دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

رۆڵی بیرمەند لە ئاگا کردنەوەی کۆمەڵگادا

By NSI

ئەو پرسیارەی کە دەمانهەوێ وەڵامێکی بۆ بنوسین ئەوەیە؛ رۆڵی بیرمەند لە هۆشیارکردەنەوەی کۆمەڵگادا چییە؟  بیرمەند کۆمەڵگا بە چی ئاگا دەکا و چۆن دەتوانێ کاریگەری دروست بکا لەسەر ئاگایی خەڵک، وە بۆ چ ئامانجێک؟  ئەو وەڵامەی کە ئێمە بەڵگەی بۆ دێنینەوە ئەمەیە؛ بیرمەند کۆمەڵگا بە بەها باڵاکان ئاگا دەکا و، لە رێگەی دواندنی راستەوخۆی خەڵک کاریگەری دروست دەکا، وە ئامانجی پێشکەشکردنی دۆخێکی باشتر وە ژیانێکی شایەستەترە لەوەی کە رەخنەی لێ دەگرێ و دەیەوێ تێیپەڕێینێ. واتە هەم ئەو دۆخەی کە نەخوازراوە دەبینیێ و هەم ئەو دۆخەی کە ئارەزووکراوە وێنا دەکا؛ ئاراستەی بیری رووبەرەو داهاتووە دەیەوێ ئەوەی کە دێ باشتر بێ لەوەی کە هەیە.  

بەرلەوەی ئەو باسە دەست پێبکەین پێویستە بڵێین بیرمەند کێیە، ئەوە چەمکی رۆشنبیریشی بۆ بەکار دێ، بەڵام چەمکی بیرمەند لەو مانایەی کە ئێمە مەبەستمانە نزیکترە. ئەو کەسێکە سەروکاری زیاتر لەگەڵ بیر و بەها باڵاکاندا هەیە. کەسێکە هەم ئاگایە بە کۆمەڵگا، هەم ئاگایە بە بەها باڵاکان. ئاستی هۆشیاری زانستی بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و خوێندنەوەی بۆ دۆخی کۆمەڵگا بابەتیانەیە؛ بەشێوەیەکی رەخنەیی دەڕوانێتە کۆمەڵگاو ئامانجی دەستنیشانکردنی گرفت و پێشنیازکردنی چارەسەرە، زووتر لە خەڵکی ئاسایی رووداوەکان پێشبینی دەکا – بەو ئەندازەیە لە رووی هزرییەوە دەکرێ لە پێش خەڵکی سەردەمی خۆیەوە بێ. لێرەدا من مەبەستم لە بیرمەندێکە کە دەیەوێ کاریگەری هەبێ و لە رۆژگاری خۆی دانەبرێ، بکەرێکی دیار و کارا بێ. جا بۆیە، ئەم بابەتە لەسەر یەکێک لە ئەرکەکانی کەسی بیرمەندە، کە بریتیە لە ئاگا کردنی کۆمەڵگا، کۆمەڵێک ئەرکی دی پەیوەست بوونی بیرمەند بە بابەتە هزریەەکانەو وە پێناس دەکەن، من لێرەدا باسیان ناکەم – دەکرێ ئەوە بابەتێکی دی سەربەخۆ بێ.

لەم نوسینەدا، بە کورتی ئاماژەیەک بە رۆڵی بیرمەند دەکەین لە ئاگا کردنەوەی کۆمەڵگا دا و، بزواندنی چینی هۆشیار. رۆڵی بیرمەند لە کۆمەڵگادا دەیکاتە موڵکی گشتی، چونکە کەسی بیرمەند ئامانجی ئامانجێکی گشتییە، بیر لە گرفتە جڤاتیەکان دەکاتەوە و، ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە تێکڕای خەڵکەوە، جا، ئابووری بن، کلتووری بن، ئایینی بن، زانستی بن، یاخود رامیاری. ڕۆڵی بیرمەندەکان یەک جۆر نین؛ دەگونجێ بیرمەند نەتەوەیی بێ و دۆزی نەتەوەیەک ببێتە چوارچێوەی ئیشی، دەکرێ نیشتمانی بێ و جوگرافیایەک ببێتە پانتایی مەیدانی کاری، دەکرێ ئاینیی بێ و بەردەوامی ئەو ئایینە بۆی گرنگترین ئامانج بێ و بۆی ببێ بە ئامراز. یا دەکرێ مرۆیی بێ و قسە لەسەر کۆی مرۆڤایەتی بکا؛ دەکرێ گەردوونی بێ و پەی بردن بە راستیەکانی گەردوون لە رێی زانستەوە بۆی بوبێتە خولیای ژیان. کایەکانیان دەکرێ جیاوازبن، بەڵام تایبەتمەندییەک کە هەموو بیرمەندەکان تێیدا هاوبەشن ئەوەیە کە ئامانجیان چەسپاندنی بەها مرۆییەکانە، ئەو بەهایانەی چەسپاندنیان پێویستی بە خەڵک و کۆمەڵگا هەیە (تەنانەت ئەگەر دۆزینەوەیەکی زانستیش بێ دوێینراو هەر خەڵکە؛ دەیانەوێ خەڵک ئاگا بێ بەو راستیە زانستیە) -تێبینیەک هەیە دەمانهەوێ لەم بەراییەوە ئاماژەیەکی بۆ ئەویش ئەوەیە مەرج نیە بیرمەند تەنها کەسی ئەکادیمی بێ، هەر وەک چۆن مەرج نیە ئەوەی پلەیەکی باڵای ئەکادیمی هەبێ بەس بەوە ببێتە بیرمەند. دەنگونجێ کۆی ئەو تایبەتمەندیانەی دەبنە پێناسی بیرمەند لە کەسێک دا بوونیان هەبێ و ئەو کەسە ئەکادیمی نەبێ. ئەکادیمی بوون یەکێکە لە تایبەتمەندییەکان بەڵام پێشمەرجی بیرمەندبوون نیە.  

بۆ بیرمەند، بیر بردن بۆ هەر چەمکێک بیرکردنەوەیە لە کۆمەڵگا و پەیوەستە بەخەڵکەوە، بۆ وێنە ئەگەر باسی دادگەری بکا لە چوارچێوەی کۆمەڵگا دا باسی دەکا، جا یا کۆمەڵگای خۆی، یان کۆمەڵگایەکی دی، وە لە باسکردنی دا بێ لایەن نییە. دەگات بە ئەنجامێکی دیاریکراو و بۆچوونی خۆی لەسەر دەڵێ. بۆچوونی روونە لەمەڕ ئەوەی ئایا دادگەری چەسپاوە، یا نا دادگەری، وە ڕای خۆی راشکاوانە دەڵێ کە چۆن پێویستە کۆمەڵگا لە بەرانبەر نادادی دا هەڵوێست وەرگرێ، خۆشی یەکەم هەڵوێستی روون دەنوێنێ و بۆ خەڵک دەبێتە پێشەنگ؛ قسەکانی بە کردەوە دەکات.  بە واتایەکی دی، بیرمەند، هەستی بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە پرسە گشتیەکان ئەوەندە تێدا باڵایە کە دەبێتە بەرجەستەبووی هۆشیارییەکی کۆمەڵگا و، دەبێتە ویژدانێکی زیندووی خەڵک؛ ناتوانێ لەسەر ئەوەی کە زیان بە کۆی کۆمەڵگا دەگەیەنی نەیەتەدەنگ، وە ناتوانێ لەسەر ئەوەی کە کۆمەڵگا بۆ باشتر بوونی پەکی لەسەر کەوتووە بێ دەنگ بێ. بە هەر دوو بارەکەدا، کەسی پڕبیر پەیوەستە و لە خەڵک دانابڕێ و لە چەقی پرسە گشتیەکاندایە. بنەمایەک هەیە کە پێویستیەکی بنەڕەتیە لە رۆلی بیرمەند لە کۆمەڵگا ئاگا کردنەوەو و کاریگەری ئەرێنی دروست کردن، لە کۆتایی ئەم نوسینەدا دێمەوە سەر باسی ئەو بنەمایە.  بیرمەند کۆمەڵگا بە کام لە بەها باڵاکان ئاگا دەکا و، کامەن ئەو بەهایانەی کە کۆمەڵگا بۆ تاکەکان دەکا بە ژینگەیەکی ئارەزووکراو؟ سێ بەها سێکوچکەی کۆمەڵگەیەکی شایستە بە ژیانن؛ ئازادی، یەکسانی و، دادگەری.

کەسی بیرمەند شان دەداتە بەر ئەرکێکی ئاڵۆز و بەرپرسیارییەتیەکی گەورە؛ دەبێ لە یەک کاتدا کۆمەڵگا پەروەردە بکا بە مانای هەریەک لەو بەها مرۆییانە، و دژەکانیشیان بخاتە روو. بۆ وێنە، بە ڕاشکاوی ئەوە بگەیەنێ کە ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاد دا بە بەراورد لەگەڵ  ژیان لە کۆمەڵگەیەک دا کە ئازادیە کەسیەکان پێشێل دەکا چۆنە؛ یاخود، کۆمەڵگەیەک کە تاکەکان تێیدا لە مرۆڤ بوون و ماف دا یەکسانن، وە کۆمەڵگایەک کە کەمینەیەک مافی زۆرینەیەکی رەها پێشێل دەکا چۆنە. ئەمە سەرەتایە لە کاری بیرمەند، هەر ئەوەندە بەس نیە کە ئەو وێنە جیاوازانە پێشان بدا، ئەوەش ئەرکی بیرمەندە ئەو پەیامەش بدا کە پاراستنی ئازادییە کەسیەکان، یەکسان بوونی مرۆڤەکان، یاخود چەسپاندی دادگەری پەکیان لەسەر چی کەوتووە و چۆن دەستەبەر دەبن. بۆ وێنە، ئەو راستیە دەگەیەنێ کە بۆ ئەوەی تاکەکان بتوانن ئەزموونی ئازادیە کەسی و کۆمەڵییەکانیان بکەن پێویستیان بە چەند یاسایەک هەیە پەیوەندییەکان رێکبخا، ئەمەش پێویستی بە دەسەڵاتێک هەیە بیچەسپێنێ، دەسەڵاتێک سەەروەری یاسا بەرجەستە بکا تا ئەو شوێنەی کە یاسا بۆی دیاری دەکا و رێگەی پێدەدا کار راپەڕێنێ.  

یا دەسەڵات بە چ ئامرازێک دەتوانێ یاسا بەسەروەر بکا؟ بە دڵنیاییەوە لە رێگەی چەند دامەزراوەیەکەوە کە خاوەنی بن لە ئەرک راپەڕاندندا. کام ئەرک؟ ئەرکی دەستەبەر کردنی ماف و سپاردنی ئەرک و پاراستنی ماڵ و ژیانی تاکەکان. جا بەو ئەندازەیەی کە ئازادی و دادگەری و یەکسانی پەکیان لەسەر سەروەری یاسا و کاری دامەزراوەیی کەوتووە، بەهەمان ئەندازە سەروەری یاسا و کاری دامەزراوەییش بەهای باڵان و کەسی بیرمەند لە هەوڵی ئەوەدایە کە کۆمەڵگایان پێ ئاگا بکا.

بۆ کەسی بیرمەند، کەواتە، تاکە رێگە هۆشیار کردنەوەیە، بەڵام لێرەدا ئامرازەکان یەک جۆر نین، ئێمە لەسەرەوە ئاماژەیەکمان کرد کە دەنگونجێ بیرمەندەکان لە چەند کایەیەکدا رۆڵ ببینن، دەکرێ کەسی بیرمەند نیگارکێش بێ و لە رێگەی وێنەکانیەوە کۆمەڵگا هۆشیار کاتەوە؛ دەگونجێ بیرمەند مێژوونووس بێ و لە رێگەی باسکردنی راستیەکانی رابردوو هاوکاری کۆمەڵگا بکا پەند لەو راستییە مێژووییانە وەربگرێ؛ دەگونجێ بیرمەند رۆماننوس بێ و بە زمانێکی هونەری خوێنەر بدوێنێ و وێنای گرفتەکانی کۆمەڵگا بکا، یا فیلم ساز بێ، یا مۆسیقاژەن، یا شانۆ نووس بێ، یا شاعیر، یا کۆمەڵناس، یا رۆژنامەنووس، خاڵی هاوبەشی هەموویان بریتیە لە دواندنی کۆمەڵگا. هەریەکەیان چینێکی کۆمەڵگا دەدوێنێ، ئەو چینەی کە خوێنەریەتی، یا بیسەریەتی یا بینەر. بەڵام کۆکەرەوەی هەمویان یەک ئامانجە؛ ئاگا کردنەوەی کۆمەڵگا. ئەگەر سەرنج بدەین، هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا، کردەیەکی دوو رەهەندە، لە بارێکدا پێشان دانی کەموکوڕیەکان و تەنگژەکان، لەبارێکی دی دا، پێشان دانی ڕێگا چارە و ئاراستەکردن بۆ لێ دەرباز بوون. واتە سەرەتا پێشاندانی نەخوازراوەکان، ئنجا وێنا کردنی خوازراوەکان؛ دیار کردنی ناپەسندەکان ئنجا ناساندنی پەسندەکان. بۆ نمونە ئەگەر گرفتەکە کەمی یا نەبوونی هەندێک ئازادی کەسی بێ، دەستپێکی پرۆسەی هۆشیار کردنەوە دەبێ بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەمەڕ نەبوونی ئەو ئازادیانە بێ، وە پاشان ئاگا کردنیان بەو ڕاستیەی کە سەندنی ئەو ئازادیانە بژاردەیەکی گونجاوە و ئەستەم نیە.  

کەواتە، هەریەک لەو بیرمەندانە بۆ ئەوەی کاریگەری دروستبکەن پێویستە راستەخۆ کۆمەڵگا بدوێنن. وە بۆ ئەوەی راستەوخۆ خەڵک بدوێنن پێویستیان بەوەیە لە ئاستێکدابن کە قسەیان کرد گوێیان بۆ بگیرێ. پێشمەرجەکانی گوێ بۆگیران زۆرن، بەرایی ترینیان بریتیە لە خوێندنەوەی دروست بۆ هەلومەرجی دراو و بینینی راستیەکان. بە بێ ئەو پێشەمەرجە بەراییە ئەستەمە بیرمەند بگاتە ئەنجامگیریەکی دروست.  بۆ بیرمەند پەی بردن بە راستیەکان و گەیاندنی راستیەکان وەک یەک گرنگن؛ ئەگەر بەشێکی ژیانی تەرخان کردبێ بۆ گەیشتن بە راستیەک بەشەکەی دی بۆ گەیاندنی ئەو راستیەیە و سازش لەسەر نەکردنیەتی. گەیاندنی بە کێ؟ گەیاندنی بە کۆمەڵگا، لە رێگەی راستەوخۆ داوندنی. لێرەدا، خاڵێکی گرنگ هەیە شایەنی هەڵوەستە لەسەر کردنە. وەک مرۆڤێک بیرمەندیش ترس و ئومێدی هەیە؛ دەترسێ بەڵام ترسی لە نەبوونی ئازادی و لێکەوتەکانی زیاترە لە ترسی لەو باجەی کە دەیدا بۆ چەسپاندنی ئازادی. بیرمەند خاوەن ئومێدە، ئومێدیشی لە مەتمانەدا بەرجەستە دەبێ، متمانە بەو راستیەی کە بەها باڵاکان کاریگەری دروست دەکەن و خەڵک دەبزوێنن. کەسی بیرمەند نەزان نیە بە دەرەنجامی گوفتار و کرداری، بەڵام سەرباری ئەوەی کە دەزانێ ئەگەری ئەوە هەیە باج بدا ناسڵەمێتەوە. ئەوەیە پێوەر و، ئەوەشە جیاکەرەوە. هەر ئەوەشە پێشەمەرجەی بوێری و چاونەترسی. بوێریی بیرمەندە وا دەکا دەنگی بە خەڵک بگا و شایستەی ئەوە بێ کە گوێی بۆ بگیرێ. چی گوتن مەرجێکە، بەڵام بەردەوامی لەسەری و سازش نەکردن مەرجێکی گرنگترە. گرنگترین هۆکار بۆ گەیاندن و تێگەیاندن بریتیە لە بەردەوامی و دووبارە کردنەوە – راستیەک بە گوێی خەڵک دابدرێ تا ئەو کاتەی دەیبیستن، ئەوەندە بە بەردەوامی بیبستن تا تێیاندا بەرجەستە دەبێ. بە کورتی، لە راستەخۆ دواندنی خەڵک دا، بیرمەند خۆی دەکاتە ئامرازو ئەو پەیامەی کە دەیەوێ بیگەیەنی دەبێتە ئامانج؛ ئامانجەکە ئەوەیە پەیامەکەی لە کۆمەڵگا دا گۆرانکاری ئەرێنی بێنێتە ئاراوە. بۆ وێنە، خەڵک هۆشیار بکا بە مافەکانیان بە ئەندازەیەک کە خەڵک سازش لەسەر مافەکانیان نەکەن و بیانستێنن؛ بە رادەیەک خەڵک ئاگا بکا بە ئەرکە گشتیەکانیان کە خۆویستانە ئەو ئەرکانە راپەڕێنن.

بیرمەند ئامانجدارە و زانایانە ئەرکی خۆی بەجێ دەگەیەنێ، کارێکی ئاگایانەی مەزن جێبەجێ دەکا و ئەو ئەرکە بەکەسی دی ناسپێرێ، بۆخۆی ڕایدەپەڕێنێ. بیرمەند بکەرێکی دانەبڕاوە، کاتێک پەی بە راستیەک دەبا، هەوڵ دەدا ئەو راستیە لە کۆمەڵگادا رەگ داکوتێ و، لەبەرانبەری دا هەوڵ دەدا چەوتیەک ریشەکێش بکا. بۆ وێنە، بیرمەند دانایە بەوەی کە چەسپاندنی دادگەری بە تەنها لە باسکردنی بیری پەسندی دادگەری دا نیە، بەڵکو پێچەوانەکەشی پێویستە بگوترێ. لە دژ نادادی ڕا دێ و بەرپەرچی دەداتەوە. بەرپەرچ دانەوە و لە راست ڕا هاتن و راسان کاری سانا نین؛ زۆر جار باجی گوتنی راستی کەمترە لە باجی پوچەڵکردنەوەی ناراستی. بیرمەند ئامادەیە ئەو دوو باجە بدا. لە چوارچێوەی کۆمەڵگادا دیار کردنی هەر راستیەکی کۆمەڵایەتی لە بەرانبەر خۆیدا ناراستیەکی کۆمەڵایەتی دیار دەکا. بۆ نمونە، ئەگەر بگەینە ئەنجامگیریەک و ئەو راستیە بسەلمێنین کە خوێنەربوونی زۆرترین ژمارەی کەسەکان لە کۆمەڵگایەکدا یەکێکە لە پێشمەرجەکانی پێشخستنی  ئەو کۆمەڵگایە؛ واتە ئەو راستیەی کە خوێندەواری و پێشکەوتن پێکەوە راستەوانە دەگۆرن. بۆ برەودان بە خوێندەواری رێگایەکی دیکە شک نابەین جگە لە نەهێشتنی نەخوێندەواری. واتە ئێمە لە یەک کاتتدا کە هانی خوێندەواری دەدەین، دژی نەخوێندەواری سەنگەرمان گرتووە. نمونەیەکی دی، ئەگەر ئەوە راست بێ کە ئەوانەی ئەزموونی دەسەڵات دەکەن، کەمتر بواری قۆرخکاری و گەندەڵی و ستەمیان دەبێ ئەگەر هاتوو لەژێر چاودێری پەیکەرەکانی نوێنەرایەتی خەڵک دابن و، رێکارێک هەبێ بۆ لێپێچینەوەیان، ئەمە زیاتر لە گەیاندنی وەک راستیەک پێویستە. بەتەنها گووتنی ئەو راستیە بەس نیە بەڵکو گرنگی ئەو راستیە لە ئەزموونکردنی دا بەرجەستە دەبێ. واتە؛ بۆ ئەوەی رێبگیرێ لە ستەم و گەندەڵی، پێویستە پەیکەرەی دەسەڵات بخرێتە ژێر چاودێری ئاگایی خەڵکەوە. خەڵک هاندان بۆ ئەوەی چاودێری کاری دەسەڵات بکەن ئەرکێکە ئاگایانەو مەزن. باجی دەوێ، چونکە کەمینەیەک کە لە گەندەڵی و ستەم سودمەندن پارێزگاری لە بەرژەوەندی و پێگەی خۆیان دەکەن، ئەگەرێکی بەهێزە بۆ ئەو مەبەستە پەنا بەرنە بەر توندوتیژی و هەرەشە. نمونە زۆرن، بەڵام ئەو دوو نمونەیەی سەرەوە ئەو مانایەی کە مەبەستمە دەگەیەنن. ئەگەر سەرنج بدەین، بەرپرسیارێتی بیرمەند لەهەر بوار و لایەنێکی ژیانی کۆمەڵگەدا بریتیە لە پەیوەست بوون، لێ دانەبڕان و دەستەویەخەبوون؛ ئەو کەسایەتیەکی هەمیشە بزواوە و، دینامیکییە.

بۆ کەسی بیرمەند، گەیاندنی ئەو راستیەی کە بۆچوونی لەسەر چەسپاوە بایەخێکی لە رادەبەدر پیرۆزی هەیە. با وێنەیەک بێنمەوە کە کەم تا زۆر هەموومان پێی ئاشناین، فەیلەسوفی یۆنانی سوقرات ئامادە بوو ژەهری هیملۆک بخواتەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ، بەڵام ئامادە نەبوو لە گوتنی ئەو راستیانەی کە پەی پێ بردبوون پاشگەزبێتەوە، بواری درا  لەوەی گوتویەتی پەشیمان بێتەوە و لەبەرانبەردا لێ خۆش بن،  رەتی کردەوە؛ بواری بۆ رەخسێندار لەو ماوەیەی کە لە زیندان دا بوو خۆی دەرباز بکا، ئەمەشی رەتکردەوە، چونکە مەبەستی بوو ئەو راستیەی کە پێیەتی بیگەیەنێ و، ئەوەش بگەیەنێ کە راستیەکە بۆ ئەو ئەوەندە مەزنە، ئامادەیە گیانی خۆی لە پێناو دا بدا. بۆ ئەو بایەخی گوتنی راستی زیاتر بوو لە بایەخی ژیانێک کە تێیدا ئامادەبێ لە راستیەکی ئەزموونکراو نکۆڵی بکا. راستیەکانی گوت، باجەکەی دا، بەڵام هەر ئەو ئامادەیی باج دانەی بوو کە ئێستا ئێمە وەک بیرمەندێک بە نمونەی بوێری دەیهێنیەوە – وەک بیرمەند ئەو موڵکی تێکرای مرۆڤایەتییە، ئەگەر هاتباو لە زیندان رایکردبا یا گیانی بۆ پەیامەکەی بەخت نەکردبا، ئێستا مرۆڤایەتی سوقراتێکی نەدەبوو. لەم وێنەیەدا وانەیەک هەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێ راستی بگەیەنن، کاریگەری دروست بکەن و، ببنە موڵکی تێکڕای ئەو کۆمەڵگەیەی کە دەیانەوێ تاکەکانی هۆشیار بکەنەوە، وانەکەش ئەوەیە؛ کاریگەر بوون باجی پێویستە، زۆرجار ئەو باجەی کە دەبێ بیدەن بریتیە لە لەدەست دانی بەرژەوەندیەکی ماددی، یا پێگەیەکی فەرمی، یا دەسکەوتێکی پیشەیی، لە هەندێک باردا تەنانەت لەدەست دانی بەشێک یا کۆی ژیان، یا لەدەست دانی ئازادی – کەم نین ئەوانەی بۆ ئازادی لە زیندانن؛ لە پێناو بانگەشەیان بۆ ئازادی زیندانی کراون.

تا ئەو کاتەی بیرمەند ئامادەیی ئەوەی نەبێ کە لە بەرانبەر گەیاندنی ئەو پەیامەی کە هەیەتی کۆی بەرژەوەندیەکانی و ژیانی وە ک دراو بدا، نابێ چاوەرێی ئەوە بکات کە کار و گوفتاری کاریگەری لە کۆمەڵگادا دروست بکەن. ئەوەش ئەو بنەمایە بوو کە لەسەرتای ئەم نووسینە دا ئاماژەم بۆ کرد و گوتم لە کۆتایی دا دێمەوە سەری؛ بنەمای بوێری و لە خۆ بوردن، خۆکردنە ئامراز و، بەهای باڵا کردنە ئامانج. دەستبەردار بوونی هەموو دراوەکانی دی و دەستگرتن بەو راستیانەوە کە بە چەسپاندنیان کۆمەڵگا سودمەند دەبێ. ئامانج چییە؟ ئامانج خەڵک ئاگا کردنە بە بەها پەسندەکان. ئامانج بۆ کەسی بیرمەند ئەوەیە تاکەکانی کۆمەڵگا هۆشیار بن و زیندوو بن؛ هۆشیار بن بە زانینی دروست و، زیندوو بن بۆ راپەڕاندنی. واتە خەڵک ئاگا کردن بە راستیەکی ئەزموونکراو ، ئەو راستیەی کە بۆ باشترکردنی کۆمەڵگا زانیینی دروست بەتەنها بەس نیە بەڵکو ئەزموونکردن و بەرجەستەکردنی پێشمەرجەن بۆ گەیشتن بە دەرەنجامی ئارەزووکراو. کەسی بیرمەند دەیەوێ کۆمەڵگا ئەو ناوەندە بێ کە تاکەکان ژیان تێیدا مانابەخش دەبینن؛ ژیانێک کە شایستەی مرۆڤی هۆشیار بێ، مرۆڤێک ئاگا بە پڕمانایی ژیان.