دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

کاریگەریی توانای کەسێتی لەسەر تێکەڵبوونی شێوەزار: شێوەزاری جافایەتی بە نموونە

By سازگار حەسەن و ژیکەڵ موحەمەد


 ١-پێشەکی

جۆراوجۆریی زاراوە و شێوەزار سامانێکی گەورەی زمانی کوردییە؛ زمانی کوردی بە زمانێکی جۆراوجۆر و دەوڵەمەند ناسراوە، پێکهاتووە لە چەندین زاراوە و شێوەزار کە لە شوێنی جیاجیای ناوچە کوردییەکان بەکاردەبرێن. ژمارەی قسەکەرانی کورد بە ٢٠ بۆ ٤٠ ملیۆن قسەکەر دەخەمڵێندرێت. دابەشکردنی کورد بەسەر چەند پارچە و وڵاتاندا کاریگەریی لەسەر هەڵکەوتەی زمان و شێوەزارەکاندا هەبووە بە گشتی (ئێدمۆندس ٢٠١٢).

لەنێو زاراوە کوردییەکاندا، دوو شێوەزاری سەر بە زاراوەی کورمانجیی ناوەند ئامانج و مەبەستی توێژینەوەکەن کە، ئەوانیش گەرمیانی (بە جۆراوجۆریی شێوەزارەکانی جافایەتی دانراوە) و سلێمانین. لەم توێژینەوەیەدا، شێوەزارەکانی جافایەتی وەکو دەستەواژەیەکی گشتی بەکارهێنراوە بۆ شێوەزاری گەرمیانی و وارماوای ماکێنزی بەهۆی بوونی چەندین ئامرازی زمانەوانیی هاوبەش. لەگەڵ ئەوەشدا، شێوەزارەکانی جافایەتی بە گشتی لە ناوچە جیۆگرافیایییەکانی وەکو گەرمیان  و  شارەزوور قسەیان پێدەکرێت. پرسی سەرەکیی ئەم دوو شێوەزارە کە جێگای بایەخ و سەرنجن، بریتییە لە تێکەڵبوونی شێوەزارەکانی جافایەتی. لەبەر ئەوە، توێژینەوەکە ڕۆشنایی دەخاتە سەر قسەکەرانی کەلاری کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەی کەلارن و لەکاتی بەرکەوتە و قسەکردنیان لەگەڵ قسەکەرانی سلێمانی. کەواتە، بابەت و پرسی ئەم توێژینەوەیە پەیوەستە بە لێکۆڵینەوە لە جموجۆڵ و هێزی یەکخستنی شێوەزارەکان، پەرشوبڵاوی لەنێوان قسەکەرانی سەر بە شێوەزارە جیاجیاکان و، لێکۆڵینەوە لە ستراتیژی گونجانی زمان.

٢. پاشخانی بیردۆزەیی

٢.١ پاشخانی زاراوە کوردییەکان 

 ماکێنزی زمانی کوردیی بەسەر ٣ کۆمەڵاندا دابەش کردووە: کۆمەڵەی باکوور یان کورمانجیی باکوور کورمانجیی ناوەند و، کۆمەڵەی باشوور کە بریتییە لە کورمانجیی باشوور لەوانە کرمانشایی، ئەردەلانی و لەکی (ماکێنزی، ١٩٦١). زمانزانی کوردی، فواد حەمە خورشید، کە پۆڵێن کردنەکەی لەوەی تۆفیق وەهبی نزیکە، زمانی کوردیی بە سەر چوار زاراواندا پۆڵێن کردووە و، هەر یەکەیان بەسەر چەند شێوەزاراندا دابەش بوون (حەمە ئەمین & عەلی ٢٠٠٦، عەزیز ٢٠٠٥، خۆشناو ٢٠١٣). کۆمەڵەی یەکەمی زاراوەکان پێکدێت لە زاراوەی کورمانجیی باکوور، کە پێکدێت لە شێوەزارەکانی بارزانی، هەکاری، بۆتانی، شەمزینانی، بادینانی و شێوەزارەکانی ڕۆژئاوا. ئەم شێوەزارانە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، باشووری ڕۆژئاوای ئەرمینیا، باکووری سوریا و هەردوو پارێزگای دهۆک و موسڵ لە عێڕاق و، شارەکانی خوی و قوتور لە ئێران قسەیان پێدەکرێت. زاراوەی دووەم بریتییە لە کورمانجیی ناوەند کە، پێکدێت لە شێوەزارەکانی سۆرانی، موکری، ئەردەلانی، سلێمانی وگەرمیانی

کورمانجیی باشوور سێیەم پۆڵێنی زاراوە کوردییەکانە کە، بە لوڕی ناسراوە. قسەکەرانی زیاتر بەسەر خانەقین لە عێڕاق و، قەسری شیرین، کرماشان و مەلایەر لە ئێران دابەشبوون. شێوەزارەکانی ئەم زاراوەیە بریتیین لە لوڕیی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسێنی، کۆهگیلویە، لەک و کەلهووڕ. چوارەمین پۆڵێنی خورشیدی زمانزان، بریتییە لە زاراوەی گۆران. هەرچەندە هەندێک پێیان وایە کە ئەمە زاراوە نییە، بەڵام قسەکەرانی زاراوەی گۆران خۆیان بە کورد لەقەڵەم دەدەن. شێوەزارەکانی ئەم زاراوەیە بریتیین لە گۆرانی ڕەسەن، هەورامی، باجەلانی و، زازا (خورشید ١٩٨٥، ٤٠-٦١؛ خورشید ٢٠٠٨). 

٢.٢. شێوەزارەکانی جافایەتی بەرامبەر بە شێوەزارەکانی سلێمانی

هەردوو شێوەزارەکانی سلێمانی و گەرمیانیی سەر بە زاراوەی کورمانجیی ناوەند، زۆر لەیەکدییەوە نزیکن، بەڵام، تەواو هاوشێوە نین. بە لێکۆڵینەوە و سەرنجدانی ورد لە دەنگناسی، وشەسازی و فەرهەنگی هەردوو شێوەزار دەگونجێ جیاوازییەکان ببینرێن. ماکێنزی ئەم زاراوەیەی بەسەر دوو کۆمەڵاندا دابەش کردووە، کۆمەڵەی یەکەم بریتییە لە سلێمانی کە پێکدێت لە شێوەزاری وارماوە و، کۆمەڵەی دووەم بریتییە لە سورچی. شێوەزاری وارماوە لەڕووی دەنگناسییەوە لە شێوەزاری سلێمانییەوە نزیکە بەڵام، کەمێک جیاوازی بەدیدەکرێن لە ژمارەی دەنگەکاندا 

 \ب\ لەدوای پیتێکی بزوێن بێت، بە \و\ دەخوێنرێتەوە. بۆ نمونە لە شێوەزاری سلێمانیدا، قەبرستان-وارماوا [قەورسان]، سلێمانی، ئەیبەم-وارماوا [ئەیوەم]، سلێمانی، تایبەت-وارماوا [تایوەت]. لە هەندێک شوێندا پیتی نەبزوێنی \گ\ ون دەبێت بەپێی شوێن لەشێوەزاری وارماوادا، بۆ نموونە لە سلێمانیدا، لەگەڵ-وارماوا [لەڵ]. ئەم ونبوونەی پیت لەڕووی دەنگناسییەوە سەر دەکێشێت بۆ پێکهاتەی نوێی وشە. هەروەها، جیاوازی لە نیوە-بزوێنەکانیشدا هەیە، وەکو \ە\بزوێنی کورت. هەرکاتێک پیتی \ە\ بزوێنی کورت لەدوای پیتی \ی\ هات ئەوە بە \ێ\ دەخوێنرێتەوە، بۆ نمونە هەیە-وارماوا [هێیێ]، سلێمانی، ئێمەیە-وارماوا، [ئێمێیێ]. لە شێوەزارەکانی جافایەتیدا، گۆڕانکاریی زۆر بەسەر پیتە نەبزوێنەکاندا دێن. هەروەها جیاوازی لە خوێندنەوەی \ست\دا بەدی دەکرێت لە ناوەڕاست و کۆتایی وشە لە شێوەزارەکاندا، بۆ نمونە، \ت\، وارماوا-دەسەک، سلێمانی-دەستەک، وارماوا-زسان، سلێمانی-زستان، وارماوا-مسەفا، سلێمانی-مستەفا (ماکێنزی ١٩٦١: ١٣-٢٣).

هەردوو شێوەزار لەڕووی وشەسازییەوە لەیەک دەچن. لە شێوەزاری سلێمانی و وارماوا، وشەی سادە، بەتایبەت تاک، دەگونجێ لە زۆر شوێندا بە کۆ خۆی پێشان بدات، بۆ نمونە؛ سەری بنیادەم(تاک): سەری پیاوان (کۆ) – وارماوا، لەگەڵ ڕەفیقم (تاک): لەگەڵ برادەرانم (کۆ). لە سلێمانیدا، ناوێک یان دەستەواژەیەک ئەگەر بێت و ئاوەڵناوێکی بەدوادا بێت، پاشگری \ە\ وەردەگرێت، بۆ نموونە، ئەم کچە. هەرچەندە لە شێوەزاری وارماوادا، بە دەگمەن وایە شتێکی وا ڕووبدات و \ە\ وەکو پاشگر لەدوای ناوەکە نایەت، بۆ نمونە، وارماوا؛ ئەم شۆرەت و ناوی بیست.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە سەرنج دان لە وشەناسی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە جیاوازیی ڕاستەوخۆ بەدیدەکرێت لەنێوان ئەم دوو شێوەزارەدا. بۆ نمونە، قسەکەرانی سلێمانی بۆ گەیاندنی تێڕوانینی خۆیان وەکو کەسی یەکەمی تاک دەڵێن ''ئەڵێم'' و بۆ گەیاندنی تێڕوانینی کەسانی تر وەکو کەسی سێیەمی تاک دەڵێن ''ئەڵێت''. لەکاتێکدا، قسەکەرانی دەڤەری جافایەتی بۆ کەسی یەکەمی تاک ''ئێژم'' بەکاردەهێنن و بۆ کەسی سێیەمی تاک ''ئێژێت'' بەکاردەهێنن. قسەکەرانی سلێمانی وشەی ''ئەنیشک'' بەکاردەهێنن لەکاتێکدا قسەکەرانی دەڤەری جافایەتی وشەی ''قورناسک'' بەکاردەهێنن. جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو شێوەزار لەڕووی دەنگناسی، وشەسازی و فەرهەنگی (وشەناسی)یەوە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هەردوو شێوەزار دەگەڕێنەوە بۆ زاراوەی کورمانجیی ناوەندی زمانی کوردی

٢.٣. تێکەڵبوون و یەکخستنی شێوەزارەکان 

بوونی زاراوە و شێوەزاری هەمەجۆر لە زمانی کوردیدا، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی دیاردەی بڵاوبوونەوەی شێوەزارەکان. لە فەرهەنگی زمانناسی و کۆمەڵایەتیدا، بڵاوبوونەوەی شێوەزار بریتییە لە پڕۆسەی گۆڕانی ڕەفتاری و شێوەزاری و زمانەوانیی قسەکەر. کۆمەڵناسان و زمانەوانان تێکەڵبوونی شێوەزارەکانیان بەسەر دوو جۆردا دابەش کردوون: تێکەڵبوون بەهۆی جێگۆڕکێ، کە لە ئەنجامی کۆچکردنی هەمیشەییی قسەکەر دروستدەبێت و، تێکەڵبوونی بەرفراوان، کە ئەمەش لە ئەنجامی تێکەڵبوونی تازەگەری و نوێگەرییەوە دروستدەبێت بەبێ ئەوەی قسەکەر جێگۆڕکێ بکات لە ڕووی جیۆگرافییەوە. لە پڕۆسەی یەکخستنی شێوەزارەکاندا دەگونجێت شێوەزارەکان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانییان لەدەست بدەن بەهۆی تێکەڵ بوونیان لەگەڵ شێوەزارەکانی تر و یەکخستنیان. لەگەڵ ئەوەشدا، هەرچەندە لایەنێکی تایبەتمەندییەکانی شێوەزارێک فەرامۆش بکرێت، بە سوودی لایەن و تایبەتمەندییەکانی شێوەزارەکانی تر تەواو دەبێت (سوان ئێت ئال. ٢٠٠٤:٨١). بۆ کۆمەڵێک لە زمانناس و کۆمەڵناسان زۆر گرنگە کە، لە هۆکاری بڵاوبوونەوەی تایبەتمەندییەکانی زمانناسیی شێوەزارەکان بزانرێت بە مەبەستی تێگەیشتن لە دیاردەی دابەشبوونی زمانناسی لەڕووی جیۆگرافییەوە. مەبەستەکە پەیوەندیی بە دەرخستنی هۆکاری دروستی ئەو پڕۆسە ناخودئاگایییەیە کە تێکەڵبوون بەرهەمدێنێت. گۆڕەنکاری لە تایبەتمەندییەکانی زمانناسی وردە وردە ڕوودەدەن، سەرەتا لەو ناوەندەی کە تازەگەریی تێدا ڕوودەدات و دوای ئەوە دەگات بە ناوچەکانی تر لە نزیکەوە بۆ دوور. 

کارلێککردن و بەرکەوتە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە تێکەڵبوونی شێوەزار. بەریەککەوتن و پەیوەندیی نێوان قسەکەرانی دوو شوێنی جیاواز و، بەتایبەتی پەیوەندیی کەسی و تایبەتیی نێوان دوو کەس کاریگەریی زۆر زیاترە لە ئامرازەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. هەرچەندە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵ دەبینن لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی نوێ و سەردەمییانە، بەڵام بەراورد بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان تاکەکان کاریگەریی ئەوتۆی نییە لەسەر گۆڕانکارییەکانی ڕێزمانی و دەنگناسی. 

ئەمە لەبەر ئەوەیە کە دروستکردنی پەیوەندی لەڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە زۆر لاوازە و بەرکەوتە دروست نابێت لە نێوان تازەگەر (داهێنەر) و وەرگر.

ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی دەنگناسی، وشەسازی و وشەناسی (فەرهەنگی) لە قسەکەرانی جافایەتی و شێوەزارەکانیدا بەهۆی کاریگەریی شێوەزاری سلێمانی لەسەریان. شێوەزاری جافایەتی لەنێو پڕۆسەی بڵاوبوونەوەدایە بەهۆی جێگۆڕکێ و فراوانبوونی تێکەڵبوونەکە هاوشان لەگەڵ شێوەزاری سلێمانی 

٢.٤. کاریگەریی کەسی و سازاندنی قسەکردن 

کاریگەریی کەسی بریتییە لەو باوەڕەی کە کەسێک دەتوانێت بگات بەو ئامانجەی کە بۆخۆی دایناوە و گرنگە بۆ سەرکەوتنی (باندورا ١٩٧٧). کۆمەڵگا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە بەرزکردنەوە یان نزمکردنەوەی کاریگەریی کەسی، خەڵک هاوکاری ئەو کەسانە دەبن کە دەتوانن بەهرە و تواناکانیانیان پێشان بدەن و هەست بە لێهاتوویی بکەن کە ئەمە کاریگەریی کەسی و توانای زیاد دەکات (ماددەکس ١٩٩٥: ٤٥). ئەمە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕوانگای کەسانی تر بۆ کاروکردەوەی کەسی کاردەکاتە سەر کاریگەریی کەسی و دەبێت بە هۆکاری تێکەڵبوونی شێوەزاری. خەڵکانێک کە کاریگەریی و توانای کەسییان کەمترە، ئاسانتر دەکەونە ژێر کاریگەریی بەکارهێنانی شێوەزار و شێوازی قسەکردنی قسەکەرانێک کە کاریگەری و توانای کەسییان زیاترە بەهۆی ئەو کارلێک و پەیوەندییەی کە لەنێوانیان دروستدەبێت. 

بیردۆزەی سازاندنی پەیوەندی یان سازاندنی قسەکردن، ئەو شێوازی کار (میکانیزم) ەیە کە قسەکەرانی نێوان دوو زاراوە یان شێوەزاری جیاواز بەکاریدەهێنن لەکاتی قسەکردندا. بۆ یەکەمین جار لەلایەن ''جایڵس''ەوە بەکارهێنراوە لە ساڵی ١٩٧٠دا و، ئەم بیردۆزەیە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی شێوەزار لەکاتی بەریەککەوتنی دوو قسەکەر لە دوو پاشخان و شێوەزاری جیاوازەوە. هۆکاری گۆڕینی شێوازی زمانەوانی و قسەکردن و، بە گشتی شێوەزار دەگەڕێتەوە بۆ ویستی ڕەزامەندی، پەیوەستبوون یان نزیکبوونەوەی کۆمەڵایەتییانە. لێک دووری، بریتییە لەو جیاوازییانەی کە بەدیدەکرێن لەکاتێکدا قسەکەر لەگەڵ قسە بۆکراودا دەدوێت و لە جیاوازیی شێوەزاری هەردوو قسەکەر تێدەگەی. کاتێک قسەکەران لە دوو شێوەزاری لەیەکەوە نزیکەوە دەگەن بە یەک، گۆڕین و سازاندنی شێوەزار ڕوودەدات بۆ ماوەیەکی کاتیی کورت و، دەشگونجێ سەر بکێشێت بۆ ماوەیەکی دورودرێژ

٣. ڕێکارناسی

ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە لە بابەتێکی جیاواز دەکات کە دەکرێت ببێ بە هۆی تێکەڵبوونی شێوەزاری. داتای چەندێتی بەکارهێنراوە و وەکو داتای ژمارەیی وەرگیراوە، کۆکراوەتەوە و شیکاریی بۆ کراوە و، ئامرازی ئاماری، کۆمپیوتەری و تەکنیک بەکارهێنراون بۆ سەلماندنی داتا. داتا زۆر بە ڕێکوپێکی و سیستەماتیکی کۆکراوەتەوە لەڕێگای ''گوگڵ فۆڕم''ەوە ڕاپرسییەکە دروستکراوە 

٤.١ بەشداربووان 

ژمارەی ئەو بەشداربووانەی کە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە لەم توێژینەوەیەدا نزیکەی ٦١ کەس دەبوو کە، دانیشتووی کەلار و سلێمانین و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کەلار بوون و بە شێوەزاری جافایەتی قسەیان دەکرد. پێنج بەشداربوو بەشدارییان پێنەکرا لەبەر ئەوەی سێیان بە ڕەچەڵەک سلێمانی بوون و بە شێوەزاری سلێمانی قسەیان دەکرد و وەڵامی تەواویان پێنەبوو. بەشداربووان تەمەن و ڕەگەزیان جیاواز بوو. لەنێو بەشداربوواندا، دوویان لە تەمەنی  سییەکاندا بوون، یەکێکیان نۆزدە ساڵ و ئەوانی تریش تەمەنیان لەنێوان بیست بۆ سی ساڵاندا بوون. بەشداربووان لە دوو ڕەگەزی جیاواز بوون و نیوەیان ژن بوون. ئەم نمونە وەرگرتنە هەڕەمەکییەی توێژینەوەکە بۆ ئەوە بوو کە، ژمارەی ئەو دانیشتووانە بزانرێت کە بە شێوەزارەکانی جافایەتی قسە دەکەن و، بۆ دوورکەوتنەوە لە لایەنگیریی هەڵبژاردنی بەشداربووان. 

٤.٢ کۆکردنەوەی داتا

داتا بە پشتبەستن بە پاشخانی قسەکەرانی شێوەزارەکانی جافایەتی، باوەڕبەخۆبوون، تێڕوانین و بۆچوونیان بۆ گۆڕانی زمانەوانی و شێوەی قسەکردنیان و، سازاندنی زمانیان لەگەڵ قسەبۆکراوان لە بارودۆخ و هەلومەرجی جیاوازدا، بەتایبەت قسەکەرانی کەلار، کۆکراوەتەوە و، بە شێوازی ڕاپرسیی ڕێکخراو کە لەسەر چەند پرسیارێک بەندە. ڕاپرسییەکە لەسەر نۆزدە پرسیار بەندە کە بە زمانی کوردی ئێنجام دەدرێن. لەگەڵ دەستپێکی پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە، بەشداربووان پرسیاری ناو و تەمەنیان لێکرا لە پرسیاری یەکەم و دووەمدا. 

٤.٣ شیکاریی داتا

بەرنامەی گوگڵ فۆڕم بەکارهێنراوە وەکو ئامرازی سەرەکی بۆ کۆکردنەوەی داتا بە ئامار و دەقیقی و بێ هەڵە و پەڵە  شیکاریی ڕێژەیی بۆ وەڵامی پرسیارەکان کردووە و ئەمەش پڕۆسەی لێکدانەوەکەی ئاسانتر کردووە. هەروەها، هەر بەشداربووێک کاریگەریی کەسی، پاشخان و، وەڵامەکەی دەربارەی گۆڕانی شێوەزاری کۆکراونەوە و لێکدانەوەیان بۆ کراوە و توێژەران شیکارییان کردووە بۆ کاریگەریی هەر کامێکیان لەسەر ئەوەی تر

٥. ئەنجامەکان

لەم بەشەدا، ئەنجامەکانی توێژینەوە دەربارەی یەکخستنی شێوەزارەکانی زمان و تێکەڵکردنی و، وەڵام و کاردانەوەی ٦١ بەشداربووی ڕاپرسییەکە دەخرێنە بەر ڕۆشنایی. ڕاپرسییەکە پێکهاتووە لە چەند پرسیارێک بۆ لێکۆڵینەوە لە تێگەیشتن و بۆچوونی گۆڕانی زمانەوانی، بەتایبەت لە زمانی کوردیدا. بە دیاریکراوی، ٩٨.٣%ی وەڵامدەرەوان خۆیان بە قسەکەرانی شێوەزاری کەلاریی کوردی لە قەڵەمداوە، کە لە ناوچەی گەرمیان سەرچاوەیان گرتووە 

٥.١ تێگەیشتن و شێوازەکانی زمانەوانی

یەکێک لە ئامانجە سەرەتایییەکانی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە پرسی یەکخستن و تێکەڵبوونی چەند شێوەزاری قسەکەران.

بەشداربووان زنجیرە لێدوانێکیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە دەربارەی پرسی تێگەیشتن لە زمان و پرسیاری ئەوەیان لێکراوە کە تا چ ئاستێک لێدوانەکانیان پێ پەسەند یان ناپەسەندە. ئەنجامەکان تێگەیشتنێکی تا ڕادەیەک لێک نزیکیان دەرخست لەنێوان بەشداربوواندا، بە زۆری کاریگەریی دەرەکی بۆ سەر شێوەزارەکانیان و، ویستی لەپێشینەیان بۆ پاراستنی کەرەستەکانی نەریتی زمانەوانی. 

٥.٢ کاریگەریی باوەڕبەخۆبوون و تێکەڵبوونی شێوەزار

یەکێک لە لایەنە هەرە گرنگەکانی ڕاپرسییەکە پەیوەست بوو بە تیشک خستنە سەر لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی باوەڕ بەخۆبوون لە قسەکەرانی کەلاریدا و کاریگەریی لەسەر تێکەڵبوونی شێوەزار، بەتایبەت لەکاتی بەرکەوتەیان لەگەڵ قسەکەرانی سلێمانی. 

پرسیارەکان بەشێوەیەک داڕێژرابوون کە تێڕوانین و بۆچوونی بەشداربووان دەربارەی توانای زمانەوانی و کاریگەریی فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر داینامیکی بەکارهێنانی زمان وەربگرێت. هەروەها، زیاتر لە ٩٨%ی بەشداربووان تەمەنیان لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ساڵاندا بوو.

بەشداربووان داوای ئەوەیان لێکرا کە ئاستی باوەڕبەخۆبوونیان ڕەنگبداتەوە کە لە دۆخی جیاجیادا بە شێوەزاری خۆیان قسەدەکەن و، بەتایبەتی کە بەرکەوتەیان لەگەڵ قسەکەرانی سلێمانی دەبێت. وەڵامەکان ئەوەیان دەرخست کە چۆن تاکەکان لێهاتوویی زمانەوانی و باوەڕبەخۆبوونیان پەیوەستە بە هەڵبژاردە و هەڵسوکەوتی زمانەوانی

٥.٣ داتای ئەنجامەکان

ئەو ڕاپرسییەی کە لە توێژینەوەکەدا بەکارهێنراوە پێکدێت لە ٥٦ بەشداربوو لە کۆی هەر ٦١ بەشداربووەکە کە، وەڵامیان لێوەرگیراوە بۆ هەر پرسیار یان لێدوانێک بە  دیاریکراوی، بە لەپێشینەیی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە، بەشداربووان داوایان لێکراوە کە زانیاری بخەنەڕوو دەربارەی ڕەچەڵەکی جیۆگرافیی دایک و باوکیان. شیکاریی ئەم داتا ئاماریی جیۆگرافیاییە ئەوە پێشاندەدات کە زۆرینەی بەشداربووان کە دەکاتە ٧٤%ی وەڵامدەرەوان پێکدێنن، ئەوەیان گوت کە دایک و باوکیان بە ڕەچەڵەک خەڵکی گەرمیانن. ئەو بەشەی تری بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە دایک و باوکیان خەڵکی سلێمانی و ناوچەکانی تری کوردستانن

داوبەدوای ئەوە، تاقیکاریێکی شوێنی نیشتەجێبوونی بەشداربووان ڕۆشنایی خستووەتە سەر شێواز و چۆنێتیی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون. بەتایبەتی، ٥٢.٥%ی بەشداربووەکانی ڕاپرسییەکە ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە، نزیکەی ساڵێک کەمتر لە سلێمانی ژیاون. ئەم داتایانە پرسی گرنگی کۆچکردن و جێگۆڕکێی کاتیی بەشداربووان دەخاتەڕوو کە، کاریگەریی دەبێت لەسەر جۆراوجۆریی زمانەوانی و شێوازی قسەکردن و شێوەزاری ناوچەکە 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو کاتەی بەشداربووان پرسیاریان لێدەکرێت دەربارەی بۆچوونیان دەربارەی گۆڕانکاری لەشێوەزاریاندا لەکاتی ژیانیان یان مانەوەیان لە سلێمانیدا، ٤٠.٧%ی بەشداربووەکان وەڵامەکانیان ئەرێنی بوون، بە تێبینبی کردنی گۆڕانکاریی بەرچاو. بە پێچەوانەوە، ٣٧.٣%ی وەڵامدەرەوەکان ئەوەیان درکاند کە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە شێوەزاریاندا ڕووی نەداوە. بەشداربووەکانبی تریش ئەوەیان گوت کە تەنها گۆڕانکارییێکی زۆر کەم لە شێوەزاریاندا دروستبووە، ئەوەش بەهۆی مانەوە و ژیانیان لە سلێمانی 

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بەشداربووان دەربارەی شێوەزاری پێشووتریان پرسیاریان لێکرا. بە گشتی، زۆرینەی بەشداربووان کە نزیکەی ٧٨%ی تاقیکارییەکەیان پێکدەهێنا، ئەوەیان گەیاند کە پێشتر بە شێوەزاری کەلاریی گەرمیان قسەیانکردووە لە بەریەککەوتە و ژیانی ڕۆژانەیاندا. بە پێچەوانەوە، ئەوانەی تر گوتیان کە هەر شێوەزاری سلێمانی و دەوروبەرییان هەبووە و قسەیان پێکردووە لە بەرکەوتەکانیاندا

Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
من هەمیشە دەتوانم کێشە سەختەکان چارەسەر بکەم ئەگەر تەواوی تواناکانی خۆم بخەمە گەڕ
Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
دڵنیام کە دەتوانم مامەڵە لەگەڵ چاوەڕواننەکراوەکاندا بکەم، بە شێوازێکی زیرەکانە و لێهاتووانە
Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
دەتوانم زۆرینەی کێشەکان چارەسەر بکەم ئەگەر کاتی پێویستیان بۆ تەرخان بکەم
Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
ئەگەر کەسێک ڕووبەڕووم ببێتەوە، دەتوانم ڕێگایەک بدۆزمەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەمەوێت
Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
بەهۆی زیرەکی و کارامەییمەوە دەتوانم کێشە چاوەڕواننەکراوەکان چارەسەر بکەم
Magnifier Focusing On A Financial and Technical Data Analysis Graph
دەتوانم لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا ئارام بگرم و بەیارمەتیی توانا کۆمەڵایەتییەکانم بەسەریاندا زاڵ بم

  

Business Finance, accounting, contract, advisor investment consulting marketing plan for the company with using tablet and computer technology in analysis.
لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەم لەگەڵ کێشەکاندا، دەتوانم زیاتر لە چارەسەرێک بدۆزمەوە

دوابەدوای لێکۆڵینەوە لە باوەڕبەخۆبوون و سازاندنی شێوەزارەکان. بەشداربووان پرسیاری ئەوەیان لێکرا کە چۆن ستراتیژی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکاردێنن بۆ قسەکردن لەگەڵ قسەکەرانی شێوەزارەکانی تر. بەپێی ڕێژەی ڕاپرسییەکە ٤٩.٢%ی وەڵامدەرەوەکان نە وشە دیار و سەرەکییەکان و نە هیچ وشەیەکی تری شێوەزارەکانیان نەگۆڕیوە لەکاتی قسەکردن لەگەڵ قسەبۆکراوان. لەگەڵ ئەوەشدا، ١٥.٣%ی بەشداربووان ئەوەیان گەیاند کە تەنها وشە دیارەکانیان گۆڕیوە لە شێوەزارەکەیاندا، لەکاتێکدا ٢٠.٣%ی ڕێژەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە تەنها چەند وشەیەکی سادەیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە کە زۆر بەکارناهێندرێن. هەروەها، ١٥.٣%ی بەشداربووان ئەوەیان دەرخست کە هەردوو پۆڵێنی وشەکانیان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت لەکاتی پەیوەندیی خۆبەخۆیی لەگەڵ قسەکەری هەمان شێوەزاردا 

شێوازەکانی زمانەوانی و تێڕوانینەکان

زۆرینەی ڕەهای بەشداربووان ئەوەیان دەرخست کە کاریگەریی فاکتەرە دەرەکییەکان لەسەر شێوەزارەکانیان هەیە، بە پێشاندانی تێگەیشتنێکی کەم لە پەرەسەندنی زمانەوانی. 

ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە قسەکەران گۆڕانی زمانەوانییان بەلاوە ئاسایی بووە و، ویستێکی بەهێز هەیە بۆ هێشتنەوە و پاراستنی کەلەپووری زمانەوانی. 

کاریگەریی باوەڕبەخۆبوون لەسەر تێکەڵبوونی شێوەزارەکان

ئەنجامەکان پێوەندیی بەهێزی نێوان باوەڕبەخۆبوون و بەکارهێنانی زمان دەخەنەڕوو لە ڕوانگای قسەکەرانی کەلارییەوە، بەتایبەتی لەکاتی بەرکەوتەیان لەگەڵ قسەکەرانی سلێمانی. داتای باوەڕبەخۆبوونی بەشداربووان لە بارودۆخی جیاجیادا ڕۆشنایی دەخاتە سەر داینامیکی بەکاربردنی زمان لە ڕێکخستنەکانی فرەزمانی. بەپێی بیردۆزەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی (تاجفێل & تێرنەر، ١٩٧٩، ل. ٨٥)، زمان کلیلی ناسنامەی بە کۆمەڵە و، ئەوەی کە قسەکەر بڕیاری لێدەدات دەکرێت ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوە و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی 

ستراتیژی سازاندنی زمان

بە نزیکەیی نیوەی بەشداربووان ئەوەیان دووپات کردەوە کە گۆڕانکاری بەسەر شێوەزاریاندا نایەت لەکاتی بەرکەوتە و پەیوەندییان لەگەڵ قسەکەرانی شێوەزارەکانی تر و، پابەندبوونیان بە داب و نەریتی زمان و ناسنامەیان. ئەم ئەنجامە کاریگەرییی لەسەر چەمکی بەرەنگاریی زمانەوانی دەبێت (ئایرڤاین & گاڵ، ٢٠٠٠، ل. ٩٠)، کە ئەزموونکردنی زمان بەکاردەبرێت بۆ داکۆکی کردن لە فەرهەنگ و ناسنامەی کۆمەڵایەتی بەڕووی ئەو هەموو ڕەوتە زمانەوانییە زاڵە. گۆڕانکاریی ستراتیژی پێکهاتەکانی شێوەزار، وەک لەلایەن بەشێک لە بەشداربووانەوە ئاماژەی پێدراوە، پەیوەندیی بە سازاندن و گونجاندنی ستراتیژی زمانەوانی هەیە لە بارودۆخ و بەرکەوتەکانی تریشدا

٧.کۆتا

ئەم توێژینەوەیە قووڵبوونەوەیە لە کاریگەریی باوەڕبەخۆبوون لەسەر شێوەزار و ڕۆڵ بینینی لە یەکخستن و تێکەڵبوونی شێوەزار لەلایەن قسەکەرانی کەلاری. گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە باوەڕبەخۆبوون کار دەکاتە سەر ویستی تاک بۆ پاراستن و هێشتنەوەی شێوەزارەکەی و، دەبێت بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ خۆپاراستن لە بەیەکچەشن کردنی شێوەزارەکانی کوردی. باوەڕبەخۆبوونی ڕەها هاوکار دەبێت لە پاراستنی ناسنامەی زمانەوانی و بەرەنگاریی یەکچەشن بوونی زاراوە، بەتایبەت لەکاتی بەرکەوتە لەگەڵ قسەکەرانی سلێمانی.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر پێچێڵاوپێچیی تێکەڵبوون و یەکخستنی شێوەزار و، پێشاندانی ئەوەی کە بەشێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا شێوەزاری خۆیان دەسازێنن لەگەڵ گوێگر لە کاتی قسەکردندا، بەڵام ئەوانی تر شێوەزار و ئەزموونی زمانەوانییان دەپارێزن و بە باشی دەست بە داب و نەریتە فەرهەنگییەکانی خۆیانەوە دەگرن. ئەمە تەرازووی نێوان کاریگەری و توانای کەسی، لەگەڵ کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لەسەر پەرەسەندنی زمان پێشاندەدات.

پوختەی باس، ئەنجامەکان ڕۆڵی گرنگی باوەڕبەخۆبوون و ئاراستەی گۆڕدرانی زمان پێشاندەدات، پێشنیاری ئەوە دەکات کە فاکتەرە دەروونییەکان، هاوکات لەگەڵ داینامیکە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان بەردەوامی و وەرچەرخان دەهێننە کایەوە. ئەم توێژینەوەیە هاوکار دەبێت لە تێگەیشتنی زیاتر بۆ پڕۆسەکانی کۆمەڵایەتی و زمانەوانی و، زەمینەسازی بۆ خستنە کایەی توێژینەوە و ڕێکارناسیی هەمەجۆر بۆ وەدەستخستنی تێگەیشتنێکی هاوبەش دەربارەی دەوڵەمەندی، هەمەجۆری و فراوانی و گۆڕانکارییەکانی زمان

سەرچاوەکان 

Auer, P. (1999). Language and space: An international handbook of linguistic variation. John Benjamins Publishing Company.

Azeez, H. M. (2005). Linguistic sensation & problems of Kurdish language سه لیقه ی زمانه وانی و گرفته‌کانی زمانی کوردی (2nd ed.). Sulaimanya: Aro Publishing.

Bandura, A. (1977). Self-efficacy: Toward a unifying theory of behavioral change. Psychological Review, 84(2), 191–215. https://doi.org/10.1037/0033-295X.84.2.191

Coupland, N. (1985). Sociolinguistics and social theory. Longman.

Edmonds, A. J. (2012). The dialects of Kurdish. Uni-m. Retrieved from https://www.academia.edu/3692325/The_Dialects_of_Kurdish

Flammer, A. (2001). Self-efficacy. In Elsevier eBooks (pp. 13812–13815). https://doi.org/10.1016/B0-08-043076-7/01726-5

Giles, H., Bourhis, R. Y., & Taylor, D. M. (1977). Towards a theory of language in ethnic group relations. Academic Press.

Giles, H., & Soliz, J. (2014). Relational and identity processes in communication. In E. Cohen (Ed.), Communication Yearbook 38 (1st ed., pp. 108-131). Routledge.

Hama-amin, S., & Ali, B. (2006). Dialects and its Sub-Dialects زارو شێوەزار. Sulaimanya: Chwarchira Publishing.

Irvine, J. T., & Gal, S. (2000). Language ideology and linguistic differentiation. In P. V. Kroskrity (Ed.), Regimes of language: Ideologies, polities, and identities (pp. 35-83). School of American Research Press.

Jones, L., & Singh, P. (2020). Language maintenance and shift: Perspectives from minoritized languages. Journal of Sociolinguistics, 24(2), 182-201.

Khurshid, F. (1985). Kurdish language; geographical division of Kurdish dialects زمانی کوردیو دابەشبوونی دایالێکتەکانی. Baghdad: Afaq Publishing.

Khurshid, F. (2008). Kurdish language and its dialect زمانی کوردی و دیالێکته‌کانی. Sulaimanya: Sardam Publication.

Khoshnaw, N. (2013). Kurdish standard language زمانی ستانداردی کوردی. Erbil: Hivi Publishing.

Mackenzie, D. N. (1961). Kurdish dialect studies 1. RoutledgeCurzon.

Maddux, J. E. (2013). Self-efficacy, adaptation, and adjustment: Theory, research, and application. Springer Science & Business Media.

Mead, G. H. (2015). Mind, self & society. University of Chicago Press.

Schwarzer, R. and Jerusalem, M. & Weinman, J. & Wright, S. & Johnston, M. (2021) Generalized Self-Efficacy Scale. Measures in Health Psychology, ResearchGate. Available at: https://www.researchgate.net/publication/298348466_The_General_Self-Efficacy_Scale_GSE.

Smith, J. A. (2018). Globalization and the preservation of language heritage. International Journal of Sociolinguistics, 18(1), 45-67.

Swann, J. (2019). Dictionary of sociolinguistics. Edinburgh University Press.

Tajfel, H., & Turner, J. (1979). The social identity theory of intergroup behavior. In S. Worchel & W. G. Austin (Eds.), Psychology of intergroup relations (pp. 33-47). Nelson-Hall.

Thomason, S. G. (2001). Language contact: An introduction. Georgetown University Press.

Trudgill, P. (1974). Linguistic change and diffusion: Description and explanation in sociolinguistic dialect geography. Language in Society, 3(2), 215–246. https://doi.org/10.1017/S0047404500004358

Trudgill, P. (2006). Dialects in contact. Wiley-Blackwell.