چنینی کۆچەران: گرنگیی پاراستنی دەستچنی کورد
By کاوان کەریمپوور
کۆچەر بەشێکە لە کۆمەڵگای کوردی و بە گەڕانەوەمان بۆ مێژووی کۆنی کورد، دەگەین بەو ڕاستییەی کە بەشێ زۆری نەتەوەی کورد لە هۆز و خێڵە کۆچەرییەکانەوە هاتوون. کوردستان بە هۆی ئەم شوێنە جیۆگرافیایییەی کە هەیەتی لە کۆنەوە تا ئێستا یەکێک بووە لە باشترین جیۆگرافیاییەکان بووە بۆ ژیانی کۆچەری، چونکە دوو ژینگەی سەرەکی کە سەرچاوەی ژیانی کۆچەرین کە گەرمیان (بۆ وەرزی سارد) و کوێستان (بۆ وەرزی گەرم) یان پێدەگوترێت بە باشترین شێوە لە کوردستان بووە. کۆچەرییەکان بە هۆی ئەو شێوە ژیانەی کە هەیانە خاوەنی چاند و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیانن کە، لەم بوارەدا لە ژیانی لادێ و شارەکان جیایان دەکاتەوە، هونەری دەستچن یەکێکە لەو چاند و فەرهەنگە بە هێزەی کۆچەران. ئەمە بەو مانایە نایەت کە شار و گوند نشین دەستچنی نیە، جۆری دەستچنی کۆچەری جیاوازە لە شار و گوند. هەر بەم هۆیە و بە شێوازی ئەکادیمی دەستچنەکان دابەش بەسەر سێ شێوەدا: شاری، لادێیی و، کۆچەری. ئێمە لێرەدا باسی سەرەکیمان کۆچەرانە بۆیە خۆمان لە باس کردن لە بەشەکانی دیکە دەپارێزین. هەر بەو جۆرەی ئاماژەمان پێ دا دەتوانین بە پلە بەندییێکی ئەکادیمی و بە مەبەستەوە بڕوانین بۆ دەستچنەکان، لەم سێ جۆرە دەستچنانەی کە خستمانە نێو دەلاقەی ڕوانین دەتوانین بڵێین دەستچنی کۆچەران گرنگترین جۆری دەستچنە بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد، چونکە لە هەموو ئەوانی دیکە بە خاراوی و ڕوونتر بۆمان ماوەتەوە و ئەمەش دەتوانێت زۆرترین نرخاندنمان پێ بگەێنێت. دەستچن بە تەواوەتی هەر ئەو جۆرەی لە ناوەکەی دیارە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە بە دەست دەچنرێن. دەستچنی کۆچەران بە خۆشحاڵییەوە ئەگەر بمانەوێت لێی ورد بینەوە بە دڵنیایییەوە لە وتارێکی ئاوا پوختدا ناگونجێت و دەبێ بچینە پانتایی پەرتووکەوە و مژاری تایبەتی بۆ بکەینەوە. دەستچن لە کۆمەڵگای کۆچەریدا ناتوانرێت وەک کەرەستەیێکی ئابووری یاخود ماڵ و باروبارخانە سەیر بکرێت چونکە دەستچنەکان وەک ئامراز و پێداویستی ژیان دەچنرێن و بەرهەم دەهێنرێن.
هەر بەم هۆیەشەوە ڕوانین لە دەستچنی کۆچەری زیاتر لەوەی ڕوانینێکی ئابووری بێت دەبێت، ئەگەر بەشێوەێکی مێژوویی لێی بروانین هەڵکێشرێت لە سەرنجێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری. دەستچنی کۆچەران لە ژێر کاریگەریی شتانێکن کە دەتوانین لە چەند خاڵدا ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین.
· بارودۆخی ژێ و ژیان
· ڕۆڵی هەرە سەرەکیی ژنان
· کاریگەریی بۆشایی کات و جێگا
· کاریگەریی هۆکارەکان، وەک جەژن، شادی، شایی و خەمەکان
· کاریگەریی هزر و بیر و باوەڕەکان
کۆچەرییەکان بەردەوام لە بەهاردا دەژین یانی کۆمەڵگایەکی بەردەوام بەهارییان پێ دەوترێت، بەم شێوەیە کە کەش و هەوا گەرم دەبێت دەچنە شوێنی فێنک و، کە ساردیش بوو ڕوو لە ناوچە گەرمەکان دەکەن بۆیە بەردەوام لە شوێنێکی بەهاری و سەوزدا دەژین کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ شێواز و جۆری ژیانیان بە هۆی گەڕان بە شوێن لەوەڕگا بۆ ماڵات و ئاژەڵەکانیان کە ژیانیان لەسەر بەندە و ئەمانە ئامرازی بەردەوامییانن لە ژیاندا. هەر بۆیە لە بەرهەمەکانیاندا زۆر بە دەگمەن ڕەنگی زۆر گەرم و زۆر سارد دەکەوێتە بەرچاو، بۆیە بەرهەمەکانیان وەک بەرهەمانێکی شاد لە هاوسەنگ تەون و دەستچنی شاری و لادێیی دەناسرێت.
کۆچەرییەکان بە هۆی ئەوەوە کە نیشتەجێی یەک شوێن نەبوون و تا زۆرتریش بە مێژوویاندا دەڕۆینە خوار ئەم هاتوچۆ و گەرمیان و کوێستان کردنەیان جگە لەوەی زۆرتر بووە بەڵکوو ناوبەرەکانیشی زۆر درێژتر بوون، ئەمە و چەندین هۆکاری تری وەک شێواز و جۆری ڕەشماڵەکانیان، شێوازی ژینی ناو ڕەشماڵەکان تاوەکو کەرەستەی چنین و کاتی چنینیش لەگەڵ گەلێک شتانی دیکە لە شێوازی لادێیی و شاری جیایان دەکاتەوە. تەواوی ئەم جیاوازییانە هەریەک بە شێوەیەک کاری کردووەتە کولتووری دەستچنەکانیان؛ بە جۆرێک کە جۆری ڕەشماڵ و چۆنێتیی دانیشتن لە ناو ڕەشماڵەکاندا بەشێوەیێکە کە وای کردووە زۆرتری تەون و بەڕە و مافوورە کۆچەرییەکان بە لاکێش یان چوار گۆشەی درێژ لە شێوەدا دەرکەون. یاخود ئەو گەرمیان و کوێستان کردنە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرتری ئەو ڕەنگانەی بەکار دەبرێن گەرم بن، هەروەها، ئەو داری مافورەیەی کە لەسەری دەچنرێت تەخت و لەسەر زەوی دابنرێت بەو هۆیە ناتوانرێت لەناو ڕەشماڵ دابنرێت چونکە میچ یان بەرزایی ڕەشماڵ کەمە و، هەر ئەمەش هۆی ئەوەیە کە دارەکانیان درێژاودرێژ لەسەر زەوی دادەنرێن، جیا لەمانەش هاتوچۆکردنیان بەم شێوەیە ساکارتر و گونجاوتر بووە بۆیان.
لەگەڵ ئەوەشدا، ژیانی کۆچەری بە بێ دەستچن ئاسان نەبووە یان بە بێ دەستچن ژیانی کوچەری تا ڕادەیەک ئەستەم و سەخت بووە. دەستچنەکان لە جلوبەرگ و ڕاخەرەوە بگرە تاوەکو خودی ڕەشماڵەکانیش بە دەست چنراون. ئەم فەرهەنگی چنینە لەنێو کۆچەراندا چەندین هۆکار لە خۆ دەگرێت کە، گرنگترینیان دووری ژیانی کۆچەری لە ناوەندی ئابووری، کڕین و فرۆشتنەکانی سەردەم و، نەبوونی کەرەستەی هاتوچۆی خێرا و تێکەڵاویێک کە کۆچەر لەگەڵ سروشت هەیەتی و بوونی خوری و مووی زۆر بووە کە ئەمانە هەریەک کاریگەریی جیاوازی لەسەر ژیان و شێوەی ژێی کۆچەریدا هەبووە. هەروەها، دەست چنەکان زۆرتر بۆ بەکار هێنانی ژیانی رۆژانە بوون، بۆیە ئەم دەستچنانە چەندین جۆری لە مەحفەرە و ڕاخە تاکوو گوریس و قەیاس و پەردەو ئەوانەی کە بۆ جوانی دە چنران لە خۆ دەگرێت. زۆرترینی ئەم بەشە لە چاندی کۆچەرییەکان بەرهەمی دەستی ژنانی کۆچەر بوون بە شێوەێک کە دەتوانین بڵێین پیاو لەم بەشە لە چاند و فەرهەنگ بە تایبەت لە ناو کۆچەرییەکان ڕۆڵێکی وای نەبووە بەراورد بە ژنان. بۆیە ئەم دەستچنانە هەڵگری گیان و هەستی ژنانن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەم باوەرە لێیان بڕوانین کە زۆرترین باوەڕ و هەستی کولتووری تێکەڵ کرابێت، چونکە هەر لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا ئەوەی کە سینگ بە سینگ و بە شێوەی زارەکی زۆر باشتر لە پیاو توانیبێتی چاند و کولتووری دەستچنی ڕاگرێت ژنان بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێک لەو شتانەی کە کاتێک توێژەر لەسەر ئەم بابەتە کات دادەنێ دەبێ بیری لێ بکاتەوە و، ناسینی لەسەر دۆخ، باوەڕ، بیر و جیهانی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنانی ئەو چینەیە کە دەستچنەکان بەرهەمی دێنن.
دەستچنەکان بەرهەمی هەستەکانی کۆمەڵگان، بەو واتایە کە هەر شتێک و پێشهاتێک لە هەر سەردەمێک پێش هاتووە و هەر باوەڕ و ئایین و هزرێک کە بووە توانیوێتی خۆی لە ناو دەستچنەکان بە شێوەی هێما دەربێنێت یانی ئەو کەسەی کە چنیوێتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای کۆچەری بە بێ هیچ نەخشەیێک دەست بە چنینی تەون و مافوورە یا گڵێم و بەڕە یا هەر دەستچنێک دەکات. هەروەها، جاری وایە ئەم نەخشەیەی کە لە مێشکی دەیخاتە سەر ئەو بەرهەمە دەگەرێتەوە بۆ باوەرێکی چەندەها سەدەی پێش خۆی یا خود باوەرێک کە لەو کاتەدا هەیە و بە شێوەیەکی دەستڕەنگینانە دەیخاتە سەر بەرهەمەکەی. زۆرترین ئەو نەخشانەی کە لە بەرهەمە دەستچنەکاندا بە تایبەت کۆچەرییەکان دەبینرێن بە تەنها داڕشتن و نەخشەی پێشەکی بەرهەم نایەن، بەڵکوو لە نەخشەیێک دێت کە سینگ بە سینگ و زار بەزار وەک وێژەی زارەکیمان بەو کەسەی کە دەیچنێ گەیشتووە و ئەویش فێری بووە، یا بەرهەمی مێشک، هەست، باوەڕ و بیری ئەو کاتە و ئەو سەردەمەی ئەو کەسەیە بۆیە بەم نەخشانە لە ئاکادیمی دەستچنەکان پێیان دەڵێن، بیری چن یا هزری چن بەو واتایەی کە بە مێشک و دوور لە هەر جۆرە پلانێک چنراوە.
دەستچنە کۆچەرییەکان ڕەنگاوڕەنگ نین بە مانای ئەوەی ڕەنگی زۆریان تێدا نییە، بە هۆی ئەوەی کە ئەو جیۆگرافیایەی کە تێیدا دەژین زیاتر لە چەند جۆرە گیای تیا نەبووە کە بتوانن رەنگی لێوە بەرهەم بهێنن و لە سەنتەرە شاریەکانیشەوە دوور بوون کە بتوانن رەنگ وەدەست بخەن بۆ بەرهەمەکانیان. بۆیە هەر هۆزێک بە پێی گەرمیان و کوێستانێک کە بۆی دەچوون تام و رەنگی بەرهەمەکانیان تایبەت بەخۆیان دەکردن بە پشتبەستن بە شوێنی مانەوەیان. لەم سۆنگەوەیە کە، کەسە شارەزاکان دەستچنەکان بە ناوی هۆزەکانیانەوە ناو دەبەن و دەیان ناسنەوە، چونکە هەر هۆزێک بە پێی هەلومەرج و فەرهەنگ و چاندی تایبەت بە خۆی و جیۆگرافیا و پێداویستییەکانی، دەستچنی تایبەتی بە پاڵنەر و رەنگ و جۆری چنینی خۆی دارشتووە و چنیوێتی. لەم ساڵانەی دواییدا، کۆچەرلە ژێر کاریگەری و ئاڵوگۆڕیی جیهانی لە ناوچەکە و، پێشکەوتنی بەشی ئابووری زۆرتر بە لای بازرگانیدا رۆیشتووە و ئەو گیانە چاند و کولتووریەی تا ئاستێک لێ شۆردراوەتەوە، کۆچەرییەکانیش هاوشانی شار و گوندەکان ئەو جۆرە بەرهەمانە دەچنن کە بازرگانەکان پێیان دەڵێن. کەواتە، دەستچنەکان بوونەتە بەشی ئابووری بۆیان و لە ژیانی رۆژانەی خۆیان دوور کەوتووەتەوە.
کۆچەری لە ئێستادا ڕێژەیان کەم بووەتەوە و بە داخەوە بەرهەمە خۆماڵیەکانیشیان تا دێت ڕوو لە کەم بوونەوە، بە شێوەیەک کە، زۆر بە کەمی و تەنانەت رەشماڵیش بە کار ناهێنن. ئەوانیش بە هۆی کەمتەرخەمی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی سەردەم و تا دێت کەم ڕەنگ دەبنەوە. هەر بۆیە، گەورەترین ئەرکێک کە لەسەرمانە ئەوەیە درک بکەین بەوەی کە، ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بیپارێزین و نەهێڵین ئەم بەشە لە چاندمان کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە دارشتنی بناخەی نەتەوەییمان هەیە بفەوتێت، بەڵکو رایگرین و بیگەیێنین بە دەستی نەوەکانی داهاتوو. ئەرکی سەر شانمان لەم دۆخە ئەوەیە بە هەر شێوەیەک لە رێگەی توێژینەوە و کردنەوەی مۆزەخانە، سازدانی فیلم، بەڵگەفیلم، ئەرشیفبەندی و هەر جۆرێک کە بۆمان دە گونجێت هەوڵ بدەین بۆ ڕاگرتن، هەڵگرتن و نرخاندنیان بۆ بکەین.
بە داخەوە لە ئێستادا هیچ جۆرە ناوەندێکی کەلەپووری، مۆزەخانە، ئاکادیمیای چاند و فەرهەنگێک کە پێودانگ و پێوەری جیهانی بێت لە کوردستان نابینرێت کە بە ڕوونی پلانێک بۆ داهاتووی ئەوە دابڕێژێت، بەڵکو دڵگەرمییێک لە بەرامبەر ئەو ئەرکەدا ببینین کە سبەی نەوەکانی ئەو وڵاتە بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن. ئەو دۆخەی کە ئێستا فەرهەنگ و چاندی کوردیی تێدایە، پێویستی بە پلان و بەرنامەی زۆر ورد و قوڵ هەیە کە پێش بە لە ناوچوونی بگیرێت و کۆمەڵگا و گەنجەکانمان لە بەرامبەر چاندی خۆیان ئاگادار بکرێنەوە، بۆ ئەوەی تێڕوانینیان ببێتە تێروانینی هزرمەندانە و پاراستن بکەنە پیشەی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هەژمونەی لە سەر چاند و فەرهەنگمان هەیە. لە ناوەندە ئەکادیمییەکان دەبێ بە هەموو شێوازێک پلان و بەرنامە بۆ هۆشیار کردنەوە دابرێژرێت. لە کەسانی شارەزا بۆ کار کردن و توێژینەوە لەسەری کەڵک وەرگیرێت، مۆزەخانەکان بە شێوەیێکی کارامەییانە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن و هەماهەنگییان هەبێت لەگەڵ پسپۆڕ و شارەزاکاندا.
بەداخەوە کە زۆرینەی دەستچنە کوردییەکان لەجیاتی ئەوەی لە خزمەتی ئابووری خۆماندا بن و لە ئەرشیڤی مۆزاخانەکاندا و کۆکراوەکانماندا بن، هەرزان فرۆش دەکرێن و بازاڕی وڵاتانی دراوسێی پێ پڕ دەکەن و لەوێش لە ناسنامە پاکیان دەکەنەوە. لە ئێستادا کە ئێمە خەریکین لەسەر ئەم بابەتە دەدوێین، وڵاتانی دراوسێمان بەشێکی زۆر لە ئابوورییان لەسەر دەستچنەکان و بە تایبەتی تەون یا فەرشی دەستکرد بەندە. چەندین ساڵە لە زانکۆکانیان بەشی تایبەت بەم مژارە وەک چاند و هونەری دەستچن تا ئاستی باڵای خوێندن کراوەتەوە. لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپیەکان و لە مۆزەخانەکانەوە تاوەکو دووکان و بازارەکان بگەرێی بەشێکی زۆر لە تەون و دەستچنە کوردیەکان دەدۆزیتەوە کە لای خۆمان بایەخیان پێ نەدراوە و هەرزان فرۆش کراون.
لەکۆتاییدا، هەر مژارێک لەمانەی کە ئێمە زۆر بە پوختی بەسەریدا تێپەڕیوین شایانی توێژینەوە و شیکاریی وردن و پێویستی بە کات بۆ تەرخان کردنی باش هەیە بۆ ئەوەی بتوانین چاند و فەرهەنگی کوردی باشتر بناسێنین و نەهێڵین لە هەر شوێنێک بە هەر شێوەیێک پێیان خۆشە بە ناوی خۆیانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. بۆیە هیوادارم لەمەوبەدوا خەڵکانێک هەوڵ بۆ ئەوە بدەن کە دەستچن، چاند و فەرهەنگی کوردی بپارێزن و هاوکار بن لە بوژاندنەوەی.
سەرچاوە:
مێژووی هونەر و کولتوور بەرگی شەشەم - Arthur Upham Pope
کولتووری عەشیرەکان بەشی کوردستان -Ali Nozarpour
فەرشە کوردیەکان - Shirin Souresrafil
کۆڕسکەری(تەونکەر) کوردی، وێنەێک لە هزری خۆی - Masoud Rahimi
کاریگەری کولتوور و کۆمەلگا-ئایدیای کولتوور - Terry Eagleton