دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

ئالوودەبوون بە بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى تۆژينەوەيەك لەسەر ئەو خوێندكارانەى دوو ساڵ يان زياتر لە قۆناغێكى خوێندندا ماونەتەوە

By دیاری سابیر

تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان، كاتێك زياد لە پێويست بەكار دەهێندرێن دەكرێت ببنە ئامڕازێكى گرفتدار و پەكخستن دروست بكەن. ژمارەيەكى بەرچاو ئەوە پيشان دەدەن كە پەيوەندييەك لە نێوان ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا هەيە؛ بۆ نموونە گريمانەى قەرەبووكردنەوەى كۆمەڵايەتى ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەى كەموكورتييان لە كارامەييە كۆمەڵايەتييەكاندا هەيە و تووشى نائارامى دەبن لە بەركەوتنى كۆمەڵايەتى ڕووبەڕوودا، ئەوا دەكرێت پەنا ببەنە بەر تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بۆ قەرەبووكردنەوەى كەموكورتييەكان و سنووردرابوونى بەركەوتنە كۆمەڵايەتييەكانيان. هەر بۆيە ئەم تۆژينەوەيە ئامانجى ئەوەيە ئاستى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان ودڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى، لەگەڵ پێوەندى نێوان ئەم دوو گۆڕاوە بدۆزێتەوە. نموونەى ئەم تۆژينەوەيە بريتييە لەو قوتابيانەى مێژووى شكستى ئەكاديمييان هەيە؛ واتە لە ساڵێك زياتر لە قۆناغێكى خوێندندا ماونەتەوە. ژمارەى بەشداربووان ١٣٥ خوێندكارە و داتاكە لە سێ قوتابخانەى جياواز كۆكراوەتەوە.

دەسپێك

لە دەيەى ڕابردوودا، بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە شێوەيەكى بەرچاو لە هەموو جيهاندا ڕووى لە هەڵكشان كردووە. بە گوێرەى ڕاپرسييەكى پێگەى ستاتيستا، بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان سێ هێندە زيادى كردووە؛ لە ١ بليۆن بەكارهێنەرەوە لە ساڵى ٢٠١٠دا بۆ سێ بليۆن بەكارهێنەر بەرزبووتەوە. هەروەها، پێگەكە پێشبينى دەكات ئەم هەڵكشانە بەردەوام بێت لە ساڵانى داهاتوودا (ستاتيستا، ٢٠١٨). هەروەكوو لە ڕاپۆرتى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان لە جيهانى عەرەبيدا ئاماژەى بۆ كراوە، فەيسبووك زۆرترين بەكارهێنەرى هەيە لەم وڵاتانەدا بە ١٥٦ مليۆن بەكارهێنەر كە %٣٢.٢ى ئەم ژمارەيە ڕەگەزى مێن. لە نێو وڵاتە عەرەبييەكاندا، ١٤ مليۆن بەكارهێنەرى فەيسبووكى هەيە، كە ئەمەيش يەكێكە لە ڕێژە هەرە بەرزەكان لە نێو وڵاتە عەرەبييەكاندا (سەليم، ٢٠١٧). وەلێ ئاشكرايە ئەم تەكنەلۆجيا نوێيە دوور نييە لە مەترسى كاتێك بە شێوەيەكى گرفتئامێزانە بەكار دەهێندرێت.

بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان

لە پاش ئەوەى كەسان پڕۆفيشناڵ نيگەرانى خۆيان لەبارەيەوە دەربڕى، ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى دەستى كرد بە ئەنجامدانى چالاكى سەبارەت بە بەكارهێنانى زياد لە پێويستى ئينتەرنێت بە گشتى و تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە تايبەتى و، لە ڕاپۆرتێكدا وەكوو گرفتێگى پەيوەست بە تەندروستى گشتييەوە ئاماژەيان بۆ كرد (ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى، ٢٠١٤). تۆژينەوە ئەزموونييەكان لەم بارەيەوە بە ناجێگير باس كراون، بەهۆى ئەمەيشەوە تا ئێستاكە دەستنيشانكردنێكى دياريكراو بۆ پەشێوييە پێوەنديدارەكان بە بەكارهێنانى ئينتەرنێتەوە نييە. پتر لەمە، لە تۆژينەوە زانستييەكاندا زاراوەى جياواز و هەمەچەشن بەكار دەهێندرێن و هەر يەكێكيان ئاماژەى جياوازى دەستنيشانكردن لەخۆ دەگرێت، نموونەى ئەم زاراوانە بريتين لە ئالوودەبوون بە بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە، ئالوودەبوون بە فەيسبووكەوە، ئالوودەبوون ميديا كۆمەڵايەتييەكانەوە، هتد. (بانياى و ئەوانى ديكە ٢٠١٧). وەلێ بەكارهێنانى گرفتئامێزى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بەلاى ئەندرياسێن و پاڵێسن (٢٠١٤)ەوە بريتييە لە تەرخانكردنى كات و وزەيەكى زياد لە پێويست بۆ تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان كە دەبێتە هۆى گرفتى بەرچاو لەلايەنە جياوازەكانى ژيانى كەسەكەدا، لەوانە لايەنى كۆمەڵايەتى، پيشەيى ئەكاديمى؛ هەروەها، كاريگەرى نەرێنى دەكاتە سەر باشبوونى دەروونى. هەروەها، كەسكە نيگەرانييەكى بەردەوام و پاڵنەرى توندى هەيە لەبارەى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە. لەم بارەيەوە تۆژينەوەيەك لە هەنگاريا كە بەشدارى ٥٩٦١ نەوجەوان ئەنجامدرا، گەيشت بەو ئەنجامەى كە لەسەدا ٤.١ى بەشداربووان لە مەترسى بەرزى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكاندا بوون (بانياى و ئەوانى ديكە ٢٠١٧). تۆژينەوەيەكى ديكە لە توركيا پرسى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵاتييەكانەوە لە نێو ٥٩٦ قوتابى ئامادەييدا خستە بەر لێكۆڵينەوە. بە شێوەيەكى تێكڕا ئاستى ئالوودەبوون لە نێو بەشداربوواندا نزم بوو و هيچ جياوازييەكى بەڵگەدار لە نێوان بەشداربووانى نێر و مێدا نەدۆزرايەوە (ئافاجان، ٢٠١٩). هەر لەبارەى جياوازى ڕەگەزييە، تۆژينەوەيەك لەلايەن دوفۆر و ئەوانى ديكەوە (٢٠١٧) ئەوەى پيشاندا لەسەدا ١.٤٥ى كچان و لەسەدا ١.١٦ى كوڕان بەشێوەيەكى گرفتئامێزانە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانيان بەكار دەهێنا. وەلێ تۆژەرەكان جياوازى بەڵگەداريان لە نێوان كوڕان و كژانى بەشداربوودا نەدۆزييەوە؛ نموونەى تۆژينەوەكە بريتى بوو لە ٢٩٣١ قوتابى پۆلەكانى ٩، ١٠، و ١١.

دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى

خاسييەتى سەرەكى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى بريتييە لە ترسێكى جێگير و ناكەتوارى لەبارەى ئەو بۆنە كۆمەڵايەتييانەوە كە تێيدا كەسەكە دەكرێت ڕووبەڕووى ڕەخنە و هەڵسەنگاندنى كەسانى ديكە ببێتەوە؛ هەروەها، كەسەكە دەكرێت ئەزموونى ترس بكات كاتێك بەركەوتنى لەگەڵ كەسى نەناسراودا دەبێت (كرينگ و ئەوانى ديكە، ٢٠١٤). بە گوێرەى ڕێكارنامەى دەستنيشانكردنى نەخۆشييە دەروونييەكان، چاپى پێنجەم، لە ئەمێريكا، ڕێژەى بەربڵاوى نەخۆشيى دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى لە ١٢ مانگى ڕابردوودا بريتييە لە سەدا ٧. لە كاتێكدا، لە ئەوروپا ئەم ڕێژەيە لەسەدا ٢ زياتر نييە. ئاستى بەربڵاوى ئەم نەخۆشييە لە نێوان كەسانى پێگەيشتوو و نەوجەواندا هاوشێوەيە، وەلێ بە گوێرەى ڕەگەز، ئەوانەى ڕەگەزى مێن زياتر ئەزموونى ئەم حاڵەتە دەكەن (كۆمەڵەى دەروونپزيشكيى ئەمێريكى، ٢٠١٣). لە ڕاپرسى دەروونساغى ئێراق كە لەلايەن ڕێكخراوى تەندروستى جيهانييەوە ئەنجامدراوە، دەركەوتووە ئاستى بەربڵاوى دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى لەسەدا ١ە و ڕەگەزى مێ، بەراورد بە بە ڕگەزى نێر زياتر ئەزموونى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى دەكەن. لەبارەى بەربڵاوى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييەوە لە هەرێمى كوردستاندا، ئەنجامەكان ئەوەيان پيشاندا كە بە لەسەدا ٢.٧ ڕێژەى بەربڵاوى بەرزترە بەراورد بە باشوور و ناوڕاستى ئێراق (ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى، ٢٠٠٩). لەم بارەيەوە، تۆژينەوەيەك كە لە بەغداد بەشدارى ١٠٨٠ خوێندكارى ناوەندى ئەنجام دراوە، گەيشتن بەو ئەنجامەى لەسەدا ٤٤ى بەشداربووان نيشانەى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييان تێدا بوو، بەڵام تەنها لەسەدا ١.٦٧ بە نەخۆشيى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى دەستنيشان كران. سەبارەت بە جياوازى ڕەگەزى، ئەو بەشداربووانەى ڕەگەزى مێ بوون زياتر ئەزموونى نيشانەكانيان دەكرد (حومادى و ئەل عوبەيدى، ٢٠١٤). تۆژينەوەيەك لە ئێران پيشانى دا ڕێژەى بەربڵاوى دڵەڕاوێكى كۆمەڵايەتى لەسەدا ٦.٢ بووە، بەبێ ئەوەى جياوازى بەڵگەدارى ئامارى لە نێوان ڕەگەزى نێر و مێدا هەبێت. لەلايەكى ديكەوە، تۆژينەوەكان ئەوەيان پيشان داوە كە دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لێكەوتەى نەرێنى لەسەر لايەنە جياوازەكانى ژيانى كەس تووشبوو دادەنێت (ئادێركا و ئەوانى ديكە، ٢٠١٢). ستاين و كين (٢٠٠٠) ئاماژە بەوە دەكەن كاتێك كەسێك بە نەخۆشيى دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى دەستنيشان دەكرێت ئەگەرى ئەوەى ئەزموونى شكستى ئەكاديمى بكات زياد دەبێت؛ هەروەها، تۆژينەوەكەيان ئەوەى پيشان داوە لەسەدا ٣٨.١ى ئەوانەى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييان هەبووە خوێندنى ئامادەييان تەواو نەكردووە و ئەم ڕێژەيەش بەرزترە بەراورد بە ڕێژەى وازهێنان لەو كەسانەدا كە دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتييان نييە (لەسەدا ٣٠.١).

بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى

ژمارەيەك تۆژينەوە بوونى پێوەندييان لە نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان ياخود ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييدا دۆزيتەوەتەوە. ێن و ئەوانى ديكە (٢٠١٢) ئاماژەيان بەوە كردووە كە، بە شێوەيەكى گشتى، دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لە كاتى بەركەوتنە ئۆنلاينەكاندا كەمترە بەراورد بە تێكەڵبوونى كۆمەڵايەتى ڕووبەڕوو. بە گوێرەى ئەو تۆژەرانە، هۆكارى ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى بەركەوتنى ئۆنلاين خۆشاردنەوە دەبەخشێت بە بەكارهێنەرانى، و ڕاكردن لە بارودۆخى شەرمهێنەرانە ئاسانترە، چونكە ئەو كەسانەى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييان هەيە ترسێكى زۆر يان لە بارودۆخى شەرمهێنەرانە هەيە. پتر لەمە، بۆ كەسێك كە دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى هەيە پێوەنديكردنى ئۆنلاين، بە تايبەت لە ڕێگەى نامە ناردنەوە، يارمەتييان دەدات لەوەى خۆيان بەدوور بگرن لەو لايەنانەى بەركەوتنى كۆمەڵايەتى كە ترسيان بۆ دروست دەكات، بەبێ ئەوەى بە تەواوى دەستبەردارى پێوەندييە كۆمەڵايەتييەكان ببن، لەبەرئەوەى پێوەندى ئۆنلاين، تا ئاستێك، پێويستييە كۆمەڵايەتييەكانيان پڕ دەكاتەوە (ئێروين و ئەوانى ديكە، ٢٠٠٤). لەم بارەيەوە، تۆژينەوەيەكى ديكە، كە بە بەشدارى نموونەيەك لە خوێندكارى زانكۆ ئەنجام دراوە، گەيشت بەو ئەنجامەى كە كاتێك ئەو كەسانەى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتييان هەيە بۆ پڕكردنەوەى پێويستييە كۆمەڵايەتييەكانيان پەنا دەبەنە بەر تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان، ئەم پڕۆسەى پڕكردنەوەيە دەكرێت سەر بكێشێت بۆ ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە. هەروەها، دەركەوت بەكارهێنانى  گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان لەلايەن ڕەگەزەى نێرەوە بۆ مەبەستى خۆپيشاندانە؛ واتە خۆپيشاندان بە شێوەيەكى كارامە و دوور لە هەر خەوشێك. لە كاتێكدا بۆ ڕەگەزى مێ، فاكتەرى سەرەكى پەيوەست بە بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە بريتييە لە پێويستى ئەوەى بەشێك بن لە شتەكان (كاسالێ و فيۆراڤانتى، ٢٠١٥).

هەرچەندە تۆژينەوە لەسەر ڕێژەى بەربڵاوى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى ئەنجام دراوە، و ژمارەيەك تۆژينەوەش پێوەندى نێوان ئەم دوو گۆڕاوەيان خستووەتە بەر لێكۆڵينەوە، لە جيهاندا بە گشتى و لە هەرێمى كوردستاندا بە تايبەتى تۆژينەوەى سيستەماتيك لەم بارەيەوە بە كەمى ئەنجام دراوە. بە دياريكراوى لە هەرێمى كوردستاندا، بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە شێوەيەكى سنووردارنە بووەتە پرسى تۆژينەوەى زانستى. لەم سۆنگەيەوە، ئامانجى ئەم تۆژينەوەيە بريتييە لە لێكۆڵينەوە لە ئاستى بەربڵاوى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لەسەر بنەماى ژمارەيەك گۆڕاو، لەوانە، تەمەن، ڕەگەز، و بارى ئابوورى، لە نێو گرووپێك لەو خوێندكارانەى مێژوى ئەزموونكردنى شكستى ئەكاديمييان هەيە. پتر لەمە، ئامانجێكى ترى ئەم تۆژينەوەيە بريتييە لە وردبوونەوە لە پێوەندى نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى. لەم تۆژينەوەدا هەوڵ دەدەين وەڵامى ئەم پرسيارانە بدەينەوە:

بەربڵاوى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵاتييەكانەوە لە نێو نموونەى تۆژينەوەكەدا لە چى ئاستێكدايە؟
ئايا جياوازى بەڵگەدار لە نێوان قوتابيانى نێر و مێ، لە ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵاتييەكاندا هەيە؟
بەربڵاوى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لە نێو نموونەى تۆژينەوەكەدا لە چى ئاستێكدايە؟
ئايا جياوازى بەڵگەدار لە نێوان قوتابيانى نێر و مێ، لە دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا هەيە؟
چى جۆرە پێوەندييەك لە نێوان ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵاتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا هەيە؟

مێتۆد

بەشداربووان

بەشداربووانى ئەم تۆژينەوە قوتابى پۆلى ١٠ و ١١ بوون. داتاى تۆژينەوەكە لە سێ قوتابخانەى ئامادەيى لە شارى هەولێرى پايتەختى هەرێمى كوردستان كۆكرايەوە. دوو لەم قوتابخانانە تايبەت بوو بە كچان و يەكێكيان تايبەت بوو بە كوڕان. هەروەها، دوو قوتابخانەيان خوێندنى ئێوارانيان تێدا بوو و قوتابييەكانى خوێندنى ئێواران بەشداربوون لە تۆژينەوەكەدا. داتاى تۆژينەوەكە بە تەكنيكى وەرگرتنى نموونە بە شێوەيەكى گونجاو كۆكرايەوە. ئەو قوتابيانەى لەم تۆژينەوەدا بەشداربوون، وا دانرابوو مێژووى شكستى ئەكاديمييان هەيە بەهۆى ئەوەى دوو ساڵە يان سێ ساڵە بوون. قوتابيانى پۆلى ١٢، ئەوانەى كە ماونەتەوە، لەم تۆژينەوەدا بەشداريان پێ نەكرا بەهۆى ئەوەى كاتێك قوتابييەك لە پۆلى ١٢ دەمێنێتەوە، هەموو جارێك بەهۆى شكستى ئەكاديمييەوە، بەڵكوو دەكرێت بەهۆى ناڕەزامەندى قوتابييەكەوە بێت لە نمرەكەى كە ئەو بەشى دڵخوازى خۆى ناگرێتەوە.

ئامڕازەكانى كۆكردنەوەى داتا

بۆ پێوانى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان،  پرسيارنامەى (ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە) بەكار هێندرا. ئەم پرسيار نامەيە لە ٢٩ بڕكە پێكهاتووە كە بەسەر چوار ڕەهەنددا دابەش دەكرێن: بەردەوامى لە بەكارهێنان، بەكارهێنان بە مەبەستى پێوەنديبەستن، بەكارهێنانى گرفتئامێزانە، بەكارهێنان بۆ مەبەستى زانيارى. ئەم پرسيارنامەيە لەلايەن شاهين (٢٠١٨)ەوە پەرەى پێ دراوە، بۆ هەر پرسيارێك پێنج هەڵبژاردە هەيە: زۆر ناڕازيم (١)، ناڕازيم (٢)، نە ڕازيم نە ناڕازى (٣)، ڕازيم (٤)، زۆر ڕازيم (٥). بەرزترين ئەنجام لەم پرسيارنامەيەدا بريتييە لە ١٤٥ و نزمترين ئەنجام بريتييە لە ٢٩. ئەنجامە بەرزەكان ئاماژەى بۆ ئەوەى كەسەكە وەكوو كەسێكى ئالوودەبوو بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە خۆى دەبينێت. بۆ ئەم تۆژينەوە پرسيارنامەكە لە ڕێگەى تەكنيكى وەرگێڕانى پێچەوانەوە لە زمانى ئينگليزييەوە كرا بە زمانى كوردى (واتە؛ سەرەتا پسپۆڕێك پرسيارنامەى وەرگێڕا بۆ زمانى كوردى، دواتر پسپۆڕێكى تر كوردييەكى وەرگێڕايەوە بۆ ئينگليزى، و لە كۆتاييدا پسپۆڕێكى ديكى بەراوردى وەشانى ئينگليزى ڕەسەن وەشانى ئينگليزى تازەداڕێژراوى كرد بە مەبەستى هەڵسەنگاندنى هاوشێوەييان). لەبارەى جێگيرييەوە، ئەنجامەكان ئەوەيان پيشان دا جێگيرى وەشانى كوردى پرسيارنامەكە لە ئاستێكى بەرزدا بوو (ئەلفا = .٨٩).

بۆ پێوانى دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى پێوەرى كوچەر بۆ پێوانى دڵەڕاوێكى كۆمەڵايەتى سوودى لێ وەرگيرا، كە لەلايەن كوچەر (١٩٩٩)ەوە بە زمانى ئينگليزى پەرەى پێ دراوە. بۆ ئەم تۆژينەوەيە، لە ڕێگەى پڕۆسەى وەرگێڕانى پێچەوانەوە وەشانى كوردى پرسيارنامەكەى وەدەست خرا. ئەم پرسيارنامەيە لە چوار بەش پێكهاتووە و لەم تۆژينەوەيەدا تەنها بەشى يەكەمى سوودى لێ وەرگيرا كە تايبەتە بە پێوانى ناڕەحەتى و دڵەراوێك لە بارودۆخە كۆمەڵايەتييەكاندا. پێوانەكەى كوچەر لە ١٨ بڕگە پێكهاتووە و هەر بڕگەيەك چوار هەلبژاردەى هەيە: هەرگيز، بە سووكى، بە شێوەيەكى مامناوەند، و توند و، ئەنجامە بەرزەكان ئاماژەن بۆ خراپتربوونى نيشانەكانى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى. لەبارەى جێگيرييەوە، ئەنجامەكان ئەوەيان پيشان دا جێگيرى وەشانى كوردى پرسيارنامەكە لە ئاستێكى بەرزدا بوو (ئەلفا = .٨٠).

شێوازى كۆكردنەوەى داتا

لەپاش وەرگرتنى ڕەزامەندى بەڕێوبەرايەتى گشتى پەروەدەى هەولێر، سەردانى سێ قوتابخانە كران. بەڕێوبەرى قوتابخانەكان ڕەزامەندييان لەسەر پڕۆسەى داتا كۆكردنەوەكە دەربڕى و هاوەڵى تۆژەرەكە و خوێندكارێكى بەشى دەروونزانى كلينيكى كرد بۆ پۆلەكان و يارمەتيدەر بوون لە داتا كۆكردنەوەكەدا. دەاى ڕوونكردنەوەى ئامانجى تۆژينەوەكە و ئاگاداركردنەوەى قوتابييەكان لەوەى بەشداريكردنيان تەواو خۆويستانەيە، پرسيارنامەكان لە نێو قوتابييەكاندا دابەش كران. داتاى كۆكراوەى ئەم تۆژيەوەيە لە ڕێگەى پڕۆگرامى "ئێس-پى-ئێس-ئێس" وەشانى ٢٣ەوە شيكارى ئامارى لەسەر ئەنجام درا.

ئەنجامەكان

١٦٥ قوتابى ئامادەيى لەم تۆژينەوەدا بەشداربوون؛ وەلێ، داتاى ٣٥ كەس لەوانە بەشدرابوون ئەژمار نەكرا بەهۆى ئەوەى بەشێكى بەرچاوى پرسيارنامەكانيان پڕ نەكردبوويەوە, هەر بۆيە داتاى ١٣٥ بەشداربوو لە شيكارييە ئامارييەكەدا بەكار هات. مەوداى تەمەنى بەشداربووان لە نێوان ١٦ بۆ ٢٦دا بوو؛ سێ لە بەشداربووان تەمەنيان نەنووسيبوو. تێكڕاى تەمەنى بەشداربووان بريتيى بوو لە ١٩.٢٢. نموونەى تۆژينەوەكە ٦٠ بەشداربووى ڕەگەزى نێر و ٧٥ بەشداربووى ڕەگەزى مێى تێدا بوو. لە سەدا ٨٠ى بەشداربووان بارى داراييان بە مامناوەندى ديارى كردبوو. سەبارەت بە ساڵى مانەوە، ٨٤ى بەشداربوو يەك ساڵە بوون، لە كاتێكدا ٥١ بەشداربوو دوو ساڵە بوون.

ئامانجى سەرەكى ئەم تۆژينەوەيە بريتيى بوو لە دۆزينەوەى ڕێژەى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى. ئەنجامەكان ئەوەيان پيشان دا كە ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە لە ئاستێكى مامناوەنددا بوو لە نێو بەشداروواندا. هەروەها، دەركەوت زۆربەى بەشداربووان بە مەبەستى پێوەنديكردن تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بەكار دەهێنن، و بە دواى ئەمەدا پەيداكردنى زانيارى هۆكارى دووەمى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بوو. لەبارەى جياوازى ڕەگەزييەوە، ئەنجامەكان ئەوەيان پيشاندا كە جياوازى بەڵگەدار لە نێوان بەشداربووانى نێر و مێدا نەبوو لە بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكاندا؛ وەلێ ئەوە دەركەوت كە ڕەگەزى نێر زياتر لە ڕەگەزى مێ تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بۆ مەبەستى پێوەنديكردن بەكار دەهێنن. پتر لەمە، ئەنجامەكان ئەوەيان پيشان دا كە دڵەڕاوێكى كۆمەڵايەتى لە نێو بەشداربوواندا لە ئاستێكى نزمدا بوو. بە پێچەوانەى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە، جياوازى بەڵگەدار لە نێوان ڕەگەزى نێر و مێدا، تايبەت بە دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى دۆزرايەوە. بە گوێرەى ئەنجامەكان بەشداربووانى ڕەگەزى نێر زياتر دڵەڕاوكێ كۆمەڵايەتى تێياندا بەربڵاو بوو بەراورد بە بەشداربووانى مێ.

ئامانجێى ديكەى ئەم تۆژينەوەيە بريتيى بوو لە لێكۆڵينەوە لە پێوەندى نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى؛ ئەم پێوەندييە لە ڕێگەى تێستى پێرسن تايبەت بە هاوپێوەندى شيكارى بۆ كرا. ئەنجامەكان ئەوەيا پيشان دا كە پێوەندييەكى ئەرێنى بە هێزێكى مامناوەند لە نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا هەيە (واتە؛ كاتێك يەكێك لەم گۆڕاوانە زياد بكات، ئەوا ئەوى ديكەيش زياد دەكات و ئەگەر كەم بكات ئەوى ديكەيش كەم دەكات. بە مانايەكى ديكە كاتێك بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان زياد بكات ئەوا دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيش زياد دەكات و بە پێچەوانەيشەوە).

لە كۆتاييى شيكارييە ئامارييەكەدا، لە ڕێگەى تێستى ئەنۆڤاوە هەوڵ درا بزاندرێت ئايا جياوازى هەيە لە بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكاندا بە گوێرەى بارى دارايى، بەڵام ئەنجامەكان كە جياوازييەكان لە ڕووى ئامارييەوە بەڵگەدار نين.

گفتوگۆ لەسەر ئەنجامەكان

ئەم تۆژينەوەيە تايبەت بوو بە وردبوونەوە لە بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لەسەر بنەماى چەند گۆڕاوێك؛ هەروەها، پێوەندى نێوان ئەم دوو گۆڕاوە خرايە بەر لێكۆڵينەوە. ئەنجامەكان ئەوەيان پيشان دا كە بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان لە ئاستێكى مامناوەنددا بوو. پتر لەمە، جياوازى بەڵگەدار لە نێوان بەشداربوونى ڕەگەزى نێر و بەشداربووانى ڕەگەزى مێدا نەدۆزرايەوە. ئەم ئەنجامە، هاوشێوەى دۆزينەوەكانى ئافاجانە كە ئەويش جياوازى نەدۆزيبووەوە؛ دوفوۆر و ئەوانى ديكە (٢٠١٧) بە هەمان ئەنجام گەيشتن. هۆكارێك بۆ ئەمە دەكرێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بە شێوەيەك بەربڵاوە كە هەردوو ڕەگەز بە شێوەيەكى هاوتا بەكارى دەهێنن.

لەلايەكى ديكەوە، ئەنجامەكان دەريانخست كە ئاستى دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى لە نێو بەشداربوواندا نزمە، وەلێ بەشداربووانى ڕەگەزى نێر نيشانەكانيان تێدا بوو. ئەم ئەنجامە پێچەوانەى ئەنجامى تۆژينەوەكانى ديكەيە لەوانە: كۆمەڵەى دەروونزيشكيى ئەمێريكى (٢٠١٣)، حوممادى و ئەل عوبەيدى (٢٠١٤) لە ئێراق، و وێتەربێرگ (٢٠٠٤) لە سويد. بەڵام، لەم بارەيەوە تۆژينەوەيەك لە ئێران جيازاى بەڵگەدار نەدۆزييەوە (دۆدانگى و ئەوانى ديكە، ٢٠١٤) بەرزى ئاستى دڵەڕاوێكى كۆمەلايەتى لە نێو ڕەگەزى نێردا دەكرێت بگەڕێتەوە بۆ ئەوەى لە چوارێوەى ئەكاديميدا ڕەگەزى نێر ڕووبەڕووبى مامەڵەيەكى توندتر دەبنەوە، وەلێ ئەمە تەنها گريمانەيەكە و پێويستى بە تۆژينەوەى زياترە.

هەروەها، دەركەوت پێوەندييەكى ئەرێنى لە نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا هەيە؛ ئەم ئەنجامەيش هاوشێوەى ئەنجامى تۆژينەوەكانى پێشترە لەسەر ئەم پرسە (بۆ نموونە: ئەل عەدوانى و ئەل مەرزوق، ٢٠١٦: بۆدۆرزا و يۆڤانۆڤيچ، ٢٠١٦؛ لى، ٢٠١٥). گريمانەى قەرەبووكردنەوەى كۆمەڵايەتى دەكرێت بەكار بهێندرێت بۆ ڕوونكردنەوەى ئەم ئەنجامە. ئەم گريمانەيە ئاماژە بەوە دەكات ئەو كەسانەى كەموكورتييان لە كارامەييە كۆمەڵايەتييەكاندا هەيە و تووشى نئارامى دەبن لە بەركەوتنى كۆمەڵايەتى ڕووبەڕوودا، ئەوا دەكرێت پەنا ببەنە بەر تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بۆ قەرەبووكردنەوەى كەموكورتييەكان و سنووردرابوونى بەركەوتنە كۆمەڵايەتييەكانيان (فێرناندێز و ئەوانى ديكە، ٢٠١٢).

سنوودارييەكان

ئەم تۆژينەوەيە ژمارەيە سنوودارى هەبوو. يەكەم، نموونەى تۆژينەوەكە بە شێوەيەكى هەڕەمەكى و كۆنەكرابووەوە و تەنها سێ قوتابخانەى شارى هەولێرى تێدا بوو و داتا لە شارەكانى ديكەى هەرێمى كوردستان كۆ نەكرابووەوە. دووەم، ژمارەى بەشداربووان بەرز نەبوو. سێيەم، بەشداربووان خۆيان پرسيارنەمەكانيان پڕ كردەوە، واتە داتا كۆكدنەوەكە لە ڕێگەى چاوپێكەوتنەوە نەبوو ئەمەيش وا دەكات ئاستى زانيارى ورد تا ئاستێك كەم ببێتەوە. بۆيە تۆژينەوەكانى داهاتوو لە بارەيەوە پێويستە نموونەيەكى تۆژيەوەى هەڕەمەكى لە خۆ بگرێت تا ئەنجامەكان بكرێت گشتاندنيان پێ بكرێت.

دەرەنجام

لەم تۆژينەوەيەدا دەركەوت ئاستى بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتى بە شێوەيەكى دياركراو بەرز نييە لە نێو بەشداربوواندا. وەلێ پێوەندييەكى ئەرێنى لە نێوان بەكارهێنانى گرفتئامێزانەى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و دڵەڕاوكێى كۆمەڵايەتيدا دۆزرايەوە؛ ئەم ئەنجامەيش پاڵپشتى گريمانەى قەرەبووكردنەوەى كۆمەڵايەتى دەكات. ئەم تۆژينەوەيە ژمارەيەك ئاماژە لەخۆ دەگرێت لەلايەنى دەروونساغيدا. يەكەم بە بەردەخستنى داتا سەبارەت بەم دوو گۆڕاوە لە هەرێمى كوردستاندا، كە تا ئێستا تۆژينەوەى كەمى لەسەر ئەنجام دراوە. دووەم، بۆ پراكتيزەكارانى بوارى دەروونى كە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان دەكرێت وەك ستراتيجييەكى خۆبەدروورگرتن بەكار بهێندرێت لەلايەن ئەو كەسانەوە كە دڵەڕاوێكى كۆمەڵايەتييان هەيە. هەروەها، حوكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵاوە دەكرێت كار بكات لەسەر بڵاو كردنەوەى هۆشيارى لە نێو قوتابخانەكاندا لەبارەى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەلايەتيەكانەوە تا ئاستى ئەم پرسە نەگاتە ڕێژەيەكى مەترسيدار.

پێشنيازەكان

تۆڕەكۆمەڵايەتييەكانى دياردەيەكى تا ڕادەيەك تازەن، هەر بۆيە هەتا ئێستا وڵاتانى جيهان ڕووبەڕووى گرفت بوونەتەوە لەوەى خۆيان لەگەڵ ئەم تەكنەلۆجييە تازەدا بگونجێنن، بگەن بە ياسا و ڕێنمايى گونجاو تايبەت بە بەكارهێنانى، و هەڵمەتى هۆشيارى بە مەبەستى ئاگاداركردنەوەى خەڵكى لەبارەى ئالوودەبوون پێوەى ئەنجام بدەن. پتر لەمە، تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان بوون بە ئامڕازێك بۆ ئەنجامدانى كارى نەشياو، وەكوو هەراسانكردن، سووكايەتى، نازڕاندن، و توندوتيژى بە تايبەت دژى ژنان و منداڵان. ئەم تۆژينەوەيە دەرفەتێكە تا لێوەى چەند گرفتێك بخەينە بەر باس و پێشنيازى چارەسەرەكانيان بكەين. سەرەتا، حوكومەتى هەرێمى كوردستان لە ڕێگەى دامەزراوە جياوازييەكانييەوە و بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێكخراوە ناحوكومييەكاندا، دەكرێت دەست بكات بە هەڵمەتێكى هۆشياركردنەوەى لەبارەى زيانەكانى بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە كە چۆن سەر دەكێشت بۆ دانانى كاريگەرى لەسەر لايەنى نەرێنى لەسەر لايەنى كۆمەڵايەتى، تەندروستى و دەروونساغى، بە دياريكراوى لە ڕێگەى ئالوودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكانەوە. هەروەها، حوكومەتى هەرێمى كوردستان دەكرێت هەوڵەكانى پەرە پێ بدات لە هۆشياركردنەوەى خەڵكى بە گشتى، و گرووپە جێمەترسييەكان بە تايبەتى، سەبارەت بەوەى چۆن لە تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان و لەسەر هێڵ خۆيان بپارێزن. ئەمە بە دياريكراوى دەكرێت هاوبەشى پێ كردنى شتى تايبەت بگرێتەوە كە دەكرێت سەر بكێشێت بۆ دۆخێك تێيدا خراپ كەڵكيان لێ وەربگيردرێت ياخود هەڕەشەيان لێ بكرێت. لەگەڵ ئەمەيشدا، لايەنە پێوەنديدارەكان زانيارى ببەخشن بە خەڵكى كە ئەگەر ڕووبەڕووى مەترسى سەر هێڵ يان هاككردن بوونەوە چۆن خۆيان بپارێزن. لە كۆتاييدا، حوكومەتى هەرێمى كوردستان دەكرێت هەنگاو بنێت بەرەو دەركردن ڕێنمايى و ياساى نوێ سەبارەت بە بەكارهێنانى تۆڕە كۆمەڵايەتييەكان؛ ئامانجى سەرەكى لەم ياسا و ڕێنماييانە پاراستنى خەڵكى بێت لە مەترسى. گرنگە هەرێمى كوردستان ياساى مۆدێرنى هەبێت كە لەسەر بنەماكانى مافى مرۆڤ داڕێژراون، چونكە ئەم هەنگاوە دەيكات بە پێشەنگ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا بەهۆى ئەوەى شوێنێك دەبێت كە فەزاى ديجيتاڵى لەسەر بنەماى مافەكانى مرۆڤ ڕێكخستووە.

سەرچاوەكان

Aderka, I. M., Hofmann, S. G., Nickerson, A., Hermesh, H., Gilboa-Schechtman, E., & Marom, S. (2012). Functional impairment in social anxiety disorder. Journal of Anxiety Disorders, 26(3), 393-400.


Afacan, O. (2019). Investigation of Social Media Addiction of High School Students. International Journal of Educational Methodology, 5(2), 235-245. https://doi.org/10.12973/ijem.5.2.235


Aladwani, A. M., & Almarzouq, M. (2016). Understanding compulsive social media use: The premise of complementing self-conceptions mismatch with technology. Computers in Human Behavior, 60, 575-581.


American Psychiatric Association. (2013). Diagnostic and statistical manual of mental disorders (5th ed.). Arlington.


Andreassen, C. S., & Pallesen., S. (2014). Social Network Site Addiction - An Overview. Current Pharmaceutical Design, 20(25), 4053-4061.


Bányai, F., Zsila, Á., Király, O., Maraz, A., Elekes, Z., Griffiths, M. D., … Demetrovics, Z. (2017). Problematic social media use: Results from a large-scale nationally representative adolescent sample. PLoS ONE, 12(1), 10-14. https://doi.org/10.1371/journal.pone.0169839


Bodroža, B., & Jovanović, T. (2016). Validation of the new scale for measuring behaviors of Facebook users: Psycho-Social Aspects of Facebook Use (PSAFU). Computers in Human Behavior, 54, 425-435.


Casale, S., & Fioravanti, G. (2015). Satisfying needs through social networking sites: A pathway towards problematic Internet use for socially anxious people? Addictive Behaviors Reports, 1, 34-39.


Dodangi, N., Habibi Ashtiani, N., & Valadbeigi, B. (2014). Prevalence of DSM-IV TR psychiatric disorders in children and adolescents of Paveh, a Western City of Iran. Iranian Red Crescent Medical Journal, 16(7). https://doi.org/10.5812/ircmj.16743


Dufour, M., Brunelle, N., Khazaal, Y., Tremblay, J., Leclerc, D., Cousineau, M. M., … Berbiche, D. (2017). Activités en ligne contribuant à l’utilisation problématique d’Internet : différences selon le genre. Journal de Therapie Comportementale et Cognitive, 27(3), 90-98.


Erwin, B. A., Turk, C. L., Heimberg, R. G., Fresco, D. M., & Hantula, D. A. (2004). The Internet: Home to a severe population of individuals with social anxiety disorder? Journal of Anxiety Disorders, 18(5), 629-646. https://doi.org/10.1016/j.janxdis.2003.08.002


Fernandez, K. C., Levinson, C. A., & Rodebaugh, T. L. (2012). Profiling: Predicting social anxiety from facebook profiles. Social Psychological and Personality Science, 3(6), 706-713.


Hummadi, B. F., & AlObaidi, A. K. (2014). Social phobia among secondary school students in Baghdad/Iraq. Journal of the Canadian Academy of Child and Adolescent Psychiatry, 23(1), 70-71.

Kring, A., Johnson, S., Davison, G., & Neale, J. (2014). Abnormal Psychology (12th ed.). john Wiley & Sons.


Kutcher, S. (1999). Kutcher Generalized Social Anxiety Disorder Scale for Adolescents. Retrieved from http://www.shared-care.ca/files/ Kutcher_Generalized_Social_Anxiety_Scale_for_Adolescents_(K-GSADS-A).pdf


Lee, E. B. (2015). Too Much Information: Heavy Smartphone and Facebook Utilization by African American Young Adults. Journal of Black Studies, 46(1), 44-61. https://doi.org/10.1177/0021934714557034


Şahin, C. (2018). Social Media Addiction Scale - Student Form: The Reliability and Validity Study. The Turkish Online Journal of Educational Technology, 17(1), 169-182. https://doi.org/10.1007/BF01895851


Salem, F. (2017). Social Media and the Internet of Things (The Arab Social Media Report 2017). Arab Social Media Report Series.


Statista. (2018). Number of social network users worldwide from 2010 to 2021. Retrieved from https://www.statista.com/statistics/278414/number-of-worldwide-social-network-users/


Stein, M. B., & Kean, Y. M. (2000). Disability and quality of life in social phobia: Epidemiologic findings. American Journal of Psychiatry, 157(10), 1606-1613. https://doi.org/10.1176/appi.ajp.157.10.1606

Wetterberg, L. (2004). Social anxiety in 17-year-olds in Stockholm, Sweden - A questionnaire survey. South African Psychiatry Review, 7(2), 30-32. https://doi.org/10.4314/ajpsy.v7i2.30165


World Health Organization. (2009). Iraq mental health survey 2006/2007. 


World Health Organization. (2014). Public Health implications of excessive use of the Internet, computers, smartphones and similar electronic devices: meeting report. World Health Organization, (August), 1-151. 


Yen, J. Y., Yen, C. F., Chen, C. S., Wang, P. W., Chang, Y. H., & Ko, C. H. (2012). Social anxiety in online and real-life interaction and their associated factors. Cyberpsychology, Behavior, and Social Networking, 15(1), 7-12. https://doi.org/10.1089/cyber.2011.0015