ڕەهەندەكانی پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان
پێشەکی
مرۆڤ بەسروشت بوونەوەرێكە جیاوازە لە بوونەوەرەكانی تری سەر گۆی زەوی، لە هەر جوگرافیایەك بژی مەیلێكی كۆمەڵایەتی هەیە و زیاتر حەز بە قسەكردن و دواندن و ئارەزووی گفتوگۆكردن دەكات، بەو هیوایەی دەلاقەیەك بدۆزێتەوە و ژینگەیەك بسازێنێ بۆ پەیوەندی بەسەتن لەگەڵ دەوروبەرەكەی.
بۆ ئەم مەبەستەش وەك ئامرازێك بۆ ئاخافتن و لێكتێگەیشتن و زمان بەكاردەهێنێت و دەیكات بە كلیلی ڕزگاربوون لە گۆشەگیری و كۆنتاكت دروستكردن. بۆیە لە دێر زەمانەوە فەیلەسوفان و حەكیمان و بیرمەندان لەمەڕ كۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ زۆر دوواون، هەروەك چۆن ئەرسۆ مرۆڤ بە بوونەرێكی كۆمەڵایەتی دەناسێنێت. وەلێ هەر مرۆڤێك بۆئەوەی كۆمەڵایەتی بێت پێویستی بە شوێن و جوگرافیایەكە بۆ ژیان و زمانێكە بۆ دەربڕین و گۆكردن و ئاخافتن و پەڤین و لێك حاڵی‌بوون.
ئەوەی لە زانستی زماندا جێی بایەخە، زمان بەتەنها بریتی نییە لە لایەنی زارەكی و دەربڕین، بەڵكو زانستی زمان گرنگی بە لایەنی سیستمی ڕێزمانی و ئەدەبی و زمانی نووسین دەدات و زمانی ئاسایی و ئاخافتنی ڕۆژانە، لە زمانی فەڕمی و رێزمانی جودا دەكاتەوە.
هەروەها لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین لەمەڕ ڕەهەندەكانی پرسی پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان نوكی خامەمان چڕبكەینەوە و لەم سۆنگەیەوە جەخت بكەینەوە لەسەر چەمكەكانی زمان و جوگرافیا و دواتر چیەتی رەهەندەكانی پەیوەندی نێوان زانستی زمان و زانستی جوگرافیا و ڕۆڵی دیاردە جوگرافیاكان لەهەمبەر زمان ڕوونبكەینەوە و تیشك بخەینە سەر جوگرافیای زمان و نیگاكانمان بە ئاڕاستەی پرسیار لەمەڕ بایەخی جوگرافیای زمان لەسەردەمی جیهانگیریدا ئاراستە بكەین.
زمان وەك فاكتەرێك بۆ دواندن:
زمان؛ بەتەنها پرۆسەیەكی میكانیكی گۆكردن نییە، واتا تەنها بریتی نییە لە جوڵاندنی هەندێك ماسولكە و بزواندنی چەند جوڵەیەك و لەزارهەڵهێنانی كۆمەڵێك دەنگ، بەڵكو تا ڕادەیەكی زۆر نیشاندەری پلەی شارستانییەت و پێشكەوتنی كۆمەڵە، لێرەدا ئەركی زمانە وەڵامدەرەوەی پێویستییە ماددی و ڕووحیەكانی ئاخێوەرەكانی و بەكارهێەرەكانی زمانەكە بێت. ئەمەش لە هەموو ئەو وشە و زاراوانەدا دەردەكەوێت كە ڕۆژانە و ساڵانە دەڕژێنە ناو زەریای بەرینی زمانەوە.
لە سەر ئاستی تاكە كەسیش زمان؛ ئاوێنەی وێنەنومای پلەی هۆش و ڕادەی بیركردنەوەیە. زۆر هەڵوێست و بیركردنەوە و هەڵسوكەوتی مرۆڤانە هەن ئەگەر وشەی لەبار و پڕ بەپێستیان بۆ بەكار نەهێنین لە ناوەڕۆكیان دادەشكێت و مافی تەواوی خۆیان نادرێتێ. (شاكەلی، فەرهاد، 2009، ل60).
ئەمە جگەلەوەی ئەو زمانانەی كە توانایەكی سیاسی و ئابوری یاخود زانینی (ئیپستیمۆلۆجی) و زانستیان لە پشت نە بێت وەیان بەشداریەكی جدی لە داهێنان و بەرهەمهێنانی زانین و زانست‌دا نەكەن.
و نەتوانن بەشدارییەكی كارای ئەو داهێنانە نوێیانەی ڕۆژانە بن لە بواری زانست و فیكر و ئەدەب و زانیندا ئەوا ناتوانن خۆڕاگربن لەبەردەم سێڵاوی جیهانگیری و هێرشی زمانە بەهێزە جیهانییەكاندا بەمەش وەك زمانێكی داخراو دەمێننەوە یاخود بەرەو پوكانەوە دەچن و نابنە سەرچاوەیەكی بەپێزی زانستی نوێ و ئەو زانست و ڕۆشنبیرییەی كە سیمایەكی جیهانی وەرگرتووە. (سابیر، ڕەفیق، 2008، 110).
وەلێ زمان لە ڕووی سایكۆلۆژیەوە بە تەنها كۆمەڵك هەڵسوكەوت و نواندن نییە، كە مرۆڤ لەڕێگەی لاساییكردنەوەوە فێری دەبێت. بەڵكو هۆكارێكە بۆ گۆكردن لەنێوان تاكەكان و بەشێكە لە پرۆسەیەكی تەواوكاری لەنێوان ئیعاز وەرگرتنی مێشك و ماسولكەكان. هەروەك لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە زمان؛ هۆكارێكە بۆ پێكەوە بەستنی ڕایەڵەی پەیوەندییە كۆمەلایەتییەكان و توانای كۆنتاكت دروستكردنی تاكەكانە لەگەڵ یەكدی لەنێو كۆمەڵگەدا.
ئەوەش ڕاستە كە مرۆڤ بە سروشت بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، بەڵام زمان دەبێتە توخمێكی گرنگ لەم بابەتەدا و پرۆسەی كۆمەڵایەتیبوونەكە ئاسانتر دەكات. چونكە ڕەوڕەوەی مرۆڤایەتی پێویستی بە لێكتێگەیشتن و دواندن هەیە و مرۆڤ بە بێ زمان دەژێت بەڵام بەزەحمەت كارەكانی مەیسەر دەبێت و وەك بەجێماوێك لە كاروان خۆی دەبینێتەوە و بەشدارییەكی پاسیڤی دەبێت لە نێو كۆمەڵگەدا.
ئەنترۆپۆلۆژیاش بایەخ بە ڕەگەزی مرۆڤ و دەركەوتەكانی و جێگەوتەكانی دەدات لە كۆمەڵگەی مرۆیی‌دا. زمانیش وەك ڕەگەزێكی لێكدانەبڕاوی مرۆیی و توخمێكی كەلتوری دەبێتە كێڵگەی كار لای ئەنترۆپۆلۆژیستەكان و ئەوان لە سەر ئاستێكی باڵادا زمان و كەلتور پێكەوە دەبەستن و لە هۆكارەكانی بەهێزی و لاوازی قودەرەتی مانەوەی زمان دەكۆڵنەوە. جیالەوەی زمان بە توخمێكی كەلتوری دادەنێن، لێ وەك ڕەگەزێكی مرۆیی، زمانیان بە بەشێك لە تایبەتمەندی مرۆڤەوە بەستوەتەوە. بە یەكێك لەو ڕووداوانەیان زانیووە، كە بەشدریەكی كارا دەكات لە توخمە پێكهێنەرەكانی كەلتوردا. (ئاشوری، داریوش، ل53).
زمان لە ڕوانگەی زانستی زمان و دیدی زمانزانانەوە دەكرێت بە دووبەشەوە هەروەك لای فێردیناند دۆ سۆسووری زمانزانی سویسری. زمان؛ ئامرازی ئاخافتن و پەیوەندی كردنە دەشێت بكرێت بە دوو بەشەوە، یەكەمیان: وەك ئامرازی دەنگ و پەیڤین(دواندن) و دەربڕین و ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ. دووەمیان: وەك لایەنی ڕێزمانی و سیستمی بەكاربردن و گۆكردنی وشە و ڕستە و ستراكتۆر و بونیادە یاساییەكانی زاراوەسازی و زمانی نووسین. (شاكەلی، ئەمجەد، 2011، ل6).
هەروەها لە فەلسەفەی زماندا جگەلەوەی زمان ئەركی شیكردنەوە و تێڕوانین لە مانا و گوزارەكانی لە ئەستۆ دەگرێت و بەشداری لە شرۆڤەكردنی چەمكەكان دەكات. دەكرێت بوترێت زمان كۆمەڵێك بڕیارە ئەوە گرنگ نییە كە داخۆ زمان لە دەنگەكان یان واژەكان پێكهاتووە، یاخود تایبەتمەندی فیزیكی سیمبوڵی هەیە، بەڵكو ئەوە گرنگە چەندێك توانای شرۆڤەی بڕیارە ئاوێتەكانی هەیە. چەندە بەشداری دەكات لە دروستكردنی مانا و لۆژیك. چونكە ئەم دیدە جیاوازی دەكات لە نێوان زمانی ئاسایی و زمانی فەلسەفی و پێی وایە زمانی ئاسایی بێتوانایە لە دەربڕین و چارەسەركردنی كێشە فەلسەفیەكان. هەندێكی تر پێیان وایە زمان بۆ خۆی سەرچاوەی كێشە فەلسەفییەكانە بەتایبەت بەهۆی خراپ بەكارهێنان و یاخود بە هەڵە بەكارهێنانی زمانەوە. (قادر، ئارام، 2010، 69-71).
لە فەلسەفەی زمان یاخود زمانی فەلسەفیدا بایەخ بە لۆژیك دەدرێت واتا ئەمەش بەو واتایەیی فەلسەفەی زمان توێژینەوە و شرۆڤەی زمان دەكات و لۆژیكیانە لە پەیوەندییەكانی زمان بە هزر و بیر و جیهانی دەرەوە دەكۆڵێتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە لە توێژینەوە هاوچەرخەكاندا بایەخی پەیوەندی زمان بە لۆژیكەوە دەبێتە بناغەی فەلسەفەی زمان و جا زمانی ئاسایی بێت یاخود زانستی ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی هەیە لای پێشڕەوانی فەلسەفەی هاوچەرخ، لەوانە: (جۆرج مۆر، بێرتراند ڕەسڵ، لۆدڤیگ ڤیتگنشتاین). (قادر، ئارام، سەرچاوەی پێشوو، ل13).
كەواتە زمان هەر بە تەنها ئامرازی پەیوەندی كردن نییە، بەڵكو دەبێتەهۆی بەستنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، واتا نەوەكان بەهۆی زمانەوە بە یەكتر دەبەسترێنەوە و لەیەكدی دەگەن شارەزایی لە ڕابردووی خۆیان و پێشكەوتنی سەردەم دەبن. (حەمەساڵح، تاڤگە عمر، 2012، ل41). هەربۆیە دەتوانین بڵێین: زمان؛ وەك كردەیەكی خۆرسك، بەشێکە لە پرۆسەی خاوتن و لایەنی ڕێزمانی و شرۆڤەكردنی ماناكان و بەشێكیشە لە شوناس و ڕووحی نەتەوە و وزەی بزوێنەری شارستانیەتەکەی. تێگەیشتن لە زمان، سەکۆ و دەلاقەی ناساندنی خود و گەڕانەوەیە بۆ بە گرنگی زانینی پاشخانە کەلتوری و فەرهەنگیەکانی هەر گەل و نەتەوەیەك لە جیهاندا.
جوگرافیا؛ زانستێك بۆ هەموو سەردەمەكان
جوگرافیا یه‌كێكه له كۆنترین لقه‌كانی مه‌عریفه، هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه خه‌ڵك به حوكمی هه‌وڵدانی یه‌كبینه‌یان بۆ زانیاری زۆرتر و دۆزینه‌وه‌ی جێگه‌ی تر جیا له شوێنی باوی ژیانیان، سه‌ره‌تاكانی ئه‌م زانسته‌یان لا گه‌ڵاڵه بووه. مێژوونووسان پێیان وایه لایه‌نی كه‌م له‌سه‌رده‌می هیرۆدۆته‌وه، پشكنه‌ران و داگیركه‌ران و تێبینیه‌كانی خۆیان به‌مه‌به‌ستی حكومه‌ته‌كانیان و خوێنه‌ران به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تۆمار كردووه. (عه‌بدوڵڵا، خه‌بات، 2005، ل33). جوگرافیا له ڕووی چه‌مك و زاراوه واهاتووه وشه‌ی جوگرافیا (Geography) له زمانی یۆنانیه‌وه وه‌رگیراوه، وشه‌كه له دوو به‌ش پێكدێت (Geo) كه مانای زه‌وی ده‌گه‌یه‌نیت، ئه‌مه له‌كاتێكدا وشه‌ی (Grape) مانای پیناسه ده‌گه‌یه‌نێت. پاشان پیناسه‌ی جوگرافیا له ساده‌ترین مانایدا بووه به پێناسه كردنی زه‌وی، جوگرافیا له قۆناغه‌كانی یه‌كه‌مدا له چاحه كۆن و ناوه‌نده‌كاندا بایه‌خی دا به پیناسه‌كردن و به‌ره‌و كۆكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ته جوگرافیه‌كان ڕۆیشت، كه تایبه‌ت بوو به شوێن و مرۆڤ. پاش ئه‌وه جوگرافیای نوێ به‌ده‌ركه‌وت، دوای فراوان بوونی چێوه‌ی جیهانی ناسرا، وه‌ك ده‌ره‌نجامێكی ده‌رخستنه جوگرافیه‌كان له‌سه‌رده‌می ڕێنسانسدا به دیهاتن. ئه‌وه‌ی كه لێیكه‌وته‌وه ناسینی هه‌رێمه كه‌شه جیاوازه‌كان و ده‌رامه‌تی سامانه سروشتییه‌كان بوو. ئه‌مه‌ش به ته‌نیشت بڵاوبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هۆكاری. كه ئه‌م زانسته هاته نێو زانستی جوگرافیاوه، به‌مه‌ش لێكۆڵینه‌وه له شوێن و هۆكاری چۆنیه‌تی شته‌كان چڕتر بوونه‌وه. وه‌ك (Where? Why? And How of Thing?). (جاد الرب، حسام ا‌لدین، 2012، ل166).
جیا له‌وه‌ی جوگرافیا له سروشت ده‌كۆڵیته‌وه، هاوكات بایه‌خ به مرۆڤ و سیسته‌می ژینگه و هه‌موو ئه‌وشتانه‌ش ده‌دات، كارلێك له‌گه‌ڵ دیارده سروشتی و مرۆیه‌كان ده‌كه‌ن، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر مرۆڤ ده‌بێت. له‌م ده‌لاقه‌وه جوگرافیا كێڵگه‌یه‌كی باشه‌و ئه‌و زانسته‌یه لیكۆڵینه‌وه له پانتایی زه‌وی ده‌كات، ئه‌و پانتایه‌ش ته‌نها به‌شه دیاره‌كه‌ی زه‌وی نییه، به‌ڵكو ده‌ڕواته ناخی زه‌ویه‌وه. به‌رگه هه‌وا و تویكڵی زه‌وی یان ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستیان ده‌كات ڕاسته‌وخۆ به زه‌وییه‌وه. بۆیه ده‌توانین بڵێین جوگرافیا بریتیه له‌و زانسته‌ی كه له دیارده سروشت و كه‌ش و ئاووهه‌وا و نیشته‌نیه كانزای و دار و دره‌خت و گیانله‌به‌ران و دابه‌شبوونیان له‌سه‌ر پانتایی زه‌وی ده‌كۆڵیته‌وه هه‌میشه جوگرافیا له لێكۆڵینه‌وه‌كانیدا پشت به جیۆلۆجیا و گه‌ردون و زینده‌وه‌رزانی و..هتد. ده‌به‌ستێت. (علاوی، محمد عبدالعزیز، 2008، ل1). ڕه‌نگه پوخترین پیناسه‌ی جوگرافیا ئه‌وه‌بێت كه زانستیكه له دیارده سروشتی و مرۆیه‌كانی سه‌ر رووی زه‌وی و (ژێرزه‌وی) ده‌كۆڵێته‌وه و شییان ده‌كاته‌وه، له‌ڕووی له‌یه‌كچوون و جیاوازی و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر یه‌كتری.
چه‌مكی جوگرفیا له سه‌رده‌می مۆدێرندا چه‌مكێكی گشتگیره و ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و زانسته‌ی كه په‌یوه‌ندی به زۆركایه‌ی سروشتی و مرۆییه‌وه هه‌یه ته‌نها له سیاقێكی كلاسیك‌دا نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ڵكو په‌لی هاویشتووه بۆ زۆر بابه‌ت و لق و به‌شی زۆری لێ بووه‌ته‌وه و سه‌روكاریشی له‌گه‌ڵ زانسته‌كانی تردا هه‌یه، به‌و پێیه‌یی جوگرافیا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و دیاردانه ده‌كاته‌وه چ له‌سه‌رزه‌وی بن یان له‌ژێرزه‌وی و ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌رماندا ڕووده‌ده‌ن و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر سروشت و مرۆڤ و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌رمان هه‌یه.
هه‌رچی جوگرافیایه ده‌كریت به دوو لقه‌وه ئه‌ویش یه‌كه‌م: جوگرافیای سروشتی. دووه‌م: جوگرافیای مرۆیی یه‌كه‌م: جوگرافیای سروشتی (لێكۆڵینه‌وه له دیارده سروشتییه‌كانی هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌كات) ئه‌م لقه له جوگرافیا لێكۆڵینه‌وه و شیكردنه‌وه بۆ شێوه‌كانی ڕووی زه‌وی، ئاووهه‌وا و ئاوه‌كان و خاك و ڕووه‌ك و ئاژه‌ڵ و كانزاكان دیارده‌كانی تر ده‌كات، له ڕووی (جێمۆڕفۆلۆجی(شێوه‌كانی ڕووی زه‌وی)، كلیمه‌ت لۆجی ئاووهه‌وا(كه‌شناسی)، جوگرافیای خاك، زه‌ریاناسی، ...هتد. (شكوئی، حوسێن، 2009، ل27). جوگرافیای سروشتی نه‌ك هه‌ر سه‌كۆیه‌كه له دیارده سروشتییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه به‌ڵكو په‌یوه‌ندیشی له‌گه‌ڵ زانسته سروشتییه‌كان له مه‌ودایه‌كی فراواندا دایه. ئه‌م په‌یوه‌ندییه كاریگه‌ری له‌سه‌ر سنوور و ڕه‌هه‌نده‌كانی جوگرافیا له فۆڕمێكی نوێ‌دا گه‌ڵاڵه ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وه‌ویت جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه جوگرافیای مرۆییه وه‌ك دووه‌م لقی جوگرافیا، كه‌واتا لقی دووه‌م: كه جوگرافیای مرۆیی لێكۆڵینه‌وه له دیارده‌كانی سه‌ر ڕووی هه‌ساره‌ی زه‌وی ده‌كات، كه ڕاسته‌وخۆ پەیوه‌ندیان به مرۆڤ یا چالاكییه‌كانی مرۆڤه‌وه هه‌یه، له ڕووی (جوگرافیای ئابوری، جوگرافیای ڕامیاری(سیاسی)، جوگرافیای نیشته‌جێبوون، جوگرافیای شار، جوگرافیای كەلتوری، جوگرافیای زمان و...هتد. (شكوئی، حوسێن، سەرچاوەی پێشوو، ل30). هه‌ر له‌مه‌ڕ جوگرافیای مرۆیی‌دا هاتووه ئه‌م زانسته لێكۆڵینه‌وه له مرۆڤ ده‌كات له ڕووی وه‌چه‌ی مرۆیی یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت ڕه‌گه‌زه مرۆییه‌كان و بنچینه‌ی ئه‌م زنجیرانه و په‌ره‌سه‌ندنیان، وێڕای دابه‌شكردنی دانیشتوان و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه‌وا له‌م دابه‌شكردنه‌دا كاریگه‌رن. سه‌ره‌ڕای لێكۆڵینه‌وه له گه‌شه‌ی دانیشتوان و چڕی نیشته‌جێبوون و په‌یوه‌ندییان به ژینگه‌وه له‌ڕووی به‌كارهێنانی به‌ربوومه‌كانیه‌وه له تێركردنی پێداویستیه‌كانیدا له ڕێگه‌ی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و بازرگانییه‌وه. هه‌روه‌ها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤدا ده‌كات له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌یدا له هه‌ڵبژاردنی شوێنه‌كانی نیشته‌جێبوونی تایبه‌ت، ئیدی له‌شاره‌كاندا بێت یان له گونده‌كاندا. (جاد الرب، حسام ا‌لدین، سەرچاوەی پێشوو، ل195).
له‌لایه‌كی تره‌وه جوگرافیای مرۆیی بایه‌خ ده‌دات به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر دانیشتوان و چۆنیه‌تی ژیانی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی یان له‌به‌ر ئه‌وه كه شاره‌زا بوون له زانستی جوگرافیا گرنگی و خۆی هه‌یه له تێگه‌یشتن و دیراسه‌كردنی ئه‌م گه‌ردوونه‌ی تیایدا ده‌ژین. (علاوی، محمد عبدالعزیز، سەرچاوەی پێشوو، ل1)
جوگرافیای مرۆیی به یه‌كێك له لقه گرنگه‌كانی جوگرافیا داده‌نرێت، جێكه‌وتی زۆرتری هه‌یه له‌سه‌ر مرۆڤ و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیداره به مرۆڤه‌وه بۆیه هه‌ندێك له جوگرافی ناسان له جێگه‌ی جوگرافیایی مرۆیی، جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌هێنن، به‌ڵام هه‌ندێكی تر له جوگرافی ناسان پێیان وایه ناكرێت له جێگه‌ی جوگرافیای مرۆیی جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كار بێت، چونكه جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێكه له جوگرافیای مرۆیی، كه له دانیشتوان و ناوه‌نده‌كانی نیشته‌جێ بوونی شار و گوند و چالاكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه جیا له چالاكیه سیاسی(ڕامیاری) و ئابوریه‌كان. (شكوئی، حوسێن، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل31).
په‌یوه‌ندی نیوان جوگرافیا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵناسی له جوگرافیای مرۆیدا په‌یوه‌ندیه‌كی رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره به‌و چالاكیه جوگرافییانه‌ی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ هه‌یه یاخود په‌یوه‌ندی به كاریگه‌ری چالاكیه مرۆییه‌كانه‌وه یان كۆمه‌ڵه‌وه‌یه له سه‌ر جوگرافیا هۆستن (Houston) جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تی (Sociall Geography)، دابه‌شده‌كات بۆ سێ به‌ش ئه‌وانیش جوگرافیای دانیشتوان جوگرافیای گوند و شاره‌كان) (جاد الرب، حسام ا‌لدین، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل363). هه‌ندێكی تر جوگرافیای كه‌لتوریش به به‌شیك له جوگرافیای كۆمه‌ڵایه‌تی داده‌نێن.
قوتابخانه‌ی جوگرافیا جه‌خت له‌سه‌ر واقیعه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به گوێره‌ی كاریگه‌ری هۆكاره جوگرافیه‌كان لێكده‌ده‌نه‌وه. هه‌رێمه‌كانی نیشته‌جیبوون و كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كان به‌پێی جۆری ئاووهه‌وا ...دابه‌شده‌كرێت. لێره‌دا سه‌رنجه‌كه له‌سه‌ر گونجاندنی مرۆڤه له‌گه‌ڵ حه‌تمیه‌تی جوگرافیا لێكۆڵه‌رانی وه‌ك ڤیداڵ دولابلانس(V. de la Blanche) و پیێر جۆرج (P. Georges)له ڕێی په‌ره‌سه‌ندنی قوتابخانه‌ی جوگرافیای مرۆیی باسیان له كاریگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤ و گروپ و ڕێكخراوه‌كان له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی جوگرافیایی و چۆنیه‌تی گونجانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر كردووه. (موحسنی، مه‌نوچێهر، 2005، ل199).
جوگرافیای زمان، زمان لە بۆتەی جوگرافیادا
مەبەست لە جوگرافیای زمان؛ كاریگەری ڕەوتی جوگرافیا و سنور و شوێن و ژینگەیە بەسەر زمانەوە، دابەشبوونی جوگرافی زمانە جیاوازەكانی جیهانە لەسەر نەخشە. نەخشە گەلێك كە جوگرافیا كێشاویەتی و شوێنی ئاخێوەرانی زمانەكانی تێدا ڕەنگڕێژكراوە.
مادام جۆراجۆریەتی زمان، بەشێكە لە سیماكانی جیهانەكەمان، كەواتا پێویستمان بە جوگرافیایە بۆ پیشاندانی ئەو جیاوازیە. پێویستمان بە جوگرافیایە بۆ دەستنیشان كردنی شوێنی زمانە خۆجێیەكان و زانینی ئەو هۆكارە جوگرافییانەی كە بوونەتە فاكتەری جۆراوجۆریەتی زمان. دەبێتە لێتوێژینەوە لەوە بكرێت ئایا هۆكارە سروشتی و مرۆییەكان ڕۆڵیان چییە لەم كایەیەدا. هەربۆیە لە كۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم ژینگەیەكی لەبار بوو بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتێكی نوێی زانستی لە زمانەوانی نوێ‌دا ئەمەش هەلومەرجی هاتنە پێشەوە و ئەفراندنی زانستێكی نوێی لێكەوتەوە كە بە (زانستی زمانی جوگرافی) یاخود (زانستی جوگرافیای زمانەوانی). لە زانستی زمانی جوگرافییدا؛ لە ڕوانگەی جوگرافیاوە لە زمان دەكۆڵڕێتەوە، لە زانستی جوگرافیای زماندا لە ڕوانگەی زمانەوە لە جوگرافیا دەكۆڵرێتەوە. (رشید عبدالرحمان العبیدي، 2002، ل33). وادیارە لە یەكەمیاندا جوگرافی ناسەكان ئەو ئەركە لە ئەستۆ دەگرن لە دووەمیاندا زمانناسەكان ئەركدارن.
جوگرافیای زمان؛ ناوێكی سەردەمیانەیە بۆ زانستێك كە لە لێكۆڵینەوەكانییدا دوو زانست لە خۆ دەگرێت ئەوانیش: زانستی زمان و زانستی جوگرافیا. ڕەنگە هەندێك بە (جوگرافیای زمان) و هەندێكیش بە (زمان‌ناسی جوگرافیا) و هەندێكی تریش بە (زمانی جوگرافی یاخود جوگرافیای زمانەوانی) ناوی ببەن. (بن عون، الزبیر، محمد در، 2020، ص137). ئەم زانستە لقێكە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان جەخت لە دابەشبوونی زمانە جیاوازەكان دەكاتەوە لە جیهاندا و لە ڕوانگەی جوگرافیای زمانەوە خەمی لێكۆڵینەوەی زمانەكانە لە دۆخی ئێستا و ئاماژە دەدات بە ژمارەی قسەكەران و بەكارهێنانی هەر زمانێك جگەلە دابەشبوونە جوگرافییەكەی و گرنگییە ئابورییەكەی و ئەو لایەنە زانستی و كەلتوری و ڕۆشنبیریانەی كە كاریگەریان هەیە لەسەر ناسینەوەی زمانەكان و لەڕووی شێوەی قسەكردن و نووسینیان. (خیرة، بلجیلالي، 2018، ص187).
هەروەها زانستی جوگرافیای زمان، لێكۆڵینەوە دەكات لە هەرێمێكی جوگرافی و مێژوویی و كۆمەڵایەتی لە یەكەیەكی زمانەوانی دیاریكراودا. لەنێوان ئەو پرسە زمانیانەی پەیوەستن بە لایەنی جوگرافییەوە. ڕووپیوی بۆ زمانی ناوچە جیاوازەكان دەكات بە ئامانجی ئەوەی كاریگەری شوێن لەسەر فرەیی و فرەچەشنی زمان و شێوەزارەكان لە ناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراودا دەربخات بە لەبەرچاوگرتنی هۆكارەكانی فرەیی زمان و هەمەجۆری جوگرافی و بەزاندنی زمان بەسەر سنوورە سروشتیەكاندا و دابەشبوونی بەسەر نەخشە زمانەوانییەكاندا و سوود لێوەرگرتنیان بۆ پلاندانان و پەرەپێدانی نەخشەی جوگرافی و ئەتڵەسە زمانەوانییەكان. هەروەها نیشاندانی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی زمان و شێوەزارەكان بەسەر شوێنە جیاوازەكاندا. ڕێكخستنیان بەشێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ سیستەمی زمان و فرەجەشنییەكەی. (باي، ماریو، 1980، ص11). دەشێت ئەم زانستە نەك تەنها بۆ زمان بەڵكو پۆلێن بەندی بۆ شێوەزارەكانیش بكات لە هەرێمێكی جوگرافی دیاریكراودا لەسەر بنەمای هۆكارە جوگرافییەكان یاخود لێكۆڵینەوە لە زمانەكانی دوو دەوڵەتی درهاوسێدا بكات. بۆ بەراوردكردنیان لەوەی بزانین ئەو زمانانە چۆن كاریگەریان لەسەر یەكتر هەیە لەڕووی ڕێزمانی و وشەسازی و قسەكردنەوە. (الحمید، عبدالعزیز بن حمید، 2011، ص29). ئەمە جگەلەوەی جوگرافیای زمان وەك بابەتێكی مرۆیی دەتوانرێت پەیوەست بكرێت بە جوگرافیای كەلتورییەوە، بەو پێیەی زمان یەكێكە لە توخمەكانی كەلتور. ئەوەشی كاریگەری لەسەر زمان و فۆڕمەكانی زمان هەیە، هەریەك لە فاكتەرەكانی (جوگرافیا، كەلتور، ژینگە) ڕۆڵی تێدا دەبینن.(سەدرەدین، كازم ئەحمەد، 2013، ل83).
لە جیهانی ئەمڕۆشدا لەگەڵ پێشكەوتنی زانستی نوێ‌دا زۆر هۆكار و بوار دەركەوتن بۆ داخڵكردنی داتا و زانیارییەكان و نواندنی دابەشبوونی دیاردەكان لەسەر زەوی، یەكێك لەو هۆوپێناوانە (Gis). وەك تەكنیك و ئامرازێكی جوگرافی نەك تەنها كار ئاسانی كردوە بۆ زمان بەڵكو هەماهەنگە بۆ زۆرێك لە زانستەكان. خۆ ئەگەر لە سەردەمە دێرینەكاندا بە قورسی تەماشای نواندنی دیاردەكان كرابێت لەسەر نەخشە. نەخشەكانی جوگرافیا لە چەند دیاردەیەكی دیاردا قەتیس بووبێت و نواندنی بۆ كرابێت، ئەوا لە ئەمڕۆدا كارەكە ئاسانە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و سەرهەڵدانی سیستمی زانیارییە جوگرافییەكان(GIS). بە تایبەت لەبواری نەخشەسازی و كارتۆگرافیادا. بەو پێیەی یەكێك لە كارەكانی جوگرافیای زمان دابەشبوونی فرەچەشنی زمانەكانە لە جیهاندا. بۆیە سیستەمی زانیارییە جوگرافییەكان دەتوانێت لەڕێگەی دانانی هێمای تایبەت و مۆدێلی وەسفكردنی گرافیكی بۆ زمانە جیاوازەكان. بە باشترین شێوە و كوالێتیەكی بەرزەوە نەخشەیەكمان بۆ دروست بكات كە بە پشت بە ستن بە داتا و زانیاریەكان نەك تەنها زمانە جیاوازەكانمان بۆ بخاتە سەر نەخشە بەڵكو دەتوانێت زۆربە ئاسانی ژمارەی قسەكەرانی هەر زمانێك و شێوەی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەیان لە شوێنە جیاوازەكانی سەر گۆی زەویدا پیشان بدات. (Zui Hu, Guoan Tang, Guonian Lu, 2014, P:563).
ڕەهەندەكانی پەیوەندی نێوان زمان و جوگرافیا
وەلێ دەتوانین ڕۆڵی جوگرافیا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ زمان پەیوەست بکەین بە کۆنتاکت لەگەڵ زانستەکانی تر لە زۆر ڕەهەندی جیاوازەوە، باسکردن لە خاڵە هاوبەش و خاڵە جیاوازەکانی جوگرافیا و کۆمەک وەرگرتن لە زانستەکانی تر، کایەیەکە ڕۆشنایی زیاترمان پێدەبەخشێت سەبارە بە لێکۆڵینەوە و کارکردن لەسەر زمان. بە نموونە بۆ زانینی شێوازی ڕێزمانی و داڕشتنی ئەدەبی هەر نەتەوەیەك سوود لە زانستی زمان و بۆ ساغکردنەوەی بوونی زمان و کردنەوەی گرێکوێرە و کودەکانی زمان و ئاوڕدانە لە ئاخێوەرانی، کۆمەکی لە مێژوو وەردەگرین. بۆ پرسیارکردن لە مەڕ چیەتی زمان و شیکردنەوەی تەونە چنراوە ئاڵۆزەکانی زمان و شکاندنی کۆدەکانی، سوود لە فەلسەفە و بۆ کۆمەڵگە و گرۆی بەکارهێنەرانی سوود لە کۆمەڵناسی. بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتی زمانەوانی و بە ئیمپراتۆریەتکردنی زمان سوود لە سیاسەت و بۆ شێوازی نزا و سروت و پەیوەندی یونڤێرساڵی و موتەعالی و بەرزکردنەوەی وزەی ڕووحی سوود لە ئاین...هتد. وەردەگرین. (جەباری، كازم، 2024، ل8)
توێژەران هەوڵدەدەن زادەی پەیوەندی لەنێوان زانستەكاندا بخەڕوو، ئەمەش یارمەتیمان دەدات بۆ دروستكردنی پەیوەندی و بەستنەوەی لایەنە هاوبەشەكانی زانستەكان لەگەڵ یەكدی و كردنەوەی دەلاقەیەكی نوێ بە ئاڕاستەی داهێنان و هێنانەكایەیی بابەت گەلی نوێ، كە شایانی توێژینەوە بن. لەم ڕوانگەوە لێكۆڵینەوە لە ڕەهەندەكانی پەیوەندی نێوان زمان و زانستەكانی تر بەتایبەت زانستە مرۆڤایەتییەكان گرنگی خۆی هەیە و جێگەی بایەخە بەتایبەت لەمەڕ پەیوەندی زانستەكانی زمان و جوگرافیا. هەروەك چۆن شوێنی جوگرافی و سروشتی كۆمەڵگە و ژینگەكەی و باری سروشتی ئەو زەویەیی كە كۆمەڵە خەڵكێك لەسەری نیشتەجێن و ئەم كۆمەڵە خەڵكەش لە ژینگەی جیاوازدا دەژین و كۆمەڵگە و وڵات و هەرێمی جیاوازیان بونیاد دەنێن. كاریگەرییەكی ڕوون و ئاشكراش لە سەر فەرهەنگ و كەلتور و زمانی ڕۆژانە بەجێدەهێڵن. (خۆشناو، شێروان حوسێن، 2012، ل89).
بێگومان زمان وەك هۆكارێك بۆ ئاخافتن و دواندن و نووسین و مانەوە، كاریگەری ژینگەی سروشتی و مرۆیی لەسەرە. كە دەكرێت ئەم پەیوەندیە لە چوارچێوەی جوگرافیادا ڕەنگڕێژ بكەین، هەروەك دەكرێت دەرفەت وەربگرین و لەم گۆشەنیگایەوە بپرسین ئایا خودی جوگرافیا چییە؟ بێجگەلە جوگرافیای كەلتور و زمان، ئەوەی لە مێژووشدا واریدە بەدەگمەن جوگرافیایەك هەیە كە كەلتور و زمانێك دوای زەوتكردنی، ڕەنگ و سیمای خۆیان پێ نەدرابێت.
ئەمە دەمانباتەوە بۆ ئەو بابەتەی لە هەرشوێنێك كەلتور و زمانێك توانیبێتیان بەهێزەوە دەربكەون و ناوەڕۆكێكی سیاسی و یەكەیەكی كارگێڕی و هەرێمێكی مرۆیی بۆ خۆیان دروست بكەن كەوتا جوگرافیایەكیان بۆ خۆیان بونیادناوە. (سابیر، ڕەفیق، 2008، ل109) زمانێكیان كردوە بە ڕەمز و شكۆی هەرێمەكەیان. هەروەك لە جوگرافیای سیاسیش‌دا یەكێك لە بنەماكانی دەوڵەت زمانە. بەو مانایەیی زمان دەتوانێت كەلتوری هاوبەش دروست بكات و توانستی ئەوەی هەیە هەستی هاوڵاتی بوون لە وڵات‌دا بەهێز بكات.
لە باری ڕەگەزی سروشتیشەوە دەكرێت بڵێین هەر لە كۆنەوە دیاردە جوگرافییەكان بە نموونە تۆبۆگرافیا و زنجیرە شاخەكان كاریگەریان هەبووە لەسەر فرە جەشنی زمان و دابڕینی قسە پێكەرانی زمانێك و لەگەڵ زانێكی تر و دواتر مانەوەیان لەگەڵ یەكتردا و لە چوارچێوەیەكی تەسكدا بەمەش جۆری قسەكردنیان شێوازێكی تایبەت بەخۆیانی وەرگرتووە. چونكە هەركاتێك ڕادەی تێكەڵاوی كەم بوو زمان كەمتر دەگۆڕێت، هەروەك كاتێك تێكەڵاوی زیاتر بوو گۆڕانی زیاتر لە زماندا ڕوودەدات. كەوتا دیاردە سروشتیەكان سەرەڕای هۆكارە كەلتورییەكان ڕۆڵیان هەیە لە سازدانی ژینگەی تایبەت و درووستبوونی زماندا.(خۆشناو، شێروان حوسێن، سەرچاوەی پێشوو، ل91).
هەروەك زانستی جوگرافیا لە ڕووی مرۆییەوە توانستی ئەوەی هەیە لە دەلاقەی جیاوازەوە پەیوەندی لەتەك زماندا دروست بكات، بەنموونە لە ڕێگەی جوگرافیای کەلتوریەوە شیکردنەوە بۆ زمان دەکات و نیگاكان دەباتەوە لای ئەنترۆپۆلۆژیا، ئەگەرچی زمان بە یەکێک لە توخمەکانی کەلتور دادەنرێت و كەلتوریش یەكێكە لە پایە و كیڵگەكانی لێكۆڵینەوە ئەنترۆپۆلۆژیەكان، بەڵام لە جوگرافیای كەلتوریدا توێژینەوە لەسەر زمان، شان بەشانی ڕەگەزە كەلتوریەكانی تری وەك ئەدەب و هونەر و داب و نەریت و ئایین و..هتد. دەبێتە جێی بایەخی لێكۆڵەرانی جوگرافیا چ لەڕووی جوگرافیای سروشتییەوە یاخود جوگرافیای مرۆییەوە. (جەباری، كازم، سەرچاوەی پێشوو، ل8).
لێرەوەڕا.. پەیوەندی نێوان جوگرافیا و کایە جیاوازەکان بە زمانیشەوە پەیوەندیەکی سوودگۆڕکێیە و دەرگا لەسەر شیکردنەوە بابەتیەکان دەکاتەوە. دواجار ئاوێتەبوونی زانستە جیاوازەکان و ڕۆڵپێدان و کەشفکردنی پەیوەندیەکانیان، دەبێتەهۆی گەشەپێدانی بیر و دیدی نوێ، جیالەوەی داهێنان دەخولقێنێت و ژینگەیەکی لەبار بۆ لێکۆڵینەوە زانستیەکانیش فەراهەم دەکات.
دەرەنجام
1. زمان؛ بەتەنها كردەیەكی خۆرسك نییە، بەڵكو ئامرازێكی گرنگە بۆ ئاخافتن و دواندن، هۆكارێكیشە بۆ لێكتیگەیشتن و گۆكردن و دەربڕین. هەروەها زمان دەبێتەهۆی دروستكردنی پەیوەندی و كۆنتاكت لەنێوان مرۆڤەكان. بەجۆرێك هەندێك لە زانایا زمان بە هۆكاری جیاكەرەوەی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەكانی تری سەر گۆی زەوی دادەنێن.
2. جوگرافیا بە یەكێك لە لقەكانی مەعریفە دادەنرێت و یەكێكە لە كۆنترین زانستەكان، كە بایەخ بە دیاردە سروشتی و مرۆییەكان دەدات و لە پەیوەندی نێوان دیاردەكان دەكۆڵێتەوە، بوار و مەودایەكی فراوانی هەیە بۆ لێكۆڵینەوە. سەروكار و لینكی لەگەڵ زۆرێك لە زانستە سروشتی و زانستە مرۆییەكاندا هەیە لەناویاندا زمان.
3. جوگرافیای زمان؛ لقێكە لە زانستە مرۆڤایەتییەكان و بە بەشێك لە جوگرافیای مرۆیی دادەنرێت و لەو فاكتەرە جوگرافییانە دەكۆڵێتەوە كە كاریگەری لەسەر زمان هەیە. چ لە ڕووی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەیان لە جسهاندا لەسەر نەخشە و ئەتڵەسەكان، یاخود ئەو فاكتەرە شوێنی و ژینگەیی و كەلتوریانەی كە كاریگەریان لەسەر جیاوازی و فرەچەشنەیی زمان هەیە.
4. پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان، وەك پەیوەندی نێوان زۆرێك لە زانستە مرۆڤایەتییەكان، پەیوەندیەكی بە بایەخە و لە زۆر ڕەهەندەوە دەرگا لەبەردەم دەلاقەیەكی نوێ‌دا دەكاتەوە بە ئاراستەی لێكۆڵینەوە لە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و ئەو نزیكایەتی و پەیوەندییە تەواوكارییەی كە لەنێوان زانستەكانی زمان و جوگرافیادا هەیە. ئەم پەیوەندییە لە چەندین ڕەهەندی جوگرافی سروشتی و مرۆیی وەك: كاریگەری شوێن و ژینگە و..هتد و كاریگەری كەلتور و بەكارهێنانی تەكنەلۆژیا و تەكنیەكە نوێیەكانی وەك سیستەمی زانیاریە جوگرافیاكاندا دەردەكەوێت.
5. لەسەردەمی نوێ‌دا، شەپۆلەكانی جیهانگیری گرەو لەسەر قوردەرەتی مانەوەی زمان دەكەن. ئەگەرچی ئەمرۆكە جیهانگیری و تەكنەلۆژیا و سۆسیال میدیا، كە لەزۆر ڕەهەندەوە باڵایان بەسەر جیهاندا كێشاوە و بوونەتەهۆی لەناوچوونی هەندێك لەو زمانانەی كە لە كۆندا زمانی شاهەنشا و زمانی باوی سەردەمی خۆیان بوون بەڵام لە ئێستادا جگەلە كەمینەیەك زیاتر نین. هاوكات لەسایەیی سیستەمی نوێی جیهان و هێزە باڵادەستەكان، لە پێناو فەرزكردنی هەژموونی سیاسی و كەلتوری و فەرهەنگی خۆیان نەك تەنها زمان؛ بەڵكو كەلتور و ڕەسەنایەتی زۆر وڵات و نەتەوەی خاوەن شارستانی بندەستیان خستووەتە پەراوێزەوە.
لیستی سەرچاوەكان
سەرچاوە كوردییەكان:
یەكەم: كتێبەكان:
1. ابو سمور، حسن، 2013، دەروازەیەك بۆ زانستی جوگرافیای سروشتی، وەرگێڕانی: ئوسامە ئەشرەف محەمەد هەڵەبجەیی، هەولێر: چاپی یەكەم، دەزگای نارین.
2. ئاشوری، داریوش، كەلتور چەمك و پێناسەكان، وەرگێڕانی: كۆسار فەتاحی، چاپخانەی ئەلەند.
3. ئەحمەد، عەبدولمەناف رەمەزان، 2011، ئەتڵەسی زمانی، دهۆك: چاپی یەكەم، چاپخانەی خانی.
4. جاد الرب، حسام ا‌لدین، 2012، فه‌رهه‌نگی زاراوه جوگرافیه‌كان، وەرگێڕانی: محه‌مه‌د چیا، سلێمانی: چاپی یه‌كه‌م، چاپه‌مه‌نی چوارچرا.
5. سابیر، ڕەفبق، كولتوور و ناسیۆالیزم، سلێمانی: چاپی سێیەم، چاپخانەی تیشك.
6. سابیر، كامیار، 2011، ئەنسرۆپۆلۆجیای زمانی كوردیی پرۆسێسی ستاندەردبوونی، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی ئاوێنە.
7. سەدرەدین، كازم ئەحمەد، 2013، جوگرافیای كەلتوری ناوچەی جەباری، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی كارۆ.
8. شاكەلی، فەرهاد، 2009و زمانی كوردی لە ئاستانەی سەردەمێكی تازەدا، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی ڕەنج.
9. شاكەلی، ئەمجەد، 2011، زمانی كوردی ناسنامە و نیشتیمانی كوردە، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی شڤان.
10. شكوئی، حوسێن، 2009، جوگرافیا و فەلسەفەی جوگرافیا، وەرگێڕانی: ئاسۆ عبدالرحمن، سلێمانی: چاپی یەكەم، چاپخانەی ڕەنج.
11. علاوی، محمد عبدالعزیز، 2008، ئینسكلۆپیدیای جوگرافیا، وەرگێڕانی:به‌رزان ئه‌مین، سلێمانی: چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی چوارچرا.
12. عەبدوڵڵا، خەبات، 2005، بنەما تیۆرییەكانی جوگرافی عەسكەری كوردستان، سلێمانی: چاپی دووەم، چاپخانەی ڕوون.
13. قادر، ئارام، 2010، شرۆڤەی لۆجیكی بۆ زمان، هەولێر: چاپی یەكەم، چاپخانەی موكریانی.
14. موحسنی، مەنوچێهر، 2005، كۆمەڵناسی گشتی، وەرگێڕانی: موسڵح ئیروانی، هەولێر: چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.
دووەم: گۆڤارەكان:
1. حمەساڵح، تاڤگە عومەر، 2012، گرفتی دەرونی داڕشتنی زاراوە لە زمانی كوردیدا، گۆڤاری گزنگ، ژمارە (94).
2. خۆشناو، شێروان حوسێن، 2012، دیالێكتی جوگرافی، گۆڤاری گزنگ، ژمارە (94).
جەباری، كازم، 25/2/2024، پەیوەندی نێوان جوگرافیا و زمان، كوردستانی نوێ.
سەرچاوە عەرەبییەكان:
یەكەم: كتێبەكان:
1. بايو ماریو، 1980، أسس علم اللغة، ترجمة: أحمد مختار عمر، عالم الكتب، القاهرة-مصر.
2. العبیدي، رشید عبدالرحمن، 2002، مباحث في علم اللغة و اللسانیات، الطبعة الاولی، دار الشؤون الثقافة العامە، بغداد.
دووەم: گۆڤارەكان:
1. بن عون، الزبیر، محمد در، 2020، الجغرافیا اللغویة موضوع و مجالات البحث، مجلة العلوم الاجتماعیة، المجلد14، العدد2.
2. الحمید، عبدالعزیز بن حمید، 2011، علم اللغة الجغرافي بین حداثة المصطلح وأصولە لدی العرب، مجلة الدراسات الغویة و الأدبیة، سنة الثانیة، عدد الثاني.
3. خیرة، بلجیلالي، 2018، علم اللغة الجغرافي مفهونە و أصولە عند العلما‌ء العرب، مجلة الفكر المتوسطي للبحوث والدراسات في حوار الدیانات والحضارات، مجلد 7، عدد2.
سەرچاوە ئینگلیزییەكان:
1. Zui Hu, Guoan Tang, Guonian Lu, 2014, A new Geographical Language A perspective of GIS, Journal of Geographical Sciences 24, (3).:
https://doi.org/10.1007/s11442-014-1106-2