کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکییە سەربازییەکان لەسەر ژینگە و تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان
پێشەکی
هەرێمی کوردستان، بە سروشتی شاخاوی و خاکی بەپیتیەوە، خاوەنی ژینگەیێکی دەوڵەمەندە کە پارێزەری ڕاستەقینەی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵانە. لەکاتێکدا، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای جیهانییەوە، هەرێمەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ دەبێتەوە لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکانی ناوچەکە کە ژیانی خەڵکی لەسەر بەندە و ئابووریی وڵات پشتی پێدەبەستێت. ناوچەکە مێژوویێکی درێژی ململانێی ڕامیاریی هەیە کە سەری کێشاوە بۆ بۆردومانی چیاکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە و، بەهۆی کاریگەریی چالاکییە سەربازییەکانەوە ئەم گرفتانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە یەکگرتنی کارتێکەرە ژینگەییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکیی سەربازی، دەبێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و لەناوچوونی دارستانەکان کە دەبێت بە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی.
ئەم توێژینەوەیە ئەنجامی توێژینەوەکانی پێشوو لەخۆدەگرێت سەبارەت بە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و ململانێ سەربازییەکان لەسەر ژینگە و تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان. پرسیاری گرنگی توێژینەوەکە کە دەمانەوێت لێی بکۆڵینەوە ئەوەیە: "گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکییە سەربازییەکان چۆن کاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگە و کێشەکانی تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکەن؟" لەگەڵ کارلێکی نێوان ئاستەنگە ژینگەیی و دۆخە ڕامیارییەکاندا لە کوردستان، چارەسەرکردنی ئەم پرسیارە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مەترسییە هەڵکشاوەکان کە ڕووبەڕووی دانیشتوان و ژینگە دەبنەوە. بە لێکۆڵینەوە لە کارلێکی نێوان کەشوهەوا و ناکۆکیدا، ئامانجمان پڕکردنەوەی بۆشاییێکی گرنگە لەم توێژینەوەیەدا لەسەر بابەتەکە.
پێداچوونەوەی توێژینەوەکانی پێشووتر
ئەو ئاستەنگانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەم ناوچەیەدا هاتوونەتە پێش بەهۆی ململانێ سەربازییە بەردەوامەکانەوە خراپتر دەبن. توێژینەوەکانی پێشوو ڕۆشنایی دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا ڕەنگی داوەتەوە لە ڕێگەی کەمیی بارانبارین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵیی درێژخایەن، کە کێشەکانی کشتوکاڵ و کەم ئاوی زەقتر دەکاتەوە. ستراتیژییەکانی وەکو پاراستنی ئاو و زیادکردنی سەرچاوەکانی بژێویی ژیان کە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا گیراونەتەبەر، پێوەندیی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکییە ڕامیارییەکان لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستیی گشتی و ژینگە دەردەخەن.
هەرچەندە کاریگەریی ژینگەیی گۆڕانی کەشوهەوا بە تێروتەسەلی توێژینەوەی لەسەر کراوە، کەمتر بایەخ دراوە بەوەی کە چۆن شەڕ و ناکۆکیی سەربازی ئەم دۆخە خراپتر دەکات. ناکۆکییە سەربازییەکان، بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تورکییە بەردەوامەکان، بەردەوام کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە دەبێت لە ڕێگای ئاگری دارستان، ڕووتانەوەی خاک و پیسبوونەوە. بەهۆی زیانبەخشیی ئەم کارتێکەرانەوە بۆ سەر ژینگە، دۆخی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەستن بە کۆئەندامی هەناسەوە لە کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکەن بەهۆی پیسبوونی هەوا و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما. ڕاپۆرت کراوە کە زیادبوونی نەخۆشییە هەناسەییەکان، وەک هەناسەتەنگی (ڕبۆ) و هەوکردنی سییەکانەوە، پێوەندییان بە خۆڵبارین و پیسبوونی هەواوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، توێژینەوەی کەم کراوە دەربارەی کاریگەرییە گشتییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و جەنگ لەسەر ژینگە و تەندروستیی گشتی لە کوردستان. ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم توێژینەوەیە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە لە ڕێگای تاوتوێکردنی چۆنێتیی پیسبوونی ژینگە و مەترسیی بۆ سەر تەندروستیی هاووڵاتییان لەلایەن کۆی ئەم کارتێکەرانەوەوە، بە ئامانجی پێشاندانی چارەسەری ڕامیاریی گرنگ و کاریگەر لە ناوچەکەدا.
ڕێکارناسی
لەم توێژینەوەیەدا ڕێکاری توێژینەوەی چۆنێتی بەکارهێنراوە، بە کەڵک وەرگرتن لە داتای لاوەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، جەنگ و تەندروستیی گشتی لە هەرێمی کوردستان. ئەو توێژینەوەیە بە پشت بەستن بە توێژینەوە بەردەستەکان، پێداچوونەوەی توێژینەوەکان، ڕاپۆرت و شیکردنەوەی داتا ئەنجام دراوە. سەرچاوەکان لەسەر بنەمای پێوەندییان بە بوارەکانی توێژینەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگەیی پێوەست بە سەربازی و کاریگەرییەکانی تەندروستیی گشتی هەڵبژێردراون. سەرچاوەکان توێژینەوەی تایبەت بە ناوچەکەن و، بە کەڵکن بۆ ڕوونکردنەوەی تێڕوانینە گرنگەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و پێکهاتەیێکی بەهێز دروست دەکەن بۆ تێگەیشتن لە گۆڕاوە پێوەندیدارەکان کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ناوچەکە.
گفتوگۆکان
کاریگەرییەکانی ناکۆکیی سەربازی لەسەر ژینگە
هەرێمی کوردستان مێژوویێکی دوور و درێژی کارلێکی نێوان ناسەقامگیریی ڕامیاری و ئاستەنگە ژینگەییەکانی هەیە کە مەترسی دەخەنە سەر شێوازی ژیان و بژێویی دانیشتوانەکەی. هێرشە چەکدارییەکانی تورکیا لە چیاکانی کوردستاندا بووەتە مایەی زیانێکی زۆر و ئەو خاڵانەش تێدەپەڕێنێت کە بەئامانج گیراون. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی ئاگری فراوانی دارستان و لەناوچوونی کە هەڕەشە لە فرەچەشنیی زیندەوەرزانی و بەرگری دژی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، لەنێوبردنی دارستانەکان و هەڵمژینی دوانەئۆکسیدی کاربۆن ڕادەگرێت و گلدانەوەکەی دەگەڕێنێتەوە نێو بەرگەهەوا: لە ئەنجامدا ژینگەی ناوچەکە زیاتر پیس دەبێت، وەک ڕووتانەوەی خاک و بە بیایابنبوون بەهۆی لەدەستدانی ڕووپۆشی دارستانەکان کە کار دەکاتە ژینگەڕێکخستە (ئیکۆسیستەم) و دەبێتە هۆی لەنێوچوونی ڕووەک و ئاژەڵ. هەروەها، ڕووتانەوەی خاک و لەنێوچوونی دارستان دەبێتە هۆی خۆڵبارین و کە بە ئەندازەی خۆی مەترسیی زیاتر لەسەر خاک دروست دەکات و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ کەم دەکاتەوە بە لابردنی چینەی سەرەوەی خاک کە بە پیتە.
چالاکییە سەربازییەکان و وێرانکردنی ژێرخانی سروشتیی ئاو، زیان و لقوپۆپی تری لێدەکەوێتەوە وەکو تێکدانی ڕێڕەوی ڕووبار و پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەخۆدەگرێت. وەک نموونەیەک، تەقەمەنیی سەربازی زیانی درێژخایەن بە ژینگەزانی دەگەیێنێت بەهۆی پاشماوە زیانبەخشەکانەوە: ئەم پیسبوونە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی پێوەست بە ئاو و هەواوە. کاریگەری و کارلێکی گۆڕانی کەشوهەوا و زیانی پێوەست بە سەربازی، کەمئاوی زیاد دەکەن. کەمیی بارانبارین و وشکەساڵیی درێژخایەن بە ئەندازەی خۆیان سەرچاوەی ئاو کەم دەکەنەوە و چڕیی پیسکەرەکان لە سەرچاوە بەردەستەکاندا زیاد دەکەن.
کوالیتیی هەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان
کاریگەرییەکانی کارلێکی نێوان ناکۆکیی سەربازی و گۆڕانی کەشوهەوا بە شێوەیێکی بەرچاو کوالیتیی هەوای ناوچەکە خراپتر دەکات. تەنۆلکەی هەڵواسراو، تەنۆلکەی بچووکن کە لە هەوادا هەڵواسراون و دەکرێت سەرچاوەی جۆراوجۆریان هەبێت وەک دوکەڵی ئۆتۆمبێل، پرۆسەی پیشەسازی و بیناسازی و، سەرچاوە سروشتییەکانی وەکو خۆڵ. PM 2.5، کە 2.5 مایکرۆمیتر تیرەیان هەیە، مترسیی گەورەن بۆ سەر تەندروستی لەبەر ئەوەی ئەوەندە بچووکن کە لەگەڵ بڵاوبوونەوەیان بە ئاسانی دەچنە نێو سییەکانەوە لەکاتی هەڵمژینی هەوادا و، کێشەی تەندروستی دروست دەکەن. ناوچەکە ئاستی بەرزبووەوەی PM 2.5 ی هەیە بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانەوە کە کاریگەریی نەرێنییان هەیە لەسەر خۆڵبارین و ئاگر کەوتنەوە لە دارستان. بە تایبەتی بۆردومانە دووبارەبووەوەکان کە، لە ناوچە شاخاوییەکاندا تەنۆلکە و پێکهاتەی پیس و زیانبەخشی تر بڵاودەکەنەوە بە هەڵگیرساندنی ئاگری دارستان و وێرانکردنی خاکی دارستان. لە ئەنجامدا، دەبێتە هۆی هەڵکشانی ڕێژەی کێشەکانی هەناسە وەک هەناسەتەنگی (ڕەبۆ) و هەوکردنی سییەکان، چونکە تەنۆلکە وردەکان تا قووڵایی سییەکان دەڕۆن.
دەرئەنجامەکانی تەندروستیی گشتی
کاریگەرییە زیانبەخشەکانی ئەم دوو کارلێکە هەڕەشەن بۆ سەر ژینگە لە هەرێمی کوردستان و، بە شێوەیەکی بەردەوام دەردەکەون. سەرەتا، ئەم کاریگەرییانە لە هەڵکشانی ڕێژەی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەستن بە کۆئەندامی هەناسەوە، کێشەکانی پەیوەست بە گەرما و ئەو نەخۆشییانەی پێوەستن بە ئاوەوە دەردەکەون. پیسبوونی هەوا بەهۆی خۆڵبارین و ئەو چالاکییە سەربازییانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە وەک هەوکردنی سییەکان، هەناسە تەنگی (ڕەبۆ) و نەخۆشی گیرانی درێژخایەنی سییەکان. بەپێی توێژینەوەکان، چڕیی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا بەرزترە و، ئەو مەترسییە تەندروستییانە دروست دەکات. ئەم تەنۆلکە بچووکانە توانای تێپەڕبوونی بەربەستی خوێن-مێشکییان هەیە و دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دەمار. بەرکەوتنی سیستەمی دەماری ناوەندی بە تەنۆلکە هەڵواسراوەکان پێوەستە بە گەشەکردنی نەخۆشییەکانی پێوەست بە دەمارەکانەوە وەک جەڵتەی مێشک، نەخۆشی ئەلزهایمەر و نەخۆشیی پارکینسۆن. هەروەها، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دروست دەکات بەتایبەت لەوانەی کە بەتەمەنن یان کێشەی دڵیان هەیە.
کۆتا
دەرئەنجامی کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ناکۆکیی سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تەندروستیی گشتی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە. ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە گوشاری لەسەرە چونکە چالاکییە سەربازییەکان زیاتر زیان بە ناوچەکە، ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان دەگەیەنن. زیانە ژینگەییەکان نەک تەنها مەترسی دەخەنە سەر کوالیتیی خاک، هەوا و ئاو بەڵکو وەک کارتێکەرێکی مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستیی گشتی، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەستن بە کۆئەندامی هەناسە، دڵ، ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەستن بە ئاوەوە و نەخۆشییەکانی تر. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ئاماژەمان پێدان، چارەسەرێکی گشتگیر کە گونجاندنی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی ناکۆکیی سەربازی لەخۆدەگرێت، کێشە هەڕەشە ئامێزەکانی ناوچەکە چارەسەر دەکات. یەکەم، حکومەتی هەرێمی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت هاوکار بن بۆ دەستپێشخەریکردن لە پاککردنەوەی ژینگە بە ڕۆشنایی خستنە سەر پاککردنەوەی دارستان و پاراستنی خاک. دووەم، سنووردارکردن و چاودێریکردنی چڕی دوکەڵی ئۆتۆمبێل و ڕێگریکردن لە پیسبوونی ژینگە لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا و، دەتوانێت کاریگەرییە تەندروستییەکانی تەنۆلکە هەڵواسراوەکان کەم بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی ڕێوشوێنەکانی پاراستنی ئاو و دروستکردنی سەرچاوەی ئاوی جێگرەوە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی کێشەی کەم ئاوی لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا، بەرەوپێشبردن و کارکردنی ڕاستەقینە لەسەر دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی بۆ چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی کە پێوەستن بە کەشوهەواوە.
سەرچاوەکان
1. Ahmed, Sanarya & Hussein, Rabar. (2024). ENVIRONMENTAL POLLUTIONS RELATED TO CONFLICTS IN IRAQ AND PEOPLE'S HEALTH OUTCOMES. 8. 3-14.
2. Dovbeshko, Galyna, and Tatiana Borisova. "War-Derived Air Pollution Nanohybrids and Their Membrane-Active Properties." Low Temperature Physics, vol. 50, no. 3, 1 Mar. 2024, pp. 191-195. https://doi.org/10.1063/10.0024966. Accessed 30 Apr. 2024.
3. Eklund, Lina, et al. “On the Geopolitics of Fire, Conflict and Land in the Kurdistan Region of Iraq.” Remote Sensing, vol. 13, no. 8, 19 Apr. 2021, p. 1575, https://doi.org/10.3390/rs13081575.
4. Escribano, P. and D. Pons Ganddini (2024). Climate change, food insecurity and human mobility: Interlinkages, evidence and action. In: World Migration Report 2024 (M. McAuliffe and L.A. Oucho, eds.). International Organization for Migration (IOM), GenFloral
5. HAMA-AZIZ, ZANIST. “ASSESSMENT of AIR POLLUTION in KURDISTAN REGION of IRAQ.” Pollution Research, 30 June 2022, pp. 457–466, https://doi.org/10.53550/pr.2022.v41i02.011. Accessed 12 Dec. 2022.
6. Hawramy, F. Fires and Armed Conflict Take Toll on Kurdish Flora, Fauna. Al-Monitor. 5 July 2018. Available online: https://www.al-monitor.com/originals/2018/07/kurdish-forests-under-threat-of-wildfires.html (accessed on 1 February 2021).
7. Ibraheem, Fakhri H, et al. “Environmental Issues and Concerns in Iraq and Kurdistan Region due to Various Pollutants.” the Handbook of Environmental Chemistry, 1 Jan. 2024, www.researchgate.net/publication/383258861_Environmental_Issues_and_Concerns_in_Iraq_and_Kurdistan_Region_Due_to_Various_Pollutants, https://doi.org/10.1007/698_2024_1110. Accessed 2 Nov. 2024.
8. Maryiam Salem Mamluk, and Kamaran Amin Karadakhy. “Aggravating Factors of Asthma among Patients Visited Respiratory Center at Shar Hospital Outpatient in Sulaymaniyah-Kurdistan-Iraq.” Advanced Medical Journal, vol. 9, no. 2, 4 June 2024, pp. 19–26, https://doi.org/10.56056/amj.2024.253. Accessed 13 Sept. 2024.
9. Miri, Abbas, et al. Dust Storms Impacts on Air Pollution and Public Health under Hot and Dry Climate. Vol. 2(1), no. 1, 1 Jan. 2007, www.researchgate.net/publication/238086966_Dust_Storms_Impacts_on_Air_Pollution_and_Public_Health_under_Hot_and_Dry_Climate/citations.
10. Othman, Nasih, et al. Environmental Health Assessment in Sulaymaniyah City and Vicinity. 10 Apr. 2017, www.researchgate.net/publication/319493592_Environmental_Health_Assessment_in_Sulaymaniyah_City_and_Vicinity.
11. Schillinger, Juliane, et al. “Water in War: Understanding the Impacts of Armed Conflict on Water Resources and Their Management.” WIREs Water, vol. 7, no. 6, 27 Aug. 2020, wires.onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/wat2.1480, https://doi.org/10.1002/wat2.1480.
12. Sheikh, Mohammed, and Shuokr Qarani Aziz. “Issues of Water and Climate Change in the Kurdistan Region and Iraq. A Review Study.” ResearchGate, unknown, 29 Aug. 2024, www.researchgate.net/publication/384051753_Issues_of_Water_and_Climate_Change_in_the_Kurdistan_Region_and_Iraq_A_Review_Study. Accessed 2 Nov. 2024.
13. Sissakian, Varoujan K., et al. “Sand and Dust Storm Events in Iraq.” Natural Science, vol. 05, no. 10, 2013, pp. 1084–1094, https://doi.org/10.4236/ns.2013.510133. Accessed 1 May 2019.
14. Tripathi, Dhananjay. (2021). Particulate Matter and Human Health. 10.5772/intechopen.100550.