دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

سیاسەتی بەنداو و دۆخی کۆلۆنیاڵیستی کوردستان

By هیوا ئەحمەد

 هەرچەندە تێکچوون و کاولکردنی ژینگە پرسێکی جیهانییە، ئەدەبیاتی ڕەخنەگرانە لەسەر «ئیکۆلۆژیای سیاسی» نیشان دەدات کە ئەم جۆرە گەڵاڵە گشتگیرانە ناتوانن پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-سیاسی و پێکهاتەییەکان، میکانیزمه جیاوازەکان و ئامانجە تایبەتەکان لە پشت دیاردەی «ئیکۆسایدەوە» لە هەندێک ناوچەدا کە جیاوازی مێژوویی-فەرهەنگییان لەگەڵ کۆمەڵگا یان دەسەڵاتی سیاسی باڵادەست هەیه، ڕوون بکەنەوە. بۆیە چەمکی «کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی» ، «ڕەگەزپەرەستی ژینگەیی»  و  «ئیکۆ ئاپارتاید» بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ئاڵۆزییە پێکهاتەیی و سیاسیانەی کە لە ستراتیژییەکانی لەناوبردنی ئیکۆسیستەمی گروپە ڕەگەزی-ئێتنیکی-نەتەوەییە پەراوێزخراوەکاندا بەشدارن بەکاردەهێنرێن. کۆلۆنیالیزم  و ڕەگەزپەرستی ژینگەیی بریتییە لە کردار و دەستێوەردانەکانی وڵاتێک لە وڵاتێکی دیکە یان لە بەشێک لە کۆمەڵگەی ژێردەستەیدا بە ئامانجی ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکان به بیانووی گەشەی ئابووری و سەقامی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانه، بەڵام بە کردەوە هاوتەریبە لەگەڵ گەشەسەندنی ئابووریی ناوچە ناوەندی و سەردەستەکان. ئەم ڕوانگه ڕەخنەگرانەیە پێی وایە تێکدانی ژینگە نەک دەرئەنجامی سیاسەتەکانی گەشەپێدان، بەڵکو بەشیک له پرۆسێسی پەرەسەندنی «سەرمایەداریی ڕەگەزپەرستانە» لە دەڵەت-نەتەوەکان به تێچووی «گەشەبڕی» نەتەوە یان ناوچە ژێردەستەکانه. ئەم سیاسەته ناوچە پەراوێزخراوه زمانی-فەرهەنگییەکان بەرەوڕووی گەورەترین مەترسیی و خەساری ژینگەیی دەکاتەوە کە دەکرێ وەک فورمێک له  «کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی» بێته ئەژمار. 

هەروەها، «کۆلۆنیالیزمی دەرهاوێژەرانه»  ئاماژەیە بۆ پراکتیکی ئیستغلالکردنی سەرچاوە سروشتییەکان و کار لە ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان بە قازانجی دەسەڵاتی کۆلۆنیال که زۆرجار دەبێتە هۆی کاریگەریی بەرچاوی کۆمەڵایەتی-ئابووری و ژینگەیی لەسەر خاکی داگیرکراوەکاندا. تایبەتمەندی ئەم فۆرمەی کۆلۆنیالیزم بریتیه له دەرهێنانی سەرچاوەکان و بەبێ قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانە یان گەشەپێدان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە کە لەگەڵ خۆیدا زۆرجار ڕێوشوێنی زۆرەملێ و ڕووخانی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بەدی دەهێنێت. هەروەها، پرسی سەروەری ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە کۆلۆنیالیزمی دەرهاوێژەرانەدا، چونکە فەزای دەرکێشانی سەرچاوەکان دیاری دەکات. ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کەڵەکەکردنی سەرمایە نییە، بەڵکو ڕەهەندە هێمادار و ڕەگەزپەرستییەکانیش لەخۆدەگرێت کە پشتگیری لە پراکتیکەکانی دەرهێنان دەکەن. یەکتربڕینی توندوتیژی و دەرهێنانی سەرمایەداری ئەم فەزایانە لە قاڵب دەدات و زۆرجار دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی دانیشتوانە ڕەسەنەکان ناوچە بەکۆلۆنی گیراوەکان.

کەوایه، قەیرانە ژینگەییەکان لە ناوچە ئێتنیکی/نەتەوەییەکان نە به هۆی بەهەڵە بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکان، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی تێکەڵاوی دەوڵەتی سەرمایەداری و کردەوە کۆلۆنیالیستییەکان بەرامبەر بەو ناوچانەیه. 

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستاندا، ئەم چەمکانە تێڕوانینێکی نوێی دەخەنە سەر باس و خوێندنەوەی پرسی ژینگەی کوردستان لەژێر هەژموونی و دەسەڵاتی چوار دەوڵەت-نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم وتارەدا، دوابەدوای ئاماژەدانێکی کوردت دۆخی کۆلۆنیالیستی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پێوەندیی ئەم دۆخه لەگەڵ پرسی ژینگە، باس لە هایدرۆپۆلیتیکی دەوڵەتی ئێران و سیاسەتی بەڕێوبەرایەتی سامانه سرووشتییەکانی کوردستان دەکرێت و کەیسی بەنداو وەک ستراتێژییەکی گەشەبڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەترسییەک بۆ سەقامگیری ئابووری-کۆمەڵایەتیی هەێمی کوردستان لێک دەدرێتەوە.

ژینگەی کوردستان له ژێر چەپۆکی کۆلۆنیالیزمی دەرهاوێژەرانەدا

کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی هەستیاری مێژووییەوە وەک ناوچەیەکی پارێزبەندی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا و بەهۆی ئەوەی خاوەنی جۆرەها سەرچاوەی سروشتی و کانزایه، سەرنجی داگیرکەرانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. نوێترین توێژینەوەکان باس له چەشنێک کۆلۆنیالیزمی دەرهاوێژەرانە سەبارەت به کرداری دەوڵەتی عۆسمانی لەهەمبەر سامانه سرووشتی و کانزاکانی کوردستانی عۆسمانی ئەکات. ئەم چەمکه جەخت لەسەر پێکهێنانی پەیوەندییەکی لەبنەڕەتدا نایەکسان دەکاتەوە کە لەسەر بنەمای دەرهێنان و گواستنەوەی سەرچاوەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ سوودی مێترۆپۆله ئیمپراتۆریاییەکان دەکات. هەروەها ئەم پرۆسەیە بووە هۆی وەرینی ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی مێرنشینە کوردەکان لە کاتێکدا دەوڵەت کۆنترۆڵی ناوەندی بەسەر سەرچاوەکاندا کرد. 

لە ڕۆژهەڵاتی ناوینی مودێرنیشیدا، جوگرافیای سیاسی کوردستانی ناوەندێکی کێبڕکێی ناوچەیی نێوان دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووه. لەڕاستییدا، دابەشبوونی جوگرافیای سیاسی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرن لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم لەلایەن حکومەتە ئەوروپاییەکانەوە و لە ئەنجامی «ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ» بووە هۆی ئەوەی کوردستان کە پێشتر تاڕادەیەک یەکەی سیاسی سەربەخۆی هەبوو، بە شێوەیەکی کۆلۆنیالیستی و داگیرکەرانه بکەوێته ژێر چەپۆکی چوار دەڵەت-نەتەوەی تازه دامەزراوی ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا. ئەزموونی کورد لەناو ئەم دەوڵەتانەدا بووە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی دژ بە کورد و گۆڕینی بۆ کەمینە نەتەوەییە ژێردەستەکان، کە بەشێوەیەکی جۆراوجۆر ملکەچی سیاسەتی گەشەبڕی، ئەویتربوون، بەئەمنیەتکردن و میلیتاریزەکردن کراون. ئەمه دەیسەلمێنێت کە پێگەی کوردستان وەک کۆلۆنییەکی ناوخۆیی دۆخێکی تازە نییە، بەڵکو هەلومەرجێکە کە لە سەدەی شانزەهەمدا کاتێک کوردستان بوو بە ناوچەی پارێزبەندی دوو دەسەڵاتی کێبڕکێی عوسمانی و سەفەوی، هاتە ئاراوە و وێڕای گۆڕانکاری تایبەتی سیاسی تا ئەمڕۆش بەم شێوازه ماوەتەوە.  

بەڕێوەبردنی کۆلۆنیالیستیی سامانە سروشتییەکانی کوردستان لەلایەن ئەم چوار دەوڵەتە سەردەستانەوه کەم تا زۆر هاوکاتە و هاوتەریبە لەگەڵ پەرەسەندنی پەیوەندیی سەرمایەداری لەو وڵاتانە و چڕبوونەوەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە کوردستاندا. لە سەدەی بیستەم، ئیستغلالکردنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وێرانکردنی ژینگە کاتێک چڕتر بووەوە کە چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی دەستیان کرد بە پلاندانان بۆ پڕۆژە گەورەکانی وزە، کانزا، کشتوکاڵ، ژێرخان و وەبەرهێنان.  بۆ وێنه، لە 1950 بەدوا ئیستغلالکردنی سیستماتیک و لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دەستی پێکرد و لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکەمین پڕۆژە سەرمایەگوزارییە گەوەرە و پڕتێچووەکان بۆ درووستکردنی بەنداو، کێلگە نەوتەیەکان، کانزاکان و سامانه سرووستییەکانی دیکه خرایه گەڕ. ئەم کردار و سەرمایەگوزاریانە که بوونە هۆی ئاوارەبوون، کۆچ و چۆڵکردنی زۆرەملێی دەڤەر و ناوچە گۆندنشینەکان، بۆخۆی پڕۆسەی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بە دوو شێوەی چەوساندنەوەی ئابووری و ئاسمیلەکردنی کولتووری سەقامگیرکرد. 

لە ڕاستیدا، سیاسەتەکانی گەشەپێدان لە ناوچە کەمینە نەتەوەییەکان لە ڕێگەی مێلیتاریزەکردنی بەرفراوان، ئەندازیاری جڤاک و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتوانی ڕەسەن لە ڕێگەی پرۆسەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی زەوتکردن و تێکدان و لەناوبردنی بەئەنقەستی ئیکۆسیستەمەکان و دەرهاوێشتن و گواستنەوەی کۆلۆنیالیستی سامانە سروشتییەکانیان ئەنجام دەدرێت؛ دۆخێک که بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەژاری ئابووری، پەراوێزخستن و نیشتەجێبوونی خەڵکانی لەبواری ئایینی و نتەوەیی جیاواز لەم ناوچانه. هەر بۆیه لە درێژەدا، بەنداو وەک یەکێک لە کۆڵەکە ستراتیژییەکانی هایدرۆپۆلیتیکی حکوومەتی ئێران باس دەکرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت کە چۆن بەشێک لە کۆلۆنیالیزمی ژینگەیی لە کوردستان پێکدەهێنێت.

هایدرۆپۆلتیکی کۆلۆنیالیستیی ئیران لەهەمبەر نەتەوە و ناوچە ژێردەستەکان

لە چەند دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988)، دەوڵەتی ئێران بە ئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانەکانی ئاو و هەروەها کەڵکوەرگرتن لێی وەک ئامرازێکی دیپلۆماسی ناوچەیی (بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ تورکیا، عێراق، ئەفغانستان و هتد) دەستی دایه دروستکردنی بەنداوی گەورە و بچووک لەپێناو بەڕێوبەرایەتی ڕووبارە سنوورییەکان. ئەوەی ئه مڕۆ له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی دەوترێت «شەڕی بەنداوەکان» بەڵگەی ئەم دۆخەیه؛ دۆخێک کە تێیدا هەوڵی کۆنترۆڵکردن و لادانی ڕەوتی ڕووبارەکان/ئاوە سنوورییەکان و ڕێگریکردن لە پێدانی مافی ئاو بۆ ناوچە بندەستەکانی ئەو ڕووبارانە لە وڵاتانی دراوسێدا بۆ ئاستی قەیرانی ئاو لەسەر ئاستی ناوچەیی و گرژی و شەڕی نێوان دەڵەتەکان بەرز بووەتەوە. 

شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاو و گرژی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران خاوەن هەندێک میکانیزم و ستراتیژی تایبەتە. ئێران لە ساڵانی نەوەدەکاندا سەدان بەنداو، پڕۆژەی کشتوکاڵ، کانزا و چەندین پڕۆژەی دیکەی دەستپێکرد کە لە ڕووی پێوەرە ژینگەییەکانەوە ناپایەدار و کارەساتبارن. گرنگترین و گشتگیرترینیان بریتین لە «بەڕێوەبردنی ئاوی سنوور و ڕووبارەکان» و «گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان/دۆڵەکان». لە ڕاستیدا، دروستکردنی ژێرخانی گەورە و کەناڵ و تونێلی ئاو بە مەبەستی دابینکردنی ژێرخانی بەنداو و پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکان/دۆڵەکان لە ناوچە پەراوێزخراوەکانەوە -واتە گواستنەوەی ئاو لە زنجیرە چیای زاگرۆسەوە کە پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، خووزستان، کوردستان و لوڕستان دەگرێتەوە- بۆ ناوچەکانی ناەوەند بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی پیشەسازییە قورس و ئاوهەڵگرەکان لە ئیسفەهان و کرمان و یەزد و هەروەها پەرەپێدانی کشتوکاڵ لەم ناوچانەدا، سەرەکیترین شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاو و گرژییە لە وڵاتدا. بەم شێوەیە، هایدرۆپۆلیتیکی ئێران لە چارەسەرکردنی کەمئاوی وڵات و دابینکردنی ئاو بۆ ناوچه ناوەندییەکان کە بەهۆی قەیرانی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە، پشت بە گواستنەوەی ئاو لە ناوچەکانی باکور، ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای ئێران (ناوچەی دابینکەری ئاو) بۆ ناوچە وشک و بیابانییەکانی وڵات بەستووە. 

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان ئێران 172 بەنداو لە کاردایە، 672 بەنداو لە لە قوناخی کۆتایی، 120 بەنداو لە قۆناغی دروستکردن و 176 بەنداو لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.  لەو ژمارەیەش زیاتر لە 250 بەنداو لە پارێزگاکانی چوارمەحاڵ و بەختیاری، خوزستان و کوردستانن.  ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەیە، زۆرێک لە بەنداوەکانی کوردستان، ئیلام، کرماشان و ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ئامانجیان بەڕێوەبردنی گرژی و قەیرانی ئاوی ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران و پاراستن و درێژەدان بە چالاکییە ئابوورییەکان (پیشەسازی و کشتوکاڵی)ە لە ناوچەکانی ناوەڕاستدا بەبێ ئەوەی گرنگی بە دەرئەنجامە قووڵە کۆمەڵایەتی-ئابووری و ئیکۆلۆژییەکانی کوردستان بدرێت کە دابینکەری ئاون و  خۆیان دەستەویەخەی پرسی کەمئاوی و گەشەنەسەندنی ئابووری-کۆمەڵایەتیین. 

دیاره جەختکردنەوە لەسەر بوونی ڕانت و گەندەڵی لە شێوەی مافیای بنیاتنانی بەنداو - کە بێگومان لە لایەن دامەزراوە سیاسی-نیزامییەکانی دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە- و کاریگەریی دەسەڵاتی نوێنەرانی ناوچە ناوەندییەکانی ئێران لە پەسەندکردنی گەڵاڵە و پڕۆژەکانی درووستکردنی بەنداو و گواستنەوەی ئاو، هەندێک لایەن و میکانیزمی سیاسیی ئاشکرا دەکات. بەڵام ئەم جۆرە شیکارییانه توانستی ڕوونکردنەوەی ئەو ستراتیژی و میکانیزمانەیان نیه کە لەسەر بنەمای پەیوەندی مێژوویی-پێکهاتەیی ناوەند/پەراوێز دامەزراوە و دۆخی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی لە بواری سامانە سروشتییەکاندا پێک هێناوه.

بەنداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سیاسەتی تاڵانکردن و گەشەبڕی

سیاسەتی نەژادی، هەڵاواردن و شەڕانگێزی حکوومەتی ئێران لە بواری ئاو و ژینگەدا کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ئیکۆسیستەمی کوردستان هەبووە. بۆ نموونە پارێزگای کوردستان پێنج ئاوی گەورەی لە ئێران هەیە کە بریتین لە: کەرخه، قەزەڵئەوزەن، سیروان، زێی بچووک و زێڕینە. سەرەڕای زۆری سەرچاوەکانی ئاو، قەیرانی ئاو لەم پارێزگایە بە جۆرێکە کە سنە، ناوەندی ئەو پارێزگایە، لە ڕیزی ئەو سێ شاری ئێرانەیه کە مەترسیدارترین دۆخی کەمی و ناتەندروستی تۆڕی ئاوی شاریان هەیە. 

لەم دۆخەدا، تەنها لە پارێزگای کوردستان زیاتر لە 10 بەنداو هەیە و نزیکەی 26 بەنداوی گەورە و بچووکی دیکە لە قۆناغی دروستکردن، جێبەجێکردن، یان قۆناغی توێژینەوەدان. بە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواشەوە، زیاتر لە ٥٠ بەنداو لە کوردستان هەیە. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ١٣ بەنداو تەنها لەسەر سەر ئاوی «ڕووباری سیروان» بە ئامانجی تەواوکردنی چوار پڕۆژەی گرنگی گواستنەوەی ئاوە سنوورییەکان دروستکراون کە لە ئێستادا لەم ناوچەیەدا چالاکن. 

هەروەها کە پێشتر ئاماژەی پێدرا، مەبەست لە درووستکردنی زۆرینەی بەنداوەکانی کوردستان دابینکردنی ئاوە بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی لە پارێزگا و ناوچەکانی دراوسێ نەک کوردستان. بۆ نموونە «بەنداوی تەڵوار» دەکەوێتە شاری بیجاڕ لە پارێزگای کوردستان، بەڵام ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵ، پیشەسازی و خواردنەوەی پارێزگاکانی هەمەدان و زەنجان دابین دەکات و کۆمپانیای ئاوی پارێزگای زەنجان بەڕێوەی دەبات. ئەمە لەحاڵێکدایه که بەشێکی بەرچاوی دەشتە کشتوکاڵیەکانی کوردستان لە هەر چوار پارێزگای کوردستان، ئیلام، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەدەست کەمئاویەوە دەناڵێنن. جگە لەوەش، بنیاتنانی بەنداو لە کوردستان بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی ژینگەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دروستکراوە. لە ڕووی ژینگەییەوە، بەشێک لەو بەنداوانە، وەک «بەنداوی ژاوه» لە سنە و «بەنداوی سیازاخ» لە دیواندەرە نەک هەر بەکارنەهێنراون بەڵکو لە خەریکن دەبنه هەڕەشەیەکی ژینگەیی بۆ ناوچەکه. بەکورتی، تێکدانی ئیکۆسیستەمی کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی ژینگەیی بەهۆی لادانی لێشاوی سروشتی ڕووبارەکان و بەتایبەت ڕووباری سیروان  بە ڕوونی ڕێبازی کۆلۆنیالیزمی حکومەت بۆ ناوچە قەومی-نەتەوەییە بندەستەکان و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە پێکهاتەییەکانی ناوەند/پەراوێز لە بواری ژینگەدا نیشان دەدات.

لەم ئاقارەدا، گەوەرترین، مشتومڕهەڵگرترین و کارتێکەرترین پڕۆژەی بەنداوسازی لە کوردستان بریتیه له «پڕۆژەی بەنداوی داریان». ئەم بەنداوە یەکێکە لە گەورەترین بەنداوەکانی ئێران و لەسەر ڕووباری سیروان لە پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان دروستکراوە. سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییە گشتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ژینگەپارێزی لە ڕۆژهەلات و ناوچەی کوردستان لە شێوەی «کەمپینی ڕزگارکردنی کانی بڵ»  و «کەمپینی ڕزگارکردنی دیجلە و تاڵاوەکانی/ئەهوارەکانی عێراق» لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١٤ دروستکراوە و ئاوگیری کرا. مەبەست لە دروستکردنی بەنداوی داریان، ئیستغلالکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕووباری سیروانە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبایی بە تێکڕای ساڵانە 550 ملیۆن کیلۆوات کاتژمێر کارەبا و گواستنەوەی ئاو. هەروەها، لە خوارەوەی بەنداوەکە، بەنداوی ڕێکخستنی «هیرۆیی» هەیە، کە بە تونێلی نۆسود کە درێژییەکەی ٤٨ کیلۆمەترە، ئاو بۆ کشتوکاڵ لە دەشتی ئەزگڵه و سەرپێل زەهاو دەگوازێتەوە کە تا سۆمەر بەردەوامە.  بەڵام بە وتەی بەشێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان، مەبەست لەم پڕۆژەیە (وەک پڕۆژەکانی دیکە) گواستنەوەی ئاوی نێوان حەوزەکانە بۆ مەبەستی پیشەسازی و کشتوکاڵی لە ناوچەکانی ناوەندی ئێران.

میدیا حکومییەکان و دەزگاکانی گەشتیاری لە ئێران بەردەوام باسی گەشەسەندنی ئابووری کۆمەڵایەتی ناوچەی هۆرامان بە هۆی دروستکردنی بەنداوی داریان دەکەن و هەندێک جار دروستکردنی بەنداو بە میحوەری گەشەسەندنی کوردستان دەزانن. نواندنەوەی میدیایی دیمەنە جوانەکانی بەلەم سەواری لە دامێنی بەنداوەکە، زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران لە گوندەکانی هۆرامان، بەهێزکردنی ژێرخانی پەیوەندی و خزمەتگوزاری-خۆشگوزەرانی وەک دروستکردنی هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت (هەندێکجار لە ڕێگەی دەستدرێژی بۆ سەر زەوی و لەوەڕگەکان) دوو هێندە ئەو بۆچوونەیان زەق کردووەتوە کە بەنداوی داریان نەک هەر دەرئەنجامە نەرێنییەکانی گەشەپێدانی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بەڵکو داهات و هەلی کار بۆ دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەکەش رەخساندووە. 

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دروستکردنی بەنداوە ئاماژەپێکراوەکە مەترسییەکی بەرچاوە بۆ سەر فرەچەشنی بایۆلۆجی و ڕیکخستنی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا. لە ڕووی لێکەوتەی ژینگەییەوە، زیانی بەرچاو بە ڕووباری سیروان و ئیکۆسیستەمی ناوچەکە کەوتووە و تێکچوونی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و لادان لە لێشاو و ڕێڕەوی سروشتی ڕووباری سیروان بووەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوای هەورامان.   بەنداوی داریان نەک هەر بووە هۆی وێرانکردنی بەشێکی گەورەی کانی بڵ - کە پێگەیەکی مەعنەوی لە نێو خەڵکی ئەو ناوچەیەدا هەیە-، بەڵکوو گوندێک به مێژووی ٦٠٠٠ ساڵە و بەشێک لە  لەوەڕگە و ناوچەیەکی گرنگی شوێنەوارناسی بۆ هەمیشە لەئاودا نوقم کرد. بۆیه چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان پێیان وایە ئەم بەنداوه بەشێک لە میرات و شوناسی فەرهەنگی ناوچەی هۆرامانیان وێران کردووە و مەترسین بۆ سەر سیستمە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی.   هەروەها، جێی ئاماژەیه هەر لە سەرەتاوە دروستکردنی بەنداوەکە بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکانی «هەجیج» و «ڕوار» و «داریان» ژێرئاو بکەون و لە ئەنجامدا لانیکەم سەدان خێزان کە ماڵ و باخ و لەوەڕگەیان لەدەستدابوو، بۆ شارەکانی مەریوان، پاوە و کرماشان کۆچیان کردووه.

لە ڕوانگەی ئابورییەوە، دروستکردنی ئەم بەنداوە کاریگەری وێرانکەری لەسەر هەرێمەکە و تێکدانی سەرچاوە ناوخۆییەکانی بژێوی گوندەکانی سەر ڕوباری سیروان هەبووه، چۆنکه لەگەڵ دروستکردن و ڕاکێشانی ئاوی بەنداوەکە، خەڵکێکی زۆر لە گوندەکانی هۆرامان بژێوی ژیانیان لەدەستداوە. لە ڕاستیدا سەرچاوەی ئابووری و داهاتی خەڵکی گوندەکانی هۆرامان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە کشتوکاڵ، باخداری و ئاژەڵداری و هتد. بەشێکی بەرچاو لە زەوی و لەوەڕگەکانی ناوچەکە بە هۆی بەنداوەکە ژێر ئاو کەوتوون یان ڕیگای دەستپێڕاگەیشتنیان بۆ گوندنشینەکان ئەستەم و تەنانەت لە زۆر شوێندا بلۆک کراوه. ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی داهاتی ئابووری ئاژەڵداری ئەو گوندانەی کە دەکەونە لێواری ڕووباری سیروان و چیاکانی شاهو و کۆساڵان.   هەرچەندە بەرنامەکانی گواستنەوەی ئاو بەردەوام ڕێژەیەک مافی ئاو بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵ و باخداری لە کوردستان لە ئاستی پەیرەوپڕۆگرامدا تەرخان کردووه، بەڵام یان جێبەجێ نەکراوە یان تەنیا تاکتیکێکی کاتی و فریودەر بووە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەربەست و ناڕەزایەتییه ناوچەییەکان. هەروەها، گۆڕانکاری کەشوهەوا بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکە زیانی زۆری بە باخه گوێز و هەنارەکان ئەو ناوچەیە گەیاندووە که کۆڵەکەیەکی فیکەی بژێوی ژیانی خەڵکەکەیه. به کورتی، دروستکردنی بەنداوی داریان نموونەی گەشەبڕی لە ڕۆژهەڵات لە پێوەندی لەگەڵ بەردەوامیی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەییە.

هەر بەم هۆیەشەوە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکە لەلایەن چالاکوانان و شارەزایانی بواری ژینگەی کوردستانەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە. ئەوان پێیان وایە کە دروستکردنی بەنداوەکان لێکەوتەی قەرەبوونەکراوی بۆ ئیکۆسیستەم و سامانە سروشتییەکانی کوردستان لێکەوتووەتەوە و پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاویش لەگەڵ هەڕەشە و کارەساتی ژینگەیی، بووەتە هۆی گەشەنەکردنی ئابووری و زیادبوونی هەژاری و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی لە کوردستان. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان چەندین چالاکی و هەڵمەتیان ئەنجامداوە بەمەبەستی زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی و بەشداریی گشتی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەت لە بواری سامانە سروشتییەکان و ژینگەی کوردستاندا. وەڵامی حکومەت بۆ داخوازییەکانی خەڵک و کۆمەڵەکان، بەئەمنتیەتیکردنی ئەو چالاکییانە، گرتن و دادگاییکردنی چالاکانی مەدەنی و دۆسیەی سیاسی-ئەمنی بووە.  ئەم دۆخە نیشان دەدات کە ژینگەپارێزی لە کوردستان هاوتەریب لەگەڵ دادپەروەری ژینگەیی پەیوەندییەکی دانەبڕاوی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و بەرخۆدانی سیاسی-مەدەنی ئەم لە دژی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی و چەوساندنەوەی نەتەوەیی هەیە. 

پڕچەککردنی ئاو: مەترسی بەنداوی ئێران بۆ سەقامگیری ئابووری-کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ناوچە نەتەوەییە بندەستەکان لە دەرەوەی سنوورە دەستکردەکانی دەوڵەتەکان خاوەن هاوبەشی مێژوویی و سیاسی- کولتووریین، هەر هەوڵێک بە ئاراستەی بەڕێوەبردنی ئاوه سنوورییەکان سیمای دوو هێندە کۆلۆنیالیزم بە حکومەتە باڵادەستەکان دەبەخشێت. بەدەربڕینێکی دیکه، تایبەتمەندی سەرەکیی پڕۆژەکانی بەنداوی ئێران لە کوردستان ئەوەیە کە نەک هەر گەشەبڕی و ناسەقامگیری ژینگەییان بۆ ڕۆژهەڵات هێناوەتە ئاراوە، بەڵکو بە پڕچەککردنی ئاو لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی تاکلایەنە و ڕێگریکردن لە پێدانی مافە ئاوییەکان بە ناوچەکانی خوارەوەی بەنداوەکان (لێرە بە تایبەتی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان) بوونەتە هەڕەشەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆ کورد لە عێراقیشدا .

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا حکومەتی ئێران نەک هەر لە پڕۆژەیەکی گەورەی بەڕێوەبردنی ڕووبارە سنوورییە هاوبەشەکاندا ڕۆیشتنی لێشاوی ئاوی بۆ باشووری کوردستان سنووردار کردووە، بەڵکو کردوویەتی بە ئامرازێکی سیاسی و دیپلۆماسی لە دژی هەرێمدا. بۆ نموونه، لە ئێستادا زنجیرەیەک بەنداوی گەورە و بچووک لەسەر ڕووبارە سنوورییەکانی زێی بچووک و سیروان دروستکراون کە ڕۆیشتنی ئاویان بۆ باشوور قورخ یان سنووردار کردووه. دروستکردنی «بەنداوی کارەبای ئاوی سەردەشت» لە ئێران لە ساڵی 2017ەوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80% لێشاوی ڕۆیشتنی ئاوی زێی بچووک بۆ لقەکانی ڕووباری دیجلە بۆ شاری قەڵادزێ لە هەرێمی کوردستان، و بە ئەگەرێکی زۆریش تەنانەت کەرکوک ناوچەکانی باشووری عێراق. هەروەها، «بەنداوی گاران» کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە نزیک مەریوان بنیات نراوە تا ئێستا کاریگەری لەسەر «دەریاچەی دوکان» و «دەریاچەی دەربەندیخان» لە باشوور هەبووە و بووەتە مەترسی لەسەر کەمی ئاوی خواردنەوە لە شاری سلێمانی کە وابەستەی دەریاچەی دوکانە.   بەگشتیش، کەمکردنەوەی ڕۆیشتنی ئاوی ڕووباری سیروان -کە بە ڕووباری دیالە لە عێراق ناسراوە- کاریگەری نەرێنی زۆری لەسەر خەڵک و پێکهاتەکانی باشووری عێراق دەبێت. 

لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامەکانی دروستکردنی بەنداوی داریان زیاتر لە بەنداوەکانی دیکە دەردەکەون. بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتە بەردەستەکان سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم بەنداوە لە باشوور، دەکرێ بڵێین گوندەکانی هەرێمی کوردستان لە لێواری ڕووباری سیروان، هەروەها هەردوو شاری کەلار و هەڵەبجە کە تووشی وشکەساڵی و قەیرانی ئاو کەمئاوی بوونەتەوە، بەهۆی ئەم بەنداوە زیاتر گوشاری قەیرانه ئاوییەکان هەست پێدەکەن. بەهۆی بەنداوەکەوە ئاوی ڕووباری سیروان لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ٦٠% کەمی کردووە. ڕێگری یان بەرپرسیارنەبوونی حکومەتی ئێران لە پێدانی مافی ئاوی هەرێم، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەدان هەزار کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵبجە دەبێت. هەروەها، کەمبوونەوەی لێشاوی ئاوی ڕووباری سیروان کاریگەری زۆری لەسەر کشتوکاڵ، کارەبای ئاو و ماسیگرتن لە هەرێمی کوردستان هەبووە. بەپێی دەیتاکان، لە ئەگەری کەمبوونەوەی زیاتری لێشاوی ئاوه سنوورییەکان بۆ باشوور، زیاتر لە ٣٢٠٠ هێکتار زەوی کشتوکاڵی لە هەڵبجە، سەیدسادق و دەربەندیخان لەدەست دەچێت.   کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی ئاسایشی خۆراکی باشوور دەخاتە مەترسییەوە و دواتر دەبێتە هۆی پشتبەستنی زیاتری ئابووری بە هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئێران. ڕاپۆرتێکی دیکه هۆشداری دەدات لەوەی نزیکەی 750 هێکتار زەوی کشتوکاڵی و 400 پڕۆژەی ماسیگرتن لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیران  ببنەوە. 

هەر بەو هۆیەشەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو بەشەکانی پارێزگای هەڵەبجه بە پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە دروستکردنی بەنداوی داریان لە ئێران و نەدانی مافە ئاوییەکانی ڕووبارەکانی سیروان و زێی بچووک.  لە ڕاستییدا، ئێران ئاوی وەک ئامرازێکی سیاسی- سەربازی لەدژی باشوور بەکارهێناوە و توانای ژیانی کۆمەڵایەتی-ئابووری شار و گوندەکانیانی کردووەتە ئامانج.

دەرنجام

لەم یادداشتەدا باس لەوە کرا که شێوازی بەڕێوبەرایەتی سامانه سرووستییەکان به‌گشتی و ئاو بەتایبەتی لە ناوچە بندەستەکانی دەڵەت-نەتەوەکان که خاوەن جیاوازی نەتەوەیی-فەرهەنگی-زمانین، فورمه جوراوجورەکانی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی بەخۆیەوە دەگرێت. خەجت کرایە سەر ئەوە که پێگەی ژیئوپولیتیکی کوردستان لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاستی مودێڕندا وای کردووه که دەوڵەتە سەردەستەکان چەندین مێکانیزم و ستراتێژیی تایبەت بۆ بەڕێوبەرایەتی ئاوە سنوورریەکانی کوردستان بەقازانجی ناوچە ناوەندییەکانی خۆیان پەیڕەو دەکەن که وەک کلۆنیالیزمی دەرهاوێژەرانه هاتە باسکردن. لێکەوتەکانی دەرکێشانی سامانه سرووشتییەکانی وەک ئاو لەڕێگەی بنیاتنانی چەندین پڕۆژەی گەورەی بەنداو و گواستنەوەی ئاوە نێوان دۆڵەکان لە کوردستان و چیاکانی زاگرۆسەوە لێکەوتەی ئابووری-کۆمەڵایەتی و ژینگەیی لێ بووەتەوە که وەک سیاسەتی گەشەبڕی و رەگەزپەرستی ژینگەیی ئاوری لێ درایەوە. هەروەها، بەهۆی دابەشبوونی کۆلۆنیالیستی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا، ئەو باسه هاتە کایەوە که هەرچەشنه سیاسەتێک بۆ بەرێوبەرایەتی و دەرکێشانی ئاوە سنوورییەکانی کوردستان دەبێته هۆی کارتێکەری کاولکەرانه لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش. ئاماژه بەوە درا که سیاسەتی بەنداوی ئێران لە کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ مەترسی بۆ سەقامگیری ئابوری و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان درووست دەکات و ئاو وەک گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک پڕچەک دەکرێت. هەربۆیه، دەکرێ سیاسەتی بەنداو وەک بەشێک لە پرۆژەی بەردەوامیی دۆخی کۆلۆنیالیستی لەسەر کوردستان بێته هەژمار.

سەرچاوە و ژێدەرەکان:

Cedric . Robinson, Cedric J. Robinson: On Racial Capitalism, Black Internationalism, and Cultures of Resistance (Pluto Press, 2019).

Sara Roy, The Gaza Strip: The Political Economy of De-Development (Washington DC: Institute for Palestine Studies, 1995).

بۆ پرسی گەشەبڕی لە کوردستان لە چوارچێوەی تیوریەکەی سارا ڕۆی، بڕوانه:

Kamal Soleimani and Ahmad Mohammadpour, ‘Life and Labor on the Internal Colonial Edge: Political Economy of Kolberi in Rojhelat’, The British Journal of Sociology 71, no. 4 (September 2020): 741–60, https://doi.org/10.1111/1468-4446.12745; Veli Yadirgi, The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic (Cambridge University Press, 2017); Veli Yadirgi, ‘The Three Pillars of De-Development: Forced Displacement, Cultural Annihilation, and Economic Expropriation’, South Atlantic Quarterly 123, no. 4 (1 October 2024): 731–54, https://doi.org/10.1215/00382876-11381081.

 Michael Hechter, Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development, 1536-1966 (University of California Press, 1977); Pablo Gonzalez Casanova, ‘Internal Colonialism and National Development’, Studies in Comparative International Development 1, no. 4 (1965): 27–37.

بۆ باسی  کوردستان له چوراچێوەی کولونیالیزمی ناوخۆیی و پرسی ژینگه، بڕوانه:  

Ercan Ayboga, ‘Ecology Structures of the Kurdish Freedom Movement’, in Ecological Solidarity and the Kurdish Freedom Movement, ed. Stephen E. Hunt Hunt (Rowman & Littlefield: Lanham, Maryland, 2021), 77–96; Allan Hassaniyan and Mansour Sohrabi, ‘Colonial Management of Iranian Kurdistan; with Emphasis on Water Resources’, Journal of World-Systems Research 28, no. 2 (25 August 2022): 320–43, https://doi.org/10.5195/jwsr.2022.1081; Kamal Soleimani and Ahmad Mohammadpour, ‘The Securitisation of Life: Eastern Kurdistan under the Rule of a Perso-Shi’i State’, Third World Quarterly 41, no. 4 (2 April 2020): 663–82, https://doi.org/10.1080/01436597.2019.1695199.

 Alice von Bieberstein and Erdem Evren, ‘Sovereign Extractions, Extractive Sovereignty’, Anthropological Theory, 28 August 2024, https://doi.org/10.1177/14634996241270783.

Buffer zone

Nilay Özok-Gündoğan, ‘Extractive Colonialism and State Making in Early Modern Ottoman Kurdistan’, South Atlantic Quarterly 123, no. 4 (1 October 2024): 669, https://doi.org/10.1215/00382876-11380993.

Ahmad Mohammadpour and Kamal Soleimani, ‘“Minoritisation” of the Other: The Iranian Ethno-Theocratic State’s Assimilatory Strategies’, Postcolonial Studies 24, no. 1 (2 January 2021): 40–62, https://doi.org/10.1080/13688790.2020.1746157; Soleimani and Mohammadpour, ‘The Securitisation of Life’; Yadirgi, The Political Economy of the Kurds of Turkey; Mehmet Kurt, ‘“My Muslim Kurdish Brother”: Colonial Rule and Islamist Governmentality in the Kurdish Region of Turkey’, Journal of Balkan and Near Eastern Studies 21, no. 3 (4 May 2019): 350–65, https://doi.org/10.1080/19448953.2018.1497757.

 Ayboga, ‘Ecology Structures of the Kurdish Freedom Movement’, 77–96.

Allan Hassaniyan, ‘Iran’s Water Policy: Environmental Injustice and Peripheral Marginalisation’, Progress in Physical Geography: Earth and Environment 48, no. 3 (June 2024): 420–37, https://doi.org/10.1177/03091333241252523; Hassaniyan and Sohrabi, ‘Colonial Management of Iranian Kurdistan; with Emphasis on Water Resources’; Soleimani and Mohammadpour, ‘The Securitisation of Life’.

 لافرت، ب و سالا، د (2022) 'شەڕی بەنداوەکان'، وەرگێڕانی همایووون عەباسی، نقد اقتصاد سیاسی. [بە فارسی]

 ساڵی ڕابردوو دوابەدوای بانگەشەی کۆماری ئیسلامی کە حکومەتی ئەفغانستان (تالیبان) باجی ئاوی هێلمەند نادات، هەڕەشەی ڕەمزی تاڵیبان بۆ ئەوەی هێرشە خۆکوژییەکان لەسەر خاکی ئێران بخەنە بەرنامەی کارەوە ڕووی دا. بڕوانە: ململانێی هیرمەند-هێلمەند: بە شەمەندەفەری بەرمیلە زەردەکان دێین، لە نووسینی عەلی ڕەسووڵی، ڕادیۆ زەمانە. [بە فارسی]

هەروەها، ئێران لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی مافی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان (کە لەسەر لقێکی سنووری ڕووباری سیروان لە هەرێمی کوردستان دروستکراوە) و دەشتە کشتوکاڵیەکانی خوارەوەی بەنداوی داریان لە پارێزگای هەڵەبجە نادات. بڕوانه: 

Kamal Chomani and Toon Bijnens, ‘The Impact of the Daryan Dam on the Kurdistan Region of Iraq’ (The Iraqi Civil Society Solidarity Initiative (ICSSI), 2016), https://www.iraqicivilsociety.org/archives/5994.

 ئاژانسی هەواڵنێری ایسنا. [بە فارسی]

Hassaniyan, ‘Iran’s Water Policy’.

 ئاژانسی هەواڵنێری ایرنا. [بە فارسی]

بڕوانه: ڕاپۆرتی هەوڵی خەڵک بۆ رزرگارکردنی کانی بڵ/خاوێنکردنوەی ژینگە در چێوەی پرۆگرامی خەڵکی، ئاژانسی هەواڵنێری مهر [بە فارسی]

Save the Tigris and Iraqi Marshes Campaign, The Iraqi Civil Society Solidarity Initiative (ICSSI)

 بڕوانه: بەنداوی داریان، ویکی‌پدیا، دانشنامه آزاد. [بە فارسی]

 بڕوانه: 'لێکەوتە ژینگەییەکان و گۆڕانکارییە ئێکۆسیستمییەکانی سەدی داریان/ سیروان بەتەنیا نیه'، سایت خبرآنلاین. [بە فارسی]

 کورش امینی، 'واکاوی چالش‌های اجتماعی فرهنگی و اقتصادی احداث سد در مناطق روستایی متاثر مطالعه موردی: سد داریان هورامان'، پژوهش و فناوری محیط زیست، شماره 7، بهار و تابستان 1399، صص 11-101. [ کوورش ئەمینی، 'شیکاری ئاستەنگە کۆنەڵایەتی فەرهەنگیەکانی بنیاتنانی بەنداو لە ناوچە گوندنشینەکان؛ خوێندنەوەی بەنداوی داریانی هەورامان']

کورش امینی، فرزاد ویسی و سعدی محمدی، 'تحلیل و تبیین اثرات احداث سدها بر معیشت پایدار نواحی روستایی (موردی سد داریان هورامان)'، مطالعات راهبردی سیاستگذاری عمومی، دوره 8، شماره 27، مرداد 1397، صص 176-155. [کوورش ئەمینی، فەرزاد وەیسی و سەعدی محەمەدی، شیکاری و لێکدانەوەی لێکەوتەکانی بەنداوەکان بۆ بژیوی سەقامگیر لە گوندەکان (خوێندنەوەی بەنداوی داریان)].

Hassaniyan A (2020). Environmentalism in Iranian Kurdistan: causes and conditions for its securitisation. Conflict, Security & Development, 20(3), 355-378. Hassaniyan A (2021). Environmental Activism in Rojhelat Emergence and Objectives. In STEPHEN EH (Ed) Ecological Solidarity and the Kurdish Freedom Movement Thought, Practice, Challenges, and Opportunities, Lexington Books, 165-174

جمیل رحمانی، ' تحلیل گفتمان انتقادی کنش‌های جمعی زیست محیطی در مناطق کردنشین ایران'، پایان‌نامه دکتری جامعه‌شناسی، دانشگاه خوارزمی، 1402. [جەمیل ڕەحمانی، 'شیکاری گوتاری ڕەخنەگرانەی ئەکتە بەکۆمەڵە ژینگەپارێزانەکان له ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا'، تێزی دکتورای کۆمەڵناسی، زانکۆی خارەزمی].

[1] Kakalaw Abdulla and Dler Abdulla, ‘Iraqi Kurdistan Faces Water “catastrophe” as Iran Cuts off Rivers’, Middle East Eye, 3 September 2020, https://www.middleeasteye.net/news/iraq-kurdistan-water-catastrophe-iran-rivers.

 ‘After Cutting of Water Flows, Iraqis Turn to Protest against Iranian Dams’, Iraqi Civil Society Solidarity Initiative (ICSSI) (blog), 8 July 2017.

 Kakalaw Abdulla and Dler Abdulla, ‘Iraqi Kurdistan Faces Water “catastrophe” as Iran Cuts off Rivers’, Middle East Eye, 3 September 2020. 

Kamal Chomani and Toon Bijnens, ‘The Impact of the Daryan Dam on the Kurdistan Region of Iraq’ (The Iraqi Civil Society Solidarity Initiative (ICSSI), 2016), 4–5.

Banafsheh Keynoush, ‘Water Scarcity Could Lead to the next Major Conflict between Iran and Iraq’, Middle East Institute, 18 March 2021; Abdulla and Abdulla, ‘Iraqi Kurdistan Faces Water “catastrophe” as Iran Cuts off Rivers’.

‘In Halabja, the Struggle against Daryan Dam Continues’, Iraqi Civil Society Solidarity Initiative (ICSSI) (blog), 28 December 2016.