دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

مەترسییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ژێرخانی تەکنەلۆجیای حکومەتی هەرێمی کوردستان

By ئەمیر میراوەدەلی

لە ئێستادا، ئێمە لە سەدەمی زانیاریدا دەژین و ئامێرە دیجیتاڵییەکان دەستیان بەسەر ژیانماندا گرتووە، هەر بۆیە پێویستیەکانی مانەوە بە سەلامەتی و پەنامەکی لە ناو ئینتەرنێتدا لە ئاستێکی باڵادایە. بەپێی پێشبینییەکانی کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی ڤێنچەرز تێچووی زیانەکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان تا ساڵی٢٠٢٥ بریتی بێت لە ١٠.٥ تریلیۆن دۆلار. ستۆکسنێت چەکێکی ئەلیکترۆنی بوو کە بەهاوبەشی حکومەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل دروستکرابوو، وێستگەێکی ئەتۆمی ئێرانی بە کردە ئامانج، کە ٢٠٠،٠٠٠ کۆمپیوتەری گرتەوە و بووە هۆی لەکارکەوتنی نزیکەی ١٠٠٠ ئامێر. هێرشێکی تری ئەلیکترۆنی کە کۆمپانیای کەشتیوانی جیهانی فێدێکسی کردە ئامانج، کە بووە هۆی ئەوەی بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری زیانی دارای پێبکەوێت و پشکەکانی بە ڕێژەی ٧٩ سەنت بۆ هەر پشکێک داببەزێت. بەهەمان شێوە کۆمپانیای خزمەتگوزاری ئینتەرنێت یاهوو ڕووبەڕووی ئەو شتە بووەوە کە بە یەکێک لە گەورەترین پێشڵکردنی زانیاری لە مێژوودا دادەنرێت لە ساڵی ٢٠١٦ دا، کە ٥٠٠ ملیۆن هەژماری بەکارهێنەر و زانیارییە کەسییەکان دزرا.

وڵاتان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان بڕێکی زۆر سەرمایەیان وەبەرهەمێناوە هەم لەسەر ژێرخانی تەکنەلۆجیای خۆیان و هەم لەسەر دەستڕاگەیشتن بە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا. دەوترێت کە مایکرۆسۆفت نیازی وایە ٢٠ ملیار دۆلار خەرج بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنیان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

تا ساڵی ٢٠٢٣، بودجەی حکومەتی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی وڵاتەکە بریتی بووە لە١٥.٦ ملیار دۆلار، هەروەها وڵاتێکی وەک شانشینی ئیماراتی عەرەبیمان هەیە کە بودجەکەی ٧٩ ملیار دۆلارە بۆ پێنچ ساڵی داهاتوو لە ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٦. لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوای پێشکەوتنی تەکنەلۆجی و بە دیجیتاڵکردنی حکومەتدا دەگەڕێت، کاردانەوەی ئەو بازدانە بەرەو جیهانی دیجیتاڵی چی دەبێت؟ وە حکومەت چ کارێک دەکات بۆ پاراستن و ئاسایشی دامەزراوەکان و هاوڵاتیانی لە ئینتەرنێتدا؟ پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان دابنێت بۆ تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ توانادان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی تەکنەلۆجیای خۆی. هەنگاوێکی بێ ماندووبوون و لە هەمان ساتەوەختدا زۆر چارەنووسساز کە حکومەتی هەرێم بتوانێت بەرەو ئەو ئامانجە بیگرێتەبەر، دەتوانێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانەوە بت بۆ کارمەندان لە کەرتی گشتی بەمەبەستی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، چونکە دەگوترێت هەڵەی تاکەکان بەربڵاوترین هۆکاری هێرشە ئەلیکترۆنییەکانە.

ڕەنگە پێویست بکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەلێنی نێوان کەمی توانست و خواستی زۆری پسپۆڕ و شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ هەردوو کەرتی گشتی وتایبەت پڕبکاتەوە، لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان یان کۆمپانیا نێودەڵەتییەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بێت، بۆ ئەوەی فێرخوازان و دەرچووان بە لێهاتووی و کارامەیی پێویست سەلامەتی شوێنی کارەکانیان مسۆگەر بکەن.