كورته باسێكی سیسته‌می رامیاری: دامەزراوەکان و دەستەبژێری سیاسی
دەستپێک
پارته سیاسیه‌كان ئامرازی گه‌یاندنی دەستەبژێری سیاسیین به دامه‌زراوه فەرمییەکان (دامەزراوە فەرمییە سیاسیەکان وەک، سێ دەسەڵاتی راپەڕاندن و یاسادانان و دادوەری)؛ بۆیه تێگه‌یشتن له سروشتی پارته سیاسیه‌كان بنچینه‌یه بۆ رونكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی دەستەبژێری سیاسی و خه‌ڵك له لایه‌ك و، دەستەبژێری سیاسی و دامه‌زراوه سیاسیه‌كان له لایه‌كی دییه‌وه.
له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌رپرسانی باڵا وه‌ك ئایدۆلوگ و دروستکەری بڕیار پارته‌كان ئاراسته ده‌كه‌ن. بەو جۆرە پارته‌كان توانای ئاراسته‌كردنی لایه‌نگرو هه‌وادارانیان هه‌یه، لە هەرێمی کوردستاندا پەوەندی نێوان پارت و هەوادار و لایەنگر له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌یه، بەشێوەیەک کە له هیچ كام له پارته‌كانی هه‌رێمدا هه‌وادار و لایه‌نگر توانای ئاراسته‌كردنی پارتی سیاسیان نییه. پارتی سیاسی رۆڵێكی ناوه‌ندی گرنگ ده‌گێرێ، ئه‌سته‌مه هیچ جۆرێكی دی یان مۆدێلێكی دی له جوڵانه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان یان تۆره جڤاتیهكان بتوانن رۆڵی هەمەجۆر و پێگه‌ی کاریگەری پارته سیاسیه‌كان بگرنه‌وه (بڕوانە؛ هاینتگتۆن ١٩٩٦).
له هه‌رێمی كوردستاندا دەستەبژێری سیاسی رۆڵێکی ناوەندی هەیە لە پرۆسەی سیاسی دا. دەگونجێ گرنگی دەستەبژێری سیاسی پەیوەست بێ بەو دەسەڵاتانەوە کە هەیانە. له رووی تیۆرییه‌وه چه‌مكی دەستەبژێری سیاسی له‌گه‌ڵ چه‌مكی دەسەڵات تێكهه‌ڵكێشه (هەنتەر ١٩٥٣؛ میلس ١٩٥٦؛ دۆم هووف ١٩٦٧). لێرەدا مەبەست له دەسەڵات دوو جۆره؛ دەسەڵاتی خوازراو و، دەسەڵاتی وێدراو. دەسەڵاتی خوازراو ئه‌وه‌یه كه دەستەبژێری سیاسی له خودی خۆیدا دارایی هێز بێت، وه‌ك سه‌ركرده‌ی پارتێك کە سامانێکی زۆری هەیە یا توانای هزریی باڵای هەیە. به‌ڵام مه‌به‌ست له دەسەڵاتی وێدراو ئه‌و هێزەیە کە دەستەبژێری سیاسی له دامه‌زراوه فهرمیهكانەوە وه‌ریده‌گرێ، ئه‌وه‌ش دەسەڵاتێکی سنورداركراوه و ناسێندراوه، لە رێی یاساوە.
به واتایه‌كی دی؛ دەسەڵاتی خوازراو لە دامه‌زراوه نافه‌رمییه‌كانه‌وه دێت، له‌وانه، په‌یكه‌ره جڤاتیهكان، پارتی سیاسی، یان ئایین و جیهانبینیهیكی تایبه‌ت. به‌ڵام دەسەڵاتی وێدراو له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانه‌وه دێ، وه‌ك په‌رله‌مان و ئه‌ندام پهرلهمانبوون یان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیربوون یان سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆک بوون
مه‌به‌ست له دامه‌زراوه‌ی سیاسی چییه؟
دامه‌زراوه‌كان، به وته‌ی هانتینگ تۆن (١٩٦٥: ٣٨٨)، واتە ئه‌و ناوه‌نده جێگیر و بهبایهخانه كه تێیاندا هه‌ڵسوكه‌وت و كرداره‌كان دووباره ده‌بنه‌وه (وێنەی پەرلەمان و پەرلەمانتار). به واتایه‌كی دی، دامه‌زراوه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بووی كۆمه‌ڵێك ڕێسا و كرده‌وه‌ی رێكخراون كه بۆماوه‌یه‌كی دیاریكراو ده‌مێننه‌وه، و كۆمه‌ڵێك له‌و دامه‌زراوانه رێكییهكی سیاسی دێننه كایه‌وه كه كه‌م تا زۆر له‌وه‌وه سیسته‌مێكی سیاسی دروست ده‌بێ. به‌وجۆره، دامه‌زراوه سیاسییه‌كان په‌یكه‌ره‌ی سیسته‌مێكی سیاسی دروست ده‌كه‌ن و بنه‌ما و رێساكانی مامه‌ڵه‌ی سیاسی داده‌نێنن .دامەزراوەکان پۆلێن دەکرێن بۆ چەند جۆرێک، سێ لەوانە؛ فه‌رمی، نیمچه فه‌رمی و نافه‌رمی.
دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان
دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی، مه‌بەست له‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه كه سیسته‌مێكی سیاسی دیاریكراوی پێده‌ناسرێته‌وه. چونیه‌تی رێكخستنی دامه‌زراوه‌كان و دیاریكردنی په‌یوندی نێوانیان جۆری سیسته‌می سیاسی دیاریده‌كات، بۆ وێنه هەریەک لە پەرلەمان و حکومەت دوو دامەزراوەی فەرمین، پەیوەندی نێوانیان جۆری سیستەمی سیاسی دیار دەکات، ئەگەر هاتوو پەرلەمان هەژمون بکاتە سەر حکومەت سیستەمەکە دەبێتە سیستەمی پەرلەمانی، ئەگەر حکومەت هەژمون بکا دەبێتە سیستەمی سەرۆکایەتی. بەهەمان شێوە جیاوازی نێوان سیسته‌می دیموكراتیكی زۆرینه و سیسته‌می دیموكراتیكی كۆكبوون (دیموکراسی کۆدەنگ) دەگەرێتەوە بۆ جیاوازی پەیوەندی و رێکخستنی دامەزراوە فەرمییەکانیان (لایپهارت، ١٩٨٦ ).
دامه‌زراوه نیمچه فه‌رمییه‌كان
مه‌به‌ست له دامه‌زراوه‌ی نیمچه فه‌رمی، ئه‌و رێكه‌وتنه بهراییهیه كه له نێو دەستەبژێری پارته كاریگه‌ره‌كاندا ده‌بێت، كه ده‌بنه پێشمه‌رجه بۆ رێکخستن و کارایی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان. بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می په‌رله‌مانی كۆكبوون دوو دامه‌زراوه‌ی نیمچه فه‌رمی له‌هه‌رێمی كوردستان پێویستن، یه‌كه‌م؛ ئه‌وه هه‌موو پارتهكاریگهرهكان و سه‌ركرده‌كانیان له كابینه‌ی حكومه‌تدا به‌شداربن، دووه‌م؛ سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی فراوان بدرێ به‌هه‌ر پارێزگایه‌ك له رووی كارگێڕی رامیاری و كلتوری و ئابوورییه‌وه.
دامه‌زراوه نافه‌رمییه‌كان:
ئهوپهیكهره ئاڵۆزه جڤاتییانهن كه رێكی ده‌ده‌نه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، وه‌ك هه‌ستی پێكه‌وه‌یی جا ئه‌و هه‌سته له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕ بێت یان له‌سه‌ر بنه‌مای جیهانبینی بێ. له هه‌رێمی كوردستاندا، دامه‌زراوه نافه‌رمیه‌كان، ئایین و ئایینزاكان، ئایدۆلۆژیاكان، کلتور و، پارته سیاسیه‌كان(لایه‌نگرانی پارتێك هه‌ستی هۆگری بۆ پارته‌كه‌یان كۆیان ده‌كاته‌وه) ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ك چۆن دامه‌زراوه فه‌رمی و نیمچه فه‌رمیه‌كان سیسته‌می سیاسی پێكده‌هێنن به‌هه‌مان شێوه دامه‌زراوه نافه‌رمیه‌كانیش شكڵ ده‌ده‌نه سیسته‌می سیاسی و، كاریگه‌ری ئه‌وتۆیان هه‌یه له‌سه‌ر كارایی دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كان؛ بۆ وێنه، له هه‌رێمی كوردستاندا دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی ده‌بێ پێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی نافه‌رمی ره‌چاو بكات. په‌رله‌مان دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمییه و پارت دامه‌زراوه‌یه‌كی نافه‌رمی، خۆ ئه‌گه‌ر ره‌چاوی نه‌كات، ئه‌وا دوور نییه دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كه دوچاری جۆرێك له ئاڵقان و هه‌ڵپه‌ساردن بێته‌وه. یاخود، دەبێ دەسەڵاتی یاسا دانان رەچاوی ئاینی زۆرینەی رەهای خەڵک بکات و یاسایەک دەرنەچوێنی کە دژ بوەستێتەوە لەگەڵ بیروباوەڕی زۆرینەی رەهای خەڵک.
ئه‌وه‌ی له هه‌رێم دایه، ده‌توانرێ وه‌ك دیموكراسی-دەستەبژێر تیۆرایزه بكرێ
(بۆ چەمکی دیموکراسی دەستەبژێر بڕاونە؛ شەمپتەر ١٩٤٢)
باسكردن له دیموكراسی به تیشك خستنه سه‌ر دامه‌زراوه‌ی فەرمی و رۆڵی دەستەبژێری سیاسی دوو خه‌سڵه‌تی تیۆری دیموكراسی-دەستەبژێرە. ئه‌و تیۆریه دوو گریمانه ده‌كا؛ یه‌كه‌م، هێزی سیاسی له دامه‌زراوه فەرمییە سیاسیهكاندایه، دووه‌م؛ دەستەبژێری سیاسی بزوێنه‌ری دامه‌زراوه‌كانن و هه‌ژموون ده‌كه‌نه سه‌ر دامهزراوهفەرمییەکان له كاتی دروستكردنی بڕیاردا. راستیه‌ك هه‌یه كه له هه‌رێمی كوردستاندا تا راده‌یه‌ك فه‌رامۆشكراوه، ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی كه پشتیوانی دەستەبژێری سیاسی یه‌كێكه له گرنگترین پێشمه‌رجه‌كانی بنیاتنانی دامه‌زراوه دیموكراتیكه‌كان له قۆناغی راگوزه‌ردا - وه‌ك ئه‌وه گوزه‌ره‌ی كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت. بنه‌مای زانستی لێرەدا ئەوەیە كه به‌راییترین هەنگاو دەبێ بریتی بێ لە گۆرینی ناكۆكی نێوان دەستەبژێری سیاسی بۆ كۆكی نێوانیان، ئەمەش بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌كێك له كاریگه‌رترین پێشمه‌رجه‌كان بۆ سه‌قامگیری رامیاری و توندوتۆڵی دامه‌زراوه‌یی: تەبایی سیاسی.
كاتێك كه دەستەبژێری سیاسی تەبا بن دەگەنە جۆرێك له كۆده‌نگی له مەڕ به‌ها و گرنگی کاری دامه‌زراوه سیاسیه‌كان (بۆ وێنە هەموو رێز لە بڕیاری پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی فەرمی دەگرن). لێره‌دا ته‌نها رێگه بۆ ئه‌وه‌ی دەستەبژێری سیاسی بگه‌نه كۆده‌نگی و تەبایی ئەوەیە کە دامه‌زراوه‌كان به‌جۆرێك رێكبخرێنه‌وه رێگربن له ئاوا بوونی دیموكراسی زۆرینه و رێخۆشكه‌ربن بۆ چه‌سپاندنی رێكه‌وتنه-دیموكراسی، ههوڵبدری سیستەمی په‌رله‌مانی كۆكبوون په‌یڕه‌و بكرێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و بەرژوەندی هاوبەش.
سەرچاوەکان
C. Wright Mills. The Power Elite . 1956.
G. William Domhoff. Who Rules America? 1967.
Grofman, Bernard, and Arend Lijphart. Electoral Laws and Their Political Consequences. Agathon Press, 1986, books.google.iq/books/about/Electoral_Laws_and_Their_Political_Conse.html?id=711tQgAACAAJ&redir_esc=y. Accessed 18 Nov. 2023.
Huntington, Samuel P. The Clash of Civilizations and the Remaking of World Order. Riverside, Simon & Schuster, 1996.
Mills, C. W. “COMMUNITY POWER STRUCTURE: A STUDY of DECISION MAKERS. By Floyd Hunter. Chapel Hill: University of North Carolina Press, 1953. 297 Pp. $5.00.” Social Forces, vol. 32, no. 1, 1 Oct. 1953, pp. 92–93, https://doi.org/10.2307/2572868. Accessed 13 Apr. 2020.
Schumpeter, Joseph. Capitalism, Socialism, and Democracy. New York, Harper & Brothers, 1942