شوناسی نەتەوەیی و کوردانی تاراوگە: ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان چەند شوناسێک
پێشەکی
ئەم توێژینەوەیە دەربارەی شێوازی پێکەوەیی و پەرەسەندنی چەند شوناسێک لە کوردانی تاراوگەدا و، کاریگەریی هێزە دەرەکی و ناوەکییەکانی وەکو زمان، پێوەندیی خێزان، پێوەندیی کۆمەڵایەتی و دینامیکی کلتووریی وڵاتەکە. ئەم توێژینەوەیە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو پێکهاتانەی کە ڕۆڵیان هەیە لە پێکهێنان و پاراستنی شوناسی کوردیدا.
پێداچوونەوەی توێژینەوەکانی پێشوو
لەوانەیە نەتوانرێت پێناسەیێکی گشتگیر بۆ شوناس بکرێت، بەڵام بە گشتی وەک کۆمەڵێک لەم تایبەتمەندی، باوەڕ، بەها و ئەزموونانە دادەنرێت کە پێشانی دەدەن تاک کێیە و چۆن دەبینرێت. ئەمە بوارە جیاوازەکانی وەک نەژاد، نەتەوایەتی، زمان، ئایین و بەهای کەسی دەگرێتەوە.
زمانناسی ناودار نۆوام چۆمسکی ددان بەوەدا دەنێت کە زۆر جاران زمان سەرەکیترین پایەی پێکهێنانی شوناسی کەسی و پەیکەرەی ئاگاییە (چۆمسکی، ١٩٨٤).
بۆیە زمان هێمای بنیاتنانی شوناسە بۆ ئەو تاکانەی یەک نەژادی هاوبەشیان هەیە و لە پێوەندیگرتنیان لەگەڵ چواردەوەردا ڕەنگی دەداتەوە. بێندیکت ئاندێرسن بەڵگەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە نەتەوە وەک کۆمەڵگا وێنا دەکرێت، دۆستایەتیێکی قووڵ و فراوان کە هەموو تاکەکانی لە تەمەن، چین، ڕەنگ، بیروباوەڕ و ڕەگەزی جیاوازەوە پێکەوە دەبەستێتەوە (ئەندەرسۆن، ٢٠١٦). کۆمەڵانی نەژادیی تاراوگە، جگە لە زمان، پێکەوەیی لە بیری نەتەوە و نیشتماندا دەبیننەوە.
جەوان مەحمود بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە کوردانی تاراوگە بینین و هەستی جیاواز و دژیەکیان هەیە. کوردان بەردەوام ئەوەیان بیر دەهێنرێتەوە کە نیشتمانیان وەکو نەتەوە سەیر ناکرێت، لەکاتێکدا، ئەمە دەکرێت وەکو ئامرازێک سەیر بکرێت بۆ بەهێزکردنی هەستی پێکەوەیی و پاراستنی شوناس. مەحمود ئەوەش دەخاتە ڕوو کە کوردانی تاراوگە زۆرجاران چیرۆکی پڕ کارەسات، نەهامەتی، توندوتیژی و کۆمەڵکوژیی تایبەت بەخۆیان هەیە لە نیشتمان (مەحموود، ٢٠١٩). ئەم ئەزموون و بەسەرهاتانە، چ کوردان بە شێوەیێکی ڕاستەوخۆ یان لە خێزانەکانیانەوە هەواڵ، فیلم یان هەر ڕێگایێکی ترەوە پێیان دەگەیێندڕێت ڕۆڵی گرینگیان هەیە لە پێکهێنانی شوناسدا.
چوارچێوەی بیردۆزی
شوناس وەکو چەمک بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی، باوەڕ، تایبەتمەندیی کەسێتی، ڕواڵەت و\یان دەربڕینێک دادەنرێت کە تاک یان کۆمەڵی پێدەناسرێتەوە (جاری & جاری، ٢٠٠٠). بە گوێرەی ڕەچەڵەکناسیی وشە ''شوناس'' لە وشەی لاتین ''ئایدێنتیتاس''ەوە وەرگیراوە. واتا بیری خۆ-وێناکردن و ''یەکبوون لەگەڵ ئەوانی دی''.
شوناسی کلتووری بریتییە لە هەستێکی پێکەوەیی و هاوبەشی کەسی کە لە ئەزموونە مێژووییە هاوبەشەکان، بیرەوەرییەکان و کردارە کلتوورییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە. جەخت دەکاتە سەر هەستی پێوەبەند بوون بە کۆمەڵێکی کلتووریی یەکگرتوو کە، هەستێکی جێگیر بە تاکەکان دەدات دەربارەی ئەوەی کێن (هاڵ، ٢٠١٤). هاڵ تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە بنیاتنانی شوناس هەرگیز جێگیر نییە؛ بەڵکو بەپێی کات، کارلێکی دوولایەنە، پێوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکان و ئەزموونەکان پەرەدەستێنێ(٢٠١٤).
تاراوگە ئاماژەیە بۆ ئاوارەبوون و دوورکەوتنەوەی تاک لە نیشتمان؛ کۆمەڵێکی ئاوارە و دوورە وڵات کە خاوەنی یەک نیشتمانی هاوبەشن و، بەهۆی زۆرلێکران، کۆچکردن، ڕاگواستن یان شاربەدەرکردنەوە دوور لە نیشتمان دەژین و ژمارەیێک لە دانیشتووان پێکدێنن.
پێوەبەندی چەمکێکی چەند چینە. یوڤاڵ-دەیڤیس (٢٠١١) جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێوەبەندی تەنها پێوەندیی بە شوێنی کۆمەڵایەتییەوە نییە بەڵکو پێوەندیی بە هەستی هۆگری بۆ خاک و نیشتمانەوە هەیە. پێناسەکەی بۆ پێوەبەندی، ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و کەسییەکان دەگرێتەوە کە دەکرێت بە تێپەڕبوونی کات و لە بوارە جیاوازەکاندا بگۆڕدرێن (٢٠١١).لەم توێژینەوەیەدا، پێوەبەندیی تاراوگە واتا هەستکردن بە لا پەسندبوون و هۆگری، هەروەها توانای شوێنکەوتنی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین.
ڕێکارناسیی توێژینەوە
لەم توێژینەوەیەدا دوو ڕێکار بۆ کۆکردنەوەی داتا بەکارهاتوون: ڕاپرسیێکی ئۆنڵاین بە بەشداریی ٤٦ کەس و چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٠ کەس کە لە دەرەوەی نیشتمان ژیاون، جا یان کۆچیان کردووە لەنێوان ٢ بۆ ٩ ساڵیدا یان هەر لەوێ لەدایک بوون. ڕێکارە چەندیێتییەکانی توێژینەوە بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکانی ڕاپرسی بەکارهێنراون و وەرگێڕدراون بۆ هێڵکاریی بازنەیی و ئاماری. هەروەها، ڕێکارە چۆنیێتییەکان بەکارهێنراون بە مەبەستی ڕۆشنایی خستنەسەر ئەزموونی بەشداربووان و، تێگەیشتن و بۆچوونیان دەربارەی شوناسی نەتەوەیی و شوناسی ئەو وڵاتەی کە تێیدا دەژین.
ئەنجامەکانی ڕاپرسیی ئۆنلاین
٤٦ بەشداربوو، کە ٥٣%یان لە ڕەگەزی مێ و ٤٧%یان لە ڕەگەزی نێرن لەم ڕاپرسییە ئۆنڵاینەدا بەشداربوون.
تەمەنی زۆرینەی بەشداربووان لەنێوان ٢١-٣٧ ساڵان بوو.
زۆرینەی دانیشتووان لە کەنەدا، ئەمریکا، بەریتانیا و نەرویج دەژین.
هەموو بەشداربووان خۆیانیان بە کورد لەقەڵەم دەدا و، ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەوە داوە کە کوردی ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا، باکوور و باشووری کوردستانن.
زۆرینەیان کوردانی باشووری کوردستان بوون و قسەکەرانی زاری کوردیی ناوەند و کوردیی باکوور بوون.
پرسیارەکانی ڕاپرسی:
ئایا لەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیت پاراستنی شوناسی کوردی سەختە؟
ئایا بە قوڵی هەست بە شوناسی کوردیتەوە دەکەیت سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی وڵات دەژیت؟
ئایا شوناسی کوردی بەسەر شوناسی ئەو وڵاتەدا هەڵدەبژێریت کە تێیدا نیشتەجێیت یان بە پێچەوانەوە؟
گرینگترین ئەنجامەکان
لە وەڵامی پرسیار دەربارەی سەختی لە پاراستنی شوناسی کوردیدا لە وڵاتاندا، ٥٨%ی بەشداربووان ''بەڵێ''یان هەڵبژارد. لەکاتێدا ٤٢%ی بەشداربووان بە ''نەخێر'' وەڵامیان دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک دەربارەی بە قوڵی هەست کردن بە شوناسی کوردییەوە سەرەڕای ژیان لە دەرەوەی وڵات، ٨٠%ی بەشداربووان ''بەڵێ'' و ٤٠%ی ''نەخێر''یان هەڵبژارد.
لە وەڵامی پرسیار دەربارەی هەڵبژاردنی شوناسی کوردی بەسەر ئەوانی دیدا، ٨٩%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە ''بەڵێ'' و ١١%ی ''نەخێر''یان هەڵبژارد.
ئەنجامەکانی چاوپێکەوتن
هەریەک لە ١٠بەشداربووەکانی چاوپێکەوتنەکە ٤ پرسیاریان لێکرا:
پرسیاری ١: وەکو کوردێکی تاراوگە، چۆن هەستی کورد بوونت وەسف دەکەیت؟
پرسیاری ٢: وەکو کوردێکی تاراوگە، چۆن هەست بەو پێوەندییەی نێوان خۆت و کەلەپووری کوردی دەکەیت؟
قەت هەستت بە دووری کردووە لە نیشتمان؟
پرسیاری ٣: هەست دەکەیت پێوەندیت لەگەڵ کلتووری ئەو وڵاتەی لێی دەژیت بەهێزترە یان لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی؟ چۆن پێوەندیت بەم شوناسە جیاجیایانەوە هەڵدەسەنگێنیت؟
زۆرینەی بەشداربووانی چاوپێکەوتنەکە، ٨٠%، لە وەڵامی ئەوەی کە ''کێن'' شوناسی کوردییان بە پێکهێنەری سەرەکی داناوە و، پێیان وایە پێکهێنەری سەرەکییە و ڕەگی هەست کردن بە شوناس دادەکوتێ لە تاکدا.١٠٠%ی دانیشتووان پێیان وایە کە قسەکردن بە زمانی کوردی، ئەزموونکردنی ئەو نەریتە باوانەی کە لەلایەن کۆمەڵگا و باوباپیرانەوە پێڕەو دەکرێت و، ئەو نەهامەتییانەی کە کەسوکاریان تووشی بوون بە هۆکاری چەوسێندرانەوە، کۆمەڵکوژی و جەنگەوە پێیدا تێپەڕبوون پێکهاتەی سەرەکیی پێکهێنانی شوناسن.
هەروەها، ٩٠%ی بەشداربووان لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە کورد تێیدا زۆرینەیە و نەریتە باوەکانی وەک سەردانی خێزانی، زەماوەند، تازیە و ڕێوڕەسمی ناشتن، جەژن و نەریتی دی تێیدا پارێزراون. ئەم پێوەندییە بە کۆمەڵگاوە وایکردووە هەست بە "پێوەندی" بە کەلەپووری کوردییەوە بکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ٩٢%ی بەشداربووان ئاماژەیان بە خواستی ڕاستەقینەی دایک و باوکیان داوە بۆ پاراستنی نەریتە کلتوورییەکان بە مەبەستی چاندنی هەستی کوردایەتی لە منداڵەکانیاندا و، بیرهێنانەوەیان کە شوناسی ئەوان جیایە لە هی ئەو وڵاتانەی کە تێیدا دەژین، جا لەڕووی ئایینییەوە بێت یان کلتووری، بەهاکان یان ئاکارە کۆمەڵایەتییەکان.هەرچەندە، ٦٥%ی بەشداربووان باسیان لەوە کردووە کە هەستیان بە دووری کردووە لە نیشتمان و کەلەپووری کوردی بە مامەڵەکردن و ژیان لەگەڵ ئەو تاکانەی کە لە کۆمەڵگای جیاوازەوە هاتوون لەو وڵئتانەی کە تێیدا نیشتەجێن، لەکاتێکدا ٣٥% گوتویانە کە قەت هەستیان بە دووری نەکردووە لە کلتووری کوردی.
تێکڕای دانیشتووان، ١٠٠%، ئەوەیان خستەڕوو کە زمان گرینگترین و گەورەترین پێکهێنەرە لە پاراستنی شوناسی کوردیدا.سەرەڕای ئەوەش، ٨٥%ی چاوپێکەوتووان ڕایانگەیاند کە شوناس ناجێگیرە و دەگونجێت بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕدرێت بە هۆی ئەزموونەکانی ژیان، پێوەندییەکان و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان. هەروەها، هەر بەشداربوویێک جەختی کردووەتەوە لە ڕۆڵی گرینگی کەلەپووری کوردی لە پێکهێنانی شوناسی ڕابردوو و ئێستایاندا. هەروەها، ٧٥%ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە کە سەختە شوناسی کوردییان بگونجێنن لەگەڵ کلتووری ئەو وڵاتەی کە لێی نیشتەجێن لە ساڵانی سەرەتادا، بەتایبەتی لە خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندیدا، ئەو کاتانەی کە سەخت بووە ڕەهەندە جیاجیاکانی کلتوورەکەیان لەگەڵ کلتووری بیانییەکاندا بسازێنن. سەرباری ئەمەش، ٧١%ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە کە شوناس و هەستی کورد بوونیان بە تێکەڵبوون لەگەڵ هاونیشتمانییان و بەشداری کردن لە بۆنە کوردییەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ٢٢%ی بەشداربووان ئاماژەیان بەوە داوە کە، شوناسی ئەو وڵاتەش کە تێیدا نیشتەجێن دەگرنە باوەش و ١١%یش گوتیان بەهیچ شێوەیەک ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو شوناسە سەخت نییە بۆ ئەوان.
وتووێژ
هەرچەندە ئەزموونی هەر تاکێکی کورد لە تاراوگە بەرەنجامی پەروەردە و کۆمەڵگای تایبەت بە هەر تاکێکیانە، بەڵام کۆکراوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کراوە لەگەڵ بەشداربوواندا لە توێژینەوەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە لێکچوویێک هەیە لە بنیاتنانی شوناسی کوردیدا. بۆ زۆربەی بەشداربووان لەم توێژینەوەیەدا، شوناسی کوردی بەندە بە پاراستنی نەریتە کوردییەکان، زمان و هەستی پێکەوەبوون. بۆ هەندێکی دی، شوناسی کوردی ئەو گرینگییەی نییە لە ناساندن و پێکهێنانی شوناسی کەسی. ئەمە یەکخستنەکەی بیردۆزی وێناکردنی کۆمەڵگای ئاندێرسن (٢٠١٦) پشتڕاست دەکاتەوە، وەک چۆن زۆرێک لە کوردانی تاراوگە پێوەندیێکی هاوبەشیان هەیە وەک بەشێک لە کۆمەڵگا. هەروەها، بەڵگاندنەکەی هاڵ (٢٠١٤) کە شوناس پڕۆسەیێکی بگۆڕ و بەردەوامە، لەم توێژینەوەیەدا جەختی لەسەر دەکرێتەوە. ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر گرینگیی زمان وەک پایەیێکی گرینگ لە پێکهێنان و پاراستنی شوناسی کوردیدا. پێداگیریی چۆمسکی (١٩٨٤) لەوەی زمان سەرەکیترین بناغەیە بۆ شوناس و گەشەی هزری، ئەم بیرۆکەیە بەهێز دەکات و جەخت دەکاتەوە لە ڕۆڵی ناوەندی زمان لە بنیاتنانی هەستی خود.
کۆتا
پێکهێنەرەکانی وەک زمان، نەریتە کلتوورییەکان و بیرەوەریی کۆمەڵایەتی لە نەهامەتییەکانی وەک ڕاگواستن و ناکۆکیی وەک هۆکارە سەرەکییەکان دەردەکەون لە دروستکردنی شوناسی کوردیدا لە دەرەوەی وڵات. ئەزموونەکانی تاک، گۆڕانی نەوە لەدوای نەوە و، ئاستە جیجیاکانی سازان لەگەڵ کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەی کە تێیاندا نیشتەجێن، وێکڕا کاریگەرییان هەیە لەسەر چۆنیێتیی بنیاتنان و دەربڕینی شوناسی کوردان لە تاراوگە. هەرچەندە زۆرێک لە کوردانی تاراوگە هەستی پێوەبەندی و پێوەندییان بەو وڵاتانەوە بۆ دروست دەبێت کە تێیدا نیشتەجێن، بەڵام ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شوناسی کوردی وەک پێکهێنەرێکی گرینگ و نەگۆڕی شوناسی کەسییان دەبینن و، هاوکات لەگەڵ پێوەندییان بە نیشتمانی دووەمیانەوە.
سەرچاوەکان
References
[1] Albury, N. J., & Schluter, A. A. (2021). Introduction: Reimagining language and belonging in the diaspora. Lingua, 263, Article 103157. https://doi.org/10.1016/j.lingua.2021.103157
[2] Anderson, Benedict. 2016. Imagined Communities. London, England: Verso Books.
[3] Barbosa, Eduardo. (2023). The Relationship Between Language and Identity.
The Relationship Between Language and Identity | by CLAC VIII - 2023.1 | Medium
[4] Canagarajah, S., & Silberstein, S. (2012). Diaspora Identities and Language. Journal of Language, Identity & Education, 11(2), 81–84. https://doi.org/10.1080/15348458.2012.667296
[5] Cohen, R. (1997). Global Diasporas: An Introduction. United Kingdom: UCL Press
[6] García, O., Flores, N., & Spotti, M. (2017). The Oxford Handbook of Language and Society. Oxford, United Kingdom: Oxford University Press.
[7] Hall, Stuart.(2014). “Cultural Identity and Diaspora.” Undoing Place? 222-237. hallculturalidentityanddiaspora.pdf (warwick.ac.uk)
[8] Jary, D., & Jary, J. (2000). Collins Dictionary of Sociology. United Kingdom: Harper Collins. https://books.google.no/books?id=vavLSAAACAAJ
[9] Mahmod, Jowan. “New Online Communities and New Identity Making: The Curious Case of the Kurdish Diaspora.” Journal of Ethnic and Cultural Studies 6, no. 2 (2019) 34–43. https://www.jstor.org/stable/48710218.
[10] Online Etymology Dictionary. Retrieved from: identity | Etymology of identity by etymonline
[11] Osiatyński, Wiktor. (1984). Contrasts: Soviet and American Thinkers Discuss the Future. Pp. 95-101. The University of California: MacMillan Press. On Language and Culture, Noam Chomsky interviewed by Wiktor Osiatynski
[12] Yuval-Davis, Nira (2011). The Politics of Belonging: Intersectional Contestations. United Kingdom: SAGE Publications.