دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

گەشەی پیسبوونی ژینگە بە پاشماوەی پلاستیک: کاریگەری، ئاستەنگەکان و چارەسەر

By تەرزە جاف

پێشەکی:

ژینگە و کێشەکانی کە ئەمڕۆ بوونەتە بەشێکی زیندووی سیاسەتی دەوڵەتان و تەنانەت وێردی سەر زمانی خەڵکی ئاساییش، ئەمەش لەو راستیەوە سەرچاوە دەگرێت کە ژینگە ڕێکخەری ژیانی مرۆڤ و بوونەوەرە زیندوەکانی ترە و بنەماکانی بوون و گەشەکردنیان و پێداویستیەکانیان دابین دەکات، بۆیە پاراستنی و دانانی پلان بۆ رزگاربوونی لە هەر پێشهاتەیەک کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە هاوتەریب بوە لەگەڵ مانەوەی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تری ژینگە"

"ژینگە بە مانا فراوانەکەی بریتیە لە بەرگی جوگرافی کە ڕێکخەری ژیانی بوونەوەرە زیندوەکانە و بنەماکانی بوون و گەشەکردن و دابینکردنی پێداویستیەکانیانی تیادا دابین دەکەن و کارلێکردنی لەگەڵ دەکەن و هەوڵ دەدەن خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن"

هەرچەندە بوونەوەرە زیندوەکان توانای هەموو جۆرە ڕاهاتنێکیان لەگەڵ هەموو بارودۆخێکی ڕوداوە تازەکاندا هەیە، بەڵام هەندێک لە زانا و گەردوونناسەکان بۆ ئەو ڕایە دەچن و دەڵێن :ئەو وێرانکاریەی پیسبوون لە ژینگەکەماندا دروستی کردوە گەیشتۆتە ڕادەیەکی ئەوتۆ کە ئیتر گەڕانەوە مەحاڵە و بوونی ئێمەش لەو ژینگانەدا بەرەوە کۆتاییەکی بێچارەی سروشتی دەچێت. هەڵوێستی خۆویستی و چاوچنۆکی و چاوبرسێتی تاکەکەس و کۆمپانیا و دەوڵەتان و قوربانیدان بە بەرژەوەندیە گشتیەکان لە پێناوی بەرژەوەندیە تایبەتەکان هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و پەیدابوونی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوین

’'پاشماوە پلاستیکیەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین گرفتە ژینگەییەکان لە ئێستادا کە بوە بە مەترسی بۆ ژیانی وشکانی و ناو زەریاکانیش

 لە کاتێکدا سیستەمی ژینگە بەدەست گرفتی گەورەوە دەناڵێنێت وەک ترشەباران و قڕکەرە کشتوکاڵیەکان و پەینە کیمیاوەکان ، وڵاتەکان هەوڵێکی زۆریان داوە کە بەرهەمهێنانی پلاستیک کەم بکەنەوە. پیسبوونی ژینگە واتە کێشە لە ڕوانگەی ژینگەییەوە و ئەو گۆڕان و تێکچوونەیە کە لە سیستەمی ژینگەزانیدا ڕوودەدات و بەرئەنجامی ئەو تێکچوونەش ئەو مەترسیانەیە کە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ زەرەر و زیانی دزێو بە هەموو ڕواڵەتەکانی ژیانی سەرزەوی دەگەیەنێت.

جۆرەکانی پلاستیک کە لە پیشەسازیی هەڵگرتنی خواردندا بەکاردێن:  

پێکهاتەکانی پلاستیک جیاوازن کە بەکاردەهێنرێن لە پیشەسازیی دروستکردنی قتوی خواردن و دەرمان ، ئەم پێکهاتانە دەکرێت بە تەنیا بن یاخو تێکەڵی پێکهاتەی تر بکرێن و گرنگترین ئەم پێکهاتانە (بۆلی ئەسیلین کە چریی کەمە )و ئەمەش بەکاردێت لە دروستکردنی زۆربەی زەرفی بەکارهاتوو بۆ خواردنی گەرم  و بە گەرما بەیەکەوە دەنووسێت و بە زمانی خەڵک پێی دەوترێت زەرفی پلاستیکی.

دووهەم جۆری پێکهاتە (پۆلیئەسیلینە کە چریەکەی بەرزە): ئەمەیان لە دروستکردنی کەرەستەی ناوماڵ و بۆری ئاو و سۆندە  بەکاردێت و دەشکرێت بەکاربێت بۆ هەڵگرتنی ئەو خواردنانەی تەعقیم دەکرێن و تایبەتمەندیی ئەم پێکهاتەیە لەوەدایە کە دەتوانێت ڕێگا لە شێ بگرێت و بە شێوەی نەرمی بمێنێتەوە لە کاتی بەستن کە پلەی دەگاتە کەمتر لە (-٥)پلەی سەدی.

سێهەم: بۆلیئەسیلین تیرافسالات: ئەم جۆرەیان توانای بەرگری کردنی پلەی بەرزی گەرما هەیە تا دەگاتە ٣٠٠ پلەی سەدی شێ  و گازەکان پیایدا تێناپەڕن و ڕەنگی ڕوونە و بەرگریی بەرزە بۆ توێنەرە ئۆرگانیەکان و ئەم جۆرە بۆ هەڵگرتنی ئاوی تەندروست و پەلەوەڕی سەربڕاوی بەستوو و خواردنی تر بەکاردێت و هەندێک لە کارگەی لەقتوونانی ئاو ئەم جۆرەیان پێ باشترە و بەکاریدەهێنن .لە جیاتی پۆلیکلۆری فینایل.

بۆلی کلۆری فینایل:ئەم جۆرە پلاستیکە چەوری کاری تێناکات و لە دروستکردنی قتووی خواردن بەکاردێت و بەرگریەکی بەرزی شێ دەکات و جۆرە رەقەکەی لە دروستکردنی قتوی زەیتی خواردن و ئاوی خواردنەوە وشەربەتی میوەی خەست وترشیات و زەیتون و زۆر بابەتی تر بەکاردێت بەو هۆکارەی کە ئەم جۆرە پلاستیکە تایبەتمەندێتیەکی هەیە ئەویش بەرگری بەرزە لە بەرانبەر شێ و چەوری و گازەکان.

بۆلی کاربۆن: ئەمەیان جۆرێکە لە پلاستیک کە لە بیسفینۆل پێکدێت، بەرگریەکی بەهێزی هەیە لە شکان و مادەی کیمیایی و ئاووهەوا ، ئەم جۆرە ڕوونە و ڕەقە و بەکاردێت لە دروستکردنی کەلوپەلی ماڵ و مەمەی منداڵی ساوا و هەندێک جاریش شیرەمەنی ، بەڵام بەم دواییانە گومان لە گونجاوی ئەم جۆرە دروست بوە.

بە پێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە:

- هەموو خولەکێک نزیکەی یەک ملیۆن بوتڵی ئاو دەکڕدرێت لە جیهاندا.

 - بەکارهێنانی کیسە پلاستیکیەکان دەگاتە ٥ ترلیۆن لە ساڵێکدا

-نیوەی بەرهەمە پلاستیکیەکان بۆ بەکارهێنانی یەک جار دروست کراون 

لە ئێستادا ساڵانە ٣٠٠ ملیۆن تەن پاشماوەی پلاستیکی بەرهەم دەهێنرێت، ( ئەم کێشە دەگاتە کێشی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی)

زاناکان پێیان وایە کە لە پەنجاکانی سەدەی رابردوەوە مرۆڤ نزیکی ٨.٣ ملیار تەنی لە پلاستیک بەرهەم هێناوە لە سەدا شەستی ئەم بڕە فڕێدراوەتە ناو سروشت.

٪٩٩ ی پلاستیکی بەرهەمهێنراو لەو مادە کیمیاویانە دروسکراون کە لە نەوت و گازی سروشتی و خەڵووز بەرهەمهاتوون، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە لە ساڵی ٢٠٥٠ بەرهەمهێنانی پلاستیک دەگاتە ٪٢٠ی پیشەسازیی پشتبەستوو بە نەوت. 

پیسبوونی پلاستیکی دەریایی کاریگەریی لەسەر ٨٠٠ جۆری  گیانلەبەر دروستدەکات لە ئەنجامی قووتدان، برسی بوون، خنکان، ئاڵۆسکان و نقومبوون

-ساڵانە پاشماوە پلاستیکیەکان نزیکەی ملیۆنێکباڵندەی دەریایی و ١٠٠ هەزار ماسی و ئاژەڵی تر دەکوژێت

زبڵدانی شارەکان بریتیە لە هەزاران یان ملیۆنەها تەن و تا ئێستایش دەربازبوون لەو زبڵە گرفتێکی زۆر ئاڵۆزە و زۆربەی جاریش دانیشتوان دەیسوتێنن و ئەو گازانەی لێ پەیدا دەبێت کە چەندان پێکهاتەی زیانبەخشیان هەیە و کاریگەریی لە دانیشتوان و وەک و گیانداران دەکات بە تایبەتیش زبڵی شارەکان چەندین جۆری دیکەیان تێدایە کە پێشتر نەبوون و لە هەموویان مەترسیدارتر پلاستیک و دەرهاوێشتەکانی کاتی سووتاندنیەتی.

لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوودا پاشماوە پلاستیکیەکان گەیشتنە سێ ئەوەندەی بیست ساڵی پێشوو، بەڵام لە سەرەتای سەدەی بیستویەکدا بەرهەمهێنانی پلاستیک بەرزبۆیەوە لە چاو چل ساڵ پێش خۆی.

سەرچاوە سەرەکیەکانی پیسبوونی ژینگە بە پلاستیک لە کوردستان:

یەکەم:لە هەرێمی کوردستان کولتوری سەیران کردن و گەشت بۆ ناو سروشت باوە ، بە تایبەت لە بەهار و هاویندا ، لەم گەشتانەدا قاپ و کەرەستەی خواردنی سەفەری لە قاپ و کەچک و پەرداخ و سفرە و بوتڵی ئاو و قامیشی خواردنەوە بە بڕێکی یەکجار زۆر فڕێ دەدرێنە سروشتەوە و ژینگە پیس دەکەن ، فڕێدانی ئەم پاشماوانە دەبنە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی گیانلەبەران و ژینگە .

دووهەم: ناو ماڵەکان سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئەم پاشماوە پلاستیکیانەن، خێزانێک کە لە چوار ئەندام پێکهاتوون ڕۆژانە کیسەیەکی گەورە بوتڵی بەتاڵی ئاو خواردنەوە و سفرەی سەفەری فڕێدەدەن ، ئەمە جگە لە قتوی شامپۆ و کەرەستەکانی جوانکاری و پاککردنەوە و یاریەکانی منداڵان و تەنانەت ئامێرە جۆراوجۆرەکانی ماڵ .

سێهەم:بازارەکانی دەستی دوو لە کوردستان دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی پلاستیک سەیر بکرێن بەو پێیەی ئەو شمەکە کۆنە پلاستیکیانەی کە لەناو بالە گەورەکاندا هەیە زۆریان بێسوودن. پشتیوان یەکێکە لە دوکاندارەکانی شتومەکی ناو ماڵ لە بازاری لەنگە ، نایشارێتەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی گرانیی ئەم شتومەکانە ئەوەیە کە زۆربەی فڕێ دەدرێن و بێسوودن "هەموو بارێک کە بۆمان دێت ئەگەر ٨٠ کیلۆ بێت نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ کیلۆ بۆ فڕێدانە"

ئەنجام: 

- پلاستیک هەرزانە

- ماوەیەکی دوورودرێژ بەرگە دەگرێت

- بەرهەمهێنانی ئاسانە 

- کێشی سووکە

هەموو ئەم خاڵانەی کە وەک سیفەتی  پلاستیک دەناسرێن لە هەمان کاتدا خاڵی هێز و خاڵی لاوازی پلاستیکن. پلاستیک کاریگەریی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر سیستەمی ژینگەی دەریا و وشکانی هەیە و لە هەمان کاتیشدا ئەو مایکرۆ پلاستیکانەی ماسیەکان و گیالبەرەکان دەیخۆن لەسەر خوانی مرۆڤ کۆتاییان پێ دێت. 

راسپاردە و پێشنیارەکان:

ئەگەر باوەڕ بەوە بهێنرێت کە گۆڕانکاریە گەورەکان لە تاکەوە دەستپێدەکەن

کۆمەڵێک ڕێنمایی هەیە کە ئەگەری زیادبوونی پاشماوەی پلاستیک و پیسبوونی ژینگە کەم بکاتەوە ئەوانیش:

-کەم کردنەوە یاخود بەکارنەهێنانی زەرفی پلاستیکی و گۆڕینی بۆ زەرفی لە قوماش دروستکراو یاخود کاغەز.

-بەکارهێنانی ئەو بوتڵە ئاوانە لە پیشەسازی لەقوتوونانی ئاو کە دووبارە بەکاردەهینرێنەوە.

-بەکارنەهێنانی قەسەبی نایلۆن، کە ئەمەیان چەند سادە دەردەکەوێت بەڵام قەسەبی خواردنەوە یەکێکە لەو بابەتانەی کە دووبارە ریسایکل ناکرێتەوە و لە ئێستادا هەڵمەتێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی قەسەب و کۆمپانیا گەورەکانی وەک ستارباکس و ماکدۆناڵدز لە یەکەمین ئەو کۆمپانیایانەن کە ئەو هەڵمەتەیان دەستپێکردوە.

-کەلوپەلی چێشتخانە با پلاستیکی نەبن، ئەمەش بە بەکارهێنانی جێگرەوەی پلاستیکە وەک شووشە و بابەتی تر.

-هەڵبژاردنی جل و بابەتەکانی پاکوخاوێنیی کەسیی بە وردی و ئاگاداریەوە، دەرمانی دان شتن و ئارایشت کردن بە گشتی.


سەرچاوەکان 


1. نەقشبەندی، ئازاد محەمەدئەمین نەقشبەندی، جوگرافیای ژینگە ،٢٠١٧، لا٣١


2. نەقشبەندی، ئازاد محەمەد ئەمین، هەمان سەرچاوەی پێشوو لا١٣


3. بەرزنجی، سدیق شێخ مەحمود، کاریگەریی مرۆڤ لە ژینگە پیسکردندا  چاپی یەکەم، ٢٠٠١ ،لا٧


4. نەقشبەندی، ئازاد محەمەدئەمین، گەرمبوونی گۆی زەوی و کاریگەریەتی لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراق، چاپخانەی ڕۆشنبیری،هەولێر،٢٠٠٨، لا٤


5. بەرزنجی، سدیق شێخ مەحمود، هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا٥٢


6. https://www.researchgate.net/publication/332514012_alblastyk_wdrjt_tlwythh_alaghdhyt


7. (1)التلوث البلاستيكي | منظمة الأمم المتحدة للتربية والعلم والثقافة (unesco.org)

   (2)التلوث البلاستيكي: خطر عالمي يقتل شخصاً كل نصف دقيقة؟ (annabaa.org)


8. عەبدولمئنعیم بەلبەع، پیسبوونی ژینگە گرفتێکی جیهانیە هەڕەشە لە مرۆڤ دەکات، چاپخانەی نارین،٢٠١٣ ، لا١٢٣


9. چاوپێکەوتنی تویژەر


10. Five Things You Can Do to End Plastic Pollution (worldbank.org)