al-monitor.com/originals/2023/03/anti-kurdish-racism-stains-soccer-pitch-western-turkey
[xxxiv] Çelebi, E., Verkuyten, M., Köse, T., & Maliepaard, M. (2014). Out-group trust and conflict understandings: The perspective of Turks and Kurds in Turkey. International Journal of Intercultural Relations, 40, 64–75. https://doi.org/10.1016/j.ijintrel.2014.02.002
[xxxv] Bianet. (2021). Turkey to pay damages to Deniz Naki and Amedspor. https://bianet.org/haber/turkey-to-pay-damages-to-deniz-naki-and-amedspor-244283
[xxxvi] YouTube. (2023). Ahmet Çakar'dan Bursaspor - Amedspor Maçı Yorumu [Commentary from Ahmet Çakar on Bursaspor vs Amedspor]. https://www.youtube.com/watch?v=UodAryoC2Mg&ab_channel=Futbol%26Oyun%26DiziLife
[xxxvii] Bianet. (2023). MHP's Bahçeli hails racist attacks on Amedspor football team. https://bianet.org/haber/mhp-s-bahceli-hails-racist-attacks-on-amedspor-football-team-275326
[xxxviii] https://twitter.com/azraillergrubu
[xxxix] https://twitter.com/amedsporbarikt
[xl] https://twitter.com/Morbarikat21
[xli] https://twitter.com/AmedSporDirenis
[xlii] Barış, A., Gürür, Z., Özdemir, E., Duman, Y., Işık, A.S., Sudhoff, A.O., Demiralp, D., Sabuncuoğlu, D., Altun, H. and Doğan, O. (2023) Kürt Meselesi ve Barış: Beklenti, Tutum ve Algılar [Kurdish Issue and Peace: Expectations, Attitudes, and Perceptions]. Spectrum House. http://spectrumhouse.com.tr/kurt-meselesi-ve-baris/.
[xliii] Duman, Y. (2023) ‘How have Syrians been instrumentalized in Turkey’s domestic politics and international relations?’, in Mascha, E., Voulvouli, A., Kaliakatsos, M., & Zachou, E. (Ed.). Annual series Greek Asylum Service miscellaneous writings. Athens: Eurobooks.
[xliv] Turkish Minute. (2024). Actions of some opposition mayors feared to fuel anti-refugee sentiment in Turkey. https://www.turkishminute.com/2024/04/22/action-of-some-opposition-mayor-feared-to-fuel-anti-refugee-sentiment-in-turkey/
[xlv] Cumhuriyet. (2016). Beşiktaş- Çaykur Rizespor maçına damgasını vuran 'mülteci istemiyoruz' sloganının perde arkası. YouTube. https://www.youtube.com/watch?v=j7kfwWABL_I&ab_channel=Cumhuriyet
[xlvi] Orta, L. (2020). Türkiye’de Futbolun Küfür Tarihi [History of Swearing in Football in Turkey]. Uluslararası Toplum Araştırmaları Dergisi-International Journal of Society Researches. DOI: 10.26466/opus.649831.
[xlvii] Kalaycı, H. (2021). A Not-So-Friendly Match Between ‘Old Turkey’ and ‘New Turkey’: Turkish Football and Stadiums as a Domain of Hegemonic Struggle. Asian Journal of Middle Eastern and Islamic Studies, 15(4), 519–535. https://doi.org/10.1080/25765949.2021.2009196.
[xlviii] Bora, T. (2016). Şampiyon [Champion]. Birikim. https://birikimdergisi.com/haftalik/7698/sampiyon#.V0WEv5GLShf
[xlix] https://x.com/AmedsporHoligan/status/1787034128237437099
[l] https://x.com/amedsporbarikt/status/1784571990604468451
[li] https://x.com/amedskofficial/status/1784581693975748700=