دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

زمانی کوردی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان: لەنێوان یاسا و واقیعدا

By ئازاد عەبدولقادر وەڵەدبەگی

پێشەکی

یاسا لە لایەکەوە، ئامرازێکە بۆ جێبەجێکردن و چەسپاندنی دادپەروەری، چ لەسەر ئاستی نیشتمانی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە لایەکی ترەوە، زمانیش بە نۆرەی خۆی ئامرازێکە بۆ دانان، دەربڕین، ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی یاسا و لە ئەنجامدا ئەویش  دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. ئاشکرایە، یەکێک لە  تایبەتمەندییەکانی یاسا ئەوەیە کە هەمووان لێی تێبگەن، ئەگەر خەڵکی کۆمەڵگەیەک لە دەق و زاراوە و بڕیارە یاساییەکان تێنەگەن، سەرپێچی کردن لە یاسا و سزادان هیچ واتایەکیان نامێنێت. هەربۆیە، بزاڤی یاسا بۆ هەمووان و تێگەیشتنی هەمووان لە دەق و زاراوە یاساییەکان، بۆ خۆی بزاڤێکی ڕەوایە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا.

زمانی عەرەبی وەک زمانی ئایینی ئیسلام (کە ئایینی زۆربەی خەڵکی کوردستانە) و، هەروا باڵادەستی زمانی عەرەبی پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی دەق و سەرچاوە یاساییەکان بە زمانی عەرەبی بنووسرێنەوە و زمانی کوردی ببێتە زمانێکی لۆکاڵی و پەراوێزخراو. بەڵام دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ و، داننان بە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە عێراق بە گوێرەی مادەی (٤) لە دەستووری عێراقی ساڵی  ٢٠٠٥، بووە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ سەبارەت بە پێگەی زمانی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. 

یەکێک لە هۆکارەکانی بوونی چەندین زمانی فەرمی لە بری یەک زمانی فەرمی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کۆمەڵگە فرەزمانەکان لە درێژەی هەوراز و نشێوە مێژووییەکان و بە شایەتی "نەخشەی زمانیی" هەر وڵاتێک، گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە "زمانی هاوبەش" فاکتەری یەکگرتوویی نیشتمانی نیە. هەربۆیە، ئەم وڵاتانە بۆ کەمکردنەوەی هەرچی زیاتری گرژییە نەتەوەییەکان، سیاسەتی "پێکەوەژیانی ئاشتیانەی زمانیی"یان گرتەبەر؛ سیاسەتێک کە لەسەر سێ بنەمای یەکسانی زمانە فەرمییەکان، ئازادیی کەڵکوەرگرتن لە زمانەکان و پێدانی دەسەڵاتی جێبەجێکاریی زیاتر بە ناوچەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپی قەڵەمڕەو دامەزراوە. لە کاتی ئێستادا، لە (٥٥) وڵاتی جیهان پتر لە زمانێک بە زمانی فەرمی ناسراون. 

دۆخی زمانی کوردی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان

لەم بەشەدا، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکان تیشک دەخەینە سەر چەند تەوەرێک لەوانە: گرنگیی و پێویستیی پاراستنی زمانی کوردی، بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردی لە دادگاکان.

١. گرنگیی و پێویستیی پاراستنی زمانی کوردی

زمانی هەر تاک و نەتەوەیەک، جگە لەوەی کە ئامرازی دروستکردنی پەیوەندییە لە هەمان کاتدا ئامرازێکە بۆ دەربڕینی شوناسی ئەو نەتەوەیە. هەر مرۆڤێک ئەگەرچی ئاشنای زمانەکانی دیکەش بێت، بەڵام شوناسی تاک و کۆمەڵایەتی خۆی بەردەوام لە ڕێگەی زمانی دایکییەوە وەردەگرێت. ئەو زمانەی کە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە مێژووییەکان و ئەو بەسەرهاتانەیە کە ئەو گەلە بە درێژایی مێژوو بینیویەتی. ئاشکرایە، کە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو زمانە دەبێتە هۆی پاراستنی سنوورە کەلتووریی و مێژووییەکانی ئەو نەتەوەیە و دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ کیان و شوناسی سیاسی ئەو نەتەوەیە. جگە لەمەش، زمان شتێکە پتر لە ئامرازێکی پەیوەندیی و لە ڕاستیدا بەشێکە لە شوناس و کەلتووری خەڵک. ئەو کاتەی کە زمانێک لە ناو دەچێت، ئەو کەلتوورەش کە ڕووماڵی دەکات لە ناو دەچێت. 

بێگومان، زمان لە بواری تاکەکەسی بۆ فۆرم بەخشین بە شوناسی تاک و لە بواری کۆمەڵایەتیش بۆ یەکپارچەکردنی کۆمەڵگە گرنگییەکی زۆری هەیە. لە مێژووی مرۆڤایەتی کەڵکوەرگرتنی ئامرازیی لە زمان بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکان لە سەردەمی مۆدێرندا دەستی پێکرد. وەنەبێ دەوڵەتە گەورە ئەورووپییەکان هەر لە سەرەتاوە زمانێکی هاوبەشیان هەبووبێت. ئەو کاتەی کە ئیتالیا توانی یەکگرتوویی سیاسی وڵاتەکەی دابین بکات، تەنیا ٢% دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە زمانی ئیتالی قسەیان دەکرد. هەروا لە ئەڵمانیا لە کاتی پرۆسەی یەکگرتنی ئەڵمانیا، تەنیا ١٧% دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەیانتوانی بە زمانی ئەڵمانی قسە بکەن. لە فەرەنسا، لە ساڵی ١٧٩٠ تەنیا ١٠% خەڵکی ئەو وڵاتە زمانی ستانداردی فەرەنسییان زانیوە و لە ساڵی ١٨٧٣ پتر لە چواریەکی هاوڵاتیانی فەرەنسی لە زمانی ستانداردی فەرەنسی تێنەدەگەیشتن. 

کاتێک کە زمان، کەلتوور و مێژووی گەلێکی ژێر ستەم نکۆڵی لێ بکرێت، لە ناو ببرێت و سووکایەتی پێ بکرێت، ئەوا ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە هەست بە سووکایەتی و خۆ بە بچووک زانین دەکەن و دەگەنە ئەو باوەڕە کە شتێکیان نیە بۆ خستنەڕوو یا شانازی پێوەکردن، هەربۆیە ئەم هەستی خۆ بە کەمزانینە بەرەبەرە گشتگیر دەبێت. لە ئەنجامدا، ئەندامانی ئەو نەتەوەیە پەنا بۆ خۆکوژیی کەلتووریی دەبەن و کەلتوور و  زمانی زگماکی خۆیان بە لاوە دەنێن و، شوناس و مێژووی خۆیان لە دەست دەدەن و ڕوو دەکەنە کەلتوور و زمانی نەتەوەی باڵادەست و شانازی بە مێژوو و شوناسی نەتەوەی سەردەستەوە دەکەن.  

ئەمڕۆ، سیاسەتی زمانپارێزی لە جیهاندا هاتۆتە ئاراوە و لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان کاری بۆ دەکرێت، چونکە هەلومەرجی ئەمڕۆی جیهان بە جۆرێکە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی وەها لە ئارادا نەبێت، ئەوا گەلێک لە زمانەکان لە ناو دەچن. زمانی کوردییش لەم ناوچەیە لە هەڕەشە بە دوور نیە، هەربۆیە سیاسەتی زمانپارێزیی پێویستێیەکی حاشاهەڵنەگرە. دیارە ئەمەش کارێکی تاکەکەسی نیە، بەڵکوو دەبێ دەسەڵاتی فەرمی بە بەرنامەیەکی نیشتمانی کورتخایەن و درێژخایەن کار بۆ ئەم ئامانجە بکات. سیاسەتی زمانیی بە شێوەیەکی بنەڕەتی بریتییە لە دیزاینێک بۆ گەشەپێدانی یەک یا چەندین زمان و، هەروا دیاریکردنی بەکارهێنانی زمان لە بوارە جۆراوجۆرەکان وەک فێرکردن، بەڕێوەبردن، میدیا و هتد. سیاسەتی زمانیی بریتییە ڕووماڵکردنی هەموو ڕەفتارە زمانییەکان وەک گریمانەکان، شێوازە کەلتوورییەکان، بیروباوەڕە جەماوەرییەکان و هەڵوێست بەرامبەر بە زمان و هتد.  

٢. بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان

زمانی یاسایی ئامرازێکە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە بواری یاسا و گەرەنتیی جێبەجیکردنی یاسا دەکات، ئەم زمانە هەموو کات بۆ ئەو کەسانەی کە پسپۆڕیی یاساییان نیە قورس بووە، بە جۆرێک کە زمانناسە ئەورووپییەکان شێوازی زمانی یاسایی بە زاراوەیەکی تر لە قەڵەم دەدەن. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم گرفتە ئەوەیە کە زمانی یاسایی، بە پێچەوانەی زمانەکانی تر زمانێکی وەستاوە. ئەمە مافی خەڵکە، ئەوە بزانن ئایا ئەو بڕیارەی کە لە دادگا دەرچووە لە بەرژەوەندییانە یا لە دژیانە و بۆچی لە بەرژەوەندییانە یا لە دژیانە؟ لەو وڵاتانەی کە پتر لە زمانێکی فەرمی و یاساییان هەیە، مافە زمانییەکان زیاتر گەشە دەکەن. دروستکردنی پێگەیەکی یەکسان بۆ هەموو زمانە فەرمییەکانی وڵات یەکێکە لە بابەتە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە زمان. بۆ نموونە، دەستووری کەنەدا هەر دوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی بە زمانی فەرمی وڵات دەزانێت و، لە ڕووی بەکارهێنانیان لە هەموو دامودەزگا حکومییەکاندا ماف و ئیمتیازی یەکسانیان هەیە. 

بێگومان، زمان شوناسی گەلانە و گەلی کوردیش مافی ڕەوای خۆیەتی کە پارێزگاریی لە زمانی خۆی بکات، بە تایبەت زمانی یاسا کە زمانی پەیوەندیی و ئاخاوتنی هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردنە لەگەڵ خەڵکدا. یاسا بەرزترین دەربڕینی ئیرادەی گەلە، هەروا بەرزترین و دیارترین هێمای سەروەری دەوڵەتە لەسەر خاکەکەی، هەربۆیە پێویستە زمانی یاسا زمانی خودی ئەو نەتەوەیە بێت. یاساناسی ناوداری عێراقی د.عیسمەت عەبدولمەجید لەم بارەیەوە دەڵێت: "مەرجی دروستی ئەرکداریی یاسایی ئەوەیە کە ئەرکدارەکە توانای تێگەیشتنی یاسا دانراوەکەی هەبێت. هەر بەم هۆیە دەبێ یاسا بە زمانی ئەو وڵاتە دابڕێژرێت، کە یاساکەی تێدا پیادە و جێبەجێ دەکرێت، تاوەکوو هاوڵاتیان توانای تێگەیشتنیان لەم یاسایە هەبێت و دەبێت بەو شێوازە باوە بێت کە لێی تێدەگەن". 

هەوەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (١٤) ساڵی ١٩٩٢ لە مادەی پێنجەمی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە زمانی کوردی زمانی دادگاکانی هەرێمی کوردستانە و پاڵپشت بەم یاسایە، وەزارەتی داد بە فەرمانی وەزاری ژمارە (٣٤٣) لە ڕێکەوتی ٣/٦/٢٠٠٠ بڕیاریدا لەم ڕێکەوتە بە دواوە هەموو کاروبارێکی یاسایی دادگاکان، هەر لە سکاڵانامەوە بگرە هەتا داواکاری و کۆنووس و دادبینی و بڕیارەکانی دادگا بکرێن بە زمانی کوردی و، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەک لە وەزارەتی داد پێکهات بۆ دانانی زاراوە و دەستەواژە یاساییەکان بە زمانی کوردی.

هەروا لە مادەی شەشەمی یاسای دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧، دیسان جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە زمانی کوردی زمانی دادگاکانە، جگە لەمەش، یاسای ژمارە (٦) ساڵی ٢٠١٤ یاسای زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق لە مادەی (٦) خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، کە هەموو ڕێکارە دادوەرییەکان بە بڕیاری دادگاکانیشەوە، بە زمانی کوردی بەڕێوە دەچن و دەنووسرێن.

بەدەر لەمەش، یاسای ژمارە (٧) ساڵی ٢٠١٤ یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق لە مادەی (٣) بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هەر دوو زمانی عەرەبی و کوردی زمانی فەرمین لە عێراق و بەو پێیەش هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، کە واتە هیچ بۆشاییەکی یاسایی لەم بارەیەوە بە دیناکرێت. 

زمانی کوردی بەپێی دەستووری عێراق، بووەتە زمانی فەرمی لە عێراق. ئەگەر زمانی عەرەبی زمانی یەکەم بێت لە ناوچە عەرەبییەکان، ئەوا زمانی کوردیش زمانی یەکەمە لە هەرێمی کوردستان و دەبێ زمانی کارگێڕی و حوکمڕانی بێت لەم هەرێمە، بەڵام ئەم مافە دەستوورییە هەتا ئێستا بە باشی پراکتیزە نەکراوە.

بەپێی بەدواداچوونمان لەسەر دۆخی زمانی کوردی لە دادگاکان بۆمان دەرکەوت، هەوڵی بە کوردی کردنی زمانی دادگاکان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بە ڕێژەیەکی باش سەرکەوتوو بووە و، هەموو سکاڵانامە و نووسراو و پێڕاگەیاندن و کۆنووسی دادبینییەکان لە سەرجەم دادگاکان بە زمانی کوردی ئەنجام دەدرێن، بەڵام تەنیا بڕیاری دادگاکان هەتا ئێستا لە زۆرینەی دادگاکان بە زمانی عەرەبین. بەڵام لە پارێزگای دهۆک هەتا ئێستا زۆربەی نووسراوەکان و سەرجەم بڕیارەکانی دادگا بە زمانی عەرەبین و لەم بارەیەوە بەرەپێشچوونێکی ئەوتۆ بەدینەکراوە. هەروا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستانیش، هەتا ئێستا زۆربەیان بە زمانی عەرەبین ، کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی شەشەمی دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (٢٣) ساڵی ٢٠٠٧ و هەروا مادەی (٦) لە یاسای زمانە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارە (٦) ساڵی ٢٠١٤ یە.

لە دوا هەنگاویدا بۆ بە کوردی کردنی زمانی دادگاکان، خۆشبەختانە ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەپێی بڕیاری ژمارە (٦٧) لە ٢٦/٩/٢٠٢٢ بە مەبەستی یەکخستنی زمانی دادگاکان لە هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بەوەی کە بڕیاری دادگاکان و هەموو رێکارە دادوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی بێت و تەنها لە کاتی پێویست بە زمانی عەرەبی بنووسرێت. بەڵام سەرەڕای دەرچوونی ئەو بڕیارەش هەتا ئێستا زۆر لە بڕیار و رێکاری دادگاکان بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک هەر بە زمانی عەرەبین، هەربۆیە پێویستە ئەنجومەنی دادوەری بەدواداچوونی جیدی بکات بۆ ئەنجامی ئەو بڕیارەی کە دەریکردووە.

٣. ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردی لە دادگاکان

لێرەدا ئاماژە بەو ئاستەنگانە دەکەین کە لە بەردەم زمانی کوردیدا هەن و نەیانهێشتووە وەک زمانێکی فەرمی لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بە تەواویی بچەسپێت:

١) نەبوونی سیاسەتی زمانیی و ئیرادەی سیاسی بەهێز لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە کرداریی ببێتە زمانێکی فەرمی کارپێکراو لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. 

٢) دروستنەبوونی زمانێکی ستانداردی کوردی و زەقبوونەوەی ناوچەگەریی و زاراوەگەریی، کە ڕێگر بووە لەبەردەم دروستبوونی  زمانی ستاندارد.  

٣) باڵادەستی مێژوویی زمانی عەرەبی وەک زمانی ئایین و پاشان وەک زمانی دەوڵەت (دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق)، وایکردووە زمانی عەرەبی هەژموونی خۆی بەسەر زمانەکانی تردا بسەپێنێ و پەراوێزیان بخات.

٤) تێگەیشتنی کلاسیکیی دەسەڵاتدارانی عێراقی، کە لەو باوەڕەدان پەرەپێدانی زمانی کوردی هانی بزاڤی جوداخوازیی دەدات و ڕەنگە لە لایەن هێزە دەرەکییەکانەوە کەڵکی لێوەربگیرێت. هەربۆیە، بەردەوام هەوڵدەدەن بە چەسپاندنی یەک زمانی فەرمی، کە زمانی نەتەوەی زۆرینە و باڵادەستە.

٥) ئاڵنگارییە لۆجستیکییەکان کە دەبنە بەربەست لەبەردەم چەسپاندنی سیستەمی فرەزمانی لە بواری خویندن و کارگێڕیی.    

٦) بەجیهانیبوون و پەرەسەندنی بازاڕێکی جیهانی بەرەبەرە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زمانە لۆکاڵییەکان نەتوانن هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنەکان دینامیکیەتی خۆیان بپارێزن و بەرەو پێشەوە بچن، ئەمەش وادەکات کە ئاخێوەرانی ئەو زمانانە نەتوانن سوود لە زمانەکانیان وەربگرن بۆ گواستنەوەی واتا و چەمکەکان، کە ئەمەش لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی لەناوچوونی توانای ئەو زمانانە.  

 ٦) نەبوونی هیچ نەخشەڕێگا و ستراتیژێکی کورتخایەن یا درێژخایەن لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە تەواوەتی لە دادگاکاندا بچەسپێت و لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم، هەموو ڕێکار و بڕیارەکان بکرێن بە زمانی کوردی.

٧) بوونی تێگەیشتنێک لە لای هەندێک لە یاساناسان، کە پێیانوایە تەنیا زمانی عەرەبی زمانی یاسایە و زمانی کوردی ناتوانێ ببێتە زمانی یاسا.

٨) هەژاریی زمانی کوردی لە ڕووی سەرچاوە یاسایی و دادوەرییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە یاساناسان ناچار بن بۆ هەر کار و توێژینەوەیەکی یاسایی پشت بە سەرچاوە  عەرەبییەکان ببەستن، ئەمەش وایکردووە بە درێژایی سی ساڵی ڕابردوو زمانی کوردی بەرەبەرە لەو بوارەدا پەراوێز بخرێت.  

٩) گرنگینەدانی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بە ئەنجامدانی توێژینەوە بە زمانی کوردی و لەم بوارەدا نەک هەر هیچ ستراتیژێکی نیشتمانی نیە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە زمانی کوردی لەم بارەیەوە پەراوێز دەخرێت. 

:ئەنجامەکان

١) کەمینەکان مافیان هەیە سوود لە کەلتووری تایبەت بە خۆیان وەربگرن و زمانی تایبەتی خۆیان بە ئاشکرا و نهێنی بە ئازادی بە کار بهێنن، بە بێ هیچ دەستوەردان یا جیاکارییەک و، دەوڵەتان ئەرکیانە لەم بارەیەوە هاوکار و پاڵپشتی کەمینەکان بن و  دەرفەت و ئاسانکاریی پێویستیان بۆ بکەن.

٢) زمانی کوردی لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەستووریی و یاسایی هەیە وەک زمانی فەرمی دانپێدانراو و، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە هیچ گرفتێکی یاسایی بەدیناکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان سستی و کەمتەرخەمی دەنوێنن لە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی یاساکان.

٣) سەبارەت بە دۆخی زمانی کوردی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری بەرکار زمانی کوردی زمانی فەرمی دادگاکانە، بەڵام ئەم دەقە بە تەواویی پراکتیزە نەبووە.

٤) حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی زمانی یا نەخشەڕێگایەکی ڕوونی نیە سەبارەت بە زمانی کوردی و، بە درێژایی سێ دەیەی حوکمڕانی هەتا ئێستا نەیتوانیوە زمانێکی ستانداردی کوردی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بچەسپێنێ.  

ڕاسپاردەکان:

١) پێویستە ئەنجومەنی دادوەری نەخشەڕێگا و ستراتیژێك دابڕێژێت بۆ بە کوردی کردنی هەموو ڕێکار و بڕیارەکان لە هەموو دادگاکان و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

٢) پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی زمانی و ستراتیژێکی نیشتمانی دابڕێژێت بۆ دروستبوون و چەسپاندنی زمانی ستانداردی کوردی.

٣) هەوڵی چەسپاندنی زمانی کوردی بدرێت لە دامودەزگا فیدراڵییەکانی عێراق و ئاستەنگ و گرفتەکانی بەردەم ئەم پرسە چارەسەر بکرێن. 

٤) بەو پێیەی زمانی کوردی زمانی فەرمییە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پێویستە زانینی زمانی کوردی مەرجی سەرەکی بێ بۆ دامەزراندنی ئەو کەسانەی کە لە دامودەزگا دادوەرییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن.

٥) خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکاندا پەرەیان پێبدرێت، بەڵام ئەمەش بەو واتایە نایەت کە گرنگیی فێربوونی زمانە بیانییەکانی تر پشتگوێ بخرێن.

٦) دامەزراندنی کۆمیسیۆنی زمانە فەرمییەکان بۆ بە دواداچوونی یاسای زمانە فەرمییەکان و چاودێریی کردنی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.

٧) ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و ئاکادیمیای زمانی کوردی هاوئاهەنگیی پێویستیان هەبێت بۆ داڕشتن و یەکخستنی زاراوە یاساییەکان و، لەم بارەیەوە فەرهەنگێکی تایبەت بە زاراوە یاساییەکان دەربکەن کە ببێتە سەرچاوە بۆ دادگاکان.

٨) دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی لە هەموو بوارەکان بە تایبەت بواری یاسایی، لە ڕێگای هاندانی نووسین و توێژینەوە و وەرگێڕانی سەرچاوە یاساییەکان بە زمانی کوردی، هەتا ببێتە پاڵپشت بۆ توێژەران و ناوەندە زانستییەکان و دانانی پاداشتی هاندان بۆ نووسین و توێژینەوەی زانستی بە زمانی کوردی.




سەرچاوەکان 

  1. Master’s in Public Law and a Judicial Investigator at the Erbil Court of Investigation
  2. رسمیت چند زبان و تنوع زبانی دراروپا، در سایت زیر قابل مشاهدە است: http://eyitimhaqqi.blogspot.com/ last visited:2021/3/3.
  3. رەزا شەجیعی، ئەڵقەی زمانیی ١٩٤٦ (ئاوڕدانەوەیەک لە بەرنامەڕێژییە زمانییەکانی کۆماری کوردستان)، گۆڤاری زمانەوان، ئەنستیتۆی فەرهەنگی کوردستان- تاران، ژمارە ٣، ٢٠٠٧، ل ١٢٠.
  4. Crow Samuel, comparatively speaking: language rights in the United States and Canada, 2012, Canada-United states law Journal, volum37, issue 1, p.209.
  5. اومود.آ (اورمولو)، آموزش بە زبان مادری، بدون محل نشر، ١٣٩٤، صص ١٥-١٧
  6. د.رفیق سابیر، بە ستانداردکردنی زمان و ئەلفوبێی کوردی، چاپی دووەم، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، سلێمانی، ٢٠١٤، ل ٢٠-٢١.
  7. معاذ عبداللهی و د.جوانمیر عبداللهی، نسل زدایی فرهنگی ، چاپ اول، انتشارات مجد، تهران، ١٣٩٣، صص ١٧٤-١٧٥.
  8. د.هۆگر مەحموود فەرەج، ڕۆژی زمانی زگماک زمانی کوردی لەبەردەم هەڕەشە مێژوویی و سەردەمییەکاندا، گۆڤاری ئاکادیمیای کوردی، ژمارە ٣٢، هەولێر، ساڵی ٢٠١٥، ل ٦٠-٦١.
  9. Naheed Saba, Linguistic Heterogeneity and Multilinguality in India: A Linguistic Assessment of Indian Language Policies, Submitted for the award of the Degree of Doctor of Philosophy, Department of Linguistics Aligarh Muslim University (India), 2011,  p.77.
  10. فردوس آقاگل زاده و دیگران، تحليل زبان شناختي آرای قضايي براساس الگوی خلاق: رويكرد حوزە زبان شناسی حقوقی، فصلنامە پژوهش های زبان و ادبيات تطبيقی، دورە اول، شمارە اول، بهار ١٣٨٩، ص ١٢.
  11. روح الدین کردعلیوند، زبانشناسی حقوقی، انسان و فرهنگ، ویژه نامه «زبان و متن»، سال دوم خرداد ۱۳۹۲، شماره ۳، ص ١٤
  12. هیوا ئیبراهیم حەیدەری، بەرەو بە کوردی کردنی زمانی یاسا چەند تێبینی و پێشنیارێک، گۆڤاری تەرازوو، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان، ژمارە ١٤، ساڵی ٢٠٠٢، ل ١٠٢.
  13. د.أحمد عبدالظاهر، اللغة العربية والقانون، الطبعة الاولی، دار وجوە للنشر والتوزیع، الریاض، ٢٠١٨، ص ١٦.
  14. قاسم محەممەد مستەفا، بە کوردی نووسینی یاسا و یاسایی زاراوە یاساییە کوردییەکان، گۆڤاری تەرازوو، یەکێتیی مافپەروەرانی کوردستان، ژمارە ١٤، ساڵی ٢٠٠٢، ل ١١٤.
  15. د.نووری تاڵەبانی، فەرهەنگی قانوونی، چاپی پێنجەم، وەزارەتی داد و وەزارەتی ڕؤشنبیری و لاوان، هەولێر، ٢٠١٠، ل ١٣.
  16. امیر کلان، چە کسی از آموزش چند زبانە می هراسد، ترجمە د.هیوا ویسی، Channel View Publications Ltd. / Multilingual Matters، ٢٠١٨، ص ١٩.
  17. امیر ناظمی، سیاست زبان در جمهوری اسلامی ایران: پیشنهادهای سیاستی درخصوص زبان و زبان آموزی، فصلنامۀ مطالعات راهبردی سیاستگذاری عمومی، دورۀ ٨ ، شمارۀ ٢٦، بهار١٣٩٧، ص ٢٤٦.