به پشت به‌ستن به توێژینه‌وه‌ی مێژوویی بۆ ١٣٥ وڵات، ئه‌و راستییه ده‌رده‌كه‌وێت كه تێكرای ته‌مه‌نی سیسته‌مێكی دیموكراتیك له‌و وڵاتانه‌ی كه داهاتی گشتی بۆ تاكه‌كه‌س تێیاندا هه‌زار دۆلار یان كه‌متره ته‌نها ١٢ ساڵه؛ به‌ڵام، تێكرای ته‌مه‌نی سیسته‌می دیموكراتیك درێژ ده‌بێته‌وه بۆ ٦٠ ساڵ له وڵاتانه‌ی كه داهاتی گشتی بۆ تاكه كه‌س تێیاندا له نێوان ٣٠٠٠ بۆ ٦٠٠٠ دۆلار دایه و، وه هه‌روه‌ها هیچ سیسته‌مێكی دیموكراسی هه‌ره‌سی نه‌هێناوه كه تێیدا داهات له سه‌رو ٦٠٠٠ دۆلاروه بووبێ. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌لایه‌ن ئاده‌م پزێۆرسكیهوه بۆ سیسته‌مه دیموكراتیكه‌كان كراوه، به‌ڵام به ڕەنگە بۆ سیسته‌مه نا دیموكراتیكهكانیش هه‌ر درووست بێت، واته ئه‌گه‌ری هه‌ره‌س هێنانی سیسته‌مێكی خۆسه‌پێنی هه‌ژار زۆر زیاتره له سیسته‌مێكی خۆسه‌پێنی خاوه‌ن سامان. به‌كورتیه‌كه‌ی، جۆرێك له په‌یوه‌ندی هه‌یه له نێوان سه‌قامگیری رامیاری و باری ئابووری؛ واته، بۆ درێژ كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سیسته‌می رامیاری ده‌بێ هه‌وڵی چه‌سپاندنی ئابووریه‌كی ته‌ندروست بدرێ. به دیوه‌كه‌ی دی دا، ئه‌مه دوو جۆر له خوێندنه‌وه هه‌ڵده‌گرێ و هه‌ردوكیشیان له رووی زانستیه‌وه دروستن. یه‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یكه‌ره رامیارهی كه بنیاتمان ناوه به‌رده‌وامی هه‌بێ ده‌بێ ئابوورییه‌كی به‌هێز هاوكاری بێت. دووه‌م، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئابوورییه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت ده‌بێ په‌یكه‌ره‌ی رامیاری نوێكه‌ینه‌وه به شێوه‌یه‌ك كه بوار به پێشكه‌وتنی ئابووری بدا.
پێشكه‌وتنی ئابووری و گه‌شه‌ی ئابووری دوو پرۆسه‌ی ته‌واو جیاوازن. به ساده‌یی، پێشكه‌وتنی ئابووری واته به‌هێزكردنی په‌یكه‌ره‌ی ئابووری له به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و درووستكردنی هه‌لی كار و زیادكردنی داهاتی گشتی وڵات، بۆ ئاواكردنی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی سه‌ربه‌خۆی ئابووری.
به‌ڵام گه‌شه‌ی ئابووری واته هه‌ڵئاوسانی داهات، كاتێك كه داهات دێته ناو وڵاته‌وه به‌ڵام ئه‌و داهاته سیسته‌می ئابووری به‌ره‌و پێش نابات و، هیچ گۆرانكارییه‌ك له په‌یكه‌ره‌ی ئابووریدا رونادات.
پێشكه‌وتنی ئابووری به كۆی داهاتی گشتی له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوان ده‌پێورێ؛ ئه‌وه كه له هه‌رێمی كوردستان تا ئێستاش ئامارێكی شیاوی پشت پێبه‌ستن نییه، پرسیار ده‌خاته سه‌ر راده‌ی پێشكه‌وتنی ئابووری هه‌رێم. ئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، بریتیه له گه‌شه‌ی ئابووری نه‌ك پێشكه‌وتنی ئابووری. چونكه، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی سه‌رمایه‌دار ژماره‌یان زیاد بووه، به‌ڵام سیسته‌م و په‌یكه‌ره‌ی ئابوری هه‌ر ئه‌وه‌یه كه پێشتر هه‌بوو. ژماره‌ی موچه‌خۆر زیادیكردووه و كه‌می نه‌كردووه، بێكاری و هه‌ژاری به‌هه‌مان شێوه، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی نزم و ئاستی هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی به‌رز. دروستكردنی بازار بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی ئابووری لاواز ده‌كا و به‌هێزی ناكات، هێنانی وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كی و هاننه‌دانی وه‌به‌رهێنی نێوخوش به‌هه‌مان شێوه، چونكه له كاتی ته‌نگژه‌دا له‌گه‌ڵ كه‌مترین هه‌ڕه‌شه وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كی داهات و سه‌رمایه‌ی خۆی ده‌باته‌وه، به‌ڵام وه‌به‌رهێنی نێوخۆ ده‌توانرێ وادار بكرێ كه دهستبارگربێ.
له‌باسی پێشمه‌رجه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سیسته‌مێكی دیموكراتیك كه وا له وڵاتێك ده‌كه‌ن بتوانێ زیاتر وه‌رگری دیموكراسی بێ، سهیمور مارتین لیپزد، چوار ره‌هه‌ندی سه‌ره‌كی ناو دێنێ كه بریتین له: سامان، پیشه‌سازی، خوێندن و، دیارده‌ی به شار بوون؛ وڵات كه سامانێكی به‌هێزی هه‌بوو، كه له پیشه‌سازی دا پێشكه‌وتوو بوو، كه خاوه‌نی سیسته‌مێكی دروست و سه‌رده‌میانه‌ی په‌روه‌رده‌وفێركردن بوو، وه كه دیارده‌ی به‌شار بوون تێیدا به پرۆسه‌یه‌كی ته‌ندروست گوزه‌ری كرد، ئه‌وه، بۆ وڵاتێكی وا ئه‌گه‌ری ئاوا بوونی سیته‌مێكی دیموكراتیك به‌هێزتره به به‌راورد له گه‌ڵ وڵاتێك له یه‌كێك یان هیچ كام له‌و چوار بنه‌مایه‌ی نه‌بێت. به‌ڵام بۆ ئه‌و چوار بنه‌مایه، چونكه ئه‌وانه، چوار ره‌هه‌نده‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیڤیلن له ده‌وڵه‌تی مۆدێرن دا، وه ئه‌و چوار بنه‌مایه وا ده‌كه‌ن كه چینی ناوه‌ند، كارا و كاریگه‌ر بێت.
چونكه دیموكراسی وه‌ك سیسته‌م واته لێك نزیكی خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتداران، به دوو باردا، یه‌كه‌م ئه‌وه كه ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ڵامگۆی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك بن، وه دووه‌م، خه‌ڵك بتوانن به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار دانێن، كه هه‌ریه‌ك له‌و چوار بنه‌مایه‌ی ئاماژه‌مان بۆ كردن به بارێكدا خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵات داران و به بارێكی دی دا خه‌ڵك له په‌یكه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات نزیك ده‌كه‌نه‌وه. به‌و جۆره سه‌قامگیریه‌ك دێته ئاراوه كه هیچ كام له دوو پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه (خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵات) نابنه هه‌ره‌شه بۆ یه‌كدی؛ نه په‌یكه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌بێته هه‌ره‌شه بۆ بژێوی خه‌ڵك و، وه نه خه‌ڵكیش ده‌بنه هه‌ره‌شه بۆ سه‌قامگیری په‌یكه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات.
به پشتبه‌ستن به ئاماره‌كانی ئای ئێم ئێف و بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌لانی كه‌مه‌وه چوار له وڵاتانی كه‌نداو له نێو ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی جیهاندان به پێوه‌ری كۆی داهاتی گشتی له‌سه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانیان - كه كهمترینینان به‌حره‌ین به ٤٩٠٢٠ وه عه‌ممان به ٤٣٨٤٧ دۆلاری ئه‌مریكی.
وه‌هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری جیهانی بۆ دیموكراسی و ئازادییه‌كان، وڵاتانی كه‌نداو هه‌موویان نادیموكراسی و نا ئازادان. ده‌كرێ بپرسین بۆچی وڵاتانی كه‌نداو به‌ره‌وه دیموكراسی و ئازادییه‌كان هه‌نگاویان نه‌ناوه. ئایا به‌ڕاستی سه‌رمایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر گۆرانی سیسته‌می رامیاری هه‌یه. وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه، وڵاته نه‌وتییه‌كانی كه‌نداو كرێیهوڵاتن، مه‌به‌ست له‌و چه‌مكه‌ش ئه‌وه‌یه كه به‌شێكی زۆر یان هه‌موو داهاتی نیشتمانی له به‌كرێ دانی سامانه خۆماڵییه‌كان به كڕیاری ده‌ره‌كییه‌وه دێ (حوسێن مههدهڤی بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی ١٩٧٠ ئه‌م تیۆره‌ی به‌كارهێنا). چوار خه‌سڵه‌ت هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه به وڵاتێك بگوترێ كرێیهوڵات كه هه‌ریه‌ك له تێوژهران، حازم ببلاوی و گیاكۆمۆ لوشیانی ناویان ناون: یه‌كه‌م: كرێی ده‌ره‌كی هه‌ژموون ده‌كات، دوو: ته‌واوی ئابووری پشت ده‌به‌ستێت به داهاتی ده‌ره‌كی هه‌ربۆیه‌ش پێویستی به كه‌رتێكی به‌هێزی وه‌به‌رهێنی نێوخۆ نییه، سێ: ته‌نها به‌شێكی كه‌م له هێزی كار به‌شداره له دروستكردنی داهات دا. چوار: به‌ڵكو گرنترین، حكومه‌ت یان ده‌وڵه‌ت وه‌رگری سه‌ركی داهاتی ده‌ره‌كییه. ئه‌مه، ده‌بێته رێگر له پێشكه‌وتنی ئابووریش، چونكه پێشكه‌وتنی ئابوری پێویستی به داهاتی ناوخۆ، بونی كه‌رتی وه‌به‌رهێنی ناوخۆ، هێزی كار، وه بازارێكی ئازاد هه‌یه.
ئه‌و چوار خه‌سڵه‌ته‌ی كرێیهوڵات رێكی په‌یكه‌ره‌ی رامیاری ده‌شێوێنێت، بۆچی؟ چونكه په‌یوه‌ندی خۆرسكی نێوان سیسته‌می ئابوری و په‌یكه‌ره‌ی رامیاری تێكده‌دات.
هه‌ربۆیه‌ش هیچ كام له‌و ٢٣ وڵاته‌ی كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری داهاتیان له نه‌وت و گازه‌وه‌یه په‌یكه‌ره‌ی رامیاریهكانیان چه‌قبه‌ستوو و نادیموكراتیكه. له كرێیهوڵات دا، دوو هۆكار هه‌ن كه به دیوی په‌نهاندا، دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌كان لاواز ده‌كه‌ن، یه‌كه‌م، ئه‌وه‌ی كه داهات له ده‌ره‌وی وڵات دێ، وه دووه‌م، ئه‌وه كه داهات كه دێ راسته‌وخۆ ده‌چێته ده‌ستی ده‌وڵه‌ت. هاوڵاتیان له‌و وڵاتانه‌دا، بۆ په‌یدا كردنی كار و، ده‌سته‌به‌ركردنی مووچه و، باشكردنی باری ژیان و گوزه‌رانیان ته‌نها پشت به ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستن، و هانا بۆ دامه‌زراوه فه‌رمیه‌كان ده‌به‌ن. ئه‌مه‌ش دامه‌زراوه‌كان فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌خاته ژێر فشاره‌وه (كاری سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌ت بچوك ده‌بێته‌و بۆ دابه‌شكردنی موچه). له بارێكی وادا، ده‌وڵه‌ت مانه‌وه به‌رده‌وامیی له‌سه‌ر یه‌ك شت وه‌ستاوه؛ كرینی ڕه‌وایه‌تی. ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وت به كریاری ده‌ره‌كی. ئه‌م جۆره له سیسته‌می رامیاری سیسته‌مێكی ته‌واو كه‌چه، چونكه هه‌م بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنی داهاتی گشتی و هه‌م بۆ پارێزرانی پشت به پاره و هێزێك ده‌به‌ستێت كه له‌ده‌ره‌وه‌ن. سه‌رچاوه‌ی سه‌قامگیری ئابووری و رامیاری، بازاره‌كه‌ی نییه، خه‌ڵكه‌كه‌ی نییه، ره‌وایه‌تی په‌یكه‌ره رامیارییهكهی نییه، به‌ڵكو وڵاتێكی دییه؛ ئهربابێكی نێوده‌وڵه‌تییه. بۆیه ده‌بینرێ، نه‌وت ده‌توانێ ژیان له رووی چۆنییهتییهو به‌ره‌و پێش به‌رێت به‌ڵام په‌یكه‌ره‌ی ئابووری به‌لاوازی ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆته جیاكه‌ره‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاته نه‌وتییه‌كان: گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاوی ئابووری به‌ڵام به‌بێ پێشكه‌وتنی ئابووری. ئه‌و هۆكارانه‌ی كه رێگرن له پێشكه‌وتنی ئابووری زۆرن به‌ڵام گرنگترینیان بریتیه له دیارده‌ی (خاوه‌ن و كڕیار) یاخود (ئه‌رباب و موشته‌ری).
ئه‌وه‌ی كه واده‌كات بازارێكی ئازاد دروست نه‌بێت ئه‌و جۆره‌یه له په‌یوه‌ندی، چونكه رێگره له دروست بوونی كه‌رتێكی تایبه‌ت كه به شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی سه‌ربه‌خۆ بێت.
له وڵاتانی كه‌نداو دا هۆی ئه‌وه كه كه‌رتی تایبه‌ت (به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ) دروست نه‌بووه ئه‌و په‌یوه‌ندییه نا ته‌ندروسته‌یه (هه‌ر ئه‌وه‌ش هۆكاربووه كه وڵاتانی كه‌نداو به‌ره‌و كرانه‌وه‌ی رامیاری نه‌ڕۆن). ئه‌وه‌ی كه رووی داوه، هه‌م له هه‌رێم وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌رایی وه هه‌م له وڵاتانی كه‌نداو وه‌ك به‌ره‌نجامی ئه‌و پرۆسه‌یه، بریتی بووه له گواستنه‌وه‌ی كار و وه‌به‌رهێنان له‌و بوارانه‌ی كه پێشتر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه قۆرخكراون (له باری هه‌رێمدا له لایه‌ن پارتی سیاسی یان حكومه‌ته‌وه) بۆ ده‌ستی هه‌ندێك هاورێ و هاوكاری ده‌وڵه‌ت یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن. له هه‌رێمی كوردستان دا به دڵنیاییه‌وه كه‌رتی تایبه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندتر بووه به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه سه‌ربه‌خۆ نییه، وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه خۆڕسك نییه، له ده‌می ته‌نگژه‌ی رامیاریدا نه‌یتوانیوه ده‌ستبارگر بێ، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه له هه‌رێمدا تێبینی ده‌كرێ ئه‌وه‌یه كه كه‌رتی تایبه‌ت له جیاتی ئه‌وه‌ی كه بتوانێ هاوكار بێت، هۆكار بووه بۆ به‌شێك له‌و گرفته ئابووریانه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان گیرۆده‌یان بووه. ئه‌گه‌ر كه‌رتی تایبه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌ندازه‌ی پێكه‌وه‌بوون لێك نزیك بوون، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌فامرێته‌وه، هه‌ردووكیان زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن؛ نه حكومه‌ت ده‌توانی به‌و كارانه هه‌ستێت كه ئه‌ركی خۆیه‌تی بۆ مسۆگه‌ركردنی ڕه‌وایه‌تی، وه نه كه‌رتی تایبه‌ت ده‌توانێ په‌یكه‌ره‌ی ئابووری پته‌و بكات كه دیسان ئه‌مه‌ش ئامانجی كه‌رتی تایبه‌ته. هه‌ردوكیان زه‌ره‌مه‌ند ده‌بن وه‌ك له ئێستا هه‌رێمدا به روونی دیاره، هه‌ره‌سی یه‌كێكیان هه‌ره‌سی ئه‌و دی مسۆگه‌ر ده‌كا. هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه‌رتی تایبه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و به‌بێ سنورداركرانی بواری درا فراوان بێت، بوو به درێژكراوه‌ی كه‌رتی گشتی و ته‌نانه‌ت بوو به جێگره‌وه‌شی.
كه‌رتی تایبه‌ت سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو به‌و مانایه‌ی كه زۆر له یه‌كه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت یان راسته‌وخۆ هی كه‌سانێك بوون كه له ده‌سه‌ڵات دان یان ناراسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵات پشكی هه‌بوو، واته ئه‌وانه‌ی كه له ده‌سه‌ڵات دان بواریان نه‌داوه كه‌رتی تایبه‌ت سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵكو كه‌م تا زۆر ئه‌گه‌ر سه‌ربه ده‌سه‌ڵاتیش نه‌بووبێ له‌ژێر هه‌ژموونی دابووه، و كه‌رتی تایبه‌ت چاوی له ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بووه. بۆیه بینرا، كه ده‌سه‌ڵات تووشی گرفتی داهات بوو راسته‌وخۆ كاریگه‌ری كرده سه‌ر هه‌موو یه‌كه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌رێم و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری پرۆژه‌كان وه‌ستان، تا ئێستا به‌شێكی زۆر له به‌ڵێنده‌ره‌كان مایه‌پووچی خۆیان راگه‌یاندووه، تا دێ ژماره‌یان له هه‌ڵكشان دایه.
كه‌واته بۆ پاراستی هه‌رێم، له دارمان ده‌بێ چاو بخشێندرێته‌وه به سیسته‌می ئابووری و په‌یكه‌ره‌ی رامیاری وه له‌وش گرنگتر، به چۆنیه‌تی لێكه‌وتی نێوانیان، به شێوازی په‌یوەندییان. به رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه به‌رپرسیارێتی كه‌رتی گشتی و ئه‌و خزمه‌تگوزاری و وه‌به‌رهێنانه‌ی كه كه‌رتی تایبه‌ت پێشكه‌شیان ده‌كات. خاڵی هه‌ره گرنگ و سه‌ره‌تا بریتیه له راكێشانی هێڵی جیاكه‌ره‌وه له نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی، نابێ هیچ كامیان بپه‌ڕێته‌وه سنوری ئه‌وی دیان، له ئێستا دا كه‌رتی تایبه‌ت سنوری كه‌رتی گشتی به‌زاندوه ئه‌وه ده‌بێ راستبكرێته‌وه. خاڵی دووه‌م، بریتیه له سنورداركردنی هێنانی وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كی، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڵكه‌وته‌ی رامیاری هه‌رێم، ئه‌وه گره‌وكردنه له‌سه‌ر ئه‌سپی دۆڕاو كه له‌سه‌ر حسابی وه‌به‌رهێنی نێوخو وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كی بهێنرێته ناو وڵات. بینرا له‌گه‌ڵ دروست بوونی هه‌ڕه‌شه زۆربه‌ی وه‌به‌رهێنه ده‌ره‌كییه‌كان بڵاوه‌یان كرد. چاره‌سه‌ری ریشه‌یی ئه‌وه‌یه كه وه‌به‌رهێنی نێوخۆ هاوكاری بكرێ و بواری بدرێ و حكومه‌ت به ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆی هه‌ستێت كه چاودێری كاری وه‌به‌رهێنه نێوخۆییه‌كان. چونكه، حكومه‌ت ده‌توانێ كومه‌ڵێك رێوشوێن به‌رامبه‌ر به وه‌به‌رهێنی نێوخۆ بگرێته به‌ر، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به وه‌به‌رهێنی ده‌ره‌كی نا. سیسته‌می ئابووری هه‌رێم پێویستی به چاو پێدا خشاندنهویهكی ریشه‌یی هه‌یه، به‌ڵام هه‌رجۆرێك له چاكسازی ده‌بێ دوو شت له‌به‌ر چاو بگرێ یه‌كه‌م، پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، دووه‌م، په‌یكه‌ره‌ی سیاسی. به‌بێ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنێكی درووست بۆ ئه‌و دوو بابه‌ته ئاسته‌مه هیچ جۆرێك له چاكسازی ئابووری ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی هه‌بێ.