بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا بۆ پاراستنی زمانی کوردی: چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دکتۆر حوسێن حەسەنی
سەرەتا
زمان بەشێکی گرنگی هەموو کلتوورێک و شوناسەکەیەتی چونکە وەک ئامرازێکی پەیوەندیکردن ڕۆڵ دەبینێت لە نێوان ئەندامانی ئەم گروپە. بە درێژایی مێژوو چەندین زمان پەرەیان سەندووە لە شێوەیەک بۆ شێوەیەکی دیکە و زاراوە و بنە زاراوەیان لێ دروستبووە. بە پێچەوانەشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ناوچوون و چیتر قسەیان پێ ناکرێت و لەسەریان ناخوێندرێت. بە گوێرەی International Language Services، ٥٣٧ زمانی لەناوچوو هەن، کە زۆرێکیان کاتی خۆی قسەیان پێ دەکرا و باو بوون بەڵام لەبەر هۆکاری کلتووری و کۆمەڵایەتی لەناوچوون.[١] بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا دەکرێت گرنگیەکی زۆری هەبێت بۆ هێشتنەوە و پاراستنی زمانێک و تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ دنیای دیجیتاڵیدا. لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دکتۆر حوسێن حەسەنیدا، کە زمانەوانی کۆمپیوتەری و پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە زانکۆی کوردستان - هەولێر، هەوڵی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی گرنگ دراوە لە بارەی گرنگی تەکنۆلۆجیای زمان و دۆخی ئێستای توێژینەوە بۆ زمانی کوردی و چی کراوە تا ئێستا و ئەو ئاستەنگی و زەحمەتییانەی توێژەران ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەرەوها چۆن تاکەکان دەتوانن بەشداربن لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی زمانی کوردی لە ڕێی تەکنەلۆجیاوە.
پرۆسێسکردنی کوردی بریتیە لە بەکارهێنانی تەکنیکی کۆمپیوتەری و خوارزمی بۆ ئەوەی ئامێر، بە تایبەتی کۆمپیوتەر، بتوانێت نووسراوی کوردی شی بکاتەوە و لێی تێبگات و بەرهەمی بهێنێت. دکتۆر حەسەنی وتی کە بۆ ئەوەی زمانێک کۆمپیوتەرانە بەردەست بێت، دەبێت ئەم کەرەستانەی هەبێت: زانیاری و ئامراز و بەرنامە. Kurdish Basic Language Resource Toolkit ناسراو بە Kurdish BLARK پرۆژەیەکی سەرچاوە کراوەیە کە دکتۆر حەسەنی کاری لەسەر دەکات، کە ئامانجەکەی چارەسەرکردنی ئەو کەمی کەرەستە و سەرچاوەیە بۆ پرۆسێسکردنی کوردی. بە بڕوای ئەو کارکردن لەسەر پرۆژەیەکی لەم شێوەیە ئێجگار گرنگە بۆ پاراستنی زمانی کوردی، بە تایبەت ئەو زاراوە و بنە زاراوانەی کەمتر قسەی پێ دەکرێت. هەروەها نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند لە بارەی بیرۆکەی لە ناوچوونی دیجیتاڵی زمانێک بە هۆی تێنەگەیشتنییەوە لە لایەن ژیری دەستکرد. "ئەگەر ژیری دەستکرد فێری زمانی ئێمە نەبێت"، دکتۆری حەسەنی وتی، "ئەوە ئێمە دەبێت فێری زمانی ئەو بین، ئەویش ئینگلیزییە. هەرچەندە گرنگ و پێویستە ئینگلیزی بزانین، بەڵام نەک بگاتە ئەوەی زمانی دایک و کلتوور و متمانەبەخۆبوونمان لە دەست بدەین."
بەرەوپێشچوون بەدیکراوە و توێژەران ئیشیان لەسەر دۆزینەوەی ڕێگای نوێ کردووە بۆ تێکەڵ کردنی زمانی کوردی لەگەڵ تەکنەلۆجیا کردووە. دکتۆر هادی وەیسی و دکتۆری سینا ئەحمەدی و خودی دکتۆر حوسێن حەسەنی خۆی لە ناوە هەرە دیارەکانی توێژینەوە بڵاوکراوەکانی پرۆسێسکردنی کوردین. "ئەگەر سەیری دۆخەکە بکەین"، دکتۆری حەسەنی وتی، "بە دەگمەن دەبینین ٣٠ بۆ ٤٠ کەس ئیش لەسەر پرۆسێسکردنی کوردی بکەن بە بەراورد لەگەڵ سەدەها توێژەرە عەرەب کە کار لەسەر عەرەبی دەکەن و ئەو هەزار ئەڵمانانەی توێژینەوە لەسەر ئەڵمانی دەکەن. " باسی ئەوەشی کرد کە چۆن ئەو زمانانەی یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتییەکی بەهێزیان هەیە و چەندەها کۆمێتە دامەزراون و کۆنفڕانس ساز دەکرێت وەک و European Language Resource Association(ELRA) European Language Resource Coordination(ELRC).
و چۆن هەوڵدەدەن بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی ئەو زمان و زاراوانەی ئەوروپا کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. زانکۆکانی وەک ستانفۆرد و ئۆکسفۆرد ناوەندی توێژینەوەی تەکنەلۆجیای زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە؛ دکتۆر حەسەنی زۆر هەوڵی ئەوەی داوە شتێکی لەم جۆرە لە کوردستان بکرێت، بەڵام هەموو کات داواکاریەکەی بێ وەڵام بووە. "پرۆسێسکردنی کوردی بە دڵنیاییەوە بەرەوپێش دەچێت"، دکتۆر حەسەنی وتی، "بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستێکی کارا و بەسوود. هەمووی بە هەوڵ و خۆشەویست و خولیای چەند تاکەکەسێكەوە بەستراوە بۆ زمانی کوردی. هێچ شتێکی پلان داڕێژراو نییە. هەر یەکەو بەتەنیا ئیشدەکات."
دکتۆر حەسەنی هەندێک لەو ئاستەنگیانەی باسکرد کە ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی توێژینەوەی پرۆسێسکردنی کوردی دەکەن. یەکەمیان هەمەڕەنگی زاراوەکان لە زمانی کوردی بۆتە هۆی زەحمەتییەکی زۆر بۆ توێژەران چونکە زمانێکی ستانداردکراو نییە و جیاوازی ڕێزمانی هەیە لە نێوان زاراوە و بنە زاراوەکان. توێژەرانی وەک دکتۆر حەسەنی لەو بڕوایەدان کە تەکنەلۆجیای وەک ژیری دەستکرد و زمانەوانیی کۆمپیوتەر دەکرێت یارمەتیدەربن بۆ ستانداردکردنی کوردی، بەڵام مشتومڕییەک هەیە کە ئاخو لە چەند ستاندارد پێکبێت. بێجگە لە ئەمە، وەک پێشتر باسکرا، کەمی سەرچاوە بەردەوام وەک کێشەیەکی گەورە خۆی نیشان دەدات. هیچ کورهێنانێک نییە لە ڕووی خوارزمیەکانەوە بەڵکو لە زانیاری و ئامراز و بەرنامەوە. هەروەها، هیچ پشتگیرییەکی حکومەت بەدی ناکرێت چ لە ڕووی هاوکاری داراییەوە بۆ پڕۆژە توێژینەوەیەکان و چ لە ڕووی پێزانینی خودی ئەو کارانەی کە ئەو چەند توێژەرانە پێی کردوویانە بۆ پرۆسێسکردنی کوردی. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، کەمییەکی بەرچاو هەیە لە توێژەران و پسپۆران، کە ئەمەش بەرەوپێشچوون دوادەخات. لە کۆتاییدا، پەیوەندی و ئالیکاری لە نێوان زانایانی کۆمپیوتەر کە کار لەسەر پرۆسێسکردنی کوردی دەکەن و زمانەوانانی زمانی کوردی لاوازە و زۆر کەم دەکرێت.
بە ڕای دکتۆر حەسەنی، تاکەکان دەتوانن بەشداربن لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی لە ڕێگای تەکنەلۆجیاوە بە سێ ڕێگا. یەکەمیان ئەوەیە خەڵکێکی زیاتر بەشدار بێت لە زانیاری کۆکردنەوە لە ڕێگای crowdsource، کە بریتییە لە پەیداکردنی زانیاری و سەرچاوە لە ڕێی جەماوەرێک زۆرەوە. "هۆکاری بەردەستبوونی وەرگێڕی گووگڵ بۆ کورمانجی پێش زاراوەکانی دیکە وەک سۆرانی"، دکتۆر حەسەنی وتی، "لەبەر ئەو ژمارە زۆرەی کوردانی باکوور بوون کە بەشداریان کرد لە کۆکردنەوەی زانیاری و داتا. من خۆم بەشدار بووم لە پرۆسەی زیادکردنی وەرگێڕی گووگڵ بۆ سۆرانی، بەڵان دەکرا زووتر دەستمانبکەوتایە ئەگەر خەڵکانێکی زیاتر هاوکاربوونایە." دووەم، نووسین بە زمانی کوردی لە ماڵپەڕی وەک ویکیپیدیا لەسەر بابەتی هەمەڕەنگ گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ هەبوونی بڕێکی باش لە زانیاری چونکە زۆرێک لە مۆدێڵی گەورەی زمانەکان large language models وەک OpenAI ChatGPT و Google Bard سوودێکی زۆر لەو زانیاریە زۆرەی زمانی ئینگلیزی دەبینن کە لەسەر ئینتەرنێت بەردەستە. سێیەم ڕێگا، دکتۆری حەسەنی ئامۆژگاری قوتابییان کە توێژینەوە و پرۆژە بکەن لە بارەی پرۆسێسکردنی کوردی و زانیاری کۆکردنەوە.
لە ئەنجامدا، زمانی کوردی وەک هەموو زمانێکی دیکە لە ژێر هەڕەشەی لە ناوچوونی دیجیتاڵییە ئەگەر تێکهەڵکێش نەکرێت لەگەڵ تەکنەلۆجیا و ئەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانەی وەک نووسین-بۆ-ئاخاوتن و ئاخاوتن-بۆ-نووسین و وەرگێڕانی زمانی ئاماژە بەردەست نەبن بۆ کوردی. دکتۆر حەسەنی نموونەی کەسێکی نابینای هێنایەوە کە دەیەوێت کۆمپیوتەر یان ئامێری مۆبایل بەکاربهێنێت بەڵام نەتوانێت لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری ئاخاوتن-بۆ-نووسین بۆ کوردی. هەروەها باسی لەوە کرد کە چۆن کوردانی تاراوگە دەستیان بە کولتور و زمانی خۆیانەوە گرتووە و هەوڵی پاراستنی دەدەن تاکو بیگوازنەوە بۆ مناڵەکانیان، بەڵام بە کارێکی سەختی دەبینن لەبەر نەبوونی سەرچاوە کە هاوکاری ئەم نەوە تەزەیە بێت لە فێربوونی زمانەکە، چ جای کلتوور. زمانی کوردی زمانێکی هەمەڕەنگە و زۆر دەوڵەمەندە لە ڕووی زمانەوانیەوە بەو هەموو زاراوە و بنە زاراوانەی. بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کە ئاستەنگیان درووستکردووە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسێسکردنی کوردی، زۆرێک لە خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان دابیندەکرێن بە زمانی شیرینی کوردی و زمانەکە لە کاروانی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجی بە جێ نامێنێت.