ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە پاراستنی زمان و بەرەو پێشبردنی دۆزی نەتەوەیی کورد لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا
پوختە
ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی هاوکاتی ڕۆژنامەگەریی کوردی و نەتەوەپەروەری کوردی لە سەرانسەری کوردستانی گەورە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا دەکات. هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری لە پاراستنی زمانی کوردی و پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتیی کوردی دەکاتەوە.
پێشەکی:
بە درێژایی مێژوو، زمانی کوردی ڕووبەڕووەی کێشە و ئاڵنگاریی زۆر بووەتەوە بەهۆی داگیرکاری و سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە. سیستەمی دەرەبەگایەتی زۆرجار دەبێتە هۆی سەرکوتکردنی زمانەوانی، زمانە زاڵەکان بە بیانووی جۆراوجۆری فەرهەنگی و کارگێڕی بەکاردەهێنران و زمانی کوردی پەراوێز دەخرا. زمانی کوردی بە هۆی هەژموونی مێژوویی و کاریگەریی بەربڵاوی زمانەکانی عەرەبی، تورکی و فارسییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە (گەنتەر، ٢٠١٨). زمانی عەرەبی وەک زمانی گوتاری ئایینی بەکاردەهێنرا، لە کاتێکدا زمانی تورکیی عوسمانی بۆ مەبەستی کارگێڕی لەناو دەوڵەتدا بەکاردەهێنرا، و هەروەها زمانی فارسی وەک زمانی ڕۆشنگەری سەیر دەکرا و بۆ شیعر و ئەدەب بەکاردەهێنرا (هەمان سەرچاوە). مەبەست لەم ڕێکارو هەوڵە خۆسەپێنانەی دژ بە کورد بنبڕکردن و لاوازکردنی زمان و زاراوە کوردییەکان بووە، ڕێگریی لە بەکارهێنان و گەشەکردنی زمانەکە کردووە لە کۆمەڵگای کوردیدا (هەمان سەرچاوە). لەگەڵ ئەوەشدا، نەبوونی ئەدەبیاتی نووسراوی کوردی و زاڵبوونی نەریتە زارەکییەکان هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری بوون لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا، لە ئەنجامدا، زمانی کوردی کەوتووەتە ژێر مەترسیی زاڵبوونی زمانەکانی تر (حەسەنپوور، ١٩٩٦). لەڕاستیدا قۆناخەکانی داگیرکاری لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتە جۆراوجۆرەکان و دواتر دەوڵەتە مۆدێرنەکانەوە ئەم کێشانەیان قووڵتر دەکردەوە، چونکە دەستەڵاتداران سیاسەتی زمانەوانییان دەسەپاند و هەوڵی لاوازکردنی ناسنامەی کوردی و بنبڕکردنی زمانی کوردییان دەدا بە تەواوی زاراوەکانەوە. ئەم هەوڵ و فشارانە ڕێگر بوون لەبەردەم گەشەسەندنی زمانی کوردی، بەرەوپێشچوونی فەرهەنگی دەربڕین و پەروەردە، خستنە ژێر مەترسی و پەراوێزخستنی زمانی کوردی.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، هەوڵی زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی لەلایەن کەسایەتییە دیارەکانی کوردەوە دراوە. لە بەرامبەر دەسەڵاتی عوسمانی و فارس و عەرەبی داگیرکەردا، دوو کەسایەتیی دیاری نەتەوەیی کورد؛ ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) و حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٩٧) جەختیان لەوە کردۆتەوە کە سەربەخۆیی کورد تەنیا لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە 'قەڵەم' و 'شمشێر' بەدەست دێت، قەڵەم وەک هێمای نەریتێکی وێژەیی نووسراو و پەروەردە، و شمشێر وەک هێمای دەسەڵاتی ڕامیاری. حاجی قادری کۆیی داوای لە ڕۆشنبیرانی کورد کرد کە سوود لە ئامرازە نوێیەکانی وەک گۆڤار و ڕۆژنامە وەربگرن، وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی پەیوەندییێکی تۆکمە لەگەڵ کۆمەڵگا بە زمانی کوردی.
سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پووڵێ، ڕۆژنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان
سەرەڕای ئەم هەموو هەوڵە، نەریتی زارەکی تا کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست وەک شێوازی سەرەکیی دەربڕین بۆ شیعر و ئەدەبی کوردی زیندوو مایەوە (هەمان سەرچاوە). سەرهەڵدانی ئەدەبی نووسراوی کوردی و بڵاوبوونەوەی زمانی کوردی لە کایەی گشتی و بەتایبەت هەوڵە ڕۆژنامەوانییەکان، هاوکات بوو لەگەڵ گەشەسەندنی هەستی نەتەوایەتیی هاوچەرخی کوردی. بە گوێرەی (کرەینبرۆیک، ١٩٩٠: ٥٦)، 'لە سەدەی نۆزدەمدا هەستی نیشتمانپەروەریی کوردی گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە بینی، دواتر ڕۆشنبیرانی کورد دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی وەرزنامە و گۆڤاری زانستی کە هەندێکیان بانگەشەیان بۆ ڕزگاریخوازیی کوردستان دەکرد. ئەمەش لەلایەن حەسەنپوور (١٩٩١)ەوە دووپات دەکرێتەوە، کە دەڵێت گواستنەوە لە نەریتی زارەکییەوە بۆ فەرهەنگی چاپکراو بەهۆی هۆشیاریی نەتەوەییەوە بووە. گەشەسەندنی نیشتمانپەروەری و ڕۆژنامەگەریی کوردی چاوەڕوانکراو بووە. هۆکاری سەرەکیی گەشەسەندنی هزری نیشتمانپەروەری و ڕۆژنامەگەریی کوردی زمانناسی بووە. سەرکوتکردنی زمانی کوردی لەلایەن دەستەڵاتە یەك-نەتەوەییەکانەوە بەشێک بوو لە هەوڵە پلان بۆ داڕێژراوەکان بۆ لاواز کردن و نەهێشتنی نەتەوەی کورد. ئەم هەوڵە ڕامیارییانە وایانکرد کە زمانی کوردی ببێت بە هێمایەک، و پێکهاتەیەکی سەرەتایی، لە خودی ناسنامەی کورد؛ زمان وەک نیشاندەرێک کە کورد وەك نەتەوەنجیا دەکاتەوە. وەک (گالیپ، ٢٠١٥) باسی دەکات، زۆرجار وا بیردەکرێتەوە کە لەناوچوونی زمانی کوردی یەکسانە بە لەناوچوونی نەتەوەی کورد. هەربۆیە پاراستنی زمانی کوردی هاوشێوەی پاراستنی ناسنامەی کورد بوو. سەرکوتکردنی زمانی کوردی هەر لەو کاتەوەی کە لەدوای ساڵی ١٩١٨ەوە کورد بەسەر سنوورەکاندا دابەشکران، هەوڵێکی بە بەرنامەی دەوڵەتە داگیرکەرکان بووە.
دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئێران و کۆماری تورکیا و دواتر دەوڵەتە عەرەبییەکان (بەتایبەت سوریا) لە هەوڵی دروستکردنی حکومەتی ناوەندی لە بازنەی دەسەڵاتی سنوورەکانی خۆیاندا، سەرکوتکردنی زمانی کوردیان بە سیاسەت داڕێژا، لە ڕێگەی سیاسەتەکانی ناوەندگەرایی و نوێگەرایی. ئەم بەرنامانە پێویستیان بە سەپاندنی توندوتیژ هەبوو کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدەدران لە دژی کەمینەکان. دروستکردنی گەلێکی یەکگرتوو پێویستی بەوەیە کە دەوڵەت بنیاتنەرەکان پێناسەی دەوڵەت بکەن و شوناسێک (بە پشتبەستن بە نەتەوەی باڵادەست) بچێنن بۆ دروستکردنی وڵاتێکی یەکگرتوو و تاک نەتەوەیی. بەگشتی نوخبەی بەهێزترین یان زۆرینەی نەتەوەیی دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن. لە ئێرانی دوای قاجاریەکان، ئەوە پەهلەوییەکان بوون کە بەرپرسیارێتی دەوڵەتیان گرتە ئەستۆ و کەمینەکانیان ژێردەستە کرد. هێزەر ڕەی، ستراتیژییەکانی درووستکردنی گەلێکی یەکگرتوو پێناسە دەکات بە هەوڵە یاساییەکان بۆ دوورخستنەوەی گروپە کەمینەکان لە مافی هاووڵاتیبوون، گۆڕینی زۆرەملێ، دەرکردن و قڕکردن. ستراتیژییەکانی ناوەندگەرایی کە لەلایەن نوخبەکانەوە جێبەجێ دەکرێن، مۆدێلی دەوڵەتی وێستفالیا پەیڕەو دەکەن - کە پڕن لە ناوەندە پیشەسازییەکان، و پڕۆژە نەتەوەییەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ بنیاتنانەوە یان دروستکردنی دەوڵەتەکان - کە لە پراکتیکدا پاوانخوازین. سەپاندنی نەتەوەیی باڵادەست هیچ بۆشاییێک لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، یان ئابوورییەوە بۆ جێگیرکردنی ئاوات و چالاکییە کولتوورییەکانی کەمینەکان بەجێناهێڵێت.
لە ئێراندا ئەمە لە سەرکوتکردنی کولتوور و ناسنامە غەیرە فارسەکاندا دەرکەوت (ماثیی، ٢٠٠٣: ١٣٧، ١٣٩). هەموو زمانەکان جگە لە زمانی فارسی لە بواری پەروەردە و ڕاگەیاندن و ئیدارەی گشتیدا سەرکوت کران تا دەستلەکارکێشانەوەی ڕەزاشا لە ساڵی ١٩٤١ (جەعفەر شەیخولئیسلامی: ٦٤٣). بەهەمان شێوەی ئێران، زمانی کوردی تووشی سەرکووتکردن و قەدەغەکردن بووەوە لە تورکیا. دەوڵەتی تورکی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بنیاتنانی نەتەوەدا سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگای تورکی فرە زمانە، زمانی تورکی وەک تاکە زمانی دەوڵەت سەپاند. سیاسەتە زمانەوانییەکانی تورکیا بەرامبەر بە زمانی کوردی دەتوانرێت وەک هەوڵی زمانکوژی وەسف بکرێت، چونکە بە قورسی هەوڵی نەهێشتنی زمانەکە دەدرا (ئەرسەلان، ٢٠١٥). زمانی کوردی لە بواری پەروەردەیی و گشتیدا قەدەغە کرابوو (حەسەنپوور، ١٩٩٢؛ سکوتناب-کانگاس ٢٠١٢؛ فێرناندێز٢٠١٢؛ ئۆدریسکۆل ٢٠١٤). بە پێی مادەی ٤٢.٩ی دەستووری تورکیا، زمانی تورکی بوو بە تاکە زمانی پەروەردە، ئەمەش بووە هۆی قەدەغەکردنی وانە ووتنەوە بە زمانی کوردی (ئێچ ئاڕ دەبڵیوو، ١٩٩٧). دوابەدوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ یاسای ژمارە ٢٩٣٢ کە لە ساڵی ١٩٨٣ پەسەند کرا، چاپ و پەخشکردنی بە هەر زمانێک جگە لە تورکی قەدەغە کرد، لە ئەنجامدا زمانی کوردی بە تەواوی قەدەغەکرا.
ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت کە زمان ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕێت لە نەتەوەپەروەری و بنیاتنانی نەتەوەدا، بەهۆی ئەو ڕاستیانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، بەهێزتر دەبێت. بە بینینی ئەوەی کە دەوڵەتە ناوەندییەکانی ئێران، تورکیا و سوریا پشتگیریان لە زمانی فارسی، تورکی و عەرەبی کردووە، گرنگی زمان بۆ نەتەوەپەروەری ڕوون دەبێتەوە. بەهەمان شێوە بۆ کورد زمانی کوردی لە بنەڕەتدا بەستراوەتەوە بە نەتەوەپەروەری کوردییەوە. بەم شێوەیە، هەوڵەکان بۆ پاراستنی زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوە بە کوردی، تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن سەرکردە سیاسییە نەتەوەییەکانی کوردەوە دراوە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە دەوڵەتی عوسمانی و کۆماری تورکیا
لە سەردەمی عوسمیەکاندا، هەموو ئەو گۆڤار و کتێبانەی بە زمانی کوردی چاپ دەکران لە دەرەوەی کوردستان چاپ دەکران؛ زۆربەیان لە قاهیرە، بەغدا و ئەستەنبوڵ چاپ دەکران کە سانسۆر و قەدەغەکردن کەمتر کاریگەریان هەبووە. یەکێک لەو بڵاوکرانەوانە بریتیە لە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی 'کوردستان' کە لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە دەرچوو. بە بڵاوکردنەوە و چاپکردنی 'کوردستان' میقداد بەدیرخان کە ڕۆشنبیرێکی دیاری کوردبوو، کۆمەڵەک ئامانجی هەبوو: بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕۆژنامەکە و لە هەمان کاتدا کەڵک وەرگرتن لێی بۆ پێشخستنی خوێندن بە زمانی کوردی (ساپان، ٢٠٢٣). جگە لەوەش ڕۆژنامەکە وەک سەکۆیەک بوو بۆ ئاشکراکردنی ئەو نادادپەروەرییانەی کە سوڵتانی عوسمانی و بەرپرسەکانی ئەنجامیاندەدا، و ڕۆشنایی خستە سەر ئەو کێشنەی کە ڕووبەڕووی خەڵک دەبوونەوە (هەمان سەرچاوە). بەو پێەیەی ڕۆژنامەکە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە بڵاو دەکرایەوە، هەر زوو ڕووبەڕووی قەدەغەکردن بووەوە و چاپکردنی گواستراوە بۆ جنێڤ و دواتر بۆ ئینگلترا (عەزیز، ٢٠٢٣). بڵاوکردنەوەی 'کوردستان' ڕووداوێکی گرینگە لە مێژووی میدیای کوردیدا، 'کوردستان' ڕێگای خۆشکرد بۆ ئەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەی دیکە بە زمانی کوردی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات بڵاوبکرێنەوە. لە ساڵی ١٩١٢ گۆڤارێکی مانگانە بە ناوی "ڕۆژا کورد" لە لایەن کۆمەڵەی 'هێڤی' لە ئەستەنبوڵ دەرچوو (ڕیان، ١٩٤٤). بەڵام تەنها سێ ژمارەی لێ بڵاوکراوە پێش ئەوەی قەدەغە بکرێت (هەمان سەرچاوە). عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاری (١٨٩٠-١٩٥٨) یەکێک بوو لە شاعیرەکانی کورد لەو کاتە، شیعرە نوێگەرەکانی خۆی لە گۆڤاری 'ژین' لە ئەستەنبوڵ بڵاو کردەوە پێش ئەوەی زمانی کوردی لە تورکیا قەدەغە بکرێت لەدوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا (بۆزارسلان و هاوکارانی، ٢٠٢١). سیاسەتی حوکوومەتی تورکیا بە درێژایی مێژووی کۆماری تورکیا هەوڵی قڕکردن و نەهێشتنی زمانی کوردی داوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە ساڵی ١٩٢٤دا دەزگای پەروەردەیی کوردی و بڵاوکراوەی کوردی و تەنانەت گفتوگۆی تایبەت بە کوردی قەدەغە کرا، دەستەواژەکانی "کورد" و "کوردستان" بە نایاسایی ناسێندران و لەبری ئەوە دەستەواژەی "تورکی شاخ" سەریهەڵدا و چەندین شوێن کە خاوەنی ناوی کوردیبوون ناویان گۆڕدرا بە ناوی تورکی (ئالیسۆن، ٢٠١٨). قەدەغەکردنی چاپەمەنی کوردی لە تورکیا بە درێژایی سەدەی بیستەم بەردەوام بوو. بۆیە بابەتە وێژەییە کوردیەکان تا سەرەتای نەوەدەکان هیچ دەرفەتێکی گەشەسەندنی لە تورکیادا نەبوو (هەمان سەرچاوە).
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەم دەقی کوردی کە چاپکرا فەرهەنگێکی کوردی-فارسی بوو کە لە ساڵی ١٨٨٥دا بڵاوکرایەوە، بەڵام یەکەم کاری ڕۆژنامەوانی لە ساڵی ١٩٢١ بڵاوکرایەوە بە هەوڵی سەرکردەی نەتەوەیی کورد سمکۆ شکاک. شۆڕشە نەتەوەییەکەی سمکۆی شکاک سوودی لە دوو هاوکێشەی ناوچەیی وەرگرتبوو: یەکەمیان لاوازبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی قاجاری بوو لە ناوچە کوردییەکان لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، و دووەمیان هەڵکشانی گوتاری نەتەوەیی کوردی بوو کە لە کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەنگی دەداوە. . بزووتنەوەکەی سمکۆی شکاک هەوڵێک بوو بۆ نەهێشتنی ناوەندگەرایی سیاسی لە ئێران. سمکۆ بۆ بەدەستخستنی ئامانجە سیاسییەکانی، گوێی لە بانگەشەکانی حاجی قادری کۆیی گرت و لەگەڵ هێزی سەربازی پشتی بە ئامرازە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیەکانی وەک ڕۆژنامە و گۆڤار بەستی. لە ساڵی ١٩٢١، سمکۆ شکاک دەستی بەسەر چاپخانیەکی |شاری ورمێدا گرت و بە هاوکاری عەبدولڕەزاق بەدرخان 'ڕۆژی کورد'ی چاپ و بڵاوکردەوە (حاجی-ئاغایی، ٢٠١٥، ل٣١٦ ؛ گۆهاری، ٢٠٠٤، ل٢٢). دوای مردنی سمکۆ شکاک و شکست هێنانی شۆڕشەکەی لە ساڵی ١٩٢٢، حوکوومەتی ئێران هەستا بە قەدەغەکردنی هەموو جۆرە چاپ و بڵاوکراوەیەکی کوردی. تا دەستلەکار کێشانەوەی ڕەزاشا لە ساڵی ١٩٤١، کۆمەڵە کوردییەکان ناچار بوون لە تەورێز بە نهێنی چاپەمەنییەکانیان بڵاو بکەنەوە. گەورەترین هەوڵ بۆ دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی کوردی لە دوای سمکۆی شکاک لە ساڵی ١٩٤٢ لە لایەن ڕێکخراوێکی ڕامیاری بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد\کوردستان (ژ.ک.) درا کە گۆڤارێکیان بە ناوی 'نیشتمان' بڵاو کردەوە. گۆڤارەکە دەنگدانەوەی باشی لە ناو جەماوەری کوردی ڕۆژهەڵات هەبوو و تا ڕادەیەک ژمارەیەکی بەرفراوانی لێ بڵاوکرایەوە و بە جۆش و خرۆش پێشوازی لێکرا. دروشمی گۆڤارەکە 'بژی کورد و کوردستانی گەورە' بوو کە لاپەڕەی یەکەمی هەر ١٢ ژمارەکەی ڕازاندبووەوە. لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی نیشتیمان کە لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٣ دەرچوو، دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی گەورەیان وەک ئامانجی سەرەکی خۆیان ڕاگەیاند. گۆڤاری نیشتیمان بابەتی پەروەردەیی و وێژەیی وەک دەق و شیعری کوردی، و ناوەڕۆکی جیا جیای لەسەر مێژووی کورد و هەروەها دەستووری (ژ.ک.) بڵاوکردۆتەوە (گەنتەر، ٢٠١٨). کۆمەڵەی (ژ.ک.) دواتر توانیان ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە دروستکردنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٥، و ڕێی تێدەچێ ئەگەر بڵێین کە گۆڤاری 'نیشتیمان' هاوکار بوو بۆ ئەم دەستکەوتە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە عێراق و باشووری کوردستان
دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، عێراق وەک یەکێک لە دەوڵەتە نوێییەکان دامەزرا و باشووری کوردستان بەو دەوڵەتە لکێندرا (بۆزارسلان و هاوکارانی، ٢٠٢١). بە پێچەوانەی تورکیا و ئێران لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، کورد لە عێراق لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئازادی ڕێژەیی ڕۆژنامەگەرییان هەبوو. یەکەم چاپخانە لە کوردستان بە ناوی 'چاپخانەی حوکوومەت' لە شاری سلێمانی لە لایتەن دەسەڵاتی ئیختیاری بەڕیتانیەوە دامەزرا. هەندێک بەرپرسی بەریتانی کە لە کوردستان جێنشین بوون، وەک مەیجر سۆن و ئێدمۆندز، هانی خوێندەوارەکانی کوردیان دەدا بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی وێژەیی بە زمانی زگماکی خۆیان (هەمان سەرچاوە). و هەروەها بانگەشەیان بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی دەکرد و پێشبڕکێیان بۆ نووسینی باشترین کورتە چیرۆک کە بە زمانی کوردی پاک نووسراون ئەنجەمدەدا (هەمان سەرچاوە). یەکێک لە سەرکردە نەتەوەییەکانی کوردی ئەم سەردەمە لە باشوور شێخ مەحموودی حەفید بوو کە چەندین ڕاپەڕینی کوردی دژی حکومەتی بەریتانیا و عێراق ڕێکخست. شێخ مەحموود چاپخانەی وەکو موڵکێکی هزری دەبینی کە دەتوانرا سوودی لێ وەربگیرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕامیارییەکانی نەتەوەی کورد. لە نێوان ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٣، حوکوومەتەکەی شێخ مەحموود شەش کتێب و ١٨ ژمارەی هەفتانەی گۆڤاری 'پێشکەوتن' و ١٤ ژمارەی 'بانگی کوردستان' و ١٦ ژمارەی 'ڕۆژی کوردستان'ی بڵاوکردەوە، کە هەموو ئەمانە ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە پێشخستنی زمانی کوردیدا هەبوو. لە بڵاوکراوەی ژمارە ٣ی بانگی کوردستان، ئاماژە بۆ گرنگی چاپەمەنی درا وەک ئامرازێکی زۆر کاریگەر بۆ یەکخستنی بیر و هەستی نەتەوەیی، و پاراستنی زانست و ئەدەبی کوردی. هەر لە باشووری کوردستان، چەند هەوڵێکی دیکەش لەلایەن کەسایەتی کوردپەروەر حوزنی موکریانیەوە درا، کە چاپخانەیەکی کڕی و بەکاری هێنا بۆ چاپکردنی ٢٣ کتێب و گۆڤارێک بە ناوی 'زاری کرمانجی' و گۆڤارێکی تری هەفتانە بە ناوی 'ڕووناکی'. هەولێکی بەرچاوی دیکە بۆ بڵاوکردنەوەی چاپەمەنی کوردی لە لایەن پیرەمێردی شاعیرەوە درا. پیرەمێرد کە شاعیر و ڕۆژنامەنووسێکی نیشتیمان پەروەر بوو چاپخانەیەکی کڕی و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری 'ژین' لە شاری سلێمانی. گۆڤارەکە کورتە چیرۆک و شیعر و هەروەها بابەتی ڕۆژنامەوانی بڵاودەکردەوە.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان چالاکوانانی کورد کە لە ئەستەنبوڵ نیشتەجێبوون وەک جەلادەت، کامەران و سورەیا بەدرخان لە ساڵی ١٩١٩، لە سەردەمی شەڕی ڕزگاری ئەتاتورک، لە تورکیا دوورخرانەوە. دواتر هەوڵە نەتەوەییەکانیان بۆ سوریا گواستەوە. بە درێژایی ساڵانی ١٩٣٠کان تا ناوەڕاستی چلەکان بنەماڵەی بەدرخان و ڕۆشنبیرە کوردە دەربەدەرەکانی سوریا بەشدارییەکی گەورەیان لە پێشخستنی زمان و ڕۆژنامەگەریی کوردیدا کرد. یەکەمین کتێبی کوردی کە لە سوریا چاپکرا لە ساڵی ١٩٢٥ بڵاوکرایەوە، لە ساڵی ١٩٣٢ جەلادەت بەدرخان گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی-ڕامیاری و وێژەیی بە ناوی "هاوار" لە شاری دیمەشق چاپ و بڵاو کردەوە. گۆڤاری هاوار ڕووی بزووتنەوەیەکی زمانەوانی و وێژەیی فراوانتر بوو، بەو پێیەی ئەلفبێی کوردی بە پیتی لاتینی بەناوبانگ کرد کە لەلایەن بەدرخانییەکانەوە دروستکرابوو. گۆڤاری هاوار لە ژمارەی بیستەمی خۆیدا ڕایگەیاند کە کرمانجی ئیتر تەنیا زمانێکی زارەکی نییە، بەڵکو بووەتە زمانێکی نووسراو. هەوڵێکی دیکەی بەرچاو لە ساڵی ١٩٤١ بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری "ڕۆناهی" ئەنجامدرا، کە خزمەتی بە خوێنەری کورد لە دیمەشق دەکرد (بۆزارسلان و هاوکارانی، ٢٠٢١). بنەماڵەی بەدرخان بە کەڵک وەرگرتن لە ئەلفبێی لاتینی، بە نهێنی گۆڤارەکانی وەک "هاوار" (١٩٣٢-٤٣) و "رۆناهی" (١٩٣٥)یان لە سوریاوە دەگواستەوە بۆ تورکیا و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ڕاپەڕینەکانی کوردی ئەو کاتە لە باکووری کوردستان هەبوو (هەمان سەرچاوە). دواتر، کامەران عەلی بەدیرخان "ڕۆژا نو" لە ساڵی ١٩٤٣ بڵاوکردەوە، کە زیاتر زمان و ئەدەبی کوردی لە ناو پێکهاتە کوردییەکان لە کوردستان و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوکردەوە (هەمان سەرچاوە). ئەم بڵاوکراوانە بەرهەمەکانی نووسەر و شاعیری بەناوبانگی کوردی وەک ( قەدری جان، نورەدین زازا، جگەرخوێن، ئەحمەد نامی، و قەدری جەمیل پاشا) لە خۆدەگرت (هەمان سەرچاوە).
دوا ووتە
دەرئەنجام، ڕۆژنامەگەریی کوردی لە سەردەمی بە ئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە کۆتاییەکانی سەدەیی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا سەری هەڵدا. بناغەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژنامەی 'کوردستان' ی میقدات مەدحەت بەدرخان. بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان ساتێکی مێژوویی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا دیاری دەکات بەو پێیەی بۆ یەکەمجار هەستی نەتەوەیی کوردی خستە بەردەم خوێنەرێکی فراوانی کورد و نێودەوڵەتی (عەزیز، ٢٠٢٣).
لە سەردەمی ئەو دەوڵەتە نەتەوەیانەی کە لە دوای ساڵی ١٩١٦ دامەزراون، زمانی کوردی تووشی هەڕەشەی سڕینەوە و نەمان بوو، وایانکرد کە زمانی کوردی ببێت بە هێما و پێکهاتەیەکی سەرەتایی، لە خودی ناسنامەی کورد و بەرەوە ناوەندی نیشتمانپەروەریی کوردیی برد. قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە کایە تایبەت و گشتییەکاندا، وایکرد کە کوردەکان هەوڵی پاراستنی زمانەکە بدەن و هەوڵی بەرەو پێش بردنی ئەدەبیاتێکی نووسراو بدەن. زمانی کوردی لە سەرووی ئالینگارییەکانەوە بەرزبووەوە. کرمانجی بە تایبەتی بە ئەلفبێی لاتینی ڕێکخرا و لە نێو کوردانی باکور و ڕۆژاڤادا بەناوبانگ کرا. لە ئێران و تورکیا هەوڵە گەورەکان لەو کاتانەدا دران کە دەوڵەتی ناوەندی لاواز بوو. لە عێراق و سوریا بە هۆی دەسەڵاتی بەڕیتانیا و فەرەنسا و سیاسەتەکانیان، ڕۆژنامەگەری کوردی ئازادییەکی ڕێژەیی هەبووو دەیتوانی تا ڕادەیەک کار بکات. لێرەدا، درککردنێکی دیکە دێتە پێشەوە؛ کە بە پلەی یەکەم سەرکردە نەتەوەییەکان بوون، وەک شێخ مەحموودی حەفید، سمکۆی شیکاک و جەلادەت بەدرخان، کە بەشدارییەکی گەورەیان لە چاپی کوردیدا کردووە. ئەوان ڕۆژنامەگەری کوردییان وەک پڕۆژەیەکی ڕامیاری و ڕۆشنبیری دەبینی کە دەتوانێت دۆزی نەتەوەیی کورد بەرەو پێش ببات. سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەریی کوردی تەنیا وەڵامێک نەبوو بۆ سەرکوتکردنی زمانەوانی بەڵکو ڕووێک بوو بۆ بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کورد. گۆڤارەکانی وەک "هاوار"، "ڕۆناهی" و "ڕۆژا نو" نەک هەر زانیارییان بڵاودەکردەوە بەڵکو هەستی ناسنامەی کوردایەتی و هاودەنگییان لەنێو پێکهاتە پەرشوبڵاوەکاندا پەروەردە دەکرد.
بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی کورد و بڵاوکراوەکانی کرمانجی و سۆرانی بنکەیەکی زمانەوانیی خوڵقاند، کە دواتر بوو بە هەوێنی نەتەوەپەروەری کوردی. ڕۆژنامەگەری کوردی یارمەتیدەر بوو بۆ بڵاوبوونەوەی زمانی نووسراوی کوردی و ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەدەبی نووسراو بە زمانی کوردی. ئەم شۆڕشە زمانەوانییە زمانێکی هاوبەشی لە نێوان زۆرێک لەو کۆمەڵانە پەروەردە کرد کە پێشتر بە شێوەزارە ناوچەییەکان قسەیان دەکرد. بەم شێوەیە زمانێکی هاوبەشی قسەکردن و نووسراو هەستی سەربەخۆیی لە نێوان ئەو کەسانەدا هێنایە ئاراوە کە دەیانتوانی لێی تێبگەن و قسەی پێبکەن. لێرەوە دەکرێ بڵێین ئەوە ڕۆژنامەگەری کوردی بووە کە ڕێگای بۆ نەتەوەپەروەری کوردی خۆش کردووە.
ئەمڕۆ، گرنگی ڕۆژنامەگەری کوردی لە دۆزی نەتەوەیی کورد هەر وەک خۆی ماوە، سەرەڕای ئاستەنگە بەردەوامەکان، ڕۆژنامەوانانی کورد بەردەوامن لە گێڕانی ڕۆڵێکی گرنگ لە بەڵگەنامەکردنی مێژووی کورد و داکۆکیکردن لە مافە زمانەوانیەکان و بڵاوکردنەوەی دەنگی کورد لە سەرانسەری جیهان. لە بنەڕەتدا چیرۆکی ڕۆژنامەگەریی کوردی، چیرۆکی خۆڕاگری و ئیرادە و سەرپێچیکردنە لە بەرامبەر ستەمکاریدا. شایەدی ڕۆحی هەمیشەیی گەلی کورد و پابەندبوونی بێ چەواشەکارییە بۆ پاراستنی زمان و میراتەکەی سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان.
سەرچاوەکان
Allison, C. (2018). From Benedict Anderson to Mustafa Kemal: Reading, Writing and Imagining the Kurdish Nation. [online] OpenEdition Books. Available at: https://books.openedition.org/ifeagd/2217?lang=en [Accessed 2 May 2024].
Amir Hassanpour (1992). Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco : Mellen Research University Press.
Arslan, S. (2015). Language Policy in Turkey and Its Effect on the Kurdish Language.
Azeez, H. (2023). Kurdish Journalism Day: Why April 22 Matters. [online] The Kurdish Center for Studies. Available at: https://nlka.net/eng/kurdish-journalism-day-why-april-22-matters/ [Accessed 2 May 2024].
Gareth R V Stansfield, Shareef, M. and Oxford University Press (2017). The Kurdish Question revisited. New York, Ny: Oxford University Press, Copyright.
Gunter, M.M. (2018). Historical Dictionary of the Kurds. Rowman & Littlefield.
Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes and Veli Yadirgi (2021). The Cambridge History of the Kurds. Cambridge University Press.
Hassanpour, A., Sheyholislami, J. and Skutnabb-Kangas, T. (2012). Introduction. Kurdish: Linguicide, resistance and hope. International Journal of the Sociology of Language, [online] 2012(217), pp.1–18. doi:https://doi.org/10.1515/ijsl-2012-0047.
HRW (2021). IX. RESTRICTIONS ON THE USE OF THE KURDISH LANGUAGE. [online] Hrw.org. Available at: https://www.hrw.org/reports/1999/turkey/turkey993-08.htm.
Kreyenbroek, P.G. and Allison, C. (1996). Kurdish culture and identity. London ; Atlantic Highlands, N.J.: Zed Books.
Lawrance Ryan, B.M. (1944). Bibliography of the Kurdish press. Journal of The Royal Central Asian Society, 31(3-4), pp.313–314. doi:https://doi.org/10.1080/03068379408731142.
Naimark, N.M. (2003). State Identities and the Homogenisation of Peoples, Heather Rae (New York: Cambridge University Press, 2002), 372 pp., $65 cloth, $24 paper. Ethics & International Affairs, 17(1), pp.172–174. doi:https://doi.org/10.1017/s089267940000839x.
Özlem Belçim Galip (2015). Imagining Kurdistan. Bloomsbury Publishing.
Sheyholislami, J. (2021). The History and Development of Literary Central Kurdish . Cambridge University Press.
Vali, A. (2019). The Forgotten Years of Kurdish Nationalism in Iran. Springer.