دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک لە کوردستان: پەتازانیی، دۆزینەوەی پێشوەختە، و شێوازە کاریگەرییەکانی سکرینکردن

By هێلین حوسێن

دەستپێک

لە کوردستان، وەک لە زۆر شوێنی جیهان، شێرپەنجەی مەمک نیگەرانییەکی تەندروستیی گەورەیە کە پێویستی بە گرنگیدان و کرداری بە پەلە هەیە. شێرپەنجەی مەمک سەرنج و نیگەرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە چونکە ئەم نەخۆشییە فێڵبازە باوترین جۆری شێرپەنجەیە و بەرزرترین ڕێژەی مردنی لە ژناندا هەیە (مورای و لۆپێز، ١٩٩٧؛ ویلکینسۆن و غەسانی، ٢٠٢٢). تێگەیشتنە پەتازانییەکان جەخت لەسەر گرنگی تەمەن، جینات، هۆکارە هۆرمۆنییەکان و هەڵبژاردنی شێوازی ژیان دەکەنەوە لە داڕشتنی دیمەنی شێرپەنجەی مەمک لە کوردستاندا. توێژینەوەکان کە لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی ئەنجامدراون، ئامارێکی مەترسیدار ئاشکرا دەکەن، جەخت لەسەر پێویستی زوو دەستنیشانکردن و پشکنین دەکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو ژنانی گەنجدا. ئەم لێکۆڵینەوەیە لە سەرچاوەی شێرپەنجەی مەمک، هۆکارەکانی مەترسی و پێویستییەکی زۆر بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە، شێوازە کاریگەرەکانی سکرینکردن و هەڵمەتەکانی هۆشیاری دەکۆڵێتەوە.

گفتوگۆ

نیۆپلازم، کە زیاتر بە وەرەم ناودەبرێت، بارستەیەکی نائاسایی شانەیە کە بە گەشەی خانەیی ناهەماهەنگ تایبەتمەندە کە دوای لابردنی هاندەری ناسراو بەردەوام دەبێت. وەرەم دەتوانێت پاک بێت (نا شێرپەنجەیی) یان پیس بێت (شێرپەنجەیی). وەرەم دەتوانێت لە ئەندام و شانە جیاوازەکاندا لە سەرتاسەری جەستەدا دروست ببێت و بەپێی سەرچاوە و ڕەفتارەکانیان پۆلێن دەکرێن (ئەجمیری، ٢٠٢٣). شێرپەنجەی مەمک وەرەمێکی شێرپەنجەییە کە لە خانەکانی شانەکانی مەمکەوە سەرچاوە دەگرێت، بە پلەی یەکەم لە بۆرییەکانی شیر یان لوولەکانی شیر. ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بە شێوەیەکی گشتی وەک گرێیەک یان بارستەیەک لە مەمکدا دەردەکەوێت (مەککی، ٢٠١٥؛ ئەلکەعبان، ٢٠٢٢). چەندین جۆری شێرپەنجەی مەمک هەیە، لەوانە شێرپەنجەی بۆرییەکانی داگیرکەر و شێرپەنجەی لوولەی داگیرکەر، هەریەکەیان تایبەتمەندی و شێوازی چارەسەرکردنی جیاوازیان هەیە (سارێیخۆ، ٢٠١٠). شێرپەنجەی مەمک یەکێکە لە باوترین شێرپەنجەکان کە تووشی ژنان دەبێت لە سەرانسەری جیهاندا (ویلکینسۆن و غەسانی ٢٠٢٢). شێرپەنجەی مەمک دەتوانێت لە پیاوانیشدا ڕووبدات، هەرچەندە حاڵەتێکی دەگمەنە (یالازا، ٢٠١٦).

پەتازانیی شێرپەنجەی مەمک تۆڕێکی ئاڵۆزە لە چەندین هۆکار پێکهاتووە. بۆ دەستپێکردن، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات؛ بەڵام ئەم ڕێژەیە تا تەمەنی ٥٠ ساڵی زیاترە لە دوای ٥٠ ساڵی (کێڵسی و بێرۆکویتز، ١٩٨٨). لە هەولێر و دهۆک شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەی تۆمارکراو بووە بۆ تەمەنی ٣٠-٥٩ ساڵی (م-ئەمین و ئەوانی تر.، ٢٠٢١). هۆکارە جیناتیەکان یان بۆماوەییەکان، وەک گۆڕانکاری لە جینەکانی BRCA1 و BRCA2، دەتوانن مەترسییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن. ئەو کەسانەی کە گۆڕانکاری BRCA1 یان هەیە، مەترسی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمک تا تەمەنی ٨٠ ساڵی بە ڕێژەی ٧٢% هەیە، لە کاتێکدا ئەوانەی گۆڕانکاری BRCA2 یان هەیە مەترسی ٦٩%یان هەیە؛ سەرەڕای ئەوەش، ئەو پیاوانەی کە گۆڕانکاری BRCA2 یان هەیە، ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دەبنەوە، هەرچەندە مەترسییەکە کەمترە لە ٦% ( هێربێک و ئەوانی تر.، ٢٠١٩). هەروەها هۆکارە هۆرمۆنییەکانی تر مەترسی زیاد دەکەن وەک زووتر دەستپێکردنی سوڕی مانگانە، درەنگتر دەستپێکردنی وەستانی سوڕی مانگانە، منداڵی کەمتر و کەمتر شیرپێدان (هاماجیما و ئەوانی تر.، ٢٠١٢؛ بێرال و ئەوانی تر ٢٠٠٢). ئەمەش بەهۆی بەرکەوتنی درێژخایەن بە هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕێکخستنی خانە بنەڕەتییە شێرپەنجەییەکان (چێن و هاوکارانی.، ٢٠٢٠). هەڵبژاردنی شێوازی ژیان، وەکو خۆراکی خراپ، خواردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان، جگەرەکێشان، قەڵەوی و کەمی چالاکیی جەستەیی، تۆمارکراوە کە مەترسی شێرپەنجەی مەمک بەرز دەکەنەوە  (دانایی و ئەوانیتر.، ٢٠٠٥؛ کێڵسی و بێرکۆویتز، ١٩٨٨).  

کاریگەریەکانی دۆخ و کاروباری سیاسی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان (خودەر و مەحمود، ٢٠٢٠). شێرپەنجەی مەمک لە ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ لە هەردوو شاری هەولێر و دهۆک باوترین جۆری شێرپەنجە بووە بۆ ڕەگەزی مێینە؛ جگە لەوەش، لە سلێمانی، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ١٧.١ بووە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤ (م-ئەمین و ئەوانی تر.، ٢٠٢١؛ خۆشناو و ئەوانی تر.، ٢٠١٥).  بەپێی توێژینەوەیەکی دیکە کە لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی هیوا ئەنجام دراوە، شێرپەنجەی مەمک لەنێو ژنانی گەنجدا ١٣%ی هەموو حاڵەتە ڕاپۆرتکراوەکانی شێرپەنجەی مەمک پێکدەهێن (ئەحمەد و ئەوانی تر.، ٢٠٢١). ئەم توێژینەوانە جەخت لەسەر گرنگی زوو دەستنیشان کردنی شێرپەنجەی مەمک و بەرنامەکانی سکرینکردن دەکەنەوە بەتایبەتی لە تەمەنێکی زووتردا بۆ چارەسەرکردنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە بە شێوەیەکی کاریگەر.  

بۆ چارەسەرکردنی تەحەدای شێرپەنجەی مەمک، پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ زیادکردنی هۆشیاری و شێوازی سکرینکردنی کاریگەر. مەمۆگرافی و پشکنینی کلینیکی مەمک ئامرازێکی گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختە؛ دۆزینەوەی پێشوەختە بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە ( بیلالی، ٢٠٢٠). شێرپەنجەی مەمک دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕێگاکانی وەک خۆپشکنین، پشکنینی کلینیکی، مەمۆگرام، سۆنەر، MRI، پشکنینی بۆماوەیی، بایۆپسی، و هەڵسەنگاندنی مەترسی کلینیکی دەستنیشان بکرێت ( ئێلمۆر، ٢٠١٥). ئەم شێوازانەی دیاریکردن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن بۆ پێشبینی کردنی ڕەوشی تاکەکە و هەروەها بژاردەکانی چارەسەرکردن فراوانتر دەکەن. زۆرجار خۆپشکنین خاڵی دەستپێکی زۆرێک لە تاکەکانە لە چاودێریکردنی تەندروستی مەمکەکانیان، ئەمەش وایان لێدەکات ئاگاداری هەر گۆڕانکارییەک یان شتێکی نائاسایی ببن. لە لایەکی دیکەوە، پشکنینی کلینیکی مەمک، کە لەلایەن پیشەییەکانی چاودێری تەندروستی ئەنجام دەدرێت، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر پێشکەش دەکات، لەگەڵ جەختکردنەوەیەکی تایبەت لەسەر جیاکردنەوەی جۆرە جیاوازەکانی نائاسایی مەمک، وەکو گرێی ڕاستەقینە، کیس، ڕیشاڵی گرێ و شێرپەنجە هەروەها گرێیە لیمفاوییە ئەکسیلەریەکان دەکرێ پشکنینیان بۆ بکرێت بۆ دۆزینەوەی نیشانەکانی گوازرانەوە، هەرچەندە هەڵسەنگاندنی کلینیکی بە تەنیا دەکرێ لەم ڕووەوە نادروست بێت (وەلەدجی و تامبێ، ٢٠١٨).

مەمۆگرافی بە باشترین شێوازی پشکنین دادەنرێت و هەروەها زۆرترین ڵێکۆڵینەوەشی لەسەر ئەنجامدراوە. هەروەها وەک کاریگەرترین ڕێگە بۆ ناسینەوەی شێرپەنجە و نەخۆشییە بچووکەکانی مەمک دەبینرێت (وەلەدجی و تامبێ، ٢٠١٨). مەمۆگرافی دیجیتاڵی پێشکەوتووترە بە بەراورد لەگەڵ مەمۆگرافی تەقلیدی، مەمۆگرافی دیجیتاڵی دەتوانی وێنەی تیشکی ئێکس بە شێوەیەکی دیجیتاڵی بگرێت و سوودەکانی وەک ئاسانکاری هەڵگرتن و دەستکاریکردنی وێنە پێشکەش دەکات (پاتڵاک، ٢٠٠١). وێنەگرتنی تۆمۆگرافی کۆمپیوتەری و وێنەگەری دەنگدانەوە موگناتیسییەکان هەردووکیان ئامرازی گرنگن بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک. وێنەگری تۆمۆگرافی کۆمپیوتەری کە بە وێنگری سی تی ناسراوە وێنەی بڕبڕەیی لەسەر بنەمای هەڵمژینی تیشکی ئێکس دابین دەکات، ئەمەش وای لێدەکات متمانەپێکراو بێت بۆ دیاریکردنی گرێی شێرپەنجە بەڵام دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگ بێتەوە، وەک گۆڕانکاری لە چڕی وێنە و ئەگەری هەڵە هەڵسەنگاندنی ئەناتۆمی. لەلایەکی دیکەوە، وێنەگری دەنگدانەوە موگناتیسیەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆ سکرین کردنی شێرپەنجەی مەمک و دەستنیشانکردنی چارەسەر بەکاردەهێنرێت، ئەم ئامێرە هەستیارێکی بەرزتر پێشکەش دەکات و چڕی مەمک کاریگەری لەسەر نییە. وەک سی تی، وێنەگری دەنگدانەوە موگناتیسیەکان پشت بە دیاریکردنی گۆڕانکاریە ئەناتۆمیەکان دەبەستێت بۆ دەستنیشانکردن و بەدواداچوون بۆ نەخۆشانی شێرپەنجەدا (سولەیمان و یاری، ٢٠٢٠). لە کۆتاییدا، ئەم ئامێر و تاقیکردنەوانە کاتێک بە باشی و بە تێکەڵی بەکاردەهنرێن بە پێی ڕەوشی نەخۆشەکە، ڕۆڵێک فرە گرنگ دەبینن لە زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، ئەمەش وا دەکات چانسی چارەسەر بۆ نەخۆشەکە زیاد بکات.

تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کاریگەری دەروونی زۆر خراپی لەسەر ژنان هەیە، لەوانە ترس، توڕەیی، و  دڵەڕاوکێ. زۆرجار تووشبووەکان مانا نادۆزنەوە بۆ نەخۆشییەکەیان و لەوانەیە تووشی تەنیایی ڕووحی ببن بە هۆی لەدەستدانی هیوا و باوەڕ (غایمیی، ٢٠١٩؛ خودەر و مەحمود، ٢٠٢٠). تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ئەمەش بەهۆی کێشە لە ژێرخان و سەرچاوە و بە پێی پێویست بەردەستنەبوونی سەنتەری تایبەت بە چاودێری شێرپەنجە.

نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی چاوەدێری تەندروستی بەردەست و گرنگی پشکنینی بەردەوامی شێرپەنجەی مەمک دەتوانێت بەربەستێکی بەرچاو بێت. دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی پەروەردەیی و هۆشیاری گشتی، وەک ئەوانەی کە لەلایەن کۆمەڵەی خوێندکارانی پزیشکی و دەزگاکانی هەواڵی ناوخۆییەوە ئەنجام دەدرێن، لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و سۆشیال میدیا و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک و هۆکارەکانی مەترسی و گرنگی زوو دەستنیشانکردنی. ئەم هەڵمەتانە پێویستە ئامادەبووانێکی فراوان بکەنە ئامانج، لەنێویاندا ژنان لە هەموو تەمەنێکدا. جگە لەوەش ناساندنی پەروەردەی تەندروستی مەمک لە قوتابخانەکاندا دەتوانێت لە تەمەنێکی بچووکەوە هۆشیاری بچێنێت. ئەمەش دەتوانێت وانەکانی گونجاو لەگەڵ تەمەندا لەبارەی خۆپشکنینی مەمک و گفتوگۆکردن لەسەر گرنگی پشکنینی بەردەوام لەخۆبگرێت. لە زۆرێک لە ناوچەکان، بە تایبەت ناوچە گوندنشینەکان، بەردەستبوونی دامەزراوەی چاودێری تەندروستی سنووردارە. دڵنیابوون لەوەی کە ژنان دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی چاوەدێری تەندروستی بگات، لەوانەش مەمۆگرافی و پشکنینی کلینیکی، بەبێ گوێدانە شوێنەکەیان، زۆر گرنگە.

دوا ووتە 

شێرپەنجەی مەمک ئاستەنگێکی تەندروستی بەرچاو لە کوردستان دروست دەکات. ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشکی خستۆتە سەر ئەو ڕێژە مەترسیدارەی تووشبوون و گیان لەدەستدانی ژنان لە هەرێمی کوردستان  و هەروەها  جەختی لەسەر ڕۆڵی گرنگی فاکتەرەکانی وەک تەمەن، جینات، هۆرمۆنەکان و شێوازی ژیان کردووەتەوە لە داڕشتنی شێوازەکانی شێرپەنجەی مەمک. پێویستی زوو دەستنیشانکردن و سکرینکردن، بەتایبەتی بۆ ژنانی گەنج، لەڕێگەی داتای شارە جیاوازەکانی کوردستانەوە جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە قووڵ بووەتەوە لە وردەکارییەکانی شێرپەنجەی مەمک و جۆرەکانی و گرنگی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و جێبەجێکردنی شێوازە کاریگەرەکانی سکرینکردن، لەوانەش مەمۆگرافی و پشکنینی کلینیکی. سەرەڕای ئەوەش، دان بە زیانە دەروونییەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکدا دەنێت و تیشک دەخاتە سەر ئاستەنگەکانی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی لە هەرێمی کوردستان. بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک بە شێوەیەکی کاریگەر، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەسەر گرنگی هەڵمەتی هۆشیاری بەرفراوان، پەروەردەی تەندروستی مەمک و دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بۆ هەموو ژنان دەکاتەوە، بەبێ گوێدانە شوێنەکەیان. بە کورتی، هەڵمەتێکی هەمەلایەنە و فرەلایەنە بۆ چارەسەرکردنی پرسی شێرپەنجەی مەمک لە کوردستاندا زۆر گرنگە.

سەرچاوەکان

  1. Wilkinson, L., & Gathani, T. (2022). Understanding breast cancer as a global health concern. The British journal of radiology, 95(1130), 20211033. https://doi.org/10.1259/bjr.20211033
  2. Kelsey, J. L., & Berkowitz, G. S. (1988). Breast cancer epidemiology. Cancer research, 48(20), 5615–5623.
  3. AhmedA, Sheikha A, Abdulla H, AhmedK, Mula-Hussain L. Breast cancerin young women: A clinicopatho-logical hospital-based descriptivestudy from Kurdistan, Iraq.Middle East J Cancer.2021;12(1):1 3 7 - 4 2 . d o i : 1 0 . 3 0 4 7 6/mejc.2020.82210. 1068. 
  4. Soleiman, Morvarid & Yari, Hadi. (2020). Approaches to Breast Cancer Diagnosis. 5. 29-46. 10.5782/2520-6133.2021.5.1.29. 
  5. Khuder, S. A., & Mahmod, E. K. (2020). Kurdish women’s experiences of health care needs with breast cancer: A qualitative interview study from the Kurdistan Region of Iraq. Indian Journal of Public Health Research & Development. https://medicopublication.com/index.php/ijphrd/article/view/2217 
  6. Murray, C. J., & Lopez, A. D. (1997). Mortality by cause for eight regions of the world: Global Burden of Disease Study. Lancet (London, England), 349(9061), 1269–1276. https://doi.org/10.1016/S0140-6736(96)07493-4
  7. Ghaemi, S. Z., Keshavarz, Z., Tahmasebi, S., Akrami, M., & Heydari, S. T. (2019). Conflicts women with breast cancer face with: A qualitative study. Journal of family medicine and primary care, 8(1), 27–36. https://doi.org/10.4103/jfmpc.jfmpc_272_18
  8. M-Amen, Karwan & Abdullah, Omiad & Amin, Ahmed & Hasan, Bestoon & Mohamed, Zeki & Sulaiman, Luqman & Shekha, Mudhir & Najmuldeen, Hastyar & Barzingi, Basak & Mahmood, Dler & Esmael Othman, Hemin & Rahman, Fryad & Mohammad, Dara & Salih, Fahmi & Ali, Suad & Housein, Zjwan & Mohamad, Trefa & Mahmood, Kazhan & Salihi, Abbas. (2021). Cancer Statistics in Kurdistan Region of Iraq: A Tale of Two Cities. 10.21203/rs.3.rs-142129/v1. 
  9. Makki J. (2015). Diversity of Breast Carcinoma: Histological Subtypes and Clinical Relevance. Clinical medicine insights. Pathology, 8, 23–31. https://doi.org/10.4137/CPath.S31563
  10. Danaei, G., Vander Hoorn, S., Lopez, A. D., Murray, C. J., Ezzati, M., & Comparative Risk Assessment collaborating group (Cancers) (2005). Causes of cancer in the world: comparative risk assessment of nine behavioural and environmental risk factors. Lancet (London, England), 366(9499), 1784–1793. https://doi.org/10.1016/S0140-6736(05)67725-2
  11. Alkabban, F. M., & Ferguson, T. (2022). Breast Cancer. In StatPearls. StatPearls Publishing.
  12. Yalaza, M., İnan, A., & Bozer, M. (2016). Male Breast Cancer. The journal of breast health, 12(1), 1–8. https://doi.org/10.5152/tjbh.2015.2711
  13. Chen, B., Ye, P., Chen, Y., Liu, T., Cha, J. H., Yan, X., & Yang, W. H. (2020). Involvement of the Estrogen and Progesterone Axis in Cancer Stemness: Elucidating Molecular Mechanisms and Clinical Significance. Frontiers in oncology, 10, 1657. https://doi.org/10.3389/fonc.2020.01657
  14. Elmore, J. G., Armstrong, K., Lehman, C. D., & Fletcher, S. W. (2005). Screening for breast cancer. JAMA, 293(10), 1245–1256. https://doi.org/10.1001/jama.293.10.1245
  15. Harbeck, N., Penault-Llorca, F., Cortes, J., Gnant, M., Houssami, N., Poortmans, P., Ruddy, K., Tsang, J., & Cardoso, F. (2019). Breast cancer. Nature reviews. Disease primers, 5(1), 66. https://doi.org/10.1038/s41572-019-0111-2
  16. Sariego J. (2010). Breast cancer in the young patient. The American surgeon, 76(12), 1397–1400.
  17. Hamajima, N., Hirose, K., Tajima, K., Rohan, T., Friedenreich, C. M., Calle, E. E., Gapstur, S. M., Patel, A. V., Coates, R. J., Liff, J. M., Talamini, R., Chantarakul, N., Koetsawang, S., Rachawat, D., Marcou, Y., Kakouri, E., Duffy, S. W., Morabia, A., Schuman, L., ... Fukao, A. (2012). Menarche, menopause, and breast cancer risk: Individual participant meta-analysis, including 118 964 women with breast cancer from 117 epidemiological studies. The Lancet Oncology, 13(11), 1141-1151. https://doi.org/10.1016/S1470-2045(12)70425-4
  18. Ajmiree, Flora. (2023). Neoplasia. 10.5772/intechopen.109512. 
  19. Beral, V & Bull, D & Doll, R & Peto, R & Reeves, G & Vecchia, C & Magnusson, Cecilia & Miller, T & Peterson, B & Pike, Malcolm & Leeuwen, F. (2002). Breast cancer and breastfeeding: Collaborative reanalysis of individual data from 47 epidemiological studies in 30 countries, including 50 302 women with breast cancer and 96 973 women without the disease. The Lancet. 360. 187-195. 10.1016/S0140-6736(02)09454-0. 
  20. Khoshnaw, N., Mohammed, H. A., & Abdullah, D. A. (2015). Patterns of Cancer in Kurdistan - Results of Eight Years Cancer Registration in Sulaymaniyah Province-Kurdistan-Iraq. Asian Pacific journal of cancer prevention : APJCP, 16(18), 8525–8531. https://doi.org/10.7314/apjcp.2015.16.18.8525
  21. Weledji, Elroy & Tambe, Joshua. (2018). Breast cancer detection and screening. 4. 8. 10.21767/2471299X.1000071. 
  22. Balali, G.I., Yar, D.D., Dela, V.G.A., Effah-Yeboah, E., Asumang, P., Akoto, J.D. and Abdallah, F. (2020) Cancer: A Review of Mammography and Clinical Breast Examination for Early Detection of Cancer. Open Access Library Journal, 7, 1-19
  23. Institute of Medicine (US) and National Research Council (US) Committee on the Early Detection of Breast Cancer, Patlak, M., Nass, S. J., Henderson, I. C., & Lashof, J. C. (Eds.). (2001). Mammography and Beyond: Developing Technologies for the Early Detection of Breast Cancer: A Non-Technical Summary. National Academies Press (US).