لە تاکڕەوییەوە بۆ کۆمەڵکوژی: ئەنفال، لاپەڕەیێکی ڕەش لە مێژووی کورددا
ناوەڕۆک و سەرچاوە مێژووییەکان:
سەرەتا، ئەنفال ئاماژەیێکی مێژووییە کە پێوەستە بە کورد لە باشووری کوردستان. لە ڕووی وشەناسییەوە و بە گەڕانەوە بۆ ڕەگی وشەکە، ئەو زاراوەیە لە وشەیێکی عەرەبییەوە وەرگیراوە کە مانای قازانج، دەستکەوتی جەنگ، یان داهات دەگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەش، ناوەکە لەلایەن عێراقییەکانەوە بۆ زنجیرەیێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەکارهێنراوە کە لە کاتی جیاجیادا و لەکۆتایی دەیەی ١٩٨٠دا ڕوویاندا. لەوانەیە کەمێک قورس بێت لە هەڵمەتی ئەنفال بگەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی قۆناخەکانی کۆتایی جەنگی نێوان ئێران-عێراق لە ١٩٨٠-١٩٨٨. ئەم کۆمەڵکوژییە تەنها بەرهەمێکی لاوەکیی ئەو ناکۆکییە نەبوو، بەڵکو کۆتایی شەڕەکە لەسەر خواستەکانی عێراق، دەرفەتی بۆ بەغدا ڕەخساند کە کۆتایی بە هەوڵە درێژخایەنەکانی بێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کورد. هەڵمەتی دژە کوردی ڕژێمی عێراق لانیکەم پازدە ساڵ پێش دەستپێکردنی ناکۆکییەکان لە نێوان ئێران و عێراق دەستی پێکردبوو. هەروەها ئەنفال دیارترین دەرکەوتەی "دەسەڵاتە تایبەتەکان" بوو کە درابوو بە ''عەلی حەسەن مەجید''ی ئامۆزای سەدام حوسێن و سکرتێری گشتیی مەکتەبی باکووری حزبی بەعسی سۆشیالیستی عەرەبی لە عێراق. لە ٢٩ی ئازاری ١٩٨٧ەوە تاوەکو ٢٣ی نیسانی ١٩٨٩. عەلی حەسەن مەجید دەسەڵاتێکی هاوشێوەی سەرۆک کۆماری پێدرا لە باکووری عێراق کە، دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی دامەزراوە حکومییەکاندا دەشکا. عەلی حەسەن مەجید، لای کورد بە "عەلی کیمیایی" ناسرابوو و مێشکی کۆمەڵکوژییەکەی کورد بوو لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتەی عێراقەوە. ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم کوشتارە بەکۆمەڵە فەیلەقی یەکەم و پێنجەمی سوپای ئاسایی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمن و هەواڵگریی سەربازی بوون کە لەژێر فەرمانی ئەودا کاریان دەکرد.
سەرەڕای ئەوانەش، ئەو میلیشیایەی لایەنگری حکومەتی کورد بوون کە بە فەوجەکانی بەرگریی نیشتمانی، یان 'جاش' ناسرابوون پشتیوانیی گرینگیان پێشکەش کرد. هەرچەندە، هێزە یەکگرتووەکانی سەربازی، ئەمنی و ئامێری مەدەنی دەوڵەتی عێراق کۆکرانەوە، بە گوتەی عەلی حەسەن مەجید: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کوشتنوبڕینی تێکدەران". سەدام حوسێن بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەنفال تۆڵەسەندنەوەیێکی ڕاستەوخۆ بوو لەبەرانبەر پشتگیریی کورد بۆ ئێران لە ماوەی جەنگی عێراق-ئێران لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٨دا. هەروەها، هەلپەرستییش بوو: بەغدا لەمێژ بوو خواستی تێکشکاندنی خەونەکانی خۆبەڕێوەبەریی کوردیی هەبوو و دەیهەویست دەسەڵاتی تەواوی بەسەر نەوتی کوردستاندا هەبێت.
هەڵمەتەکانی ١٩٨٧ تا ١٩٨٩بەم پلان و ئۆپەراسیۆنانەی خوارەوە نیشانە کران: کوشتنی بەکۆمەڵی خێرا و ونبوونی بەکۆمەڵی دەیان هەزار کەسی بێتاوان، لەوانە ژمارەیەکی زۆری ژن و منداڵ و، هەندێک جار تەواوی دانیشتووانی گوندەکان؛ بەکارهێنانی تەواوی چەکی کیمیایی، لەوانە گازی خەردەل و مادەی دەماری جی بی، یان سارین، دژی شاری هەڵەبجە و دەیان گوندی کوردی. ئەندازیارانی سوپا بە شێوەیێکی ڕێکخراوەیی ئامانجە مەدەنییەکانیان لەنێوبردن، لەوانە چەندین وێستگەی کارەبا، هەروەها قوتابخانە، مزگەوت و بینای نانیشتەجێی تر لە گوندە بە ئامانج گیردراوەکان؛ تاڵانکردن و وێرانکردنی موڵکی خەڵکی ئاسایی و، مەڕوماڵات و پەلەوەڕ لەلایەن سوپا و میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتەوە؛ دەستگیرکردنی بێباکانەی جووتیاران و کشتکاران لە "ناوچە قەدەخەکراوەکان". تەنانەت ئەگەر لە ماڵ و کێڵگەی خۆیشیان دوور بوونایە؛ زیندانیکردنی نایاسایی و دەستبەسەرداگرتن بۆ ماوەی چەندین مانگ لە بارودۆخێکی خراپدا کە دەیان هەزار ژن، منداڵ و بەساڵاچوو تێیدا بوون بەبێ هیچ هۆکارێک جگە لە بوونی هاوسۆزییان بۆ بەرەی خەباتکار و شۆڕشگێڕی کورد. سەدان و هەزاران خەڵک لە برسێتیدا و بە نەخۆشی مردن. ساڵانێک دوای هەڵمەتی ئەنفال، پاشماوەی ئێسکەکان لە شوێنی جیاجیای عێراقدا دۆزرانەوە و، زۆربەی لە بەشەکانی باشوور، لەگەڵ ئێسکەکان؛ جلوبەرگ، یاری منداڵان، کاتژمێر، پێڵاو و کەلوپەلی ژنانیش دۆزرانەوە. لە کۆتاییدا، پسپۆڕان لەسەر پاشماوەکان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئەو ئێسک و کەلوپەلانە هی کێن دەستیان بە کارکردن کرد. هێشتا، ژمارەیێکی زۆری هاوڵاتییانی دەستگیرکراو بێسەروشوێنن و تەنها میراتێک کە لە دوای خۆیان جێیان هێشتووە گۆڕە بەکۆمەڵەکانن.
بە شێوەیێکی هەڕەمەکی، خەڵکی ئاسایی دەستگیر کران بەبێ نموونەی دیار و پێوەری دیاریکراوی پێشوەخت. لە کۆتاییدا، بۆ کەمپە زیندانییە جیاوازەکان لە باشووری عێراق بران - دوور لە ماڵەکانیان. بۆ نموونە، زیندانی نوگرە سەلمان (وێنەی ٢) لە بیابانی پارێزگای موسەننا هەڵکەوتبوو، هەروەها کەمپی زیندانیی تۆپزاوا کە هەوڵی نوێی سوپای عێراق بوو بۆ کردنەوەی بنکەیێکی سەربازیی بەعس لە کەرکوک. زیندانەکە لە گوندی تۆپزاوا لە باشووری پارێزگای کەرکوک دامەزرا و تێیدا هەزاران کورد، بەتایبەتی ژن و منداڵ ڕیشەکێش کران. پاشان ڕژێمی دیکتاتۆر بە پاس گواستنیەوە بۆ بنکەی تۆپزاوا - بینایەک - کە لەوێ نێر و مێ لێک جیاکرانەوە پێش ئەوەی بنێردرێن بۆ کەمپەکان و شوێنی دەستبەسەرکرانیان لە بیابانەکان. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان ٢٤، سامان ئەحمەد - ڕزگاربوویێکی ئەنفال - دەڵێت: "پێش گەیشتنی ئێمە، زیاتر لە ٥٠ پاس لە بنکەکە بوون. کاتێک گەیشتین، زۆر قەرەباڵخ بوو، بۆیە گواستراینەوە بۆ تکریت".
پێداچوونەوەی گێڕانەوەکانی پێشوو:
بەهۆی ئەوەی پرسی نەژاد پرسێکی گرینگە، لەلایەن ڕەخنەگرانەوە خوێندنەوەی جیاجیای بۆ کراوە؛ بۆ نموونە، بەگوێرەی بۆزەرسلان و هاوکارانی (٢٠٢١) لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٨٠دا، دەوڵەتی عێراق هەڵمەتەکەی بۆ داگیرکردنی ناوچە کوردنشینەکان چڕتر کردەوە، سیاسەتی بەعەرەبکردنی گرتەبەر و هەڵمەتی ئەنفالی دەستپێکرد، کە هێرشی کیمیایی دژی هاووڵاتییانی کورد، وێرانکردنی ئابووری و ژێرخانی ئابووریی گوندنشینان، ڕاگواستنی بەزۆری گوندنشینە کوردەکان، لەسێدارەدان و بێسەروشوێنکردنی بەزۆری لەخۆگرتبوو. بەپێی سەرچاوە کوردییەکان، ٤,٠٠٠ گوند وێران کران و ١٨٢,٠٠٠ کەس کوژران. بەپێی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی ١٠٠,٠٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، تەنها لە هێرشی کیمیایی بۆسەر شاری هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا ٥,٠٠٠ هاووڵاتیی کورد کوژران. لە ماوەی جەنگی ئێران-عێراق لە دەیەی ١٩٨٠دا، ئێرانییەکان یارمەتیی هێزە پارتیزانە کوردەکانیان دا لە خەباتیان بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، هەروەها، بەرەیەکی نوێیان کردەوە بۆ دابەشکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عێراق. سوپای عێراق ڕاپەڕینی کوردی سەرکوت کرد. هەرچەندە، یاخیبووە کوردەکان لەگەڵ سەربازە ئێرانییەکان هاوکاریی یەکدییان کرد لە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی عێراق. لە بەرانبەردا، سوپای عێراق تۆڵەی سەندەوە بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی لەلایەن هێزەکانی سوپاوە، بۆردومانی ئاسمانی، وێرانکردنی گوند، کەمپ، لەسێدارەدان و کوشتنی بە کۆمەڵ و هێرشی کیمیایی بۆسەر دانیشتووانی کورد. هێزەکانی ئێران و یاخیبووە کوردەکان لە ئازاری ١٩٨٨دا کۆنترۆڵی بنکەی سەربازیی عێراقیان لە هەڵەبجە گرتەدەست. هێزی ئاسمانیی عێراق دوو ڕۆژ دواتر مووشەک و ناپاڵمی بەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکانی هەڵەبجەدا باراند، پاشان هێرشی گازی ژەهراویی بەدواداهات و ٣٠٠٠-٥٠٠٠ کورد گیانیان لەدەستدا. لە کاتێکدا ١٠,٠٠٠ یان زیاتر بە توندی بریندار بوون. ئەمە گەورەترین هێرشی کیمیایی بوو لەو کاتەوەی گازی ژەهراوی لە جەنگی جیهانیی یەکەم ١٩١٨دا قەدەخە کرابوو (ل.٨).
جوست (٢٠٠٨) ئاماژە بەوە دەدات کە هەڵمەتی ئەنفال ئەنجامی هەوڵە درێژخایەنەکانی ڕژێمی بەعس بوو بۆ کۆتاییهێنان بە خواستەکانی کورد بۆ خۆسەریی زیاتر و سەربەخۆیی. ئەمە لە کۆتایی جەنگی ئێران-عێراقدا ڕوویدا، دوای ناکۆکیێکی پڕ کوشتن و کوشتاری هەشت ساڵە (١٩٨٠-١٩٨٨) کە ڕێگەی بە یاخیبووە کوردەکان دەدا سوود لە بۆشایی ئەمنی لە باکوور وەربگرن. ئەنفال تۆڵەسەندنەوەی ڕژێم بوو لەبەر ئەوەی کوردیان بە ناپاک دەبینی، لەگەڵ ڕێگەی چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی نەتەوەیی کورد لە سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقدا. وایتلی (١٩٩٤) جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوندی کۆرەمە کە دەکەوێتە دپارێزگای دهۆک لە دەڤەری بادینان، یەکێک بوو لەو سەدان گوندەی کوردی کە تووشی بەڵای ئەنفال هات. لە کۆتایی هەڵمەتەکەدا، ٢٧ پیاوی جووتیار و کشتکار زۆر دڕندانە لە تەپۆڵکەیەک لە دەرەوەی کۆرەمە کوژران دوای گەڕانەوەیان لە هەوڵێکی بێسوودی هەڵاتن بۆ تورکیا. چاودێریی مافەکانی مرۆڤ و پزیشکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆتایی بەهاری ١٩٩٢دا تەرمەکانیان دەرهێنایەوە و پشکنینی دادپزیشکی و توێکارییان ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی هۆکار و بارودۆخی مردنیان.
لە ڕژێمێکی تۆتالیتارییەوە بەرەو ئەنفال:
دەستەواژەی تۆتالیتاریانیزم بە پلەی یەکەم سیستەمێکی ڕامیارییە کە تێیدا هێز و دەسەڵات لەلایەن تاکە حیزبێک یان دەسەڵاتخوازێکی حکومڕانەوە قۆرخکراوە. ئازادییە تاکەکەسییەکان زۆرجار سەرکوت دەکرێن، ئازادیی ڕامیاری بوونی نییە و دەسەڵات و هێزی گەورەی دەوڵەت بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی حکومڕانی بەسەر کۆمەڵگادا. بە واتایەکی تر، جۆرە حکومەتێکە کە لە بیردۆزەییدا ڕێگە بە هیچ ئازادییەکی تاکەکەسی نادات و هەوڵدەدات هەموو لایەنەکانی ژیانی تاک بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. لە سەرەتای دەیەی ١٩٢٠دا دیکتاتۆری ئیتاڵی ''بێنیتۆ مۆسۆلینی'' زاراوەی "تۆتالیتاریۆ"ی داهێنا بۆ وەسفکردنی دەوڵەتی فاشیستی نوێی ئیتاڵیا، کە زیاتر وەکو "هەموو شتێک لەناو دەوڵەتدا، هیچ شتێک لە دەرەوەی دەوڵەت نییە، هیچ شتێک دژی دەوڵەت نییە" پێناسەی دەکات. تۆتالیتاریانیزم لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەمدا بوو بە هاوواتای دەسەڵاتی ڕەهای تاکە حیزبی خۆسەپێن. یەکێتیی سۆڤیەت لەژێر دەسەڵاتی جۆزێف ستالیندا، ئەڵمانیای نازی لەژێر دەسەڵاتی ئەدۆڵف هیتلەردا، کۆماری گەلی چین لەژێر دەسەڵاتی ماو زێدۆنگ و کۆریای باکوور لەژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی کیم هەموویان نموونەی هاوچەرخی وڵاتە تۆتالیتارەکانن. ئەم چەمکە ڕامیارییە یەکێک بووە لەو کێشە سەرەکییانەی کە بیرمەندان لە کارەکانیاندا تیشکیان خستۆتەسەر، بۆ نموونە، فەیلەسوفی ڕامیاریی هاوچەرخ، هانا ئارێنت، لە کتێبی "سەرچاوەکانی تۆتالیتاریانیزم" (١٩٥١)دا لێکۆڵینەوەی لەم بابەتە کردووە، لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاریانیزم، بە پێشەکییەک دەستپێدەکات بۆ ڕەگەکانی دژە سامییەت لە مێژوودا و بنەمای ڕامیاریی دروستکراوی نازییەکان.
ئارێنت باس لەوە دەکات کە دژە سامییەت بوون بەتەنها هەر ڕق نییە، بەڵکو ئایدیۆلۆژیایێکە کە دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان دەیگرنەبەر و وەکو چەک بەکاریدەهێنن. بۆ زیاتر هاندانی خەڵک دژی جوولەکەکان، چینە خانەدانەکانی ئەوروپا خۆیان بە ئامانجە ئایینییە پارێزکارەکانەوە بەستەوە و بە شێوەیێکی ڕەوانبێژانە دژە سامیەتییان بڵاوکردەوە. لە بەرانبەردا، نەتەوەکان دەیانەویست جولەکەکان لەگەڵیان تێکەڵ بن لەگەڵ ئەوەی دەیانهەویست جیاوازیش بمێننەوە. بەگوێرەی ئارێنت، هەموو ئەمە وای لە جووڵانەوە خۆسەپێنەکان کردووە گوتاری دژە سامی بەکاربهێنن بۆ پێشخستنی ئامانجەکانیان. پاشان، ڕوونی دەکاتەوە کە دژە سامییەت پێناسە کراوە و گرینگیی لە خۆسەپێنیدا تاوتوێ کراوە. ئارێنت چەندین بیردۆزەی سەبارەت بە پێوەندیی نێوان دژە سامییەت و تۆتالیتاریانیزم ڕەتدەکاتەوە، باس لەوە دەکات کە دژە سامییەت لەگەڵ تۆتالیتاریانیزمدا سەریهەڵدا. ئارێنت مێژووی گەلی جوولەکە لە ئەوروپا ڕوون دەکاتەوە، لەوانە سنووردارکردن و سوودەکانی پێگەی تایبەتیان. بەپێی ئارێنت، لەدەستدانی دەسەڵاتی ڕامیاریی جوولەکە بە لەبەرچاوگرتنی سامان وای لە خەڵکانی تر کرد ڕق لە گەلی جوولەکە هەڵبگرن (١٩٦٢، ل. ٥-٩) بەهۆی ڕەچەڵەکیانەوە، جوولەکەکان هەم چاوەڕوانیی زۆریان لێدەکرا و هەم ڕەتیشدەکرانەوە.
هەروەها، میشێل فۆکۆ چەمکی 'بایۆپاوەر'ی ڕوونکردۆتەوە کە لە مێژوودا لەگەڵ گۆڕانی شێوەکانی دەسەڵات لە شارستانییەتە ڕۆژئاواییەکاندا و لە سەدەی حەڤدەهەمەوە سەریهەڵدا، بەڵام گۆڕانکارییە هەرە دراماتیکییەکە لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕوویدا. ئەم گۆڕانکارییە چەندین ستراتیژی دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبردنی ژیانی لەخۆگرت. بەگوێرەی فۆکۆ، ئەم دەسەڵاتە نوێیە کە، بە بایۆپاوەر ناسراوە بە دوو شێوە سەریهەڵدا: ئەناتۆمیی ڕامیاریی جەستەی مرۆڤ و بایۆپۆلەتیکی دانیشتووان. لە سەدەی هەژدەهەمدا جیاواز بوون بەڵام پاشان لە سەدەکانی دواتردا بە پردێک پێکگەیشتنەوە - کۆمەڵێک پێوەندییان گرت بۆ پێکهێنانی تەکنەلۆژیایەکی نوێی دەسەڵات. فۆکۆ لە دەیەی ١٩٧٠دا، ئەم زاراوەیەی داهێنا، بۆ ڕوونکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی دەسەڵات و ئەبستراکتەکانی دەسەڵاتی دروستکراو، بایۆپۆلەتیکی پێناسە کرد: ئەو ڕێگەیەی کە مرۆڤ لە سەدەی هەژدەهەمەوە هەوڵی داوە ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە بۆ پراکتیزەی حکومەت هاتوونەتە پێش لەلایەن کۆی خەڵکەوە کە وەک دانیشتووان پێکهاتوون؛ تەندروستی، پاکوخاوێنی، تەمەن، ڕەگەزەکان و ڕێژەی لەدایکبوون (ل ١٣٦).
بە واتایێکی تر، بایۆپۆلەتیک هەموو ڕێکارە دیسپلینی و ڕێکخستەییەکان لەخۆدەگرێت کە دانیشتووان باشتر دەکەن لەگەڵ دامەزراندنی وەک دۆخێکی نوێ. بایۆپاوەر چییە و چی دەگەیێنێت؟ فۆکۆ بایۆپاوەری وەک تەکنەلۆژیایەک پێناسە کردووە کە لەلایەکەوە ئاماژە بە دیسپلینی جەستەیی دەکات، لەلایەکی ترەوە ئاماژە بە کۆنترۆڵکردنی ئەم کۆیە نوێیەی دانیشتووان دەدات لە ڕێگەی سیستەمە ڕێکخستن و زانیارییە دیاریکراوەکانەوە. لەم چوارچێوەیەدا، فۆکۆ تەکنەلۆژیایەکی دەسەڵات دەخاتەڕوو کە ئامانجی "تواناکانی جەستە" و "پرۆسەکانی ژیان"ە (دۆیبەر-مانکۆڤسکی، ٢٠٠٨، ل. ١٣٦-١٣٧).لەو ڕوانگەیەوە، ژیانی کورد لە باشوور لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا بوو لەنێوان مانەوە و لەنێوچووندا. وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال و هەنگاوەکانی گواستنەوەی زیندانییەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و فیشەکبارانکردنی هەڕەمەکی - سیستەمی سزادان - بەبێ بوونی دادگایێکی یاسایی، هەموو ئامرازەکانی دەسەڵات و دیسپلین پێشان دەدەن کە لەلایەن حکومەتەوە دانران بۆ بردنی هاووڵاتیان بە شێوازی دیاریکراو. ئازادیی جەستەیی، هەستیاری و دەروونییان لەژێر زەویدا لەو بیابانانەدا وازلێهێنرا و سەرکوت کرا کە تێیدا بە زیندوویی نێژران.
هەروەک ئارێنت و فۆکۆ، کارڵ پۆپەر ئایدیۆلۆژیای ڕامیاری و فاشیزم لە ڕێگەی بەرهەمەکەیەوە بەناوونیشانی "پارادۆکسی پشوودرێژی"ەوە تاوتوێ دەکات، چەمکەکە سنوورەکانی لێبوردەیی لە کۆمەڵگایێکی دیموکراتیدا ڕوون دەکاتەوە. جەخت لەسەر دووفاقی نێوان پاراستنی ئازادی تاکەکەسی و پاراستنی پێوەرە دیموکراتییەکان دەکاتەوە کە ڕێگە بەو ئازادییە دەدەن. پۆپەر پێی وابوو کۆمەڵگایێکی لێبوردە نابێت بیرتەسکی قبوڵ بکات بۆ ئەوەی گەشە بکات. بە واتایەکی تر، هەندێک بیرۆکە یان کەس هەن کە دەیانەوێت چەمکەکانی پشوودرێژی و دیموکراسی لاواز بکەن یان لەناوی ببەن. ڕێگەدان بە لێبوردەیی بێسنوور بۆ بیرۆکە چەقبەستووەکان مەترسیی ڕێگەدان بەو ئایدیۆلۆژیایانە دەخاتەڕوو کە کۆنترۆڵی کۆمەڵگا دەکەن یان زیانی پێدەگەیێنن و لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوچوونی ئازادییە تاکەکەسییەکان و ڕووخانی کۆمەڵگای کراوە. پارادۆکسەکە لە ناکۆکیی ناوەکیی نێوان پرەنسیپە لێبوردەکان و پێویستی بۆ پاراستنی ئەو ستانداردانەوە سەرهەڵدەدات. ئەگەر چاوپۆشی بۆ هەموو بۆچوونەکان هەبێت، لەوانە بیرتەسکی، دۆخێکی پارادۆکسی دروست دەبێت کە تێیدا کۆمەڵگای لێبوردە مەترسیی بەکارهێنران یان لەناوچوونی لەلایەن ئەوانەوە هەیە کە دەیانەوێت کراوەیی بەکاربهێنن و بۆچوونە دژەکان سەرکوت بکەن (شێرێیکیس، ٢٠١٧). بیردۆزەکەی پۆپەر ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆمەڵکوژیی کورد لە ڕێگەی پشوودرێژیی هاووڵاتیانی عێراقەوە دەردەکەوێت کە بووەتە هۆی کۆتاییەکی تراژیدی. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانی بەعسییەکان بۆ کوشتنی کورد ناپاکی بوو. ئەوان بە ئاشکرا داوای لێبوردنی زیاتریان دەکرد بۆ کردەوە بیرتەسکانەکانیان دژی شوناس، کەلەپوور و مێژووی کوردی. ڕقەبەرایەتیی حکومەتی عێراق بەرانبەر بە کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵکوژیی لێکەوتەوە. هەر بە لەبەرچاوگرتنی دیدی کورد، ناکۆکی و پێکەوەهەڵنەکردنەکان ڕوون دەبنەوە. بەهۆی ڕقەبەرایەتیی ڕژێمی عێراقەوە بوو کە، کورد خواستی خۆسەری و مەفە ڕەواکانی زیاتر بوون و پاشان توندوتیژیی لێکەوتەوە.
کۆتا:
کۆمەڵکوژیی کورد لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە دەیەی ١٩٨٠دا بەتەنها وەکو ڕووداوێکی مێژوویی سەیر دەکرێت، لەبەر ئەوە لەم توێژینەوەیەدا، هەوڵمانداوە پوختەیێک دەبارەی پێشخانی مێژوویی لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە پێشان بدەین و هۆکار و ڕووانگە ڕامیارییەکەشی پێشانبدەین لە دیدی ڕەخنەگرانەوە. لەم باسەدا، بەلەبەرچاوگرتنی هێز و نەژاد لێکۆڵینەوەمان لەم پرسە کردووە. هەوڵمانداوە ڕۆشنایی بخەینەسەر لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکان لە کۆمەڵکوژی و، لە دیدی هانا ئارێنت، میشێل فۆکۆ و کارڵ پۆپەرەوە لە تۆتالیتاریانیزم بگەین. لە ئەنجامدا، بۆمان دەرکەوت کە ئایدیۆلۆژیای ڕامیاری ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە سەرهەڵدانی ئەم بیرتەسکی و جیاکارییە نەژادییە، بڕیاردان لە چارەنووسی ژیانی هاووڵاتییان و گۆڕینی شوناسیان.
سەرچاوەکان
Bozarslan, H., Gunes, C., & Yadirgi, V. (Eds.). (2021). The Cambridge History of the Kurds. New York: Cambridge University Press.
Arendt, H. (1962). The Origins of Totalitarianism. Cleveland and New York: The New World Publishing Company.
Arnason, G. (2012). Biopower (Foucault). Retrieved from Science Direct: https://www.sciencedirect.com/topics/medicine-and-dentistry/biopower#:~:text='Biopower'%20is%20the%20term%20he,political%20sphere%20of%20sovereign%20power
Ba'athis and Kurds. (n.d.). Retrieved from Human Rights Watch: https://www.hrw.org/reports/1993/iraqanfal/ANFAL1.htm
Deuber-Mankowsky, A. (2008). Nothing is political, everything can be politicized: On the concept of the political in Michel Foucault and Carl Schmitt. Telos, 135-161.
In Pictures | Families of Anfal Victims Visit Nugra Salman Prison. (2023, May 16). Retrieved May 25, 2023, from Basnews: https://www.basnews.com/en/babat/807385
Joost, H. (2008, February 3). THE 1988 ANFAL CAMPAIGN IN IRAQI KURDISTAN. Retrieved May 22, 2023, from https://www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/fr/document/1988-anfal-campaign-iraqi-kurdistan.html
Kurdish Genocide. (n.d.). Retrieved May 23, 2023, from The Kurdish Project: https://thekurdishproject.org/history-and-culture/kurdish-history/kurdistan-genocide/
Shereikis, N. (2021, November 17). Karl Popper’s Paradox of Tolerance and What It Teaches Us About Political Polarization. Retrieved from Political Empathy Project: https://www.politicalempathyproject.org/blog-posts/karl-poppers-paradox-of-tolerance-and-what-it-teaches-us-about-political-polarization. Accessed 23- 05-2023.
Sherwani, H. (2021, October 25). Iraqi army stops plan to put Baathist-era military base used in Anfal back in operation. Retrieved May 25, 2023, from https://www.kurdistan24.net/en/story/26034-Iraqi-army-stops-plan-to-put-Baathist-era-military-base-used-in-Anfal-back-in-operation
Story of Anfal. (n.d.). Retrieved from Kurdistan Memory Propgramme: https://kurdistanmemoryprogramme.com/story-of-anfal/ Accessed 25- 050 2023.
totalitarianism. (2023, May 18). Retrieved from Britannica: https://www.britannica.com/topic/totalitarianism. Accessed 25- 05-2023.
Whitley, A. (1994, July- August). The Remains of Anfal. Retrieved from Merip.org: https://merip.org/1994/07/the-remains-of-anfal/