دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

لێکۆڵینەوەیەك لە دۆخی کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستان

By شوان فەرەیدوون عەبدولقادر

١.پێشەکی

چەمکی کارڕەخسێنی لەڕووی ئەکادیمییەوە بە پلەی یەکەم بە پڕۆسەی دەرفەتی بەرهەمهێانی شتومەک و سێرڤسەکانی داهاتوو پێناسە دەکرێت، هەڵدەسەنگێندرێت و کەڵکی لێوەردەگیرێت (شەین و ڤێنکاتارامان، ٢٠٠٠).  ئەم چەمکە ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە چوارچێوەی بەڕێوەبردندا (کیرزنەر، ٢٠٠٩). تاکەکان ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن لە ناساندنی دەرفەت بەو واتایەی هەردوو ئەو فاکتەرانەی کە پێوەستن بە ئابووری و هاوکارییە مرۆییەکانەوە گرینگن لە بیری کارڕەخسێنیدا (میک و ئەوانی دی،٢٠١٠). بەگوێرەی جۆنس و ئەوانی دی.، (٢٠٢٠)، دەرەنجامەکانی کارڕەخسێنی بە گشتی کاریگەریی باش و گرینگیان دەبێت. هەرچەندە، دۆخی وەها دێنە پێش کە دەرەنجامی نەرێنییان لێدەکەوێتەوە (ڕاتن، ٢٠١٩). لە ڕووانگەی دۆڤبی و ئەوانی دیشەوە. (٢٠١٧)، کارڕەخسێنی کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەخساندنی کاری زیاتر، گەشەکردنی بازاڕی جیهانی، باشترکردنی سەرچاوەکان، جیلی نوێی تەکنەلۆژیا و سامانی گشتی. بە ڕەخساندنی کاری نوێ، کارڕەخسێنی کار دەکات لەسەر کەمکردنەوەی بێکاری. لە بابەتی ئەکادیمی، زۆرینەی ئەو توێژینەوانەی کە لەلایەن پسپۆڕانەوە ئەنجام دراون، جەخت لە بێکاری لەنێو گەنجاندا و بەربەستەکان دەکەنەوە (فاتۆکی و چیندۆگا، ٢٠١١). لە ڕووانگەی عەبدوڵا و عوسمان (٢٠٢١)، یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی کارڕەخسێنی و بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا بریتییە لە بوونی کێشە لە بەڕێوەبەرایەتیدا و بێسەروبەریی یاسا. لە هەرێمی کوردستاندا، کارڕەخسێنان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە کە دەبنە ڕێگر لەبەردەم دەست بەکاربوونیان. ئەم بەربەستانە سنووری توانای دامەزراوەکان کەم دەکەنەوە و، بەرچاوڕوونی ناهێڵن و بەربەست دەخەنە بەردەم دەستخستنی پشتگیریی دارایی لە سەرچاوە حکومییەکانەوە. عەبدوڵا و عوسمان (٢٠١٩) هۆشداری دەدەن لە کورتهێنانی پشتگیریی دارایی حکومەت بەتایبەت بۆ بزنسە بچووکەکان.

١.٢ پرسیارەکانی توێژینەوە

ئەو پرسیارانەی کە توێژەر مەبەستیەتی لەم توێژینەوەیەدا وەڵامیان بداتەوە:

١ ئەو ئاستەنگ و پێشهاتانە چین کە پێوەستن بە کارڕەسێنی لە هەرێمی کوردستان؟

٢ چەمکی ئابووریی کاتی چۆن پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە و، چۆن کار لە ژینگەڕێکخستەی هەرێم دەکات؟

٣ سروشتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا چۆنە و، یاساکان چۆن کار لە کارڕەخسێنیی هەرێم دەکەن؟

٢. ڕێکارزانی

ئەم توێژینەوەیە بە پشتبەستن بە توێژینەوەی لاوەکی نووسراوە و ڕێکاری چۆنێتیی تیادا بەکارهاتووە و، ئامانج لە ئەنجامدانی ڕۆشنایی خستنە سەر ژینگەڕێکخستەی کارڕەخسێنییە لە هەرێمی کوردستان. ئەم توێژینەوەیە بە پلەی یەکەم پشت دەبەستێت بە شیکاریی توێژینەوەکانی پێشوو.

٣. توێژینەوەکانی پێشوو

٣.١ گرینگیی کارڕەخسێنی

پێش داهێنان و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان، تایبەتمەندییەکانی کارڕەخسێنی ئابووری بەروەپێش دەبەن. دوای ئەوە، کارڕەخسێنی پڕۆسەیێکی یەکسانکردنەوەیە کە هەردوو داخوازی و خستنەڕوو لەخۆدەگرێت. هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە کارڕەخسێنی پرۆسەی گۆڕینی زانیاریی نوێیە بۆ شتێک کە داکرێت مامەڵەی پێوە بکرێت. هەروەها، دەبێت دان بەو ڕۆڵەدا بنێین کە کارڕەخسێنی لە پەرەپێدانی سەرچاوە مرۆیی و هزرییەکاندا دەیگێڕێت، چونکە بووەتە پیشەیێکی گرینگ (محەمەدعەلی و عەبدولخالق، ٢٠١٩).

٣.٢ ڕۆڵ و سیاسەتەکانی حکومەت

بە ڕۆشنایی خستنەسەر سیاسەت و بەشدارییە حکومییەکان سەبارەت بە کارڕەخسێنی، محەمەدعەلی و عەبدولخالق (٢٠١٩)، دەڵێن کە لە ١٩٨٠کانەوە، حکومەتەکان یاساکانیان گونجاندووە بۆ هاندان و بایەخدان بە کارڕەخسێنی بە سوود وەرگرتن لە تواناکانی کارڕەخسێنان لە بەڕێوەبردندا. ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت وەک گونجاندنێک بۆ ژینگەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گۆڕاوی وڵاتەکان لەبەرچاو بگرین بەهۆی کارتێکەرەکانی وەک پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، زۆربوونی کێبڕکێی جیهانی، دامەزراندنی پیشەسازییە زانیارییەکان، دووبارە ڕێکخستنەوەی ئابووریی گشتی و پیشەسازی، هەروەها، زۆربوونی وەرچەرخانی کلتووری. حکومەتەکان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پەرەپێدانی کارڕەخسێنی بەهۆی پێشکەوتنە خێراکانەوە (کێچی و هاوکارانی، ٢٠١٢). کارڕەخسێنی نەک تەنها بە زۆربوونی داهاتی تاکەکەسی ڕۆڵی دەبێت لە گەشەی ئابووریی وڵاتدا، بەڵکو هەر لە ڕێگەی دەستپێکردنی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانەوە کار لە ئابووریی وڵات و کۆمەڵگا دەکات. لە چوارچێوەی عێراقدا، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، بوونی سیستەمی پێشووی سۆسیالیستی ئابووری، لەگەڵ پشتبەستنی بە ئابووریی حکومەت پێویستە کارڕەخسێنی لە ڕوانگەی ئابووریی ڕاگوێزراوەوە سەیر بکرێت.

٣.٣ ئابووریی ڕاگوێزراو

ئێسترین و هاوکارانی (٢٠٠٨) ئابووریی ڕاگوێزراو وەک زنجیرە قۆناخێکی جیاجیا ڕوون دەکەنەوە کە، هەریەکێکیان جۆرێکی تایبەت لە کارڕەخسێنی دێنێتە پێش. بۆ نمونە، قۆناخی سەرەتایی کە لە ئاستێکی ناسەقامگیردایە، تەنها یەک جۆری دیاریکراوی چالاکیی کارڕەخسێنی بوونی دەبێت و، تێگەیشتنی بازاڕ و تێچوون بە ڕێژەیێکی بەرچاو سنووردار دەکات. ئەمەش واتای وایە کە کۆتا قۆناخەکانی ئابووریی ڕاگوێزراو سەقامگیریی زیاتر، زانیاری و نرخی زیاتر لەگەڵ پێویستیی کەمتری بۆ تۆڕێکی گەورەتر دەبێت. بە قووڵبوونەوە لەم دۆخە دیاریکراوانەدا، سەرکەوتن یان داڕمانی ئابوورییەک بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن کارڕەخسێنییەوە کاریگەریی لەسەر دەبێت (دێسای، ٢٠١١). لەگەڵ ئەوەشدا، لە دۆخی تایبەتی عێراقدا، ڕاگوێزرانت ئابووری، ژینگەی دوای ململانێ، پشتبەستن بە ئابووریێکی پشتبەستوو بە نەوت و، هەوڵە بەئەنقەستەکان بۆ کەمکردنەوەی کەرتی گشتی زۆر زیانبەخشن (یوسف، ٢٠١٦). هەروەها، وەک فەرزەنەگان (٢٠١٤) ئاماژەی پێکردووە، پشتبەستنی زۆرتر بە داهاتی نەوت بە شێوەیێکی دراماتیکی ڕێژەی کۆمپانیا نوێیەکان لەو ئابوورییانەدا کەم دەکاتەوە کە پشت بە پیشەسازیی نەوت دەبەستن. بۆچوونێکی گشتی هەیە کە پێی وایە گرژییەکان لەناو و لە نێوان نەتەوەکاندا کۆتایی بە کارڕەخسێنی و زۆربەی بازرگانییەکان لە کەرتی تایبەت دەهێنن (دێسای، ٢٠١١). لەبەرچاوگرتنی دەیەکانی ململانێی چەکداری، ئەم لایەنە تایبەتە پێوەندیی بە عێڕاق و هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکەوە هەیە. هەرچەندە، دێسای (٢٠١٢) بەڵگە دەهێنێتەوە کە لەوانەیە تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا مامەڵە بازرگانییەکان زۆر سودبەخش بن و ئەوانەی دەتوانن ڕێگایێک بدۆزنەوە بۆ سوود وەرگرتنی تەواو لەم دەرفەتانە بە ڕادەیەک سەرکەوتوو دەبن کە لەداوی ململانێکاندا ئابوورییان گەشە دەکات. لەوانەیە ئەم ژینگەیە گرینگیێکی زۆری هەبێت ئەگەر بە دروستی لەلایەن وەبەرهێنەرانی وڵاتانی ترەوە بەکاربهێنرێت کە ئامانجیان بەشدارییە لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا، بۆ نمونە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار (مورامەڵا و گورام، ٢٠٢١).

٣.٤ چاوەڕوانییەکانی کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆری داوە بۆ بوون بە ناوەندی سەرەکی کارڕەخسێنی لە عێراق لە ڕێگەی بەکارهێنانی توانای زانستی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییە کاریگەرەکان دۆخی جێگیری و لەبار. هەروەها، هەرێمی کوردستان پەروەردەی کارڕەخسێنی و ڕیکلام پێشکەش دەکات، لەگەڵ ڕاوێژکاری لەسەر گەشەی تەکنۆلۆژیا و ئابووری زانیاری-بنەڕەت (محەمەدعەلی و عەبدولخالق، ٢٠١٩). حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە شێوەیێکی بەرچاو پشت بە کەرتی گشتی دەبەستن بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکانیان. بەپێی بارتنیک (٢٠١٧)، کەرتی گشتی ٤٠٪ی هێزی کاری عێراق پێکدێنێت و، ڕێژەیێک کە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری وەک تورکیا (١٢٪)، ئێران (١٧٪) و ئوردن (٣١٪) زۆر گەورەترە. لەوانەیە دامەزراندن لە کەرتی حکومی یان گشتی ئاستەنگە ئابووری و هەڕەشەکانی ئاسایش کەم بکاتەوە، بەها بە ناوچەکانی وەک هەرێمی کوردستان و عێراق دەبەخشێت، کە هەردووکیان بە ئاڵۆزیێکی درێژخایەندا تێپەڕیون. قەیرانی دارایی ناوچەکە لە ٢٠١٤ـەوە سەرنجی خستە سەر کێشەکانی پشتبەستنی زۆر بە کارەکانی کەرتی گشتی (محەمەدعەلی و عەبدولخالق، ٢٠١٩). چەندین هۆکار ڕێگریان لە گەشەی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت کردووە. کێشەی سەرەتایی دابەزینی نرخی نەوتی جیهانییە لە ٢٠١٤ـەوە، لە کاتێکدا کێشەی جیاجیا و لەوانە کێشە بەردەوامەکانی بودجە لە نێوان بەغدا و هەولێر بوونیان هەیە. نیگەرانییەکانی تر بریتیین لە شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، گەندەڵی و بەڕێوەبردنی نەگونجاو، لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەی کە هانی دامەزراندن لە کەرتی حکومەت دەدات (سۆمەر و جۆزێف، ٢٠١٩). لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا، کەرتی تایبەت پێویستیی بە گۆڕانکاریی گەورە هەیە سەبارەت بە کارڕەخسێنی.

کەسانی وەک کارڕەخسێنان و وەبەرهێنەران ڕۆڵی گرینگ لە گەشەی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان دەگێڕن و پێشانی دەدات کە کارڕەخسێنی لەوانەیە کاریگەریی ئەرێنیی گەورەی هەبێت لەسەر گەشەی ئابووری و بەردەوام کەسانی وەک کارڕەخسێنان و وەبەرهێنەران ڕۆڵی گرهنگ بگێڕن لە گەشەی ئابووری لە سەرتاسەری جیهان و پیشانی دەدات کە کارئافرینی دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی گەورەی هەبێت لەسەر گەشەی ئابووری بەردەوام لە ڕێگەی دروستکردنی هەلی کاری زیاتر، بەشداریکردن لە بەرهەمی گشتیی نێوخۆیی و، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی ئاستەکانی هەژاری (بورک، ٢٠١١؛ جوکیچ و لێپۆیەڤیچ، ٢٠١٥). لەم دۆخەدا، بڵاوبوونەوەی زیاتری پڕۆژە بچووک و مامناوەند (SMEs) لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا وای لە ئابووریناسان کردووە بیروبۆچوونیان بگۆڕن لەسەر ئەو کارتێکەرانەی کە یارمەتیدەر دەبن لە بەهێزکردنی ئابووری. واینبێرگەر (٢٠١٦) بەڵگە دەهێنێتەوە کە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان زیاتر لە ٥٠٪ی گەشەی دامەزراندنی جیهانی پێکدەهێنن، بەمەش دوو هێندەی ئەو هەلی کارانە دروست دەکەن کە کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی تر دەیانهێننە ئاراوە. هەرچەندە، وەک عەلی (٢٠١٩) ئیدیعا دەکات، زیاتر لە ٨٠٪ی داهاتی هەرێمی کوردستان لە پیشەسازی نەوتەوە بەرهەم هاتووە تا ساڵی ٢٠١٦. هەمان نووسەر پێشنیاری ئەوە دەکات هەرێمی کوردستان گرینگیی زیاتر بە ئاستی پشتگیریی پێشکەشکراو بە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان بدات، بەتایبەتی لە ڕووی کارایی و گەشە و دەبێت ببێتە ستراتیژێکی گرینگ بۆ حکومەت تا کاری لەسەر بکات.

٣.٥ ئاستەنگەکانی کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستان

هەرێمی کوردستان پلانی بۆ گەشەی کارڕەخسێنی هەیە کە پێگەیێکی گرینگی لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەبێت لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرهەمهێنانی درێژخایەن و بازاڕی کار. هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام پشتگیریی هەوڵەکان دەکەن بۆ باشترکردنی توانا لە ناوچەکەدا کە بەگشتی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی ڕاهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی پەروەردە لەسەر پەرەپێدانی شارەزاییەکان لەخۆدەگرێت کە هەمان دۆخە وەک ژینگەکانی تری بنەمای-بازاڕ (مورامەڵا و گورام، ٢٠٢١). بەپێی عەبدوڵڵا و عوسمان (٢٠٢١)، هەندێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم کارئاڕەخسێنان لە هەرێمی کوردستاندا و بەتایبەتی گەنجان، کێشەکانی پێوەست بە ژێرخان و ڕێنمایی لەخۆدەگرێت. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، نیگەرانییەکانی پێوەست بە ڕێساکانی هزری لەخۆدەگرێت. کارڕەخسێنان لە هەرێمی کوردستان هەندێک جار هەست بە نادڵنیایی دەکەن کاتێک دەیانەوێت کاری نوێ دەست پێبکەن چونکە بیرۆکە و پلانەکانیان لەوانەیە بە ئاسانی لەلایەن کەسانی ترەوە کۆپی بکرێن وەک ئەوەی یاساکانی ئێستای هەرێمی کوردستان پاراستنی تەواو دابین ناکەن بۆ هاندانی زیاتری گەنجان بۆ دەستپێکردنی بیرۆکەی نوێ و، ڕێگری لە هاوکاری و داهێنانی نوێ دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، مورامەڵا و گورام (٢٠٢١) بەڵگە دەهێنێتەوە کە کێشەکانی وەک ناپاکی و تیرۆریزم  ڕۆڵی گرینگ دەگێڕن کە بەگشتی لە شێوەی ململانێدایە کە کاریگەریی  نەرێنیی دەبێت لەسەر ئابووریی وڵات و خەڵک هان دەدات بەشداری لە ڕۆڵی پیشەیی لە ناو پۆستە حکومییەکاندا بکەن لە پێناو سەقامگیری.

٤. گفتوگۆ

ژینگەی کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستان پەرەسەندنێکی بەرچاو و ئاستەنگی گەورە پیشان دەدات. هەرچەندە ناوچەکە ئارەزووی ئەوە دەکات ببێت بە ناوەندێک بۆ کارڕەخسێنی، بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکان، پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و، پەرەپێدانی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە ڕێگەی پشتبەستنی ئابووری بە داهاتی نەوت و کەرتێکی حکومیی زۆر قورس. بزنسەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە بەهۆی ژێرخانی نەگونجاو، دەرفەتی سنوورداری پارەوەدەستخستن و ناڕێکوپێکی لە موڵکدارێتی. ئەم ئاستەنگە بنەڕەتییانە داهێنان کپدەکەنەوە و ڕێگری لە خاوەن کارە نوێیەکان دەکەن لە وەرگرتنی دەرفەتەکان. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، سروشتی ڕاگواستنی ئابووری هەرێمی کوردستان دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات. وەک بەشێکی گەورەی ئابووری هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتی سەرچاوە نەوتییەکان دەبەستێت، کەرتی تری گرینگ هەن کە ئارەزووی ئەوە هەیە پشتگوێ بخرێن وەک کەرتی کشتوکاڵ. لە کاتێکدا، هەرێمی کوردستان هانی فراوانبوون لە ئابووریدا دەدات، پاراستنی ژینگەیەکی ئارام و متمانەپێکراو بۆ بیزنسەکان گرینگ دەمێنێتەوە. دەسەڵاتە بەڕێوەبەرەکان پێویستە جەخت لە گۆڕانکارییەکان بکەنەوە کە ڕێساکان و دۆخەکان ئاسایی دەکەنەوە و پێکهاتە یاساییەکان بەهێز دەکەن کە بیزنسەکان دەپارێزن. ئامانجی نەهێشتنی گەندەڵی و جێبەجێکردنی توندیی یاساکان توخمی گرینگن بۆ یارمەتیدان و سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنەران. بۆ هاندانی زیاتری کارڕەخسێنی، دەستپێکردنی بەرنامەکان کە جەخت لە باشترکردنی شارەزایی دەکەنەوە لەوانەیە پێویست بێت. بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت لەوانەیە کەموکوڕییەکانی پارەدار وەدەستخستن چارەسەر بکات. کارڕەخسێنان دەبێت بەسەر ئاستەنگەکانی ژینگەی ئێستادا زاڵ بن لە ڕێگەی گەڕان بەدوای بازاڕە نوێیەکان و دروستکردنی بەرگەگرتن لە ناوەڕاستی نادڵنیاییدا. هاوبەشی لە نێوان دەسەڵاتە حکومڕانەکان، پەروەردەکاران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرتی تایبەت و، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی گرینگە لە دامەزراندنی ژینگەیەک کە هانی داهێنان، گەشە و بەهێزکردنی چەند لایەنەی ئابووریی درێژخایەن دەدات.

٥. کۆتا

ئێستا، دۆخی کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستاندا ڕەنگە وەک زۆربەی کات بە گونجاو و لەبار سەیر بکرێت بۆ کارڕەخسێنان و وەبەرهێنەران. هەرچەندە، چەندین ئاستەنگ هەن کە کارڕەخسێنان و کۆمپانیا نوێیەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە زۆربەی جار بەهۆی هۆکارەکانی وەک نادڵنیایی لە یاسا و ڕێساکاندا کە هاوکاریی بیرۆکەی بزنسە هاوچەرخەکان دەبن و، کێشەکانی ژێرخان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانی تر. چەند پێشنیارێك بۆ بەرهەمهێنانی ژینگەیێکی باشتری کارڕەخسێنی لە هەرێمی کوردستاندا لەوانەیە بریتی بن لە پەرەپێدانی ڕێساکان کە شەفاف بن و مافی بزنسەکان بپارێزن وەک موڵکداریێتیی هزری و، هاتنە پێشەوەی بزنسی زیاتر کە یارمەتیی بزنسەکانی تر دەدەن لە ڕێگەی دابینکردنی پارە و/یان تەنها دابینکردنی بەرنامەکانی پەرەپێدان. 


سەرچاوەکان 

1. Abdullah, N.N. and Othman, M.B., 2021. Investigating the limitations of integrated tasks on youth entrepreneurship in Kurdistan Region. Путеводитель предпринимателя, 14(2), pp.179-190.

2. Abtahi, M., Karamipour, M., & Abbasi, K. (2014). Investigating the effects of personal entrepreneurial characteristics. Management Science Letters, 4(3), 417-420.

3. Adenuga, R. A., & Ayodele, K. O. (2013). Adolescents’ entrepreneurial behaviour: The predictive effect of the big five personality factors. European Journal of Business and Social Sciences, 1(12), 48-58.

4. Bartnick, A. (2017). Obstacles and Opportunities for Entrepreneurship in Iraq & the Kurdistan Region. The Institute of Regional and International Studies (IRIS), the American University of Iraq-Sulaimani, Kurdistan Region of Iraq.

5. Bhandari, V. and Mohite, V., 2022. Entrepreneurship Ecosystem: An Appraisal for Sultanate of Oman Using the Ease of Doing Business Index.

6. Burke, A. (2011). The entrepreneurship enabling role of freelancers: Theory with evidence from the construction industry. International Review of Entrepreneurship, 9(3), 131-158.

7. Cuervo, Á., Ribeiro, D. and Roig, S., 2007. Entrepreneurship: concepts, theory and perspective. Introduction. In Entrepreneurship: Concepts, theory and perspective (pp. 1-20). Berlin, Heidelberg: Springer Berlin Heidelberg.

8. Desai, S., 2011. A tale of entrepreneurship in two Iraqi cities, Journal of Small Business & Entrepreneurship, no. 24, iss. 2, pp. 283-292.

9. DeWeaver, M. (2015). Kurdistan’s Great Recession: From Boom to Bust in the Rentier Economy. IRIS Iraq Report. American University of Iraq-Sulaimani. December, 10.

10. Djukić, M. I., & Lepojević, V. (2015). The effect of entrepreneurial activity on national competitiveness: A comparative analysis of developed and developing countries. Improving the Efficiency and Competitiveness of Enterprises and National Economies, pp. 169-191.

11. Dovbiy, I.P., Мitrofanova, I.V., Russkova, E.G., Shkarupa, E.А., Batmanova, V.V. and Mitrofanova, I.А., 2017. Tendencies, problems and prospects of the balanced and competitive development of agrarian entrepreneurship in Russia. Revista Galega de Economia, 26(2), pp.97-112.

12. Farzanegan, M.R., 2014. Can oil-rich countries encourage entrepreneurship? Entrepreneurship & Regional Development, no. 26, iss. 9-10, pp. 706-725.

13. Fatoki, O. and Chindoga, L., 2011. An investigation into the obstacles to youth entrepreneurship in South Africa. International Business Research, 4(2), pp.161-169.

14. Jones, P., Ratten, V. and Hayduk, T., 2020. Sport, fitness, and lifestyle entrepreneurship. International Entrepreneurship and Management Journal, 16, pp.783-793.

15. Kerr, S.P., Kerr, W.R. and Xu, T., 2018. Personality traits of entrepreneurs: A review of recent literature. Foundations and Trends® in Entrepreneurship, 14(3), pp.279-356.

16. Kirzner, I.M., 2009. The alert and creative entrepreneur: A clarification. Small Business Economics, 32, pp.145-152.

17. Kézai, P.K. and Szombathelyi, M.K., 2021. Factors effecting female startuppers in Hungary. Economics & Sociology, 14(4), pp.186-203.

18. Meek, W. R., Pacheco, D. F., & York, J. G. (2010). The impact of social norms on entrepreneurial action: Evidence from the environmental entrepreneurship context. Journal of Business Venturing, 25(5), 493–509.

19. Mihaela, S. (2016). Competitiveness and economic growth in Romanian regions. Journal of Competitiveness, 8(4), 46-60.

20. Mohammadali, Z.M. and Abdulkhaliq, S.S., 2019. Prospects and challenges of entrepreneurship development in the Kurdistan region of Iraq: an overview. International Journal of Entrepreneurial Knowledge, 7(2).

21. Muramalla, V.S.S.R. and Gurram, N.K., 2021. Entrepreneurship opportunities and challenges in the Kurdistan Region of Iraq (KRI). NVEO-NATURAL VOLATILES & ESSENTIAL OILS Journal| NVEO, pp.406-413.

22. Niyazi, M., 2008. Sociological analysis of the factors affecting university women's entrepreneurship. Economy. Business and Society, 102, pp.6-57.

23. Nkechi, A., Emeh Ikechukwu, E. J., & Okechukwu, U. F. (2012). Entrepreneurship development and employment generation in Nigeria: Problems and prospects. Universal Journal of Education and General Studies, 1(4), 88-102.

24. Ratten, V., 2019. Frugal innovation. 1st ed. Oxon, UK: Routledge.

25. Shane, S., and Venkataraman, S. 2000. The promise of entrepreneurship as a field of research. Academy of Management Review, 25: 217–226.

26. Sümer, F., & Joseph, J. (2019). Compatibility of the Kurdistan Region of Iraq’s institutions and economic development within Iraq. In Iraqi Kurdistan’s Statehood Aspirations (pp. 27-54). Middle East Today. Palgrave Macmillan, Cham.

27. Tasie, G.O., 2017. The symbiosis between entrepreneurship formation and employment creation: A strategy for job opportunities in Kurdistan region. International Journal of Academic Research in Business and Social Sciences, 7(3), pp.33-46.

28. Wachira, E.W., 2022. Analysis of Austria's entrepreneurial ecosystem based on the GEI approach. International Journal of Entrepreneurial Knowledge, 10(1), pp.123-136.

29. Weinberger, M. (2016). Why entrepreneurs are essential to the global economy—EY. Financial Times, June 7.

30. Wennekers, S., van Stel, A., Thurik, R., and Reynolds, P. (2005). Nascent entrepreneurship and the level of economic development. Small Business Economics, 24: 293–309.

31. Yousif, B., 2016. Iraq's stunted growth: human and economic development in perspective. Contemporary Arab Affairs, 9(2), pp. 212-236.