ئومێد و توانا: هاندەری گەنجانی کورد بۆ کۆچ کردن بەرەو ئەوروپا لە دەیەی ٢٠٢٠ ەکان
١. پێشەکی
لە ڕووی مێژووییەوە، کۆچی کورد لە عێراقەوە بەهۆی فاکتەری سیاسی، ئاساییش و ئابووریی وەک جینۆساید، ڕاگواستنی بە زۆرەملێ، چەوساندنەوە، ئابڵوقە و ناکۆکییەوە بووە. ئێرلاند پاشە، شەپۆلەکانی کۆچ بە پشت بەستن بە کات پۆڵێن دەکات:
● ١٩٧٤-١٩٩١: کۆچبەرانی ئەم سەردەمە نوخبەی سیاسی یان سەربازی بوون کە لە چەوساندنەوەی دیکتاتۆریەتی بەعس هەڵدەهاتن.
● ١٩٩٢-١٩٩٨: کۆچی پەنابەری بەرفراوانتر لە نێوان چینە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکان.
● ١٩٩٩-٢٠١٤: کۆچ بەهۆی گەڕان بەدوای دەرفەتدا؛ گەڕانەوەی کۆچبەران ڕوویدا.
لەم چوارچێوە کاتییەدا، ناوچەکە لە سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی ڕێژەیی چێژی دەبینی. پاشە پێی وایە، کۆچ لەم سەردەمەدا بەرەنجامی بەدوای دەرفەتدا گەڕان و ئاساییبوونی کۆچ بوو. بەڵام، ڕێژەی گەڕاوەکان لەو ماوەیەدا زیاتر دیاردەیی بوو. بەکر (٢٠٢٢؛٤) و ئاغاپووری (٢٠٢٣) دیاردەی کۆچی پێچەوانە دەبینن کە تێیدا کوردانی تاراوگە لە ساڵانی ٢٠٠٠ تا ٢٠١٣ گەڕانەوە بۆ ناوچەکە.
● ٢٠١٤-٢٠٢٢: کۆچکردنی نوێ بەهۆی قەیرانی ئابووری، شەڕی داعش و ناکۆکی لەگەڵ بەغدا.
گەڕانەوەکان لە ٢٠١٤ وەستان. لە چوارچێوەی قەیرانی ئابووری، ناکۆکییەکان لەگەڵ بەغدا و شەڕ لەگەڵ داعش، شەپۆلێکی دیکەی کۆچ سەری هەڵدا (ئۆزدەمیر و ئالاجا، ٢٠٢١؛ ڕۆمانۆ، ٢٠١٩؛ جاف، ٢٠٢٣). ئەحمەد، یاسین و مستەفا (٢٠٢٣، ٤١٦) ئەم شەپۆلە لە ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢٢ جێگیر دەکەن. لێرەدا، نووسەران پێیان وایە کە خێزانەکان بۆ گەڕان بەدوای بارودۆخی ژیانی باشتری هەمیشەیی و خۆشگوزەرانیی دارایی کۆچیان کردووە، کە وا دیارە لە وڵاتی خۆی بەدەسهێنانی مەحاڵە.
٢. چوارچێوەی چەمکی
٢.١ مۆدێلی ڕاکێشان و پاڵنان
بەپێی لی (١٩٦٦)، کۆچ کاریگەریی لە فاکتەرە نەرێنییەکان (پاڵنان) لە وڵاتی خۆی و، فاکتەرە ئەرێنییەکان (ڕاکێشان) لە شوێنی مەبەستەوە وەردەگرێت. کۆچبەران بڕیارەکانی تێچوو-سوود هەڵدەسەنگێنن بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانییان (هاس، ٢٠١٨)
٢.٢ ئارەزووەکان و توانست
هاس باس لەوە دەکات کە کۆچ لەژێر کاریگەریی ئارەزووەکان (بینینی داهاتوویەکی گەشتر) و توانست (سەرچاوەکان، زانیاری، پێوەندییەکان) دایە. ئەگەر بارودۆخی ژیانی کەسیی تاکێک سنووردار بێت و لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی ژیانیدا نەگونجێت، لەوانەیە کۆچ بکات. هەرچۆنێک بێت، ئەگەر کەسێک پێی وابێت کە ئارەزووەکان دەکرێت لە وڵاتی خۆتەوە بەدی بهێنرێن (وەک: دەسپێکردنی پرۆژەیەکی بازرگانی، یان بەشداریکردن لە جووڵانەوەیەکی بەرگری)، لەوانەیە کۆچ نەکات. ئەگەر نەتوانرێت لە وڵاتەکەتەوە هیواکان بەدی بهێنرێن لەوانەیە لە دەرەوە ئاسانتر بێت - و هەر کاتێک تواناکانی کۆچکردن دەبن - لەوانەیە کۆچ ڕووبدات.
٢.٣ دۆخی هەرێمی کوردستان
فاکتەرەکانی پاڵنانی گەنجان بۆ کۆچک کردن لە هەرێمی کوردستاندا بریتین لە دواکەوتنی مووچە، گەندەڵی، لاوازیی کەرتی تایبەت، بێکاری و ئازادیی سیاسیی سنووردار. فاکتەرەکانی ڕاکێشانی گەنجان بۆ دەرەوە بریتین لە دەرفەتەکانی کارکردن، پاراستنی مافەکان و، خۆشگوزەرانی. پێکەوە، ئەمانە بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی پێکدێنن کە ڕێژەی کۆچ زیاتر دەکەن.
لە بەرانبەردا، فاکتەرەکانی ڕاکێشانی گەنجان بارودۆخی سەرنجڕاکێشن و لەوانەیە لە ناوچەکانی مەبەستدا هەبن. کوردانی کۆچکردوو بۆ ڕۆژئاوا بەهۆی دەرفەتەکانی کارکردن، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، خۆشگوزەرانی و، ئازادییە سیاسییەکان ڕادەکێشرێن. فاکتەرەکانی ڕاکێشان پێوەندییان بە ئارەزووەکانی خەڵکەوە هەیە.
٣. ڕێکار و داتا
ئەم توێژینەوەیە شیکاریی بابەتی/ناوەڕۆک لەخۆ دەگرێت، بە بەکارهێنانی داتای چۆنێتی و چەندێتی:
● بەکر (٢٠٢٢): ١٢ دەستەی وردبینی لە هەرێمی کوردستان ، ٩٤ بەشداربوو لە تەمەنی ١٦ بۆ ٣٠ ساڵان.
● ژیاد و هاوکارانی (٢٠٢١): ٢٠ چاوپێکەوتنی سکایپ لەگەڵ گەنجانی هەرێمی کوردستان (٢٠-٣٠).
● ئەحمەد و یاسین (٢٠٢٣): ٢٠ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو خێزانانەی لە چینی نێوەند و داهات بەرزەکانن.
● لێپلا (٢٠٢٢): چاوپێکەوتن لەگەڵ گەنجانی هەرێمی کوردستان.
٤. هاندەری گەنجانی کورد بۆ کۆچ کردن بەرەو ئەوروپا
٤.١ خستنە ڕووی داتا
هیچ داتایەکی فەرمی لەسەر ڕێژەی کۆچی دەرەکی لە هەولێر یان بەغدا نییە (ئۆزدەمیر و ئالاجا، ٢٠٢١). خەمڵاندنەکان بریتین لە:
١- ٨٠٠,٠٠٠ کۆچبەر لە عێراق/هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە (دامەزراوەی لوتکا)
٢- ٢٠,٠٠٠ کەس لە هەرێمی کوردستانەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا کۆچیان کردووە (ڕووداو).
٣. ٣٢,٠٠٠ تێکڕای کۆچبەری ساڵانە (سەنتەری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).
عێراقییەکان لە پلەی ١١ەمدا بوون لە داوا کردنی پەنابەری لە یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا، بەپێی کۆمیسیۆنی ئەوروپی (٢٠٢٤). کوردەکان بەشێکی گەورە پێکدێنن، بەڵام ئامارەکان بەپێی نەتەوایەتی پۆلێن کراون، نەک نەژادی. لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠٢٠، ٧٠٪ ی داواکارانی پەنابەری عێراقی و ٣٠٪ ی سووری لە ئەڵمانیا خۆیان بە کورد ناساندووە.
٤.٢ خواستەکان وەک فاکتەرەکانی پاڵنان
بەشێک لەوەی کە ئەم بارودۆخەی هێناوەتە پێش، حکومڕانیی دووانەی پارتەکانە. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە، کوردستان بە فەرمی لە نێوان دوو پارتی فەرمانڕەوادا دابەش کراوە، بەو واتایەی هێزی ئاسایشی جیاواز و بودجەی جیاوازیان بۆ ناوچەکانیان دابین کردووە. ئەم ڕێکخستنە کۆنتڕۆڵی پارتەکان بەهێز دەکات و زیان دەگەیێنێت بە چەسپاندنی دیموکراسی. لەم چوارچێوەیەدا، پارتەکان تۆڕەکانی کڕیار و سیستەمەکانی قۆرخکارییان لە ناوچەکانی خۆیاندا فراوان کردووە، کە دروستبوونی دوو چینی کۆمەڵایەتیی جیاوازی لێکەوتۆتەوە. ئەمەش بارودۆخێک دروست دەکات کە چینبەندی چینایەتی لە کۆمەڵگادا دروست دەکات و دەرفەتەکانی کارکردن سنووردار دەکات، پاشان بەم شێوەیە کۆچ بەرهەم دێنێت.
گەنجانی کورد گەشبین نین بە دووانەی پارتی حکومڕان. لە چاوپێکەوتنەکانی ژیادی و هاوکارانی (٢٠٢١)، بەشداربووان زاڵبوونی پارتەکانیان وەک خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان دەبینی و، بەرانبەر بە شۆکە ئابوورییەکان زیاتر لاوازی دەکات. لە هەمان کاتدا، بەشداربووانی بەکر (٢٠٢٣)، ناڕەزاییان دەربڕی دەربارەی ئەوەی کە هێزی ئابووری و کار لە دەستی چینەکانی سەرەوە و منداڵەکانیاندایە. یەکێک لە بەشداربووان، گەڕاوەیەک لە بیلاڕووس کە وەک فرۆشیاری سەر شەقام کار دەکات دەپرسێت: "بۆچی کوڕی سیاسەتمەدارێک کە تەنانەت لە من گەنجترە ئۆتۆمبێلی هەیە، بەڵام هەموو خێزانەکەم ناتوانن ئۆتۆمبێلێک بکڕن؟"
ئەم لێدوانە ئاماژە بە چینبەندیی کۆمەڵایەتی دەکات کە کۆمەڵگای کوردی بە ئاقارێکی خراپدا دەبات. هێز و سامان بە شێوەیەکی بەرچاو و ئاشکرا لە دەستی کەمینەیەک و کڕیارەکانیاندا دەستیان بەسەردا گیراوە، لە کاتێکدا تاکی کوردی ئاسایی بە کەمتر لە ٣٠٠,٠٠٠ دیناری عێراقی لە مانگێکدا بەردەوام دەبێت (چوارچێوەی نەتەوەیی، ٢٠٢٥).
کەمیی دەرفەتی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە بابەتە پێوەندیدارەکان ، کە وا لە گەنجان دەکات هەست بکەن حکومەت پشتگوێی خستوون (لێپلا، ٢٠٢٢). ئەنجامەکانی لێپلا ئاماژە بەوە دەکەن کە ٢٠٪ ی دەرچووان وازیان لە گەڕان بەدوای کاردا هێناوە بەهۆی نەبوونی چاوەڕوانی. هەروەها، ژیاد و هاوکارانی (٢٠٢١) ئاماژە بەوە دەکەن کە بێکاریی گەنجان بابەتێکی دووبارە بوو لە نێوان هەموو چاوپێکەوتنکراوەکانیان کە بیریان لە کۆچکردن دەکردەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، گەنجانی کورد بەدەست بێ مووچەیی دایک و باوکیانەوە دەناڵێنن. بەپێی لێکدانەوەکانی کەناڵی ڕاگەیاندنی کوردستان وۆچ، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٤، ٥٨ مووچە بە تەواوی دراوە، لە کاتێکدا ٤٤ مووچە بە نیوەیی دراوە (ک و، ٢٠٢٤). سەرباری ئەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٣ تریلیۆن و ١١٦ ملیار دیناری عێراقی قەرزاری فەرمانبەرە شارستانییەکانییەتی (فۆنتێنیل، ٢٠٢٥).
گەشە کردنی نایەکسان و ناڕێکی کەرتی تایبەت دۆخی بێکاری زیاتر دەکات. لە هەولێر، ٦٣٪ ی کۆمپانیا نێوخۆییەکان و ٧٣٪ ی کۆمپانیا بیانییەکان هەر لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تۆمار کراون. لە پارێزگاکانی تردا، دەرفەتەکانی کارکردن لە کەرتی تایبەت دەگمەنن.
سەرەڕای ئەوەش، سەقامگیریی سیاسی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ئازادییەکان و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان گەنجان بەرەو کۆچ کردن ڕادەکێشێت (ئەحمەد و هاوکاران ٢٠٢٣، لێپلا، ٢٠٢٢). بەڵام، خۆشگوزەرانیی ئابووری هۆکاری سەرەکیی کۆچ کردنە. بانکی جیهانی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە، بێکاری و کەمیی کار فاکتەری سەرەکیی پاڵنانی گەنجانن بەرەو کۆچ کردن(٢٠١٨). لە بەرانبەر ئەوە، تێڕوانینە خەیاڵییەکان بۆ ڕۆژئاوا دیاردەی کۆچ زیاد دەکەن (پاشە، ٢٠١٨؛٢٠١).
٤.٣ لێوەشاوەیی وەک فاکتەرەکانی ڕاکێشان
بەپێچەوانەی شەپۆلەکانی پێشوو، کوردەکان ئەمڕۆ لە حکومەتی کوردیی خۆیان هەڵدێن. کۆچی نایاسایی لە هەڵکشاندایە. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و کۆچبەری پێناسەی کۆچی نایاسایی وەک دەرچوون لە کەناڵە یاساییەکان دەکات. ئێستا، تۆڕەکانی قاچاخچێتی بۆ کورد وەک ڕێکخەری کۆچ کار دەکەن.
لە ساڵی ٢٠٢١، ٨,٠٠٠ عێراقی بە نایاسایی گەیشتنە سنووری بیلاڕووس-پۆڵەندا (خووری، ٢٠٢٤). بی بی سی ڕاپۆرتی دەربارەی ئەوە داوە کە قاچاخچییەکان ١,٠٠٠ بۆ ١٠,٠٠٠ کەسیان لە کەناڵەکە پەڕاندووەتەوە. تێچووی قاچاخچێتی لە ٦,٠٠٠$ بۆ ٢٠,٠٠٠$ دەبێت (پڕۆژەی کۆچبەر، ٢٠٢٥).
تێکڕای داهاتی خێزانی لە مانگێکدا ٨٥٠$ ە (ئای ئۆ ئێم\کەی ئاڕ ئێس ئۆ، ٢٠١٨). یەک گەشت یەکسانە بە ٧ بۆ ٢٤ ساڵ داهاتی بەردەست. بەم شێوەیە، ئەو خێزانانەی کە لە چینەکانی ناوەند یان خوارووی ناوەندن ڕوو لە کۆچی نایاسایی دەکەن، لە کاتێکدا خێزانە دەوڵەمەندەکان ڕێگای یاسایی بەکاردێنن (ڤیزەی کار و خوێندن، پڕۆژەکانی گۆڵدن ڤیزە).
هەرچەندە کۆچ کردنی بە نایاسایی مەترسیدارە، بەڵام هەر وەکو ڕێخۆشکەرێک دەمێنێتەوە. ڕێگا یاساییەکان پێویستییان بە سەرچاوەی دارایی یان پێوەندییەکانەوە هەیە کە زۆرێک کەس نییانە. ئەڵمانیا و بەریتانیا وڵاتانێکن کە کۆچبەرانی کورد ڕووی تێدەکەن و، ئاوارەی کوردی جێگیریان هەیە. تێڕوانینەکان بۆ خۆشگوزەرانی، دامەزراندنی گەنجان و، نزیکیی ئەوروپا لەڕووی جوگرافییەوە کۆچبەرانی کورد ڕادەکێشێت.
پێوەندییەکان لەگەڵ کوردانی تاراوگە دۆخی کۆچبەری زیاد دەکەن. خێزانەکان زۆر جاران بۆ کۆچ کردن پشت بە تۆڕە دەرەکییەکانەوە دەبەستن (گاریپ، ٢٠٠٨؛ پاشە، ٢٠٢٠). خۆری (٢٠٢٤) گەیشتووە بە ئەنجام کە سەرچاوەکانی زانیاری دەربارەی کۆچ کردن هاوڕێیان و خزمان بوون لە دەرەوە. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش یەکێکە لە ئاسانکارییەکان.
٥. کۆتا
هاوتەریب لەگەڵ توێژینەوەکانی پێشوو، کەمیی دەرفەتی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا هاندەری سەرەکیی کۆچبەرییە. گەنجان بە دوای ئابووریی کارا و مووچەی جێگیردا دەگەڕێن – گەیشتن بەو ئامانجانەیان کە لە وڵاتی خۆیانەوە ناتوانن پێی بگەن. پێکهاتە سیاسییە داخراوەکان، کەرتی گشتیی زیاد لە پێویست و کەرتی تایبەتی باش گەشە نەکردوو و، چەقبەستوویی ئابووری فاکتەرگەلێکی سەرەکین.
کۆچ لەڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و دەسخستنی زانیاریی تاراوگەوە ڕێخۆشکەریی بۆ دەکرێت. ئەگەر بارودۆخەکان بە نەگۆڕی بمێننەوە – کڕیارخوازی، مووچەی ناجێگیر، کەرتی تایبەتی باش گەشە نەکردوو، کۆچبەری بەردەوام دەبێت.
وەک باسکرا، دووانەی حکومڕانی پارتەکان و تۆڕە قۆرخکارەکان هەستی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشبوونی چینایەتی لای هاووڵاتییان دروست دەکەن. ئەمە وا دەکات چینبەندی و دیاردەی چینایەتی قووڵ ببێتەوە، بەمەش بێ هیوابوون لە حکومەت زیاد دەکات. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بەشداریی سیاسی و متمانە کردن بە دامەزراوەکان و نوێنەران دادەنێت، چونکە دەسەڵاتداران وەک بەرهەمهێن، ئەنجامدەر و سوودمەند لە دابەشبوونی چینایەتی دەبینرێن.
عەزیز و ڤان ڤین (٢٠٢٣؛١) گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە نوێنەرایەتیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لاوازە و، ئەمەش دەبێتە هۆی دەنگ نەدان و بێزاری لە دەسەڵاتداران و بڕیار بەدەستان. بۆ بەرچاو ڕوونیی زیاتر، فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی کە بەشداریی لە مانگرتن لە خواردن کردبوو بۆ داواکردنی مووچە، ڕایگەیاند کە چیتر متمانەی بە دەسەڵاتدارانی کورد نەماوە، چونکە داواکارییەکانیان نابیسرێن (فۆنتێنیل، ٢٠٢٥). بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم هەستانە مەترسی لەسەر ڕەوایەتیی نێوخۆیی هەرێمی کورستان دروست دەکات.
سەرچاوەکان
Adamson, F.B., Dag, V. and Craven, C.R. (2024). Multi-scalar and diasporic integration.
Ahmad, P., Yassen, A.O. and Mustafa, M.J. (2023). Quarterly on Refugee Problems - AWR Bulletin (QRP). Quarterly on Refugee Problems - AWR Bulletin, [online] 62(4), pp.415–428. doi:https://doi.org/10.57947/qrp.v62i4.84.
Amwaj Media (2020). Iraqi Kurdistan arrests people-smuggling kingpin, but drivers of migration remain. [online] Amwaj.media. Available at: https://amwaj.media/media-monitor/iraqi-kurdistan-arrests-people-smuggling-kingpin-but-drivers-of-migration-remain [Accessed 19 Feb. 2025].
Bakr, M. (2022). ESCAPING FROM DUOPOLY RULE How a Two-party System Drives Iraqi Kurdish Migration En Masse? [online] ResearchGate. Available at: https://www.researchgate.net/publication/371301797_ESCAPING_FROM_DUOPOLY_RULE_How_a_Two-party_System_Drives_Iraqi_Kurdish_Migration_En_Masse [Accessed 19 Feb. 2025].
De Haas, H. (2021). A theory of migration: the aspirations-capabilities framework. Comparative Migration Studies, [online] 9(1). Available at: https://comparativemigrationstudies.springeropen.com/articles/10.1186/s40878-020-00210-4.
European Commission (2024). Statistics on migration to Europe. [online] commission.europa.eu. Available at: https://commission.europa.eu/strategy-and-policy/priorities-2019-2024/promoting-our-european-way-life/statistics-migration-europe_en.
https://www.facebook.com/middleeasteye (2025). UK launches ad campaign to dissuade Iraqi Kurds from migrating. [online] Middle East Eye. Available at: https://www.middleeasteye.net/news/uk-launches-ad-campaign-dissuade-iraqi-kurds-from-migrating [Accessed 7 May 2025].
Fontenille, M. (2025). Public employees in Iraqi Kurdistan on hunger strike over unpaid wages. [online] Equal Times. Available at: https://www.equaltimes.org/public-employees-in-iraqi [Accessed 20 Feb. 2025].
International Institute for Strategic Studies (2023). The rising tension between Iraqi Kurdistan’s two major parties. [online] IISS. Available at: https://www.iiss.org/publications/strategic-comments/2023/the-rising-tension-between-iraqi-kurdistans-two-major-parties/.
Jiyad, S., Küçükkeleş, M. and Schillings, T. (2021). Economic Drivers of Youth Political Discontent in Iraq: The Voice of Young People in Kurdistan, Baghdad, Basra and Thi-Qar. [online] Global Partners Governance. Available at: https://gpgovernance.net/publications/economic-drivers-of-youth-political-discontent-in-iraq-the-voice-of-young-people-in-kurdistan-baghdad-basra-and-thi-qar/.
Khoury, C. (2024). POLICY BRIEF Charting Pathways: Navigating migration prospects among youth in the Kurdistan region of Iraq. [online] Available at: https://www.icmpd.org/file/download/61182/file/Policy_Brief_MIRAMI_2024.pdf.
Kurdistan Region Statistics Office (n.d.). Indicator. [online] krso.gov.krd. Available at: https://krso.gov.krd/en/indicator [Accessed 20 Feb. 2025].
Lepla, R. (2022). The root causes of Kurdish Iraqi migration: Early warnings of an impending youth quake in the KRI. [online] cfri-irak.com. Available at: https://cfri-irak.com/en/article/the-root-causes-of-kurdish-iraqi-migration-early-warnings-of-an-impending-youth-quake-in-the-kri-2022-07-13.
Loschky, J. (2023). Life in Kurdistan: A Tale of Two Wars? [online] Gallup.com. Available at: https://news.gallup.com/opinion/gallup/472904/life-kurdistan-tale-two-wars.aspx.
Macro Trends (2024). Iraq Unemployment Rate 1991-2024. [online] Macrotrends.net. Available at: https://www.macrotrends.net/global-metrics/countries/IRQ/iraq/unemployment-rate.
Mitchell, S. (2024). Tracking down Scorpion, Europe’s most wanted migrant-smuggler. [online] www.bbc.com. Available at: https://www.bbc.com/news/articles/c3g92zkd7n4o.
News, S. (2022). LUTKA: migration rate of Iraqi citizens has increased unexpectedly - Shafaq News. [online] Shafaq News. Available at: https://shafaq.com/en/World/LUTKA-migration-rate-of-Iraqi-citizens-has-increased-unexpectedly [Accessed 20 Feb. 2025].
Omeje, N. (2025). Joint U.K.-Iraqi Kurdistan Raid Breaks Up Smuggling Network. [online] OCCRP. Available at: https://www.occrp.org/en/news/joint-uk-kri-raid-breaks-up-major-smuggling-network [Accessed 19 Feb. 2025].
Paasche, E. (2018). Elites and emulators: The evolution of Iraqi Kurdish asylum migration to Europe. Migration Studies. doi:https://doi.org/10.1093/migration/mny036.
Rudaw (2025). Kurdistan Region sees decline in migration rates. [online] rudaw.net. Available at: https://www.rudaw.net/english/kurdistan/250320251 [Accessed 11 May 2025].
Sabri, S. (2024). View of Unemployment Among Youths in Kurdistan Region of Iraq: Sociological Insights. [online] Tiu.edu.iq. Available at: https://ijsses.tiu.edu.iq/index.php/ijsses/article/view/788/703 [Accessed 11 May 2025].
Saleem, Z. and Skelton, M. (2020). ASSESSING IRAQI KURDISTAN’S STABILITY HOW PATRONAGE SHAPES CONFLICT. [online] Available at: https://eprints.lse.ac.uk/105775/1/MEC_assessing_iraqi_kurdistans_stability_published.pdf [Accessed 18 Dec. 2024].
The International Organization for Migration (Iraq Mission) (2016). MIGRATION FLOWS FROM IRAQ TO EUROPE: REASONS BEHIND MIGRATION. [online] Available at: https://dtm.iom.int/sites/g/files/tmzbdl1461/files/reports/01_IOM%20DTM%20Migration%20Flows%20from%20Iraq%20to%20Europe%20201607.pdf.
The Migrant Project (2018). Irregular migration to Europe: the real cost for Iraqi Kurds - The Migrant Project. [online] The Migrant Project - The Migrant Project provides information about migration, in multiple languages, to people on the move or considering migration. We help migrants make more informed decisions about their options based on trusted information. Available at: https://www.themigrantproject.org/iraqi-kurdistan/irregular-migration-cost/ [Accessed 19 Feb. 2025].
The National Context (2025). Kurdistan’s Widening Income Gap: Expenditures Outstrip Earnings | The National Context. [online] The National Context. Available at: https://thenationalcontext.com/kurdistans-widening-income-gap-expenditures-outstrip-earnings/ [Accessed 26 Mar. 2025].
www.fildisiajans.com.tr, F.A., Danışmanlık ve Yazılım (2021). ORSAM-Center for Middle Eastern Studies. [online] ORSAM-Center for Middle Eastern Studies. Available at: https://www.orsam.org.tr/en/migration-phenomenon-in-the-krg-why-are-the-kurds-going-west/.