یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ناو دەستووری عێراق کێشەی مادەی ١٤٠ە. مادەی١٤٠ داوای جێبەچەکردنی یاسای ٥٨ی یاسای بەڕێوەبردنی عێراق دەکات.
مادەی ١٤٠:
یەكەم: دەسەڵاتـی ڕاپەڕاندن هەنگاوی پێویست دەنێت بۆ تەواوكردنی جێبەجێكردنی پێداویسیتەكانی مادەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە بە هەموو بڕگەكانیەوە.
دووەم: ئەو بەرپرسیاریەتیەی لەسەر شانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنە لە حكومەتی ئینتیقالیدا كە لە مادەی (٥٨) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوەدا ئاماژەی پێكراوە، بەردەوام دەبێت و دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندنی هەڵبژێردراو بەگوێرەی ئەم دەستوورە بۆ ئەوەی بە تەواوی جێبەجێ بكرێت (ئاساییكردنەوە، سەرژمێری، لە كۆتاییدا ئەنجامدانی ڕاپرسی لە كەركوك و ناوچەكانی تر كە ناكۆكیان لەسەرە بۆ دیاریكردنی ویستی هاوڵاتیان) لە ماوەیەكی دیاریكراودا كە لە مانگی ١٢/٢٠٠٧ تێپەڕ نەكات.
تا ئێستا هەنگاوەکانی مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراون و ئەو پرسانەی کە مادەکە ئاماژەی پێدەکا هێشتا بە هەڵواسراو و چارەسەرنەکراو ماونەتەوە. وەک لە مادەکەدا ئاماژەی پێکراوە، جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت کە بریتین لە؛ ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕیفراندۆم لە ناوچە جێناکۆکەکاندا. زاراوەی ‘ناوچە جێناکۆکەکان’ خۆی لە خۆیدا ناڕوون و کێشەدارە، لە مادەی ١٤٠دا تەنها کەرکوک و " ناوچەكانی تر كە ناكۆكیان لەسەرە "هاتووە. بەڵام ،گروپە جیاوازەکانی ناو عێراق بە تەواوی لەسەر ئەو خاک و ناوچانە ڕێکناکەون کە بە ناکۆکی لەسەر دادەنرێت. بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە دەبوو ناوچە جێناکۆکەکان بە تاک و بە تایبەتی لە دەستووردا ناویان بکرایە بۆ ئەوەی لەم کێشە زێدەیەدوور بکەونەوە، خۆی مادەکە کەم نیە لە کێشە، هەر یەک لە سێ قۆناغەکە ( ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی) کێشەی تایبەتی خۆیان هەیە.
یەکەم هەنگاوی جێبەچێکردنی مادەی ١٤٠ هەنگاوی ئاسایکردنەوەیە. بەپێی مادەی ٥٨ی یاسای کارگێڕی ئینتقالی، ئاساییکردنەوە پێویستی بە ئەنجامدانی چوار کردار هەیە:
١. قەرەبووکردنەوەی دارایی
٢. ڕاستکردنەوەی نەتەوە
٣. چارەسەرکردنی ناکۆکی زەوی
٤. گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی پێش بەعس
بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ناوچە جێناكۆكەكان پێویستبوو ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی بە عەرەبكردنی ڕژێمی بەعسدا لەو ناوچانە دەركرابوون بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەروەها دەبوو ئەو عەرەبانەی هێندرابوونە ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە شوێنی خۆیان. بەڵام لە مادەکەدا میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە بەڕوونی نەخراوەتەڕوو و لە ئەنجامدا هەریەک لەو کردەوانە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبنەوە. بۆ نموونە، سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی دارایی، بەرپرسێکی کوردی کەرکووک لە ساڵی ٢٠١٥ وتی کە ئەوان ساڵانە ١٧ ملیار دینار وەردەگرن لە حکوومەتی فیدڕالی، لە کاتێکدا کە پرۆسەی قەرەبووکردنەوە پێویستی بە ٦٠٠ ملیار هەیە. ئەمەش بە ڕوونی ئاماژەی ئەوەیە کە بەغدا نیازی تەواوکردنی هەنگاوەکەی نیە. ئەم ڕێکارە بۆ خۆی شلۆقە چونکە زۆرێک لە خێزانەکان کە زۆربەیان عەرەبن هیچ نیازێکیان نییە بگەڕێنەوە بۆ شارە ڕەسەنەکانیان. هەروەها زۆرێک لە خێزانە دیپۆرتکراوەکان کە پێشتر ژیانیان لە شوێنەکانی دیکە دەستپێکردبوو، بە هۆی دۆخی ئەمنی شارەکەوە، نیازێکی کەمیان هەبوو بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک. ناکۆکی زەوی پرسێکی ترە کە چارەسەرکردنی ئاسان نییە. تا ساڵی ٢٠١٥، ٨٨٠٠ حاڵەتی ناکۆکی زەوی هەبووە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی داواکاری موڵک و ماڵی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. ڕێکارەکان بە خاوی دەچن ئەمەش هۆکارەکەی زۆری ژمارەی تانەدان لە بڕیارەکان. گەڕاندنەوەی سنوورە ئیداریەکانی پێش بەعس، بە هەمان شێوەی ڕێکارەکانی تر، ڕێکارێکی پڕە لە کێشە. پرۆسەکە داوای لکاندنەوەی ئەو ناوچانە دەکات کە لە ساڵی ١٩٧٥ لە کەرکووک جیاکراونەتەوە و بە پارێزگاکانی دەورووبەر لکێنراون. قەزاکانی وەک کەلار و چەمچەماڵ کە لە ساڵی ١٩٧٦لە کەرکوک دابڕاون و لکێنراون بە سلێمانیەوە، قەزای توز خورماتوو کە لە ساڵی ١٩٧٦ بە پارێزگای سەڵاحەدینەوە لکێنرا، هەروەها ناحیەی کفری کە بە پارێزگاری دیالە لکێنراوە لە هەمان ساڵدا. گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی پێش بەعس بە ڕوونی لە بەرژەوەندی کورددایە بەو پێیەی قەزاکانی چەمچەماڵ و کفری و کەلار زۆرینەیان کوردن. لە ئەنجامدا، ئەم هەنگاوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی عەرەب و تورکمانەکان بووەتەوە، ئەوان دەڵێن کە ئەم پرسە خۆی لە پارێزگای کەرکوکدا سنووردار ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی دەوروبەریش هەیە، دواجار کاریگەری لەسەر هەموو عێراق دەبێت. عەرەب و تورکمانەکان زیاتر دەڵێن، مامەڵەکردن لەگەڵ کەرکووک بە تایبەتی پێویستی بە ڕێککەوتنێکی گشتی هەیە لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا. ڕێکەوتنێکی لەم جۆرە نەکراوە تا ئێستا و کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەم پرسە بە تایبەتی چارەسەرکردنی قورسە، لەبەر ئەوەی گەڕاندنەوەی سنوورەکانی کەرکوک بە مانای گۆڕینی سنوورەکانی سلێمانی، دیالە، و سەڵاحەدین دەبێت کە ئەمە خۆی لە خۆیدا ڕێکارێکی ئاڵۆزە. ئاڵۆزی ڕێکارەکە و ناڕەزایەتییە گەورەکەی عەرەب و تورکمانەکان وا دەکات پرۆسەی گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش بەعس کارێکی نیمچە مەحاڵ بێت.
سەرژمێری و گشتپرسی
هاوشێوەی ڕێکاری ئاساییکردنەوە، هەردوو ڕێکاری سەرژمێری وگشتپرسی تووشی ژمارەیەکی زۆری کێشە و ئاڵۆزی بوونەتەوە. سەرەتا دوا وادە بۆ ئانجامدانی سەرژمێری لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان تەمووزی ٢٠٠٧ بوو، بەڵام وادەکە جێبەجێنەکرا, ئەمەش کۆمەڵە هۆکارێکی هەیە, یەکێک لە هۆکارەکان جیاوازی بۆچوون بوو سەبارەت بە ئەوەی کە لە سەرژمێری پرسیاری نەتەوە بکرێ یان نا. داتای سەرژمێری بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان زۆر گرنگە بەو پێیەی داتاکانی سەرژمێری دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەو گشتپرسییەی کە لە بڕیارە لە دوای بێت. بە شێوەیەکی گشتی کێشەی هەردوو ڕێکاری سەرژمێری و گشتپرسی هەمان کێشەیە؛ کێ دەتوانێت بەشداری بکات و دەنگبدات؟. هیچ وەڵامیکی ڕوون بۆ ئەم پرسیارە نییە تا ئێستا چونکە گرووپە جیاوازەکانی کەرکووک بۆچوونی جیاوازیان هەیە. عەرەبەکان دەڵێن، هەرکەسێک بەڵگەنامەی کەرکوکی هەبێت، پێویستە ڕێگەی پێبدرێت لە ڕیفراندۆمدا دەنگ بدات، لە کاتێکدا کورد داوای جێبەجێکردنی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکات بەو پێیەی پێش هەڵمەتی بەعەرەبکردنە و قەزا دابڕاوەکانی چەمچەماڵ، کفری، کەلار، و توز خورماتوو دەگرێتەوە، تورکمانەکانیش داوای جێبەجێکردنی هەمان سەرژمێری دەکەن، بەڵام بە سنوورە ئیدارییەکانی ئێستا. عەرەب بەتەواوەتی جێبەجێکردنی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ڕەتدەکەنەوە و کورد و تورکمان ئەو پێشنیازە ڕەتدەکەنەوە کە هەرکەسێک بەڵگەنامەی کەرکوکیی هەبێت مافی دەنگدانی هەیە، کورد و تورکمانیش پێشنیارەکانی یەکتری ڕەتدەکەنەوە و لە ئەنجامدا دانوستانەکان شکستیان هێناوە. ڕەتکردنەوەی سەرژمێری ١٩٥٧ لەلایەن عەرەبەکانەوە، شتێکی نامۆ نیە، بەو پێیەی ژمارەی ئەو عەرەبانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. زۆرجار کێشەکانی مادەی ١٤٠ تێکەڵی یەک دەبن وەک ئەوەی لێرەدا دەبینرێت، کێشەی مافی دەنگدان لەگەڵ کێشەی گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی کەرکووک بۆ پێش ١٩٧٥ تێکەڵی یەک دەبن، لە ئەنجام پرسەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت.
دوا ووتە
جێگای سەرنجە کە دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی هەر سێ هەنگاوەکە (ئاسایکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی) ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ بووە، ئەمەش بی پلانی لە نووسینی مادەی ١٤٠ دەردەخات. ناڕوونی و لاوازی زمانی نووسینی مادەی ١٤٠ دەکرێ وەک هۆکار ببینرێت بۆ ئەم کێشانە. مادەی ١٤٠ داوای گشتپرسی دەکات بەڵام دیاری ناکات کێ مافی دەنگدانی هەیە لە گشتپرسیەکە، داوای گەڕاندنەوەی سنوورە ئیدارییەکانی پێش ١٩٧٥ دەکات لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەڵام هیچ میکانیزمێکی کاریگەری دیاری نەکردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارێکی وا ئاڵۆز، لە ئەنجامدا و دوای نزیکەی ١٨ ساڵ لە دەنگدان بە دەستووری نوێی عێراق، مادەی ١٤٠ هەر وەکوو خۆی ماوەتەوە، کۆمەڵە ڕستەیەک لە سەر کاغەز