لە پەتای گشتگیرەوە بۆ بەرگری: دەرئەنجامە نەخوازراوەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر کردە دژە میکرۆبیەکان
پەتای کۆڤید١٩ بۆتە هەڕەشەیەکی جیهانی لەسەر بەرگری لە بەرامبەر دژە میکرۆبی، بەهۆی بەکارهێنانی بەربڵاو و بێ جیاوازی دەرمانی دژە زیندەیی و دژە میکرۆب. نەبوونی دڵنیایی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشی لە ماوەی پەتاکەدا بووە هۆی زیادەڕۆیی لە ڕەچەتە، زۆرێک لە تووشبووانی کۆڤید-١٩ چارەسەری دژە میکرۆبییان وەرگرتووە سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی کەمیان تووشبوونیان بە هەوکردنی بەکتریا یان قارچک پشتڕاستکردووەتەوە. بەرزبوونەوەی ماددە پاتۆجینەکانی بەرگریکەر بە دژە زیندەیی لە نێوان نەخۆشانی کۆڤید-١٩دا جەخت لەسەر پێویستی بەکارهێنانی وریایانەی دەرمانە دژە زیندەییکان دەکات بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاودێریکردن و شێوازەکانی ڕێنماییکردنی دەرمان.
گشتگیری پەتای کۆڤید-١٩ بووە هۆکاری چەندین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە شێوازەکانی چاودێری تەندرووستی و لەوانەش دانانی ڕێوشووێنی بەهێزتری خۆپارێزی لە تووشبوون، بەرەوپێش بردنی ڕێکارەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشی، و دووبارە دابەشکردنەوەی سەرچاوەکانی چاودێری تەندروستی. هەروەها، ئەم پەتایە فشارێکی گەورەی خستە سەر سیستەمی چاودێری تەندروستی لە سەرانسەری جیهاندا، لە ئەنجامدا سەرنجەکان دوورخرانەوە لە بەرنامەکانی بەڕێوەبردنی دژە میکرۆب.ئەم وتارە لە کاریگەریەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر بەرگری دژە میکرۆبی دەکۆڵێتەوە وگرنگی تیشک خستنە سەر ئەو مەترسیە تازە پەیابووە بەرجەستە دەکات.
بەرگری دژە میکرۆبی دەستەواژەیەکی فراوانە بۆ بەرگری لە نێوان جۆرە جیاوازەکانی وردە زیندەوەران (بۆ نموونە، بەکتریا، ڤایرۆس، مشەخۆر، یان قارچک). کە بەرگریکردن بەرامبەر دەرمانە دژە زیندەیەکانی وەک دژە بەکتریا، دژە ڤایرۆس، دژە مشەخۆر و دژە قارچک دەگرێتە خۆ. وردەئۆرگانیزمە بەرگریکارەکان بە هۆی بازدان لە بۆماوە مادەکانیان یان بەدەستهێنانی جینی جوڵاوەوە درووست دەبن کە هەڵگریی جینی بەرگریکارن. بۆیە ئەمە دەتوانێت بەبێ گوێدانە بوونی دژە میکرۆبەکان ڕووبدات. بەهەرحاڵ، بەرکەوتن لەگەڵ ئەو جۆرە دەرمانانە دەبیتە هۆکاری فراوان بوون و گەشەکردنی نەخۆشخەرە (پاتۆجین) بەرگریکارەکان (Prestinaci, 2015). ڕەچەتە پێدانی نەگونجاو چ بەهۆی ڕێنماییە کۆناکەنەوە بێت یان فشار لەسەر دەرمانساز، بەردەست بوونی دەرمانی دژە زیندەیی بەبێ ڕەچەتەی پزیشک، یان خۆ دەرمان کردن، هۆکاری ئەمانە نەبوونی هۆسیاری تەندرووستیە سەبارەت بەو مەترسییە جیهانییەی کە بەرگری دژەزیندەیی بۆ کۆمەڵگاکەمان دروستی دەکات. کردە پزیشکییەکانی وەک نەشتەرگەری دەتوانن زۆر قورس بن، یان تەنانەت مەحاڵ بن، بەهۆی بەرگری دژە میکرۆبەوە (هەمان سەرچاوە). لە کۆتایشدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تەنانەت نەتوانین هەوکردنەکانیس جارەسەر بکەین کە لدەبێتە هۆی مردن.
مارگرێت چان، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیھانی لە پێشەکی پلانی کاری جیهانیدا ڕایگەیاند کە"بەرگری دژە میکرۆبی قەیرانێکە کە دەبێت بەوپەڕی خێراییەوە چارەسەربکرێت. لە کاتێکدا کە جیهان پێ دەنێتە نێو قۆناغێکی پێگە خوازانەی نوێی گەشەپێدان دەبێت، ناتوانین ڕێگە بدەین ئەو دەستکەوتانەی بەسەختی بەدەستمان هێناون بۆ تەندروستی بەهۆی شکستی دەرمانە سەرەکییەکانمانەوە لەناو بچن" (٢٠١٥). هەرچەندە، تاقیکردنەوە کلینیکیەکان لە سەرانسەری جیهاندا چارەسەری دژە میکرۆبیان بەکار هێنا لە بەرامبەر کۆڤید ١٩. ژمارەیەکی زۆر لە دەرمانەکان لە خۆپاراستن و چارەسەرکردنی هەوکردنی کۆڤید بەکارهێنراون لەوانە چەندین دژە ڤایرۆس (تێکەڵەی لۆپیناڤیر/ریتۆناڤیر، ڕێمدێسیڤیر، و فاڤیپیراڤیر)، دوو دژە مەلاریا (کلۆرۆکوین و هایدرۆکسیکلۆرۆکوین)؛ ڕێگریکەری ACE2 (لۆسارتان)؛ ماددە بەرگری سەرکوتکەرەکان (تۆسیلیزوماب، لیرۆنلیماب و کۆرتیزۆل)؛ ڕێگریکەری TMPRSS2 (کامۆستات میسیلات)، دەرمانی دژە مشەخۆر (ئیڤەرمێکتین و نیتازۆکسانید)؛ دەرمانێکی ئاڵتونی تێدایە، ئاورانۆفین، گۆڕینی بەرگرییە کە لە سپێسیس و پەتادا بەکاردەهێنرێت (Sepsivac، mycobacterium w (کوشتن بە دەرزی گەرمی)؛ خانە فراوانکراوەکانی منداڵدان (PLX)ی ئەلۆجینیک؛ و پلازمای چاکبوونەوە. (Breining, 2019; Evan, 2019; Caly, 2020; Diederich, 2020; Smith, 2020; Barkama, 2020; Patel, 2021; Mirjalili, 2022; Massai, 2022).
جگە لەوەش لە سەردەمی پەتای کۆڤید١٩ دەست شۆردن بە سابوون و تەعقیمکردنی دەست لە نەخۆشخانەکان بەرە و زیادبوون چوون. بەڵام ئەگەر ئەو بەرهەمانەس لە پێکهاتەیان دا کلۆرهێکسیدین دیگلۆکۆنات یان پێکهاتەکانی ئەمۆنیۆمی چوارەم هەبێت ئەوە بە هەمان شێوە دەبنە هۆی بەرگری دژە زیندەیی.
قۆناغی سەرەتایی بڵاو بوونەوەی پەتاکە بە نا دڵنیایی دەورە درابوو، هەروەها نەبوونی چارەسەرێکی دیار و تایبەت بۆ پەتاکە بووە هۆکار تا پزیشکەکان بە پێی ئەزموونی خۆیان دژە زیندەی بەکار بێنن لە پیناو لەناو بردنی هەوکردنەکە. جگە لەوەش ڤایرۆسی کۆڤید١٩ لە پشکنینی تاقیگەی دەتوانێت خۆی وەک و هەوکردنێکی بەکتریای پیشانبدات، کە ئەویش دەبێتە هۆی نا دڵنیای لە دەستنیسانکردن. دەستنیشان کردنی درەنگ یان دەستنیشان کردن بە هەڵەی ئەو هەوکردنانەی کە لە هەمان کات هەوکردنی بەکتریاییشن لەوانەیە ببێتە هۆکاری ئەوەی کە چارەسەری دژە زیندەیی بۆ بەکاربێت کە ئەگەرێکی بەهێزی درووست کردنی بەرگری دژە میکرۆبی. (Ha et al, 2017) وە لەبەر ئەوەی کە دەرمانی دژە زیندەیی بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارهات لە دژی کۆڤید١٩ قەیارانی بەرگری دژە زیندەیی بەهێزترکرد. دەرمانی دژە ڤایرۆسی وەک ڕێمدێسیڤیر، فاڤیپیراڤیر، و ئەوانی تر زۆر بەکارهێنراون بۆ چارەسەری توشبووانی کۆڤید-١٩. (Smith, 2020; Eroglu, 2021).
لە توێژینەوەیەک کە لەلایەن پەیمانگا پزیشکیەکانی یێڵ و بەشی تەندروستی گشتی کراوە جۆرێک لە سارس کۆڤید ٢ دۆزراوەتەوە کە بەرگری بەرمابەر دەرمانی ڕێمدێسیڤیر هەیە، لە نەخۆشێکی بەرگری لاوازدا کە پێشتر دەرمانی ڕێمدێسیڤیری بۆ بەکارهاتووە. (Gandhi et al, 2022) ئەو کەسانەی کە پێشتر تووشی کۆڤید ١٩ بوون بەرگری لەشیان دابەزیوە و ڕوخاوە بۆیە زۆربەی جار دەرمانی دژە ڤایرۆس بەکار دێنن بۆ نەخۆشیە ڤایرۆسیەکانیان، ئەمە دواتر وایان لێدەکات زیاتر تووشی بەرگری پەرەسەندن بن بەرامبەر بەو چارەسەرەی کە وەریدەگرن. دەشێت کە گرنگی دان بە چارەسەری کۆڤید ١٩ بووبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی چاودێریکردنی شێوەازەکانی چارەسەی دژە میکرۆبی، بەهەمان شێوە بۆتە هۆکارێک بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نەشیاوی دژە زیندەییەکان. ڕەچەتەی ئانتیبایۆتیک(دژە زیندەیی) بۆ ئەو نەخۆشانەی لە ژێر چاودێرین وئەو نەخۆشانەی لە دەرەوەی نەخۆشخانەن بووە هۆی پاشەکشە لە بەرەنگاربوونەوەی بەرگری دژە بەکتریا.(Ha et al, 2017; Hodoșan et al, 2023). بڵاو بوونەوەی ئەو مادە نەخؤشخەرانەی کە بەرگریان بەرامبەر ئەنتی بایۆتیکەکان هەیە لە نێو نەخۆسانی تووشبوو بە کۆڤید ١٩ و هەبوونی هەوکردنی بەکتریای کە لە تاقی کردنەوەکەدا بەردیارکەوتووە جەخت لەسەر بەپەلەیی چارەسەری دژە میکرۆبی دەکاتەوە. دەرەنجامی چەند توێژینەوەیەک دەریخستووە کە نزیکەی ٧٢%ی ئەو نەخۆشانەی کۆڤید-١٩ کە لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون چارەسەری دژە میکرۆبییان وەرگرتووە، سەرەڕای ئەوەی تەنها ٨%یان هەوکردنی هاوبەشی بەکتریا یان قارچکیان هەبووە(Rawson et al, 2020). جگە لەوەش دەرمانی دژە زیندەیی جۆراوجۆر وەک ئازیترۆمایسین پێشنیار کراوە بۆ چارەسەری کۆڤید-١٩. نیگەرانی گشتی جەماوەری، جگە لە بەکارهێنانی نەشیاوی دژە زیندەیی، نیگەرانی ئەوەیە کە لە بەسێکی زۆر لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان هاوڵاتیان ئەنتیبایۆتیکەکانیان بەبێ ڕەچەتەی پزیشکی دەست بکەوێت کە ئەمە خۆی جێگەی نیگەرانیە. بۆ نمونە لە ڕاپۆرتێکدا ڕاگەیێنرا کە زیاتر لە ٦٩٪ تووشبووان بە کۆڤید ١٩ پێش وەرگرتنیان لە نەخۆشخانە دەرمانە دژە زیندەییەکانی وەک سێفتریاکسۆن و ئازیترۆمایسینیان بەکارهێناوە (Zavala-Flores et al, 2020).
بەکارهێنانی بێ جیاوازی دژە زیندەییەکان لە چارەسەری تووشبووانی کۆڤید-١٩، لەگەڵ نەبوونی دڵنیایی لە دەستنیشانکردن و ڕێنماییکردنی ئەزموونی، بوونەتە هۆکار لە بەرزبوونەوەی ماددە نەخۆشخەرەکانیکە بەرگریان بەرامبەر دژە میکرۆبەکان هەیە. ئەو قەیرانە کە خەریکە درووست دەبێت پێویستی بە کرداری بە پەلە هەیە لە پێناو بەهێزکردنی بەرنامەکانی بەڕێوەبردنی دژە میکرۆبی. تەشەنەکردنی ماددە نەخۆشخەرەکانی بەرگریکەر بەرامبەر دژە زیندەییەکان لە نێوان نەخۆشانی کۆڤید-١٩دا جەخت لەسەر پێویستی بەکارهێنانی وریایانەی دژە زیندەیی و چاودێریکردنی وردی شێوازەکانی دەرمانکردن دەکاتەوە. دەبێت هەوڵی کاریگەر بدرێت لە پێناو بڵاو کردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە مەترسی جیهانی بەرگری دژە میکرۆب و گرنگی بەکارهێنانی گونجاوی دژە زیندەیی. بە تێگەیشتن لە مەترسی ئەو بابەتە و هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان دابینکەرانی چاوەدێری تەندروستی، داڕێژەرانی سیاسەت، توێژەران و پیشەسازی دەرمانسازی زۆر گرنگن لە چارەسەرکردنی ئەم پرسە و پاراستنمان لە مەترسی دژە زیندەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو.