“فیلم وەک خەون، فیلم وەک مۆسیقا. هیچ هونەرێک هێندەی سینەما بە ئاگاییماندا تێناپەڕێت، ڕاستەوخۆ بەر هەستەکانمان دەکەوێت، بەرەو قووڵترین ژوورە تاریکەکانی ڕۆحمان دەڕوات.”
ئینگمار بێرگمان
سینەما، کە زۆر جار بە هونەری حەوتەم ناوی دەهێنرێت، یەکێکە لە هونەرە نوێیەکان. نوێ بە ئەندازەی مێژووی درێژی مرۆڤایەتی لەگەڵ کایەی هونەردا. ئێمە هەر ١٣٠ ساڵێکە سینەما دەناسین. گەلانی سەردەست و پێشڕەوی وەک فەڕەنسی و ئەمریکایی، لە سەرەتای سەرەتاوە تا ئێستا دەستی باڵایان لە دروستکردن و پەرەپێدانی و گەشەپێدانی ئەم هونەرەدا هەبووە. هەرچی گەلانی تری دونیاشە، کەم تا زۆر بەشدار و چالاک بوون و هەن. چەندین وڵات هەن کە خاوەن قوتابخانە و ڕێبازی سینەمایی تایبەت بە خۆیانن. وەک: ڕووسیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و.. هتد. گەلێک یان وڵاتێک دەتوانێ خاوەنی ژمارەیەکی زۆری فیلم بێت بەڵام هێشتا خاوەنی سینەما نەبێت. خاوەنی سینەما نەبێت بەو مانایەی سینەما لە وڵاتەکەدا نەبووبێت بە جۆرێک لە پیشەسازی، یان قوتابخانەیەکی سینەمایی ئەوتۆ بوونی نەبێت کە ببێتە ئامرازێک بۆ نیشاندان و پەخشانکردنی کلتوور و شوناسی ئەو گەل و وڵاتە.
میللەتانی سەردەستی جیهان، گەلێک لە مێژە لە گرنگی و گەورەیی و کاریگەری سینەما تێگەیشتوون و دەزانن یەک لە گەورەترین ئامرازەکانی دونیای ئەمڕۆ بۆ خۆناساندن و نیشاندانی کەلتوور و پارێزگاریکردن لە شوناسی گەل و نەتەوە، سینەمایە. ئەوروپا بە گشتی لانکەی سینەمایە، هەرچی ئەمریکاشە بە دروستکردنی هۆڵیوود لە بیستەکانی سەدەی بیستدا، سەلماندی کە سینەما چەند گرنگە بۆی. ڕۆڵی سینەما لە وڵاتانی ئەوروپا بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لەسەرە. شۆڕشی قوتابیانی فەڕەنسا یەکێک بوو لەو ڕووداوانەی کە بە تەواوی کاریگەری سینەمای بەسەرەوە بوو.(٣) ئیتاڵیا و سوید و ڕووسیا و ژاپۆن و بەڕیتانیا و زۆر وڵاتی تر هەر لە سەدەی ڕابردووەوە بە وردی دەستیان کردووە بە کارکردن لەسەر سینەما و کاریگەری سینەماش بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەوە، وەک هێزێکی کەلتووری و سیاسی و ئابووری، دیارە. بێگومان ئەمانەش ئاسان نەبوون و بێ کاری زۆر و پلانی ورد هیچ یەک لەو وڵاتانە نەیانئەتوانی سینەما بکەنە ئەو چەکەی کە ئێستا بۆتە بەشێک لە بوونیان.
تا ئێستا ئێمە وەک کورد ناتوانین بڵێین خاوەنی سینەماین. ڕاستە فیلممان هەیە، لێرە و لەوێ هەوڵدراوە و دەدرێت، بەڵام سینەمای کوردی بە مانا و تایبەتمەندییەکانییەوە، تا ئێستا بوونی نییە. یەکەم فیلمی کوردی لە مێژوودا دروستکرابێت فیلمی (زاری) یان (زەرێ)یە. هامۆ بەگ نەزەریانی ئەرمەنی ساڵی ١٩٢٦-١٩٢٧ کاری دەرهێنانی بۆ کردووە. فیلمەکە چیرۆکی خۆشەویستی سەیدۆ و زەرێ دەگێڕێتەوە لە گوندێکی کوردە ئێزیدییەکانی ئەرمینیای پێش شۆڕشی ١٩١٧ی ڕووسیا.(٢) وەک ئەرشیڤ، دەتوانین بڵێین یەکەم فیلمی کوردییە لە مێژووی سینەمادا. بەڵام ئاخۆ چ شتێک وا دەکات بتوانین بە فیلمێک بڵێین کوردی؟
ئەم پرسیارە پرسیارێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە. ناتوانین بە ئاسانی پەنجە بخەینە سەر یەک ڕەهەند و تایبەتمەندی فیلمێک و بڵێین لەبەر ئەم هۆکارە ئەم فیلمە کوردییە. چونکە ئێمەی کورد، جیاواز لە گەلانی خاوەن دەوڵەت لە دونیادا، جوگرافیایەکی یاسایی یەکگرتوومان نییە تا لە ناویدا شوناسمان جێگیر و پارێزراو بێت. ئەوەی تا ئێستا هەیە کۆمەڵێک هەوڵی تاکە کەسییە لە پارچەکانی کوردستاندا بۆ دروستکردنی جۆرێک لە سینەما کە تیایدا مرۆڤی کورد بتوانێت چیرۆکی خۆی بگێڕێتەوە و پێناسەی خۆی بکات. یەک لەو نمونانە (یڵماز گیونەی)ە. کە زۆرینەی فیلمەکانی بە زمانی تورکی و کەرەستەی تورکی و ستافی زۆرینە تورک دروست کردووە. بەڵام ناتوانین بڵێین فیلمەکانی تورکین، چونکە کورد و کوردستان چەقی ناوەڕۆک و ناواخنی چیرۆکی فیلمەکانی ئەون.
کەواتە یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی وا دەکات بتوانین بە فیلمێک بڵێین ‘کوردی’ ئەوەیە کە فیلمەکە خاوەنی وتارێکی کوردی بێت، یان خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکێکی کوردی بێت، یان خەریکی نیشاندانی مێژوو و شوناسی کوردی بێت. جگە لە (گیونەی) چەند دەرهێنەرێکی تری وەک (بەهمەنی قوبادی، کازم ئۆز، تەهای کەریمی، شەوکەت ئەمین، هونەر سەلیم) و چەندانی تر توانیویانە مشتێک بۆ سەر خەرمانی سینەمای کوردی زیاد بکەن. ئەمە جگە لە چەندین هەوڵی تری سینەمایی، کە کەوتوونەتە پەراوێزەوە.
لە باشووری کوردستاندا و لە چوارچێوەی چوار پارێزگای (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) ژمارەی هۆڵەکانی سینەما سنووردارن. زیاتر لە وڵاتانی تری دونیا ئێستا سینەما لە کوردستان سینەمای ناو ماڵەکانە و سینەمای تاکەکەسییە. لە ڕێگەی ئامێرەکانی وەک کۆمپیوتەر و تەلەڤزیۆن و مۆبایلەوە سینەما ئەزموون دەکرێت. ئەمە یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی دروست نەبوونی سینەما لە کوردستان. چونکە بە بێ هۆڵی سینەما ئاستەمە بتوانی کلتووری سینەمایی دروست بکەیت. بە بێ کلتووری سینەماییش ئاستەمە هۆشیاری سینەمایی و بە بێ هۆشیاریی سینەماییش ئاستەمە خودی سینەما خۆی دروست بکەیت. هەڵبەت هۆکارگەلی دیکە زۆرن کە وا دەکەن سینەما لە کوردستان بەرەو پێش نەڕوات و پەرە نەسەنێت.
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وای کردووە سینەما لە کوردستان لە گەشەسەندن بکەوێت نەبوونی ئەکادیمیا و قوتابخانە و فێرگەی سینەمایی پیشەگەرە کە تیایدا کادیری سینەمایی لە بوارە جیاوازەکانی فیلمسازیدا دروست بکات. ڕاستە کوردستان خاوەنی کۆلێژ و زانکۆی هونەرە و لە ناویشیاندا بەشی سینەمای هەبووە و هەیە، بەڵام ئەم ناوەندانە تا ئێستا نەیانتوانیوە جموجۆڵێکی سینەمایی ئەوتۆ دروست بکەن. ئەوەی هەیە تەنها چەند هەوڵێکە بۆ دروست کردنی چەند فیلمێک.
لەبەر ئەوەی مێژووی هونەری گەلانی جیاواز لە هەندێک باردا دەتوانێت مێژوویەکی هاوبەش و جیهانیی بێت، کەواتە ئێمەش وەک کورد دەتوانین سوود لەو مێژووە هاوبەشە وەرگرین و لە ڕێگەیەوە کار لەسەر دروستکردنی سینەمای کوردی بکەین تا بتوانین وەک ئامرازێکی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی کەڵکی لێ وەربگرین.
یەکێک لەو هۆکارانەی دەتوانێت کارئاسانی و کۆمەک بکات لە دروستکردن و بنیاتنانی سینەمای کوردیدا ئەوەیە کە ئێمە گەلێکی زیندوو و دانەبڕاوی ناو مێژووی جیهان و مێژووی گەلانی مێسۆپۆتامیاین. زمان و کلتوورمان دوای مێژوویەک لە داگیرکاری و پارچەپارچەبوون، هێشتا زمان و کلتوورێکی تایبەت و جیاوازە، بە بەراورد بە گەلانی تری ناوچەکە، وەک عەرەب و تورک و فارس. هۆکارێکی یارمەتیدەری تر ئەوەیە کە کورد خاوەنی چیرۆکگەلێکی بێ شومارە، کە ئەمانە دەتوانن ڕێگەی درێژمان بۆ کورت بکەنەوە و وەک چیرۆک سوودیان لێ وەرگرین. بێگومان ئەم هەمووە چیرۆکەش زادەی چەندین ڕووداو و کارەساتی گەورەیە کە بە درێژایی مێژوو بەسەرماندا هاتووە. ئەمە جگە لە هەموو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرهەڵستیانەی کە بزووتنەوە یەک لە دوای یەکەکانی کوردایەتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرامبەر بە هێزە داگیرکەرەکان بەرپایان کردوون.
بنیاتنانی سینەما لە سەردەمی ئێستاماندا کە سەردەمێکی ئاخنراوە بە داهێنانە تەکنەلۆژییەکان، پێدەچێت لە هەر کات و سەردەمێکی تر ئاسانتر بێت. ئەوەی پێویستە بۆ دروستکردنی سینەمای کوردی لەمانەی خوارەوەدا کۆ دەبێتەوە: هۆشیاری کۆمەڵایەتی بۆ سینەما، زەمینەسازی کلتووری و ڕووناکبیری بۆ سینەما، دروستکردنی کادیری فیلمسازی، هاوردەکردن و دروستکردنی ژێرخانی ئەلیکترۆنی، دابینکردنی ژێرخانی ئابووری، پلان بۆ پەرەپێدانی سینەما لەسەر ئاستی وەزاری و حکومی، دروستکردنی هۆڵی سینەما، کارئاسانی لە لایەن دامەزراوە حکومییەکان بۆ سینەماکار و فیلمسازانی کوردستان. هۆشیاری تاک و کۆمەڵگەش لە بەرامبەر سینەمادا، دەشێت خۆکارانە بکەوێتە دوای هەموو ئەمانەوە. چونکە هەوڵە سینەماییەکانی ڕابردوو ئەوەیان بۆ سەلماندووین کە وەک هەر جێگایەکی تری دونیا، بینەر لە کوردستانیش بوونی هەیە و تینووی بەرهەمی سینەمایی کوردیین