دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

ئامرازەکانی چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییە ئاوییەکانی عێراق و ئێران لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیدا

By ئازاد عەبدولقادر وەڵەدبەگی

 بەرایی

ناکۆکییە ئاوییەکان لە جیهانی ئەمڕۆ و بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە یەکێک لە ناوچە کەمئاوەکانی جیهان دادەنرێت، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنن. عێراق و ئێرانیش وەک دوو وڵاتی ئەم ناوچەیە، لەم کێشە و ململانێیە بەدوور نین و ناکۆکییە ئاوییەکان کاریگەرییان لەسەر بوارە سیاسی، یاسایی و ئابوورییەکانی هەردوو وڵات هەیە. هەر بۆیە، لە ئەگەری ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لەنێوان دەوڵەتان و لەوانەش ناکۆکییە ئاوییەکان، بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەگەری جەنگ و ململانێی درێژخایەن، کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و لەناوچوونی ژێرخانی ئابووریی وڵاتان، وا باشترە دەوڵەتان پەنا ببەنە بەر شێوازی ئاشتییانەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. یاسای نێودەوڵەتیی گشتی بۆ ئەم مەبەستە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانە و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ئامرازی جۆراوجۆری داناوە و لەوانەش ئامرازە دیپلۆماسییەکان، وەک: دانوستان، هەوڵی چاکەخوازی، نێوانگیری، لێکۆڵینەوە، سازاندن، لیژنە تێکەڵاوەکان و ئامرازە دادوەرییەکان کە بریتین لە ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی و دادوەریی نێودەوڵەتی. بە سەرنجدان لە پەرەسەندنی ناکۆکییە ئاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران و بۆ دوورکەوتنەوە لە دروستبوونی هەر جەنگ و گرژییەک، وا باشە هەردوو وڵات کەڵک لە ئامرازەکانی ئاشتییانەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش لەم توێژینەوەیەدا، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران، باس لەو ئامرازە ئاشتییانەیە دەکەین لەو ڕێککەوتننامانەدا هاتوون و هەردوو وڵات دەتوانن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئاوییەکانیان پشتی پێ ببەستن.

ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی

مادەی (٢) لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز دەکات وەک بنەمایەکی یاسای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام ڕادەسپێرێت لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان پەنا بۆ ڕێگەچارەی ئاشتییانە ببەن) [1](. مادەی (٣٣) لە چارتی ئاماژەپێکراو ئەوەی لەسەر دەوڵەتانی ئەندام سەپاندووە، کە لە کاتی دروستبوونی هەر ناکۆکییەک، کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە، ئەوا یەکێک لە ڕێگاکانی دانوستان، لێکۆڵینەوە، نێوانگیری، سازاندن، ناوبژیکاری و دادوەری بەکار بهێنن، یان پەنا ببەنە بەر یەکێک لە ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، یان بە ئامرازی ئاشتییانەی دیکە چارەسەری بکەن([2]). هەروا جاڕنامەی مانیلا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان بە ئامرازی ئاشتییانە، لە ساڵی ١٩٨٢ لە مادەی (یەکەم/٢)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دەوڵەتێک ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بە تەنیایی و لە ڕێگای ئاشتییانەوە چارەسەر بکات، بە جۆرێک کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و دادپەروەری نەخاتە مەترسییەوە([3]). ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی ١٩٩٧، دەبینین لە مادەی (٣٣)دا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لە کاتی دروستبوونی هەر جۆرە ناکۆکییەک لە ڕاڤەکردن یان پیادەکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، ئەوا لایەنە ناکۆکەکان پەنا ببەنە بەر ئامرازی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان. هەر لەم مادەیەدا بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵێک ئامراز پێشبینی کراون کە بریتین لە: دانوستاندن، هەوڵی چاکەخوازی، نێوانگیری، سازاندن، دامەزراوەی هاوبەشی تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییەکان، پەنابردنە بەر ناوبژیکاری یان دادگای نێودەوڵەتیی داد([4]). هەروەها لە ڕێککەوتنە هەرێمییەکانی تایبەت بە ئاویش، ئامرازەکانی ئاشتییانە بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان پێشبینی کراون، وەک پەیمانی کۆمەڵەی گەشەپێدانی باشووری ئەفەریقا ساڵی ١٩٩٢ و ڕێککەوتننامەی هلسینکی ساڵی ١٩٩٢ لە کیشوەری ئەورووپا بۆ پاراستن و کەڵکوەرگرتن لە ڕێڕەوە سەرووسنوورییەکان و دەریاچە نێودەوڵەتییەکان، کە تێیاندا ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانە هەر لە دانوستانەوە بگرە هەتا پەنابردنە بەر میکانیزمی ناوبژیکاری و دادگای نێودەوڵەتیی داد؛ پێشبینی کراون. جگە لەمەش، ڕێساکانی هلسینکی و ڕێساکانی بەرلینیش ئامرازە دیپلۆماسی و دادوەرییەکانیان بۆ چارەسەری ناکۆکییە ئاوییەکان پێشنیار کردووە. بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە ناکۆکییە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەیان لە ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانی تر نییە، هەر بۆیە دەوڵەتەکان پەنا دەبەنە بەر هەمان ئەو ئامرازە دیپلۆماسی و دادوەرییانەی کە پشتیان پێ دەبەسترێ([5]). لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە دۆکیۆمێنت و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لەنێوان دەوڵەتان و لەوانەش ناکۆکییە ئاوییەکان، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئەو ناکۆکییانە دەکەنەوە، هەر بۆیە وا باشە عێراق و ئێرانیش وەک دوو دەوڵەتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گوێرەی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی ڕوودانی ناکۆکییە ئاوییەکان پشت بە بنەما گشتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی ببەستن و ڕێگەچارەی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەنێوان عێراق و ئێران

تا سەد ساڵێک پێش عێراق وەک بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی بووە، میراتگری بەشی هەرە زۆری کێشە سنووری و ئاوییەکانی نێوان ئێران و عوسمانییش بووە، چونکە بە درێژایی حوکمی عوسمانییەکان، زیاترین کێشەکانیان لەگەڵ ئێران لەو ناوچە سنوورییانە بووە کە ئەمڕۆ بوونەتە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق. لەم سەردەمەش، پاش فراوانبوونی کەڵک­وەرگرتن لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، ناکۆکیی هەردوو دەوڵەت لەم بوارەدا فراوانتر و تۆختر بووە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. بۆ ئەوەی بزانین ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران چین، دەبێ بۆ ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بگەڕێینەوە. بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری سنوور و ڕێڕەوە ئاوییە هاوبەشەکان، عێراق و ئێران لە ساڵی ١٩٧٥ پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باشیان واژۆ کرد. ئەم پەیمانە دوو ڕێککەوتنی هاوپێچی هەیە دەربارەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بریتین لە: “ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران دەربارەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە سنوورییەکان” کە لە ٢٦/١٢/١٩٧٥ لە بەغداد لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا، هەروا “ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕێساکانی کەشتیڕانی لە شەتولعەرەب” کە لە ٢٦/١٢/١٩٧٥ لە بەغداد واژۆ کرا.

لە ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران دەربارەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە سنوورییەکان، دوای پێناسە و باسکردنی کۆمەڵێک لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات، باس لە پشکیان دەکات لەو ڕێڕەوانەدا. هەروا لە مادەی (٦)ی ڕێککەوتنەکە باس لەوە دەکات کە لە کاتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لە ڕاڤەکردن یان جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوا هەردوولا بە گوێرەی حوکمەکانی مادەی (٦) لە پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باشی ساڵی ١٩٧٥ هەڵدەستن بە چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە (اتفاق بین العراق وایران متعلق باستثمار المجاري الماء الحدودیة ١٩٧٥: المادة ٦). هەروا لە مادەی (٢١)ی  ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕێساکانی کەشتیڕانی لە شەتولعەرەب، بە هەمان شێوە باس لەوە دەکات کە لە کاتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لە ڕاڤەکردن یان جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوا هەردوو لا بە گوێرەی ئەحکامەکانی مادەی (٦) لە پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باشی ساڵی ١٩٧٥ هەڵدەستن بە چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە([6]).هەروەک دەبینین، لەو دوو ڕێککەوتنە کە تایبەتن بە ڕێڕەوە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەتا ئێستاش بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی بەرکارن، باس لەوە دەکات کە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باش لە ساڵی ١٩٧٥ لەنێوان هەردوو وڵات، کە لە مادەی (٦)ی پەیمانەکە ئاماژەی بە سێ ئامراز کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، بەم جۆرەی خوارەوە:لە کاتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لەسەر ڕاڤەکردن یان پراکتیزەکردنی ئەم پەیمانە یان هەرسێ پرۆتۆکۆل و هاوپێچەکانی، ئەوا ئەم ناکۆکییە سەرەتا بە ڕێگای دانوستانی دوولایەنەی ڕاستەوخۆ (المفاوضات الثنائیة المباشرة) لە ماوەی دوو مانگ لە ڕێکەوتی داواکردنی هەر یەک لە لایەنەکان چارەسەر دەکرێت. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەردوو لایەنی باڵا لە ماوەی سێ مانگدا، ئەوا پەنا دەبەنە بەر داواکردنی هەوڵی چاکەخوازیی (المساعي الحمیدة) دەوڵەتی سێیەمی دۆست. لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی یەک لە لایەنەکان بۆ پەنابردنە بەر هەوڵی چاکەخوازی یان شکستهێنانی ڕێکارەکان، ئەوا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان ڕێگای ناوبژیکاری (تحکیم) دەگیرێتە بەر لە ماوەیەک کە نابێ یەک مانگ زیاتر بێت لە ڕێکەوتی ڕەتکردنەوە یان شکستهێنان. ئەگەر بێتوو هەردوو لا ڕێک نەکەوتن لەسەر شێوازی ناوبژیکاری، ئەوا یەکێک لە لایەنەکان دەتوانێ لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە ڕێکنەکەوتن، بابەتەکە بۆ دادگای ناوبژیکاری ڕەوانە دەکات. بڕیاری دادگای ناوبژیکاری سیفەتی پابەندراوی (الزام) و جێبەجێکردنی هەیە بۆ هەردوو لایەنی پەیمانەکە([7]). بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە هەردوو وڵات بە گوێرەی پەیمانی سنووریی بەرکار لەنێوانیان، سێ ئامرازی ئاشتییانەیان دیاری کردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان کە بریتین لە: دانوستانی ڕاستەوخۆی دووقۆڵی، هەوڵی چاکەخوازی و دادگای ناوبژیکاری.

٣. ئەگەرەکانی پەنابردنی عێراق بۆ دادگای نێودەوڵەتیی داد زۆر جار ڕۆژانە لە دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن و تەنانەت بەرپرسانی عێراقیش، گوێبیستی ئەوە دەبین کە عێراق سەبارەت بە ناکۆکییە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێران پەنا دەباتە بەر دادگای نیودەوڵەتیی داد.

بۆ نموونە؛ وەزیرى سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق مەهدى ڕەشید حەمدانی، لە ئاخاوتنێکیدا دەڵێت: “بۆ دووبارەكردنەوەى ڕێڕەوە ئاوییەكان بەرەو عێراق، لەسەر بنەماى دابەشكردنی زیانەكان، چەندین جار داواى هاوكاریمان لە ئێران كردووە، بەڵام بەداخەوە ئێرانییەكان وەڵامیان نەداوەتەوە. هەروەها داواى ڕێكخستنى ڕێكکەوتنێكی هونەریى ئاویمان كردووە بەدەر لەو ڕێككەوتنە سیاسییەى لە ساڵى (١٩٧٥) لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ كراوە، بەڵام بۆ ئەمەش وەڵامیان نەداوەتەوە. بۆیە وەزارەت بڕیارى بەنێودەوڵەتیكردنی كێشەى ئاوى لەگەڵ ئێران و بەرزكردنەوەى بۆ كۆمەڵگەى نێودەوڵەتی و دادگا نێودەوڵەتییەكان داوە([8])“. هەروا وەزیر ئەوەشی وت: وەزارەتی دەرەوە ئێستا کار دەکات لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەنێودەوڵەتیکردنی ئەم مەلەفە و پێشکەشکردنی سکاڵا دژ بە ئێران لە دادگای نێودەوڵەتیی داد([9]).

ئەوەی کە لەم وتانەی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق تێبینی دەکرێ، ئەوەیە کە بە گوێرەی مادەی (٦٢/بڕگە ٢-أ) لە ڕێککەوتننامەی ڤیەننا تایبەت بە پەیماننامەکانی ساڵی ١٩٦٩، ئەگەر پەیمانێک بۆ دیاریکردنی سنوور بێت، ئەوا ناکرێ بە گۆڕینی هەلومەرج پەیمانەکە یەکلایەنە هەڵبوەشێنرێتەوە یان وازی لێ بهێنرێت([10]). هەروا سەبارەت بە کاریگەریی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لەسەر بەرکاربوونی ئەم پەیمانە، ئەوا بە پێی ئەحکامەکانی یاسای نێودەوڵەتیی جەنگ، هیچ کاریگەریی لەسەر ئەم پەیمانە و هاوپێچەکانی نییە و ئەحکامی ئەم پەیمانە بەرکارە هەتا گرێدانی ڕێککەوتنێکی تر یان هەڵوەشاندنەوە یان هەموارکردنی ئەم پەیمانە([11]). هەر بۆیە ئەو وتەیەی بەڕێز وەزیر بنەمایەکی یاسایی بەهێزی نییە و تاکە ڕێککەوتنی بەرکاری نێوان هەردوو وڵات، پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باشی ساڵی ١٩٧٥ و هاوپێچەکانیەتی و باشتر وایە عێراق بۆ دەستەبەرکردنی لانی کەمی مافەکانی هەتا گرێدانی ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ گەرەنتیکردن مافەکانی پشتی پێ ببەستێت. خۆبواردنی عێراق لە پشتبەستن بەو پەیمانە لە کاتی ئێستادا، جگە لە زیان هیچ دەستکەوتێکی تری تێدا نییە بۆ عێراق و بێگومان لە قازانجی لایەنەکەی ترە.

لە لایەکی ترەوە، بە پێی مادەی (٩٢) لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای نێودەوڵەتیی داد بە ئامرازی دادوەریی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت و کار دەکات بە گوێرەی ئەو پەیڕەوەی کە هاوپێچی ئەم چارتەیە و ئەویش لەسەر بنەمای پەیڕەوی دادگای نێودەوڵەتیی هەمیشەیی داد دانراوە و بەشێکی جیانەکراوەیە لەم چارتە([12]). سکاڵاکردن لەبەردەم ئەم دادگایە تەنیا بۆ دەوڵەتەکانە و بە پێی ویستی ئەوانە، واتە پرەنسیپی سەرەکی ئەوەیە کە سکاڵاکردن لە کاروباری نێودەوڵەتی بەستراوەتەوە بە ویستی دەوڵەتان کە بە پرەنسیپی باوەندارێتیی سەرپشکانە (مبدأ الولایة الاختیاریة) ناسراوە، واتە ڕەزامەندیی دەوڵەتان مەرجی پێشوەختەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگای دادگای نێودەوڵەتیی داد، کە دادگاش لە چەندین کێشە کە خراونەتە بەردەمی، جەختی لەسەر ئەم پرەنسیپە کردووەتەوە، وەک ئەو حوکمەی کە لە کێشەی مافروماتیس لە ساڵی ١٩٢٤ و گەرووی کورفۆ لە ساڵی ١٩٤٨ دەریکردووە، ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت کە نەبوونی ڕەزامەندی دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانرێت ناکۆکییەکە بخرێتە بەردەم دادگا هەتا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات([13]). هەروا بە پێی مادەی (٣٦) لە پەیڕەوی دادگای نێودەوڵەتیی داد، باوەندارێتیی دادگا هەموو ئەو کێشانە دەگرێتەوە کە داواکاران دەیخەنە ڕوو، هەروا هەموو ئەو پرسانە دەگرێتەوە کە بە شێوەی تایبەت لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە پەیمان و ڕێککەوتننامە باوەکاندا هاتوون. هەروا دەوڵەتانی ئەندام لەم پەیڕەوە لە هەر کاتێکدا بیانەوێت بە ڕاگەیەنراوێك بەبێ ڕێککەوتن دان دەنێن بە باوەندارێتیی بەخورتی (الولایة الجبرية) دادگا بۆ سەیرکردنی هەموو ئەو ناکۆکییانەی کە ڕوو دەدات لەنێوان خۆیان و ئەو دەوڵەتەی کە قبووڵی پابەندییەکە دەکات، ئەگەر بێتوو ئەم ناکۆکییە یاساییانە پەیوەندییان بەم پرسانەی خوارەوە بێت:

– ڕاڤەکردنی پەیماننامەکان

– هەر پرسێک لە پرسەکانی یاسای نێودەوڵەتی

– لێکۆڵینەوە لە هەر ڕووداوێک لەو ڕووداوانەی کە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتیی تێدا بێت.

– جۆری ئەو قەرەبووکردنەی کە بنیات نراوە لەسەر پێشێلکاریی پابەندییەکانی دەوڵەت و ڕێژەی ئەم قەرەبووکردنەوەیە.

دەکرێت ئەم ڕاگەیەنراوانە بەبێ کۆت و مەرج بن، یاخود ببەسترێنەوە بە مەرجی ئاڵوگۆڕ لەلایەن ژمارەیەک دەوڵەت یان هەندێ دەوڵەتی دیاریکراو یاخود بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بن. ئەم ڕاگەیەنراوە دەسپێردرێت بە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەویش لەسەریەتی وێنەیەک بنێرێت بۆ دەوڵەتانی لایەن لە پەیڕەوی دادگا و تۆمارگەی دادگا، هەروا ئەم ڕاگەیەنراوە بە قبووڵی باوەندارێتیی بەخورتی دادگای نێودەوڵەتیی داد دادەنرێت([14]). هەر بۆیە بە گوێرەی ئەوەی کە لە سەرەوە باسمان کرد، دەوڵەتی عێراق بۆ پێشکەشکردنی داوا لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیی داد دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران یان هەر ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی کە هەردوو وڵات تێیدا ئەندامن و لەسەریان پێویست دەکات لە کاتی دروستبوونی هەر ناکۆکییەک لە بواری ئاو پەنا ببەنە بەر دادگای ناوبراو([15]). ئەگەر بۆ ڕێککەوتنی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باشی ساڵی ١٩٧٥ لەنێوان عێراق و ئێران بگەڕێینەوە، کە مەرجەعی یاسایی نێوان هەردوو وڵاتە لەم بوارەدا، ئەوا هەروەک باسمان کرد تەنیا پشتی بە سێ ئامرازی دانوستانی ڕاستەوخۆی دووقۆڵی، هەوڵی چاکەخوازیی دەوڵەتی سێیەم و دادگای ناوبژیکاری بەستووە و هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ پەنابردنە بەر دادگای نێودەوڵەتیی داد. هەر بۆیە، بە گوێرەی مادەی (٦)ی پەیمانی باسکراو، تاکە ئامرازی دادوەری لەبەردەم هەردوو دەوڵەت دادگای ناوبژیکارییە بە پێی ئەو ڕێکارانەی کە لە پەیمانەکەدا هاتووە، نەک دادگای نێودەوڵەتیی داد. هەروا بە پێی مادەی (٣٣) لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتیەوانی ساڵی ١٩٩٧، دەبینین یەکێك لە ئامرازە پێشنیارکراوەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان پەنابردنە بەر دادگای نێودەوڵەتیی دادە، هەر چەندە عێراق بە پێی یاسای ژمارە (٣٩)ی ساڵی ٢٠٠١ بووەتە ئەندامی ئەم ڕێککەوتننامەیە، بەڵام ئێران هێشتا نەبووەتە ئەندام لەم ڕێککەوتننامەیە، هەر بۆیە عێراق ناتوانێ ئێران ناچار بکات بەوەی کە پابەندی ئەم ئامرازە بێت.

پەنابردنی عێراق بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش

بە گوێرەی مادەی (٣٤) لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێ هەر ناکۆکی یان هەڵوێستێک بخاتە بەر تاوتوێکردن کە ببێتە هۆی ململانێیەکی نێودەوڵەتی، یان ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی بۆ ئەوەی دیاریی بکات ئایا بەردەوامیی ئەو ناکۆکی یان هەڵوێستە، ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە یان نا. بە گوێرەی مادەی (٣٥/١) لە چارتی ناوبراو، هەر دەوڵەتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێ ئەنجوومەنی ئاسایش یان کۆمەڵەی گشتی لەو ناکۆکی یان هەڵوێستە ئاگادار بکاتەوە کە لە مادەی (٣٤)دا ئاماژەی پێ کراوە. هەروا مادەی (٣٧)ی چارت، باس لەوە دەکات لە ئەگەری شکستهێنانی ئامرازەکانی ئاشتییانەی هاتوو لە مادەی (٣٣)، ئەوا دەبێ ناکۆکییەکە بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەگەر ئەنجوومەن وای بینی بەردەوامیی ناکۆکییەکە ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە، ئەوا ڕاسپاردەی گونجاو بۆ چارەسەری ناکۆکییەکە دەخاتە ڕوو([16]). بەم جۆرە دەردەکەوێت کە ئەنجوومەنی ئاسایش دەسەڵاتی هەیە ڕاسپاردە بخاتە ڕوو بۆ چارەسەری کێشەکە بەو جۆرەی کە گونجاوە و مادەی (٣٦) لە چارت ئەنجوومەنی ناچار نەکردووە کە ناکۆکییە یاساییەکان بۆ دادگای نێودەوڵەتیی داد ڕەوانە بکات([17]). ئەگەر لەم بارەیەوە بۆ نموونە هاوچەشنەکان بگەڕێینەوە، دەبینین کە میسڕ و سوودان بە پشتبەستن بە مادەی (٣٥)ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، داواکارییەکیان خستە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە ناکۆکیی ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ ئەسیوپیا لەسەر بەنداوی نەهزە (سد النهضة) و لە ڕێکەوتی ٨/٧/٢٠٢١ ئەنجوومەنی ئاسایش دانیشتنێکی لەم بارەیەوە ساز دا. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی، یەکێتیی ئەفەریقای ڕاسپارد بۆ بەدواداچوونی دانوستانەکانی هەرسێ وڵات بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیان لەسەر ڕێڕەوی ئاویی نیل بە پێی مادەی (٣٣)ی چارت، کە باس لە ڕۆڵی ڕێکخراوە هەرێمییەکان دەکات بۆ چارەسەری ئاشتییانەی ئەو ناکۆکییە نێودەوڵەتییانەی کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخەنە مەترسییەوە([18]). سەبارەت بە هێزی یاسایی ئەم ڕاسپاردانەی کە لەژێر فەسڵی شەشەمی چارت دەردەچن، ئەوا لە ڕووی یاساییەوە مولزەم نین، بەڵام بەهایەکی ئەدەبییان هەیە کە دەتوانێ ببێتە هۆی بەهێزیی هەڵوێستی ئەو دەوڵەتەی کە لە بەرژەوەندیی ئەو دەرچووە و دەتوانێ هەڵوێستی نێودەوڵەتیی خۆی بەهێز بکات و لەسەر ئەو بنەمایە بژاردە و سیناریۆکانی داهاتووی دابڕێژێت([19]). عێراقیش بەو پێیەی ئەندامێکی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پاش شکستهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی کە لە ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوون، ئەوا دەتوانێ ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر، بەڵام پێشبینی دەکرێ بگاتە هەمان ئەو ئەنجامەی کە میسڕ و سوودان پێی گەیشتن، هەر چەند ئەم ڕاگەیەنراوە مولزەم نییە بۆ ئێران، بەڵام لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەڵوێستی عێراق.

ئەنجام

لەم توێژینەوەیەدا باسمان لە ئامرازەکانی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان کرد لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و ئینجا بە پشتبەستن بە “پەیمانی سنووری نێودەوڵەتی و دراوسێیەتیی باش، ساڵی ١٩٧٥” لەنێوان عێراق و ئێران و دوو ڕێککەوتنی هاوپێچی کە تایبەتن بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و بریتین لە “ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران دەربارەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە سنوورییەکان، ساڵی ١٩٧٥” و “ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕێساکانی کەشتیڕانی لە شەتولعەرەب، ساڵی ١٩٧٥”، گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە هاوشێوەی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتیەوانی ساڵی ١٩٩٧ و چەندین ڕێککەوتننامەی هاوشێوەی تر، عێراق و ئێرانیش لە ڕێککەوتننامە دووقۆڵییە ئاماژەپێکراوەکان چەندین ئامرازی ئاشتییانەیان داناوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کە بریتین لە دانوستانی دووقۆڵیی ڕاستەوخۆ، هەوڵی چاکەخوازیی وڵاتی سێیەم و ناوبژیکاری، بەڵام ئەوەی کە تێبینیمان کرد عێراق وەک پێویست هەوڵی نەداوە بە شێوەی ڕێکوپێک و بەرنامەبۆداڕێژراو ئەو ئامرازانە بگرێتە بەر بەو جۆرەی لەناو دەقی پەیمانی سنووری نێودەوڵەتیی نێوان دوو وڵاتدا هاتووە و تەنیا ئامرازی دانوستانی ڕاستەوخۆی بەکار هێناوە. هەروا سەبارەت بە بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتیی داد، ئەوا گەیشتنینە ئەو ئەنجامە کە لە کاتی ئێستادا عێراق لە ڕووی یاساییەوە ناتوانێ ئەم ڕێگایە بگرێتە بەر، بەڵام پاڵپشت بە مادەکانی (٣٤) و (٣٥)ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانێ داواکارییەکەی سەبارەت بە ناکۆکییە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێران بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش وەک ناکۆکییەک کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.

ڕاسپاردەکان

١. وا باشە عێراق بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بەرنامەبۆداڕێژراو هەموو ئەو ئامرازانە بەکار بهێنێ کە لە پەیمانی سنووری نێودەوڵەتیی ساڵی ١٩٧٥ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتووە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێران.

٢. هەروەک چۆن لە مادەی (٢)ی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران سەبارەت بە ڕێساکانی کەشتیڕانی لە شەتولعەرەبی ساڵی ١٩٧٥ هاتووە، هەردوو وڵات بڕیاریان داوە بە دانانی نووسینگەیەکی هاوئاهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوو لا لە ڕێڕەوی ئاویی شەتولعەرەب، پێشنیار دەکەین بە کاراکردنەوەی ئەم نووسینگەیە و دانانی کۆمسیۆنێکی هاوبەش بۆ هەموو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئەم ڕێڕەوانە.

٣. لە کاتێکدا ئێران ئامادە نییە ببێتە ئەندام لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتییەوانی ساڵی ١٩٩٧، وا باشە عێراق هەوڵ بدات بۆ گرێدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێران بەدەر لە بابەتی سنووری نێودەوڵەتی.

٤. وەک دوا هەنگاو، عێراق دەتوانێ بە پێی فەسڵی شەشەمی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، مادەکانی (٣٣-٣٨)ی ناکۆکییە ئاوییەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش وەک ناکۆکییەک کە ئاشتی و ئاسایشی نێوەدەڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.


سەرچاوە و پەراوێزەكان

[1]- Butler; William E. (1989), The Non-Use of Force in International Law, Martinus Nijhoff  Publishers, Dordrecht,, p.39.

[2]– نوری، د. اسداللە (١٣٨٩-١٣٩٠)، روشهای حقوقی حل و فصل اختلافات بین المللی، جزوە درسی کارشناسی ارشد حقوق بین الملل، دانشگاە آزاد اسلامی واحد تهران شمال، ص٢.

[3]– إعلان مانيلا بشأن تسوية المنازعات الدولية بالوسائل السلمية (١٩٨٢)، المادة اولا/٢.

[4]– اتفاقیة استخدام المجاري المائیة الدولیة في الاغراض غیر الملاحیة لسنة (١٩٩٧)، المادة ٣٣.

[5]–  رشیدی، د. مهناز (١٣٩٩)، امنیت آب در حقوق بین الملل، چاپ اول، انتشارات مجد، تهران، صص(٢٢٠-٢٢١).

[6]– اتفاق بین العراق وایران بخصوص قواعد الملاحة في شط العرب (١٩٧٥)، المادة ٢١.

[7] – معاهدة الحدود الدولیة وحسن الجوار بین العراق وایران لسنة (١٩٧٥)، المادة السادسة.

[8] –  خەڵەف؛ سەفا (٢٠٢١)، “قەیرانی ئاو و گۆڕانی کەشوهەوای عێراق، هۆکاری کۆچ و ناکۆکیی نێوخۆیی”، گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە ١١، ل٨٣.

[9] – صحیفة الاستقلال؛ قسم البحوث (١١/١/٢٠٢٢)، “التحكم الإيراني بمياه العراق.. خلفيات الأزمة ومستقبل الصراع”، المتاح علی الموقع الالکتروني التالي:

https://www.alestiklal.net/ar/view/4500/dep-news-1586964588. (متوفر: ١٦/٤/٢٠٢٢ (.

[10] – اتفاقیة ڤینا للمعاهدات لسنة (١٩٦٩)، المادة ٦٢.

[11] – مروة حمدان عبد (٢٠١٣)، النظام القانوني للمجاري المائية الدولية بين العراق وايران في ظل قواعد القانون الدولي، رسالة ماجستير  المقدمة الی كلية الحقوق في جامعة النهرين، ص٨٣.

[12] – میثاق الامم المتحدة، (١٩٤٥)، المادة ٩٢.

[13] – د.حیدر ادهم (٢٥/١٢/٢٠٢١)، “ملاحظات في بعض جوانب دعوات لجوء العراق إلی المحافل الدولية بخصوص مشكلة المجاري المائية الدولية المشترکة”، صص ٥-٦، المتاح علی الموقع الالکتروني التالي:

https://www.bayancenter.org/2021/12/7901/.    .(متوفر: ١٠/٤/٢٠٢٢)

[14] – النظام الاساسي لمحكمة العدل الدولية (١٩٤٥)، المادة ٣٦.

[15] – د. حیدر ادهم، المصدر السابق، ص٧.

[16] – میثاق الامم المتحدة (١٩٤٥)، المواد ٣٤-٣٧.

[17] –  الشاذلي؛ د. ناجي محمد أسامة (٢٠٢٠)، “دور المنظامت الدولية في التسوية السلمية لنزاع سد النهضة الاثیوبي”، مجلة روح القوانين، العدد التسعون، ص٣١٧.

[18] – السقاف؛ د. محمد علي (١١/٧/٢٠٢١)، “سد النهضة في مجلس الأمن الدولي”، جریدة الشرق الاوسط،  مرقم العدد ١٥٥٦٦، المتاح علی الموقع الالکتروني التالي:

https://aawsat.com/home/article/3073171/. (accessed:16/4/2022).

[19] – محمد خالد (٢١/٦/٢٠٢٠)، “سد النهضة.. سناریوهات مابعد لجوء مصر الی مجلس الامن”، المتاح علی الموقع الالکتروني التالي:

https://www.albayan.ae/one-world/arabs/2020-06-21-1.3890699/.(accessed: 2022/4/16).