دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

پێشمەرجەکانی مانەوەی شوناسی نەتەوە: هەڵوەستەیەک لەسەر رۆڵی گەنج

By NSI

لەم پوختەنوسینەدا دەمانهەوێ بە کورتی تیشک بخەینە پێکهاتەکانی شوناس. ئەگەر پرسیار بکەین؛ ئەوەی کە مرۆڤێکی  پێدەناسرێتەوە بریتیە لە چی؟ دەتوانیین بڵێین شوناس، چونکە شوناس ئەو هێمایانەن کە، کەسێکیان پێدەناسرێتەوە و، ناسێنەری مرۆڤن. بەڵام مرۆڤ بە تەنیا ناتوانێ ئەو هێمایانە بەرهەم بێنێ، بۆ وێنە زمان (کە هێمایەکی جیاکەرەوەی شوناسە) بۆ دروستبوونی و بۆ ئەزمونکردنی پێویستی بە کۆمەڵێک کەس هەیە، ئەمە بۆ هەموو هێماکانی دیش کە لەم کورتە نوسینەدا ئاماژەیان بۆ دەکەم هەر درووستە، مرۆڤ دروستکراوێکی جڤاکییە؛ تەنها کۆمەڵێک مرۆڤ پێکەوە ژیان پێکدێنن. تاکەکەس هەڵگری هێماکانی شوناسە، دەگونجێ بەرجەستەکەریشیان بێ بەڵام داهێنەریان نییە. بەو ئەندازەیەی کە تاکەکەس ئەندامە لە کۆمەڵێکی خاوەن شوناس لەو کۆمەڵەوە چەند هێمایەکی جیاکەوەرە وەردەگرێ، بەبەراورد لەگەڵ مرۆڤێکی دی کە ئەندامە کۆمەڵێکی دی کە خاوەن شوناسێکی جیاوازن.

دەتوانین هێماجیاکەرەوەکانی شوناس پۆلێن بکەین بۆ دوو بەش؛ بەشی یەکەم کە هێما بنەڕەتیەکانن، بریتین لە کلتور، باوەڕ، لەگەڵ کردەپەرستش. بەشی دووەمیان بریتین لە پۆشاک، زمان، لەگەڵ شێوەو رەنگ (مانین ناش ١٩٩٦: ٢٤). ئەگەر هەڵوەستە لەسەر هەریەک لەوانە بکەین دەتوانین بەپوختی و گوشراوی بڵێین کلتور بریتیە لەو ڕێسایانەی کە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان رێکدەخەن، شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ یەک دیار دەکات (بەرجەستەبووی ژیانی رۆژانەیانە). باوەڕ، ئەو رێکارەیە کە مرۆڤەکان بەهۆیەوە مانای بوونی خۆیان دەکەن؛ قسە لەسەر کۆمەێڵیک نەبینراودەکەن؛ ئەوەکە لەکوێوە هاتوون بۆ ناو ژیان، مەبەست لە هاتنیان بۆ ژیان چییە و، لەدوای ژیان بۆکوێ دەڕۆن - ئەوەش مرۆڤ دەبەستێتەوە بە هێزی نەبینراو (بەڵام هەست پێکراو)ەوە و پەیوەندی مرۆڤ بە دوای ژیانەوە پێناسە دەکات و دەبێتە پێناسی. کردەپەرستش، لە ژێر ڕۆشنایی باوەڕ، جا ئەو باوەڕە زەمینی بێ یا ئاسمانی، پەیوەندی کەسەکان بەیەک رێکدەخات. بۆ وێنە، ئەگەر بەشێک لە کلتور بریتی بێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکی نزیکتدا، کردەپەرستش، لەژێر رۆشنایی باوەڕدا پێت دەڵێ کە چۆن هەڵسوکەوت بکەی و لەبەرانبەریدا پاداشت و سزایەک دەناسێنێ.

هێما لاوەکیەکان بریتین لە پۆشاک، چ جۆرە جل و بەرگێک لەبەر دەکەی، (بۆچی بەمانە دەڵێم هێمای لاوەکی، چونکە، پۆشاک و زمان و شێوەو رەنگ دەبنەوە بە بەشێک لە کلتور). زمان، کاتێک لە بە کوردی دەدوێی، ئەمە تۆ جیا دەکاتەوە لە کەسێک کە بەزمانی، فارسی، عارەبی یا تورکی دەدوێ. زمان گرنیگیەکی ناوەندی هەیە لە دروستکردنی بیری هاوبەش و تێگەیشتنی هاوبەش، کەئەمانەش پێشمەرجەی کاری هاوبەش و پێکەوەیین. شێوەو رەنگ، ئێمە شێوەو رەنگمان دیارە زیاتر بەو رەنگ و شێوەی کە هەمانە ناسراوین و ئەوەش جیاماندەکاتەوە لە کەسێک کە بەڕەچەڵەک خەڵکی  ئەوروپا یا ئەفریقایە. ئەم بنەمایانە، وەک هێمای جیاکەرەوەی شوناس پێمان دەڵێن کە کەێ بەشێکە لە کۆمەڵێکی نەتەوەیی، وە کێ دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی ئەوکۆمەڵە نەتەوەییە.

بۆیە ئەو نیشانانە، چ هێمای بنەڕەتی بن چ هێمای لاوەکی، دەبێ بەرجەستە بن (وەک کردەپەرستش)، بەرهەست بن (وەک باوەڕ)، بینراوبن (وەک پۆشاک)، بستراو بن (وەک زمان) و ئەزمونکراوبن (وەک کلتور)، ئەمانە دەبێ بەبەردەوامی ئامادەییان هەبێ بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لە ژیان. چونکە ئەو نیشانانە نەک هەر دەبن بە پێناسی کۆمەڵێکی نەتەوەیی، بەڵکو ئەو نەتەوەیە دروست دەکەن. بۆ وێنە، ئەو هێمایانە نەک هەر ئەوەی کە کوردێک جیادەکەنەوە لە تاکێکی فارس یا تورک لەرێگەی ناساندنیەوە وەک کەسێکی جیا لەوان، بەڵکو بوونێکی تایبەتش دەدەن بە تاکی کورد ئەو بوونە لە دابونەریت و زمان و پۆشاکیدا بەرجەستە دەبێ – بە واتایەکی دی بوونی کلتوری کۆمەڵایەتی دەدەنێ. لە کۆتایی ئەم نوسیەنەدا هەڵوەستەیەکی لۆژیکی لەسەر ئەم بوون مانەوەیە دەکەم.

سەرچاوەی ئەو هێمایانە لە کوێیە، و ئەو هێمایانە لە کوێوە دێن؟ بەدڵنیاییەوە سەرچاوەیەکەیان لە مێژوودایە (هۆبزباوم ١٩٩٢: ١٦)؛ ئەوەش بەشێوەیەک کە کۆمەڵێک کەس بڕیاریانداوە لەسەرزەمینێکدا پێکەوە بژین و، مامەڵە لەگەڵ یەک بکەن (کلتور) و قسەلەگەڵ یەک بکەن و لێک تێبگەن (زمان) شێوازێک پۆشاک بپۆشین کە گونجاو بێ بۆ ئەو ناوەندە جوگرافییەی کە تێیدا دەژین (پۆشاک) (بڕوانە، مانین ناش ١٩٩٦؛ بندکت ئەندرسن١٩٨٣ ؛ ئەنتۆنی دی سمس١٩٩١). بڕیاریان داوە پێکەوە بەرگری لەو خاکە بکەن کە تێیدا دەژین، کۆچ نەکەن و جێی نەهێڵن، بە تێپەڕینی کات هەستی هۆگریان بۆیەکدی وەک تاکە کەس، و هەستی هۆگریان بۆ خاک وەک کۆمەڵ زیادی کردوە و بوون بەیەک نەتەوە. هەموو پێکەوە بوونە بەرجەستەبووی ژیانێکی هاوبەش؛ (ئێرنێس رێنان ١٩٩٦، نەتەوە بە گیانی هاوبەش پێناسە دەکات)  ئەمەیە شوناس –  خەڵکی کورد، لە خاکی کوردستاندا. واتە شوناس دوو رەهەندە هۆگری بۆ خاک و هۆگری بۆ خەڵک، هەر ئەمەشە دەبێتە پێشمەرجەی بوون بە دەوڵەت نەتەوە، کاتێک کە سنورەکانی نەتەوە لەگەڵ سنورەکانی دەوڵەت دەبن بەیەک، تا کوێ نەتەوە درێژ بۆوە تا ئەو شوێنەش سنوری دەوڵەت درێژ بێتەوە (بڕوانە؛ ئێرنێست گێڵنەر ١٩٨٣).

لە هەر شوێنێک کۆمەڵێک کەس هەبن، چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیان دەبێ و، لەهەر جێگایەک چوارچێوەی کۆمەڵایەتی هەبێ کۆمەڵێک ئامراز هەن بۆ پاراستنی -- ئەو ئامرازانە هێمای جیاکەرەوەی کەلتورن؛ کەواتە، جیاوازی نێوان چەند کۆمەڵێک ئەو هێمایانەن کە هەریەک لەو کۆمەڵانەی پێدەناسرێتەوە بۆیە ئەو هێمایانە دەبێ بە روونی بەرجەستەبکرێن و ببینرێن، چونکە ئەو هێما جیاکەرەوانە پێمان دەڵێن کێ ئەندامە لەو کۆمەڵەیە و چ پێشمەرجەیەکی کلتوریی پێویستە بۆ بوون بەئەندام (بڕوانە؛ مانین ناش ١٩٩٦: ٢٦). مەبەست لەو هێمایانەش دروستکردنی کۆمەڵێک و پاراستنیەتی، ئەو هێمایانەی کە شوناس  دیار دەکەن، هێمای پاراستنی سنوری شوناسن. ئەگەر ئەو سنورانە بە شێوازێکی بەردەوام، لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵە نەتەوەییەکەوە ببەزنێنرێن شوناس دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون – بۆ وێنە، پۆشاک، تۆ هەمیشە بیکەی بە نەریتی ژیانت لەجیاتی پۆشاکی نەتەوەییت پۆشاکێکی دی بپۆشی، واتە پۆشاکی شوناسێکی دی پێناسەت بکا؛ یا ئەگەر بەبەردەوامی بەزمانێک بدوێی زمانی دایک نەبێ، زمانی ئەندامانی کۆمەڵەنەتەوەییەکەت نەبێ، ئەوا دەبێ بەزمانێک بدوێی کە زمانی شوناسی نەتەوەیەکی دیکەیە. ئەگەر بۆ هەموو هێما جیاکەرەوەکانی شوناس دوبارە بێتەوە، ئەوکۆمەڵەنەتەوەییە لە بوون دەکەوێ، لە کلتوری نەتەوەیەکی دیدا دەتوێتەوە  و، دەبێت بەبەشێک لە شوناسێکی دی. واتە، نەتەوە بەلەدەستدانی شوناسی، بوونی خۆی لەدەست دەدا، ئەمەش پێ ی دەگوترێ خۆکوژی شوناس. ئەمە چی لێ دەفامرێتەوە، هەرەشەی نەمان بۆ سەر کۆمەلێکی نەتەوەیی بریتیە لە بەزیندوویی رانەگرتنی شوناسەکەی. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە بەو ئەندازەیەی کە تاکەکەس هەڵگری شوناسە و سەرەتا لەودا خۆی بەرجەستە دەکات (گوتمان کە تاکەکەس هەڵگری شوناسە)، ئەوا زیندو راگرتنی هێماکانی شوناس لەلایەن تاکەوە دەبێتە هۆی زیندوو راگرتن و مانەوەی ئەو نەتەوەیە، ئەمە پێچەوانەکەشی راستە، واتە ئەگەر تاکەکانی ئەو نەتەوەیە هێماکانی شوناسی نەتەوەییان لە خۆیاندا بەرجەستە نەکەن و لە ژیانی رۆژانەیاندا ئەزموونی نەکەن ئەو تاکانە شوناسی خۆیان کۆتایی پێدێنن، وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆکرد؛ بە کۆتایی هاتنی شوناسە کلتورییەکەی ئەو کۆمەڵە نەتەوەییەش کۆتایی پێ دێ. ئەوەی جێی ڕامانە ئەوەیە، بەرپرسیارێتی پاراستنی شوناس دەکەوێتە سەر تاک تاکی ئەندامانی کۆمەلێکی نەتەوەیی؛ بەتابیەت چینی لاو و گەنج.  

کەواتە ئەگەرهێما جیاکەرەوەکانی شوناس، کلتور و باوەڕ و کردە پەرستش، لەگەڵ زمان و پۆشاک و شێوەو رەنگ بپارێزرێن، ئەوا شوناسی ئەو گروپە دەپارێزرێت، بەو واتایە، شوناس بریتیە لە خودی کۆمەڵە نەتەوەییەکە.  ئەمە باسێکی گرنگی وجوودییە، ئێستا ئێمەی کورد لە بەرانبەر هەرەشەیەکی بەردەوامداین و، لە جەنگێکی کلتوریی بەردەوامداین، لە مەیدانی جەنگیشدا مرۆڤ ناتوانێ بێلایەن بێ؛  بۆ وێنە کاتێک کە پۆشاکی نەتەوەیەکی دی دەپۆشی، بڕیاری خۆتت داوە، خۆویستانە بەشێک لە شوناسی نەتەوەییت لە خۆتدا کوشتووە، (و بەشێک لە شوناسی کۆمەڵێکی نەتەوەیی دیکەت لەخۆتدا زیندوو راگرتووە). ئەگەر بڕیاربێ بە زمانێک جگە لە زمانی کوردی بدوێ بەهەمان شێوە، ئەگەر لە شێوازی مامەڵەتدا بڕیارت دابێ کە لەگەڵ کلتوری خۆتدا ئاشت نەبیەوە و شانازی پێوەنەکەی، ئەوا کلتورێکی دی بۆت دەبێ بە شانازی، یا شانازی بە کلتوری نەتەوەیەکی دیکەوە دەکەی ...  ئەگەر ئەمە دوبارە بێتەوە بۆ هەموو هێماجیاکەرەوەکانی شوناسی نەتەوەییت، دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە تۆ بووی بە ئەندامی کۆمەڵێکی نەتەوەیی دی و شوناسی نەتەوەیی خۆتت لەدەست داوە. شوناسی نەتەوەکەت لە مەیدانی تۆ دا دۆڕاندویەتی.

ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەک، لەجەنگێکی بەردەوامداین بۆ مانەوە، تۆی گەنج هەستی پێبکەی یا نەکەی، لە جەنگێکی بەردەوامدای بۆ مانەوە، لە مێژووی دوورەوە تا ئێستا، کوردبوون و شوناسی کورد (پەیوەست بەو شەش هێمایانەی شوناس) وەک سپاردە گەیشتۆتە دەستی تۆ، چونکە بابوباپیرانت و دایکوداپیرانت بڕیاریان دابووکە لە نەتەوەکانی دیدا نەتوێنەوە وەک کورد لە نیشتمانی خۆیاندا کە کوردستانە ژیان ئەزموون بکەن (هەربۆیەش ئێستا خەڵکێک هەن پێیان دەگوترێ کورد و خاکێک هەیە پێی دەگوترێ کوردستان). بەڵام لێرە بەبەرەوە، بەرپرسیارێتی یەک بەیەکی ئەندامانی نەتەوەی کوردە بەتایبەت گەنج ولاو لەگەڵ یەک پرسیاری گرنگدا دەستەویەخەن؛ ئایا دەیانەوێ ئەو سپاردەیە بگەیەننە داهاتوو یا بڕیاریان داوە لەواندا بمرێ؟ هەستی بەرپرسیارێتی دروست ئەوەیە کە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو سپاردەیە بکەن و لە ئێستادا شوناس بەزیندووی رابگرن، تەنها رێگەی زیندوو راگرتنیشی ئەزمونکردنەیەتی و، بەزیندویی ئەو سپاردەیە رادەستی ئەو لاوانەی دی بکەن کە لەدوای ئەوانەوە دێن و پێکەوە  نەتەوە و کلتورەکەی روو بەرەوە داهاتوو ئاراستەبکەن. گەنجانی سەردەم دەتوانن ببنە هۆی مردنی نەتەوەی خۆیان و دەتوانن ببنە هۆی بە زیندوویی هێشتنەوەی نەتەوەکەیان؛ چاوەڕوانی نەتەوە لە گەنجان ئەوەیە کە ببنە ژیانی نەتەوە و، گیانی کلتووریی بەبەردابکەنەوە.   


سەرچاوەکان:

Anderson, Benedict.1983.  Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. London: Verso.

Ernes Renan, 1996. “The Nation” in John Hutchinson and Anthony D. Smith Ethnicity, Oxford reader, Oxford: oxford university press.

Gellner, Ernest.1983. Nations and Nationalism. Ithaca: Cornell University Press.

Hobsbawm, E.J. 1992 Nations and Nationalism Since 1780: Programme, Myth, Reality. Cambridge: Cambridge University Press.

Manning Nash, 1996. “The Core Elements of Ethnicity” in John Hutchinson and Anthony D. Smith Ethnicity, Oxford reader, Oxford: oxford university press.

Smith, Anthony D. 1991. National Identity. Reno: University of Nevada Press.