کوردستانی سوور: خۆسەریی ڕامیاری و بووژانەوەی فەرهەنگیی کورد لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران.
پێشەکی
کوردستانی ئویێزد، کە لە گفتوگۆ و باسی نافەرمیدا بە کوردستانی سوور ناودەبرێت، لەژێر ناوی "ئویێزد" دا دامەزرا کە بە مانای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دێت و لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٩ لە ئازەربایجان بە بڕیاری یەکێتی سۆڤیەت سەربەخۆیی پێدرا. ناوەندی بەڕێوەبەرایەتیی کوردستانی ئویێزد دەکەوتە لاچین کە شارەکانی کولباجار، کوباتلی و زەنگێلانی دەگرتەوە، وە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاراکوشلوك، کۆتورلی، موراد خانلی و کورد حاجی. کوردستانی ئویێزد ناوچەیەکی لەخۆدەگرت کە بەقەدەر نیوەی لوبنان دەبوو (McDowall: 492). بەڕێوەبەرایەتییەکە وەکو ماڵ وابوو بۆ هەموو دانیشتووانی کورد، بە گوتەی ئامۆوێڤ و مۆساکی، زۆرینەی کورد لە ئازەربایجان کە زۆرینەی کوردییان پێکدەهێنا لە یەکێتی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت، لە خاکی کوردستانی ئویێزددا دەژیان لە ساڵی ١٩٢٦. پەروەردە و خوێندن، پەخش و چاپکردنیشییان بە زمانی کوردی بوو.
کوردستانا سۆر: سەربەخۆیی کورد لە قەوقازی سۆڤیەتدا
کوردستانی ئویێزد، لوتکەی ئەزموونکردنی کوردبوون لە قەوقازی سۆڤیەتدا، لە چوارچێوەی بەرنامەی بەهێزترکردنی سۆڤیەتدا هاتووە، کە یەکێکی تر لە جوڵانەوەکانییان سیاسەتی لینینی بوو بۆ مەبەستی ڕەسەناندن و ڕەسەنگەری (کڕنیزاتسیا) کە لە ساڵی ١٩٢٣ ڕاگەیەندرا. کڕنیزاتسیا کەمکردنەوەی ڕقەبەرایەتی و پەرتەوازەیی نێوان نەتەوە کەمینەکانی بە ئامانج گرتبوو، بە یەکخستنیان لەگەڵ ڕێکخستنی ڕوولەگەشەی سۆڤیەت. یوری سلێزکینی، سۆڤیەتناسی ڕووسی-ئەمریکی ئاوا باسی ئەم سیاسەتە دەکات و دەڵێت "گەورەترین خۆشگوزەرانیی نەتەوە جیاجیاکان بووە کە پێشترهیچ وڵاتێك ئەمەی بەخۆیەوە نەدیوە". کورد یەکێك لە زیاتر لەو سەد نەتەوەیە بوو کە لەلایەن حکومەتی سۆڤیەتەوە دانیپێدانرابوو. کڕنیزاتسیا بە فەرمی لە ساڵی ١٩٢٣ دەستیپێکرد بۆ مەبەستی برەودان بە سۆڤیەتاندنی نەتەوە نا-ڕووسییەکان بە پشتیوانیکردنی بۆ گەشەسەندنی نەتەوەییان لە چوارچێوەی سیستەمێکی سۆشیالیستدا. وەهەروەها، پشتگیریی دەکرد لە دامەزراوە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکان بە زمانی ڕەسەنی خۆیان، زیادکردنی ئەندامانیان لە یەکێتی سۆڤیەت، ڕێکخراوەکانی حیزب و کرێکارانی کارسازیش. (Pohl, 2017: 32)
لە ڕاستیدا، کڕنیزاتسیا ئامانجی برەودان بوو بە زمانە بنەچەیی و ڕەسەنەکان بە پشتیوانیکردنیان بۆ پەروەردە و خوێندن، دامەزراوە فەرهەنگی و فەرمییەکان، وە بنیاتنانی خاك و وڵات بۆ کەمینەکان. ئەندامانی کۆمەڵە کەمینەکان ڕاهێنانیان پێدەکرا و دەخرانە نێو ڕێکخراو و کۆمەڵی چالاکوانان، پیشەسازی و ڕێکخراوە حزبییەکانی سۆڤیەت. ئەم دامەزراوانە ناوەندێك بوون بۆ دەربڕینی ئازادانە لە چوارچێوەی سۆشیالیستیدا. شێوازەکە ڕووکەشێکی نەتەوەخواز و ناوەڕۆکێكی سۆشیالیستی هەبوو. بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان، ڕێگەدان بە کەمینەکان بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی خۆیان بنچینەی باوەڕی لینینی بوو، کە نەتەوەخوازیێکی چاكی بە ڕەوا زانیوە بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان کە هەمیشە لە هەوڵی سەربەخۆییدان بە پێچەوانەی بیروباوەڕی نەتەوەخوازیێکی خراپی داگیرکار و سەرکوتکارانە. شۆڕشگێڕانی باڵشەڤیك میراتگرانی ئیمپڕاتۆریەتی زاریست بوون، کە بە گوتەی لینین "زیندانی نەتەوەکان" بووە. لە ئەگەری سەرهەڵدانی شۆڤێنیزمی ڕووسی، ویستی کەمینەکان زیاد دەبوون بۆ سەربەخۆیی و ئەمەش بە مەترسی دادەنرا، بۆ ڕێگریکردن لەمە، سیاسەتی لینینی پشتی کردە هزری ڕووساندن و ڕووی کردە سۆڤیەتاندن و لە چوارچێوەی سۆڤیەتێکی گەورە بیری دەکردەوە. لە ئەنجامدا، کورد سەربەخۆیی بەدەستهێنا. ئەم ڕەسەناندنە وایکرد کە نەتەوەکان نەبن بە مەترسی بۆ سەر یەکێتیی سۆڤیەت. کوردستان ئویێزد تا ساڵی ١٩٢٩ بوونی هەبوو، ئەو ساڵەی کە شەش کۆنگرێسە ئازەربایجانییەکەی سۆڤیەت گۆڕانکارییان کرد لە پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا. لە ئاکامدا، ئویێزدەکان پەلکێشکرانە نێو یەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گەورەتر کە پێیان دەگوترا ئۆکروگ. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکەیێکی بەڕێوەبەرایەتیی گەورەتر نەبوو بە ڕێگر لەبەردەم ناوبردنی بە کوردستانی ئۆکروگ. لە مانگی مایسی ١٩٣٠دا، کوردستان ئۆکروگ، لە سنووری ناگۆرنۆ کاراباخ ئۆکروگ هاتەدەرەوە و تەشەنەی کرد، دیسان لاچین چەقی کوردستانی ئۆکروگ بوو و زەمینەی کورد فراوانتر بوو تا سنووری سۆڤیەت-ئێران. کوردستانی ئۆکروگ لە تەموزی ساڵی ١٩٣٠ هەڵوەشێنرایەوە و نەیانهێشت جارێکی تر سەرهەڵبداتەوە، هێز و دەسەڵاتی کورد لە یەکێتی سۆڤیەتدا و بە شێوازێکی تر گۆڕانکارییان بەسەردا هات بە تایبەت لە ئازەربایجان و ئەرمینیا. دوای توانەوە و لێکترازانی کوردستانی ئۆکروگ، چین و توێژی پەروەردە و بڵاوکراوە کوردییەکان لە نێوان ساڵانی ١٩٣١ تا ١٩٣٦ بەردەوام بوونەوە. هەرچەندە ڕەنج و ماندووبوونەکان کەموکوڕییان هەبوو، بە گوتەی ییڵماز(٢٠١٤)، لە ساڵی ١٩٣٨دا لە ڕیزەکانی پەروەردە و خوێندن تەنها ٨٠٨ خوێندکار لە ١٢ خوێندنگادا بە زمانی کوردی دەیانخوێندن. دیمۆگرافی و مرۆڤناسیی کورد گۆڕانکاریی بەسەرداهات. بەپێی ئامار و سەرژمێرییەکان لە ساڵی ١٩٢٦دا ٤١،١٩٣ کورد لە ئازەربایجان بوونیان هەبوو، لەکاتێکدا لە ساڵی ١٩٣٩ ئامارەکان ڕێژەی دانیشتووانی کوردییان بە ٦٠٠٥ لە قەڵەم داوە (ئامۆیێڤ و مۆساکی، ١٨، ٣٢). نزمبوونەوەی ژمارەی فەرمیی دانیشتووانی کورد دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕینی ناسنامە و لە قەڵەمدانی ژمارەیەکی زۆری کورد بە ئازەری لە ساڵی ١٩٣٩، لەکاتێکدا هەمان ئەو کوردانە لەساڵی ١٩٢٦ بە کورد ناونووس کرابوون. هەرچەندە ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە ژمارەی ئەو کوردانەی کە لە گەڵ کۆماری باڵشەڤیك یەکخرابوون چەندبوو، بەڵام بە مەزەندە نزیکەی ٢٠٠،٠٠٠ بۆ ٣٠٠،٠٠٠ دەبوون (McDowall:491). لە ئازەربایجان، زۆرێك لە کوردانیان تواندەوە نێو فەرهەنگی ئازەری، بەهۆی تێپەڕبوونی کات، شۆڤێنییەتی ڕامیاری، لێکچوویی فەرهەنگ و بیروباوەڕیان. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت لە سەردەمی کوردستانی ئویێزدیشدا، تەنها ١٧٪ی ئەم ٤١٠٠٠ کوردەی ئازەربایجان بە کوردی ڕەسەن لەقەڵەم دەدران (Ibid). بەگوتەی ییڵماز، لە کوردستانی ئویێزد تەنها ٣،١٢٣ کورد بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد، لەکاتێکدا زۆرینە بە زمانی ئازەری قسەیان دەکرد (Yilmaz, 2014: 813).
سیاسەت و ڕووداوی یەك بەدوای یەك و ئەنجامەکانی
لە کۆتایی ١٩٣٠ەکان و سەرەتای ١٩٤٠ەکان سیاسەتەکان لە ڕەسەناندنەوە گۆڕان بۆ پاکتاوی نەژادی. ڕووانگەکان بەرامبەر بە کورد لە نەتەوەیەکی ئاساییەوە گۆڕان بۆ نەتەوەی ناحەز و نەیار، ئەمەش کرۆك و بەرهەمی تواندنەوەی نەتەوەیە (Leezenberg, 2015: 756). کوردیان بە فیوداڵ، دواکەوتوو، نەخوێندەوار و ئایینیی دەمارگیر پێشاندەدا. سەرەڕای ئەوەش، شێخ سەعیدی پیرانیان بە هۆکار و بکەری ئیمپێریالیزم ناودەبرد (Yılmaz, 2014:808, 810). لەساڵی ١٩٣٧ زیاتر لە ١٠٠٠ خێزانی کورد سنوورداش کران. لە ساڵی ١٩٤٤دا دیسان ژمارەیەکی زۆری کورد سنوورداش کران و ڕەوانەی کازاخستان و ئاسیای ناوەند کران (Pohl, 2017: 32). مارتن (٢٠٠١،٣١٣) هۆکاری پاکتاوی نەژادی دەخاتە پاڵ لەبێگانە ترسیی سۆڤیەت(زینۆفۆبیای سۆڤیەت). دوای مردنی ستالین لەساڵی ١٩٥٣، کڕنیزاتسیا لە یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت بووژایەوە بەڵام چالاکییە فەرهەنگی و پێکهاتە و ڕێکخستە خۆسەرەکان بەردەوامییان نەبوو لە ئازەربایجان. بەپێچەوانەوە، کوردانی ئەرمینیا پشکی شێریان بەردەکەوت لە ئەدەبیات و گەشەسەندنی فەرهەنگی (Leezenberg, 2015: 757). بیرمەند و نووسەرانی کوردی یەکێتی سۆڤیەتی جاران هاوکاریی باشیان کرد لە بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی ئەدەبیاتی کوردی و زاراوەی کورمانجی بەتایبەتی. ئەلفبێی کوردی بە لاتینی لەلایەن میقداد بەدرخانەوە دامەزراوە، عەرەبی شەمۆ و ئایسۆر مارگولۆڤ زیاتر بەرەوپێشیان برد لەساڵی ١٩٢٧. پەرتووکی خوێندن، فۆلکلۆر، بابەتی منداڵان و ڕۆژنامەی "ڕیا تازە" لە یەریڤان چاپدەکران. چاپکردن و پەروەردە و خوێندن لەلایەن ڕۆشنبیرانی کوردی ئێزدی وەکو؛ جاسمی جەلیل، قاناتێ کوردۆ، حەجیێ جیندی و ئەمینێ ئەڤدال ڕێنوێنی دەکران (Yüksel, 2011: 309–18). لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەتای ڕۆمانی کوردی لە ئەرمینیا سەریهەڵدا. یەکەمین ڕۆمانی کوردی لەژێر ناوی "سیوانێ کورمانجا" لەلایەن عەرەبی شەمۆوە نووسرا و لە ساڵی ١٩٣٥ لە یەریڤان بڵاوکرایەوە. چەندین ڕۆمانی تری وەکو؛ (خەتێ خانم، ١٩٥٩) و (دایك، ١٩٦٥) ی عەلیێ ئەڤدیڕەحمان، (هەوار، ١٩٦٧) و (گوندێ مێرخاسا، ١٩٦٨)ی حەجیێ جیندی و (کوردێن ڕێوە)ی سەعیدێ ئیبۆ لەساڵی ١٩٨١. هەروەها، ڕادیۆی یەریڤان لەلایەن جاسمی جەلیل بەڕێوەدەبرا، پەخشکردن و ئەرشیفکردنی شانۆ و گۆرانیی دەنگبێژانی کورد، لەکاتێکدا کە زمانی کوردی لە تورکیا و وڵاتانی تر قەدەخە کرابوو، ڕادیۆی یەریڤان هاوکاریی کوردانی دەکرد بۆ فێربوونی زمانی کوردی. شانۆی کوردی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە دەبینی لە یەکێتیی کۆمارە سۆشیالیستەکانی سۆڤیەت. لەساڵانی ١٩٢٠ەکان ڕۆڵگێڕانی فەرهەنگیی کورد، لەنێویاندا هاکۆب، خازاریان و ئەحمەدی میرزای لە ئەرمینیا هۆکاری دەرکەوتنی زیاتری شانۆی کوردی بوون لەمانە؛ (زەمانێ چوویی)ی میرزای، (گوستیل) و (قەلەن)ی لازۆ. ئەم کۆمەڵەی شانۆی کوردی لە گوندەکانی ئەرمینیا و تیبلیسی شانۆیان ئەنجام دەدا. لە ساڵانی ١٩٣٠ەکان شانۆنامەی کوردی چاپدەکران لە ئەرمینیا. لەمانە (قوتییا دوو دەرمانان، ١٩٣٤)ی حەجیێ جیندی(١٩٠٩-١٩٩٠)، (زەمانێ چوویی،١٩٣٥)ی ئەحمەدێ میرزای و (ڕەڤا ژنێ)ی وەزیرێ نادری(١٩١١-١٩٤٧) . لەساڵی ١٩٣٧، یەکەمین و تاکە شوێن لە جیهاندا کە پشتگیریی لە شانۆی کوردی دەکرد ئالاگیاز بوو، کە گوندێك بوو لە ئەرمینیا و کوردانی ئێزدی تێدا نیشتەجێبوون.
دەرەنجام
لە سەدەی بیستەمی زایینیدا، بیرمەندانی کورد لە کۆماری ئەرمینیای سۆڤیەت بوونە هۆی درووستبوونی ئەلفبێی سیریلیکیی کوردی، فۆلکلۆری کۆکراوە، پەرتووکی وەرگێڕدراو، پشتگیریکردنی خوێندن بە کوردی و لە هەمووی گرنگتر دەوڵەمەندکردنی هونەر و ئەدەبیاتی کوردی. ئەم دەستکەوتانە نیشاندەری گرنگی و بایەخی ئەدەبیاتن بە زمانی دایك لە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و ناسنامەی نەتەوەیی.
سەرچاوەکان
Ajam Media Collective (2021). Casimê Celîl Archives. [online] Ajam Media Collective. Available at: https://ajammc.com/tag/casime-celil/ [Accessed 22 May 2024].
Bocheńska, J. (2018). Rediscovering Kurdistan’s cultures and identities : the call of the cricket. Cham: Palgrave Macmillan.
Gunter, M.M. (2010). Historical Dictionary of the Kurds. Scarecrow Press.
Hamit Bozarslan, Cengiz Gunes and Veli Yadirgi (2021). The Cambridge History of the Kurds. Cambridge University Press.
Leezenberg, M. (2015). ‘A People Forgotten by History’: Soviet Studies of the Kurds. Iranian Studies, [online] 48(5), pp.747–767. Available at: https://www.jstor.org/stable/24483017 [Accessed 22 May 2024].
Mcdowall, D. (2021). A Modern History of the Kurds. London, Uk: I.B. Tauris.
Özlem Belçim Galip (2015). Imagining Kurdistan. Bloomsbury Publishing.
Pohl, J.Otto. (2022). Soviet Nationality Policy towards Kurds, 1917-1956. [online] Kulturní studia / Cultural Studies. Available at: https://kulturnistudia.cz/soviet-nationality-policy-towards-kurds-1917-1956/ [Accessed 22 May 2024].
The Kurdistan Memory Programme (n.d.). History of the Kurds . [online] kurdistanmemoryprogramme.com. Available at: https://kurdistanmemoryprogramme.com/history-of-the-kurds/.
Yilmaz, H. (2014). The Rise of Red Kurdistan. Iranian Studies, [online] 47(5), pp.799–822. Available at: https://www.jstor.org/stable/24483003 [Accessed 23 Jan. 2024].