گرنگیی و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق
پێشەکی
بەگوێرەی مادەی یەکەم لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ "عێراق دەوڵەتێکی فێدراڵی یەکگرتووی خاوەن سەروەرییە، رژێمی حوکم تێیدا کۆماریی نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت". لە سیستەمە فیدراڵییەکان بە عێراقیشەوە، دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن یا ژوور پێکدێت. بەپێی مادەی (٤٨) لە دەستووری عێراقی دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران وئەنجومەنی فیدراڵی پێکدێت. هەروا بەگوێرەی مادەی (٦٥) لە دەستووری عێراقی ئەنجومەنێکی یاساکاریی بەناوی "ئەنجومەنی فیدراڵی" پێکدێت کە نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێم لەخۆ دەگرێت و پێکهێنان و مەرجەکانی ئەندامێتیی و تایبەتمەندییەکانی و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییدارن پێوەی بە یاسایەک رێکدەخرێت کە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەردەچێت". بەڵام لە واقیعی کرداریدا، دەبینن پاش ١٩ ساڵ لە دەرچوونی دەستوور هەتا ئێستا ئەنجومەنی فیدراڵی کە گەرەنتی پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی هەرێمەکان دەکات پێکنەهاتووە. هەرچەندە ئەم جۆرە ئەنجومەنانە سەرەتا لە دەوڵەتە یەکپارچەکان پێکهات، بەڵام دەوڵەتە فیدراڵییەکان رۆڵێکی باڵایان گێڕا لە پەرەپێدانی ئەم ئەنجومەنە وەک ئەمەریکا و پاشان سویسرا، ئەڵمانیا و ئوستورالیا. هەرچەندە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەگوێرەی دەستوور دەبوو لە خولی دووەمی خۆی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی دەربکردایەت، بەڵام بەدرێژایی ئەم ماوەیە پابەندی ئەم دەقە دەستوورییە نەبووە لەرێگای دانانی یاساکە و بەپێچەوانەوە خودی دەستوور رێگریی دروستکردووە لەم بارەیەوە و لە مادەی (١٣٧) دەڵێت: "کارکردن بە حوکمی ئەو مادانەی کە تایبەتن بە ئەنجومەنی فیدراڵی لە هەر شوێنێکی ئەم دەستوورەدا ئاماژەی بۆ کرابێت دوادەخرێت تا کاتی دەرچوونی بڕیارێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی خۆی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی خۆیدا کە پاش کارابوونی ئەم دەستوورە دەیبەستێت". لەم توێژینەوەیەدا، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینەسەر گرنگی پێکهێنانی لقی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانان و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی و لە کۆتاییشدا ئەنجام و راسپاردەکان دەخەینەڕوو.
گرنگیی و پێویستیی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق
زۆرینەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان لە جیهاندا، لە سۆنگەی بنەمای بەشداریی پتری هەرێمەکان لە دەرکردنی بڕیارە فیدراڵییەکان لەڕێگای ئەنجومەنی فیدراڵییەوە، پەنا بۆ دروستکردنی دوانەیی دەسەڵاتی یاسادانان دەبەن. هەربۆیە، دەستووری بەرکاری عێراقیش ئەم شێوازەی گرتۆتەبەر بەجۆرێک ئەنجومەنی یەکەم (ئەنجومەنی نوێنەران) نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەکات و ئەنجومەنی دووەم (ئەنجومەنی فیدراڵی) نوێنەرایەتی هەرێمەکان و پارێزگا رێکنەخراوەکان لەناو هەرێمدا دەکات. زانایانی یاسای دەستووری، زاراوەی جۆراجۆریان بۆ ئەم ئەنجومەنە بەکاربردووە وەک ئەنجومەنی دووەم، ئەنجومەنی باڵا، ژووری دووەمی پەرلەمان، ئەنجومەنی پیران، ئەنجومەنی فیدراڵی، ئەنجومەنی لۆردات، ئەنجومەنی کەسایەتییەکان، ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەنجومەنی شوورا. سەبارەت بە پێناسەی ئەنجومەنی فیدراڵی دەگوترێ (ئەنجومەنێکی نوێنەراتییە کە بەشێک لە پەرلەمان پێکدەهێنێت و بەشداریی لە گفتوگۆکانی دەکات) یا خود (دەستەیەکە کە بەشداریی لە باشترکردنی یاساکارییەکان دەکات بەر لە دەرچوونی لەڕووی رواڵەت و ناوەڕۆکەوە).
لە بواری دانانی یاساکان و سیاسەتە فیدراڵییەکان، رێسای گشتی ئەوەیە کە هەردوو ئەنجومەنەکە لەڕووی دەسەڵاتەوە یەکسانن، بەجۆرێک کە دەبێ بۆ دەرچوونی هەر یاسایەک، دەبێ هەردووکیان رەزامەندیی لەسەر بدەن و ئەگەر هەر یەکەیان رەزامەندیی لەسەر نەدا، ئەوا یاساکە رەتدەکرێتەوە و وەک ئەوەیە هەر نەبووبێت. هەڵبەت وا نیە کە هەموو سیستەمە فیدراڵییەکان بەم رێسایەیان وەرگرتبێت، هەندێکیان لەم رێسایە لایانداوە و دەسەڵاتی یەکسانیان بە هەر دوو ئەنجومەنەکە نەداوە. دەستووری ئەمەریکی بەو ئاراستەیەی وەرگرتووە کە هەردوو ئەنجومەنەکە دەسەڵاتی یەکسانیان هەیە و لە مادەی (١/ب ١)دا دەڵێت: هەموو دەسەڵاتەکانی یاسادانان لەم دەستوورەدا بەخشراوە بە کۆنگرێس کە پێکدێت لە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران. هەروا دەستووری سویسری و کەنەدیش بە هەمان رێچکەدا رۆیشتوون، بەڵام دەستووری ئەڵمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لە پێگەیەکی بەهێزتر لە ئەنجومەنی هەرێمەکان داناوە.
لایەنگرانەی دوانەیی دەسەڵاتی یاسادانان لەو باوەڕەدان کە بوونی دوو ئەنجومەنی یاساکاریی دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی دیموکراسی و بەهێزکردنی هاوسەنگی لەنێوان دامودەزگا دیموکراتییەکان و نابێتە هۆی ئیفلیجبوونی کاری پەرلەمانی، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ململانێکانی ناو دەسەڵاتە گشتییەکانی دەوڵەت و رۆڵی نێوانکارێک دەگێڕێت لە ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا. جگە لەوەش رێگریی دەکات لە تاکڕەویی دەسەڵاتی یاسادانان ئەگەر بێت و لە یەک ئەنجومەن پێکبێت. لەلایەکی ترەوە، بوونی جووت ئەنجومەنی ترسی هەرێمە بچووکەکان کەمدەکاتەوە کە رێژەی نوێنەرانیان لە ئەنجومەنی نوێنەران کەمترە بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی باڵادەستی هەرێمە گەورەکان و هەلێکی لەبار بۆ هەرێمە بچووکەکان دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی بەرژەوەندیی و بیر و بۆچوونەکانیان بەشێوەیەکی کارا لە پرسە چارەنووسسازەکان و بابەتە ئابوورییەکان و هەر بابەتێکی گرنگی دیکە. سەبارەت بە گرنگی و قازانجەکانی بوونی ئەنجومەنی فیدراڵی لەناو سیستەمە فیدراڵییەکاندا دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین: رۆڵی چاودیرییکردن و کۆنترۆڵی ئەنجومەن نوێنەران، خستنەڕووی چارەسەر و پێشنیار بۆ کێشە گشتییەکانی ناو کۆمەڵگا، نوێنەرایەتی کردنی کەمینەکان و هەرێمەکان بەشێوەیەکی یەکسان، جگە لەمەش پێکهێنانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە سیستەمی پشک پشکێنە.
هەوڵەکانی دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق
لە دەستووری عێراقی تەنیا سێ دەق هەیە بۆ ئاماژەکردن بە ئەنجومەنی فیدراڵی کە تێیدا دەڵێت: دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێکدێت و هەروا ئەم ئەنجومەنە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پێکدێت، کە بەمجۆرە وا دەکات ئەنجومەنی نوێنەران زاڵ بێت بەسەر ئەنجومەنی فیدراڵیدا، لەڕێگای دانانی یاساکەی کە وا دەکات ئەم ئەنجومەنە بکرێتە پاشکۆ بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. بەڵام دەقی سێیەم باس لە دواخستنی هەموو بابەتەکانی پەیوەندییدار بە ئەنجومەنی فیدراڵی دەکات بۆ خولی هەڵبژاردنی دووەم. ئاشکرایە، کە بەشێکی زۆری لە یاسادانەران، بەتایبەتی لەنێو کورد و عەرەبی سوننە، هۆشداری دەدەن لەوەی کە پەرلەمان ببێتە – ئامرازێکی كول- کە لەلایەن پێکهاتەی زۆرینەی شیعەی عێراقەوە بەکاردەهێنرێت، دژ ئەوانی دیکە. دیارە كە هەر سێ پێکهاتەکەی عێراق، بە قووڵی دابەشبوونە و تووشی جەمسەرگیریی هاتوون بەبێ ئەوەی توانایان هەبێت بەرگریی لەخۆیان بکەن لە بەرامبەر هەر یاسایەکی نیوە و ناچڵ، خراپ دارێژراو یان زیانبەخش.
لە ماوەکانی رابردوودا، کۆمەڵێک هەوڵ هەبووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە یاساکارییە. یەکەم داڕشتنی یاسایی تایبەت بە ئەنجومەنی فیدراڵی لەڕێگای کۆمیتەی هەمواری دەستوور کە لە خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە ٢٢/تەمووزی ٢٠٠٩ هاتەئاراوە، بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرت بەهۆی خۆدزینەوەی لایەنە سیاسییەکان لە ئەرک و بەڵێنەکانیان لەو ماوە زەمەنییەی کە دیاریکرابوو. پاشان لە سەردەمی سەرۆکایەتی د.فواد مەعسووم پرۆژە یاسایەک لەلایەن بەڕێزیانەوە پێشکەشکرا، کە پشتی بە رەشنووسی کۆمیتەی هەمواری دەستوور دەبەست بە هەندێ گۆڕانکاریی بچووکەوە و لە ٢٢/٩/٢٠١٤ یەکەم خوێندنەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کرا، بەڵام دیسان قۆناغەکانی دەرچوواندنی یاساکە تەواو نەکرا و بەجێهێڵدرا. لە هەوڵێکی تردا، لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (تحالف ادارة الدولة) پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی لە ٢١/٥/٢٠٢٣ نێردرا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، بەڵام هەتا ئێستا یاساکە رووناکی نەبینیوە.
داڕشتنی یاسایی ئەو مادانەی دەستوور کە پەیوەستە بە دەسەڵاتی یاسادانان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بەجۆرێک کە دەستوور چارەسەری میکانیزمی پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەنجومەنەکەی نەکردووە ئەوەی کە پەیوەندیی بە کۆی پرۆسەی یاساکارییەوە هەیە وەک (پێشنیار، پەسندکردن، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان)، هەروا دەقی مادەی (٦٥) لە دەستوور بە دەقی مادەی (١٣٧) راگیراوە و کارکردن بە حوکمەکانی پەیوەست بە ئەنجومەنی فیدراڵی دوادەخات لە هەر شوێنێکی ئەم دەستوورەدا هاتبێ هەتا پاش خولی هەڵبژاردنی یەکەم بە بڕیارێک کە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی (٢/٣) دەردەچێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەرچوونی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بەستراوەتەوە بە دەرچوونی ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
لەلایەکی ترەوە، نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە نووسراوی ژمارە (١٢٨٩) لە ٢٥/٩/٢٠١٢ داوای بۆچوونی لە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە سەبارەت بە مادەی (١٣٧)ی دەستوور کە دەڵێت: "کارکردن بە حوکمەکانی ئەو مادانەی تایبەتن بە ئەنجومەنی فیدراڵی لە هەر شوێنێکی ئەم دەستوورەدا ئاماژەی بۆ کرابێت دوادەخرێت تا کاتی دەرچوونی بڕیارێک لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە زۆرینەی دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی خۆیدا کە پاش کارابوونی ئەم دەستوورە دەیبەستێت". هەروا مادەی (٦٥)ی دەستوور کە دەڵێت: "ئەنجومەنێکی یاساکاریی بەناوی "ئەنجومەنی فیدراڵی" پێکدێت کە نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە هەرێم لەخۆ دەگرێت و پێکهێنان و مەرجەکانی ئەندامێتیی و تایبەتمەندییەکانی و هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییدارن پێوەی بە یاسایەک رێکدەخرێت کە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەردەچێت". ئایا پێویستە پێش دەستکردن بە ڕێکارەکانی دانانی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بەگوێرەی مادەی (٦٥) ئایا دەبێ ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی مادەی (١٣٧) بڕیارێک دەربکات بە زۆرینەی (٢/٣). دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی بڕیاری ژمارە (٧٢/ اتحادية / ٢٠١٢ ) وێڕای باسکردنی لە پێویستیی دەرکردنی بڕیارێک بەگوێرەی مادەی (١٣٧) بۆ دەستپێکردنی ڕیکارەکانی دەرکردنی یاساکە، جەختی لەسەر پێویستیی تەواوکردنی دەسەڵاتی یاسادانان کردوەتەوە بە پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی (باڵی دووەم) بە یاسایەک کە هەموو مەرجە رواڵەتی و بابەتییەکانی بە روونی تێدا بێت کە ئیجتهادی ناکۆک هەڵنەگرێت بەپێی حوکمەکانی مادەی (١٣٧) لە دەستوور.
هەروا نابێ ئەو راستییە لە یاد بکەین، هەر ئەوەی کە دانەرانی دەستوور لە چوارچێوەی دەستووردا، دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ئەنجومەنی فیدراڵییان ڕێکنەخستووە نیشانەی ئەوەیە، کە پرەنسیپی یەکسانی نێوان هەر دوو ئەنجومەنیان پێشێل کردووە و پێدانی ئەم دەسەڵاتە بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ خۆی پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکان و کەمکردنەوەیە لە هاوسەنگی نێوان هەر دوو ئەنجومەنەکە و بە جۆرێک لە جۆرەکان گرنگیی ئەنجومەنی فیدراڵی کەمتر دەکاتەوە و ئەگەر لە داهاتوودا ناکۆکی لەنێوان هەر دوو ئەنجومەنەکە دروست ببێت، ئەوا ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت بە ئاسانی دەست ببات بۆ هەمواری یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و دەسەڵاتەکانی کەمتر بکاتەوە.
ئاراستەی زاڵ لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ئەوە بوو کە باڵادەستی زیاتر بدات بە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر حیسابی دامەزراوە فیدراڵییەکانی تر، لەوانەش ئەنجومەنی فیدراڵی. هەربۆیە وا پێویستە کە ئەنجومەنی فیدراڵی دەسەڵاتی زیاتری پێ بدرێت ئەگەر هاوتا نەبێت لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی جۆرێک لە هاوسەنگیی ئاسۆیی و ستوونی دروست ببێت. هەروا لە مادەی یەکەمی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە: "ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی یاساکاریی و چاودێریی باڵایە و دەسەڵاتەکانی خۆی بەگوێرەی مادەی (٦١)ی دەستوور و مادە پەیوەندییدارەکانی تر مومارەسە دەکات". ئەمەش بە ئاشکرا پێچەوانەی مادەی (٤٨)ی دەستوورە کە دەڵێت دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێکدێت و لە پێشتریی و باڵادەستی بە هیچ کامیان نەداوە.
هەروەک وتمان بەگوێرەی مادەی (٤٨) لە دەستوور دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەنی نوێنەران و فیدراڵی یەک لە دوای یەک پێکدێن، واتە هەردوو ئەنجومەنەکە لەڕوانگەی دەستوورییەوە یەکسانن لەڕووی پێکهێنان و سروشت و کارکردنیانەوە، بە واتایەکی دیکە هەردوو ئەنجومەنەکە لەڕووی دروستکردنەوە یەکسانن. بەڵام بەگوێرەی مادەی (٦٥) ئەم راستییە مەحاڵە کە ئەنجومەنی فیدراڵی هاوشانی ئەنجومەنی نوێنەران بێت و بە کردەوە کەوتۆتە ژێر فەرمانی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرپشک کراوە لە پێکهێنان و دەرکردنی یاساکەی. لەهەمان کاتدا، هەندێ کەس دەڵێن کە داڕێژەرانی دەستووری نوێی عێراقی ئاگایان لەم بابەتە هەبووە، بەڵام لەبەر دوو هۆکار بە ناچاریی ملیان داوەتەبەر ئەم کارە: هۆی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخە سیاسییەی کە گۆڕەپانی عێراقی هەیبووە لەڕووی گرژییە حیزبییەکان و بگۆڕە نێودەوڵەتییەکان کە رەنگدانەوەیەکی ئاشکرایان هەبووە لەسەر میکانیزمی دانانی دەستوور. هۆی دووەمیش کە گرنگترە بۆ رێکنەکەوتنی سیاسیی لەنێوان گرووپ و لایەنە سیاسییە سکۆلار و ئیسلامییەکانی عێراقی دەگەڕێتەوە لەڕووی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە و دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەنجومەنە.
بە کورتی، لە ئێستادا هیچ دەسەڵاتێکی باڵاتر لە عێراقدا نییە، کە دەسەڵات و پێگە و شەرعیەتی پاراستنی سیستەمی یاسادانانی وڵاتی هەبێت و رێگریی بکات لە دەرکردنی یاسای خراپ یان زیانبەخش. بەداخەوە، هیچ یەک لە سەرۆک كۆمارە یەک لە دوای یەکەکان و سەرۆک پەرلەمانەکان و سەرۆک وەزیرانەکان، دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لەلایان ئەولەویەت نەبووە و ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر لە نەبوونی ئیرادەی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر بۆ سروشت بەجێ بهێڵرێت، ڕەنگە یەک تا دوو نەوەی دیكە بخایەنێت تا ئەنجومەنەکە بە جدی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، چ جای دامەزراندنی. لەم نێوەندەدا، ناسکی و ناسەقامگیریی عێراقێك كە ئایندەكەی پێشبینیكراو نیە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر گەلەکەی خۆی و بۆ سەر هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەمێنێتەوە. ئەگەر عێڕاق ئەنجومەنێكی فیدراڵی بەهێز و تەواو کارای نەبێت، پێناچێت ببێتە ئەو دەوڵەتە بەهێز و سەروەر و کارایەی کە ئاواتی پێدەخوازرێت. بە سەرنجدان لە گرنگیی ئەنجومەنی فیدراڵی و ئەو رۆڵەی کە هەیەتی لە پاراستنی مافی هەرێمەکان و بنیاتنانی دەوڵەتێکی فیدراڵی، پێویستە هەوڵ بدرێت بە زووترین کات ئەم یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت و رووناکی ببینێت.
بەم جۆرە بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت، نەبوونی ئیرادەی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی عێراق هەر لە سەرەتاوە رێگر بووە لەوەی داڕێژەرانی دەستوور نەتوانن یا نەیانەوێت هەروەک ئەنجومەنی نوێنەران پێکهاتەی ئەنجومەنی فیدراڵیش لەناو دەقی دەستووردا رێکبخەن و، ئەم هەڵە ستراتیژییە وایکردووە هەتا ئێستا وڵاتەکە بە دەست ئەو کەموکورتیانەوە بناڵێنێ و لەم نێوانەدا کورد و هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێمی عێڕاق زیانمەند بن و هەتا ئەمڕۆش نەتوانراوە ئەو گرێ کوێرە بکرێتەوە.
کۆتایی
دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بە پەسندکردنی سیستەمی پەرلەمانی دەسەڵاتێکی زۆری بە دەسەڵاتی یاسادانان داوە و هەروا بە سیستەمی جووت ئەنجومەنی وەرگرتووە، بەڵام لەناو دەقی دەستووردا نەچووەتە سەر وردەکاریی دامەزراندن و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی و پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەنجومەنەکە و ئەمەی بۆ یاسا بەجێهێشتتوە. پاش خستنەڕووی گرنگیی ئەنجومەنی فیدراڵی و رۆڵی باڵای ئەم ئەنجومەنە لە بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵیزم لە عێراق و پاراستنی مافی هەرێمەکان و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هەر دوو باڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق، دەگەینە ئەو ئەنجامە سەرەڕای ئەو ئیشکالیەتە دەستوورییەی کە هەیە و، دەبوایە لەناو دەقەکانی دەستووردا چۆنێتی پێکهێنان و دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە رێک بخرایە هەروەک ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەو حاڵەش دەرچوونی یاسای ئەم ئەنجومەنە و دامەزراندنی دەبێتە خاڵێکی پۆزەتیڤ لە پرۆسەی یاساکاریی و چەسپاندنی باشتری بنەماکانی فیدراڵیزم و پاراستنی مافی بەشداریی کەمینەکان و هەرێمە بچووکەکان لە پرۆسەی یاسادانان و دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەشێوازێکی باشتر و کەمکردنەوەی ململانێی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان لەلایەک و دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمەکان لەلایەکی ترەوە. ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی متمانەی هەرێمەکان بە یاسا و بڕیارە فیدراڵییەکان زیاتر ببێت، چونکە بۆ خۆیان بەپێی بنەمای بەشداریی رۆڵیان هەبووە لە دەرکردنی یاسا و بڕیارەکان. هەربۆیە رەوا نیە بابەتی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە بە بیانووی نایاسایی دوابخرێ و زیاتر لە نۆزدە ساڵ لە پەسندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ تێپەڕیوە و هەتا ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روون نیە بۆ دەرکردنی یاساکەی و پێکهێنانی. ئەرکی لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی عێراق و سەرۆک کۆمار و نوێنەرانی کوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ئاست ئەم پێشێلکارییە دەستوورییە بێدەنگ نەبن و ئەم بۆشاییە دەستوورییە بە زووترین کات پڕ بکەنەوە، چونکە دواخستن و پشتگوێ خستنی ئەم بابەتە لە زیانی کورد و لە قازانجی زۆرینەی شیعەیە، هەربۆیە لایەنە شیعییە باڵادەستەکان سست و کەمتەرخەمن لەم بارەیەوە و، بگرە بە ئەنقەست هەوڵی دروستکردنی بەربەست دەدەن بۆ ئەوەی ئەم بابەتە نەگاتە ئامانج.
راسپاردەکان:
١- پێشنیار دەکەین بە هەموارکردنی مادەی (٦٥) لە دەستوور بەجۆرێک کە لە هەر ئەگەرێکی هەمواری دەستوور پێکهێنان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ئەنجومەنی فیدراڵی لەناو دەقی دەستووردا بگونجێندرێت.
٢- پێشنیار دەکەین پشت بەڕیگای راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ببەسترێت لەڕێگای پەرلەمانی هەرێمەکان بۆ دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی فیدراڵی و بەشێوازی دامەزراندن بۆ نوێنەرایەتیکردنی کەمینەکان لە ئەنجومەنی فیدراڵیدا.
٣- بەسەرنجدان لە ئەزموونی سیستەمە فیدراڵییە دێرین و رەسەنەکان، کە بە یەکسانی دەسەڵاتەکان لەنێوان ئەنجومەنی نوێنەران و فیدراڵی دابەشکراوە، واباشە لە عێراقیش هەمان ئاراستە بگیرێتەبەر و پەیوەندیی نێوان هەردوو ئەنجومەنەکە لەسەر بنەمای یەکسانی دەسەڵاتەکان و جۆرێک لە هاوکاری لەنێوانیاندا بنیات بنرێت.
٤- پێویستیەکی هەنووکەیی هەیە بۆ دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە بەمەبەستی بەهێزکردنی بنەماکانی فیدراڵیزم و پاراستنی مافی هەرێمەکان واباشە پەلە بکرێت لەم بوارەدا.
٥- سەرۆک کۆماری عێراق وەک پۆستێکی گرنگی سیادی کە ئێستا لە دەستی کوردە دەتوانێ پرۆژە یاسا ئامادە بکات و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات، واباشە بە کار بێت بۆ ئەم مەبەستە و یەکخستنی را و بۆچوونە جیاوازەکان لە عێراقدا.
٥- لە رەشنووسی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵیدا، دەسەڵاتی رەسەنی هەبێ لە بواری یاسادانان و چاودێریی و ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتەکانی راوێژکاریی و تەشریفی نەبێت و نەبێتە پاشکۆی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵکوو هاوشان و تەنانەت لە سەرووتری بێت.
٦- بەو پێیەی کە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بابەتێکی نیشمانی و جەماوەرییە، هەربۆیە نابێ گفتوگۆکردن لەم بارەیەوە تەنیا لەسەر مێزی ئەنجومەنی نوێنەران چڕ بکرێتەوە، بەڵکوو پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش لەم بارەیەوە بێنە سەرخەت و رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ دروستکردنی گوشاری جەماوەریی و میدیایی و ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکە.
٧- واباشە نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاست ئەم بابەتە پاسیڤ نەبن و بەڵکوو بە ئەکتیڤی و بە پلانی گونجاو و بە یەکدەست و یەک ئاراستە کار بکەن بۆ سەرخستنی ئەم بابەتە و پەسندکردنی پرۆژەیاسای ئەنجومەنی فیدراڵی.
٨- بەوپێیەی کە ئەنجومەنی فیدراڵی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی مافی هەرێمەکان، پێویستە نوێنەرانی کورد وشیار بن پرۆژە یاسایەکی کلک و گوێکراوی وا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی تێنەپەڕێندرێ کە ئەنجومەنی فیدراڵی لە ئامانج و مەبەستی راستەقینەی خۆی دوور بخاتەوە و بە دڵی لایەنە باڵادەستەکان بێت نەک هەرێم و کەمینەکان.
٩- کارکردن لەسەر ئەم بابەتە تەنیا بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا بەجێ نەهێڵدرێت، بەڵکوو واباشترە حکومەتی هەرێم بە هەموو جومگەکانیەوە و لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و کەناڵە دیپلۆماسییەکان گوشار دروست بکات بە مەبەستی تێپەڕاندنی پرۆژەی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی.
١٠- لە ئەگەری کەمتەرخەمی لایەنەکانی دیکەی عێراقی و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، دەکرێ رێگای دادگای باڵای فیدراڵی بگیرێتەبەر و ئەم ئامرازە بە کاربهێندرێ بۆ دروستکردنی گوشار و بەرەوپێشبردنی بابەتەکە.
سەرچاوەکان:
آ) کتێب:
١) د.حمید حنون خالد، مبادیء القانون الدستوریي وتطور النظام السیاسي في العراق، ط ١، مکتبة السنهوري، بغداد، ٢٠١٢.
٢) عابد خالد رسول، المجلس التشریعي الثاني في الدولة الفیدرالیة، ط ١، مرکز کوردستان للدراسات الاستراتیجیة، السلیمانیة، ٢٠١٣.
٣) د.منذر الشاوي، القانون الدستوري، الجزء الاول، ط ٢، المکتبة القانونیة، بغداد، ٢٠٠٧.
ب) توێژینەوە:
١) د.حميدحنون خالد و محمود وهاب حسن البرزنجي، التنظيم الدستوري لمجلس الاتحاد الفدرالي، مجلة العلوم القانونية/ كلية القانون – جامعة بغداد العدد الخاص الثالث- الجزء الاول، ٢٠١٧.
٢) سلیمان کریم محمود و شالاو صباح عبدالرحمن، ضرورة ثنائیة السلطة التشریعیة الاتحادیة في العراق ومعوقات تکوینها في العراق، مجلة کلیة القانون للعلوم القانونیة والسیاسیة، جامعة کرکوک، ٢٠١٥.
٣) د.علي مهدي، قانون المجلس الاتحادي استحقاق دستوري ومطلب التوازن التشريعي، سلسلة إصدارات مركز البيان للدراسات والتخطيط، ٢٠٢٣.
٤) د.علي عبدالحسين الخطيب و د.باسم علي خريسان، الحَلُّ المَنسِيّ مَجلِسُ الإتّحاد: تَرشيدُ السلطةِ وتَعزيزُ التشريع، الطبعة الاولی، سلسلة إصدارات مركز البيان للدراسات والتخطيط، بغداد، أيار – مایو ٢٠٢٢.
٥) د.ليث عبد الحسن الزبيدي و د.کاظم علي مهدي، مجلس الاتحاد والتوازن التشریعي في العراق، مجلة قضايا سياسية، جامعة النهرین، العدد ٣٧-٣٨، بغداد، ٢٠١٤.
٦) نور ليث مهدي، التنظيم الدستوري لتشكيل مجلس الاتحاد في دستور جمهورية العراق لسنة ٢٠٠٥، المجلة القانونية، جامعة القاهرة، المجلد ٥، العدد ٥، ٢٠١٩.
ج) دەستوور:
دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥.
د) بڕیارەکانی دادگا:
قرار محکمة اتحادیة العلیا العدد (٧٢ / اتحادية / ٢٠١٢ ).
ه) وتاری ئەلیکترۆنی:
١) دلاوەر عەلائەدین، كەلێنی ئەنجومەنی فیدرالی رێگرە لە دەوڵەتسازی، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێت:
https://www.meri-k.org/publication/last visited: 17/12/2024.
٢) د. سعدي الابراهيم، جدوى تشكيل مجلس الاتحاد العراقي، متاحة علی الموقع الالکتروني التالي:
https://marsaddaily.com/news.aspx?id=6434&mapid=29/last visited: 19/12/2024