شەقامەکانی هەرێمی کوردستان: ئاستەنگەکان لە بەردەم پێشکەوتنی سەلامەتی هاتووچۆ و کاریگەرییە ئابوورییەکانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ
پوختە
هەرێمی کوردستانی عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی زیادبوونی بەرچاوی دانیشتوان و پێشکەوتنی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاو لە چڕی دانیشتوان و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکاندا. لە ئەنجامدا ئەم پێشهاتە دەرئەنجامی نەرێنی جۆراوجۆری لە بەرەکانی کۆمەڵایەتی، کارگێڕی، یاسادانان، تەکنیکی و ئابووریدا بەدوای خۆیدا هێناوە. جێی ئاماژەیە، زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ نیگەرانی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست دەکات. بۆیە ئەم توێژینەوەیە ئامانجی لێکۆڵینەوەیە لە کاریگەرییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە گرنگیدانێکی تایبەت بە کاریگەرییە داراییەکانیان و ئەو بەربەستانەی دیکە کە ڕێگری لە پێشکەوتنی سەلامەتی هاتوچۆ دەکەن.
دەستپێک
ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە شێوەیەکی بەرفراوان هۆکاری سەرەکین بۆ مردن و کەمئەندامبوون و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ لە سەرانسەری جیهاندا. ئەمەش بە تایبەتی لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەند داهاتدا بەرچاوە، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بوونەتە هۆکارێکی بەرچاو لە زیادبوونی زیانە مرۆیی و ئابووریەکان لەو وڵاتانە (بهاڤان، ٢٠١٩). لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی گواستنەوە لە ڕێگەی ئامرازە جۆراوجۆرەکانی وەک ئۆتۆمبێل، بارهەڵگر، پاسکیل، ماتۆڕسکیل، شەمەندەفەر و هتد، ڕوودانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ زیاددەبن ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی ژیان و لێکەوتەی ئابووری بەرچاو (موحەمەد، ٢٠١٥). بەو پێیەی سەلامەتی ڕێگاوبانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی جیاوازە، ئەگەری برینداربوونی سەخت یان مردن لە پێکدادانێکدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان، و هەروەها زیاترە لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق. بەگوێرەی زانیارییەکانی لێیدمان و ئەوانی تر (٢٠١٦)، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٣، هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عیراق، زۆرترین ڕێژەی زیانی گیانی بە ڕووداوی هاتوچۆ هەبووە. هەولێر زۆرترین ڕێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی پەیوەست بە ڕووداوی هاتوچۆ هەبووە (هەمان سەرچاوە). ڕێژەی مردن بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزترە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە. بۆ بەرەوپێشبردنی سەلامەتی گشتی هاتوچۆ، ئەفسەرانی پۆلیس یاساکانی هاتوچۆ دەسەپێنن بە سزادانی سەرپێچی کەران کە ئەمەش وا دەکات شۆفێران کەمتر سەرپێچی بکەن و کەمتەرخەمی لە کاتی لێخوڕین کەم دەکات. بە گوێرەی شینار (٢٠١٧)، جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سزادان وەک بژاردەی کۆتایی بۆ کاریگەریکردن لەسەر ڕەفتاری شۆفێر ئاماژەیە بۆ گرنگی پرسەکە و هەروەها ئاماژە بە وە دەکات کە کەموکوڕی هەبێت لە ڕاهێنانی شۆفێر، و نەبوونی هۆشیاری شۆفێر، و میکانیزمەکانی مۆڵەتدان بە گشتی. خەمڵاندنی کاریگەرییە ئابوورییەکانی ڕووداوەکان پرسێکی سەختە بەڵام بەدواداچوونێکی چارەنووسسازە، بۆیە ئەم توێژینەوەیە هەوڵدەدات بەدواداچوون بۆ کاریگەرییە داراییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگانە بکات کە ڕێگرن لە پێشکەوتنی سەلامەتی هاتوچۆ.
توێژینەوەکانی پێشوو
بە گوێرەی هیوگس و ئەوانی تر (٢٠١٥) ڕووداوەکانی هاتوچۆ ساڵانە دەبنە هۆکاری مردنی زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کەس و برینداربوونی ٥٠ ملیۆن کەس. لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، دووەم باوترین هۆکاری مردن ڕووداوەکانی هاتوچۆن (جریو و ئەوانی تر.، ٢٠١٧). ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی بەسەلامەت کردنی ڕێگاو بانەکان دەکاتەوە بۆ بەردەوام بوونی گەشەسەندنی کۆمەڵەیاتی. لەگەڵ فراوانبوونی شیکاری بۆ لایەنی ژێرخانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بۆشایی هەیە لە شیکاری بۆ کاریگەرییە داراییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بارگرانییەکی ئابووری بەرچاو بۆ وڵاتان دروستدەکەن، کە نزیکەی ١ تا ٣ لە سەدی کۆی داهاتی بەرهەم هاتوو (جی پی ئەی) پێکدەهێنێت (کۆهاڵ و ئەوانی تر، ٢٠١٤). جگە لەوەش، ئەو لێکەوتە داراییانەی کە خانەوادەکان بەهۆی ئەم ڕووداوانە تووشی دەبن دەبنە هۆکاری پشت بەستن بە قەرز کە ئەمەش ڕێژەی قەرزی کەڵەکە بوو زیاد دەکات، کە دواتر دەکرێ ببێتە هۆی کەمترکردنی خەرجییەکان لەسەر شتە سەرەکییەکان وەک خواردن و پێویستییە سەرەتاییەکان (هەمان سەرچاوە). ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونی شۆفێر بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ ڕوودەدەن، ڕێگاوبانی خراپ و خراپی ژێرخانیش هۆکارن و پێکەوە دەبنە هۆکاری برینداربوونی سەخت و مردن (هەمان سەرچاوە).
دەتوانرێت کاریگەرەرییە داراییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ هەڵسەنگێندرێت بە لەچاو گرتنی کۆمەڵێک شت، وەکو خەرجی چارەسەری پزیشکی، خەرجییە یاساییەکان کە لە ئەنجامی ڕوودانەکەوە دروست دەبن، زیانی ماڵی لە ئەنجامی ڕووداو کە بریتیین لە خەرجییەکانی پەیوەست بە ئۆتۆمبێل، و ئەگەری لەدەستدانی داهات لە ئەنجامی نەڕۆیشتن بۆ کار لە ئەنجامی برینداربوون\مردن. لەوەش زیاتر، ئەو کەسانەی لە تووشی ڕووداوەکان دەبن بەڵام ڕزگارییان دەبێت، دەکرێ ئاستی ژیانیان خراپتر بێ بەهۆی ئەو ئەزموونکردنی ناڕەحەتی، ئازار، یان کاریگەرییە درێژخایەنەکان کە لە ئەنجامی ڕووداوەکە تووشی بوون (کۆهاڵ و ئەوانی تر، ٢٠١٤). شێوازی جیاواز هەیە بۆ هەڵسەنگاندن و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، بە گرنگیدان بە ژماردن و دیاریکردنی کاریگەرییە داراییەکان و پێوانەکردنی ئەوەی کە چۆن کاریگەرییان لەسەر بەرهەمی گشتی وڵاتێک هەیە. زۆرجار نیشاندەری وەک لەدەستانی سەرمایەی مرۆیی وەک نزیکبوونەوە بەکاردەهێنرێن بۆ تێگەیشتن لەوەی کە تا چەند ئەم ڕووداوانە ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووری دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێت تێچووی پەیوەست بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێگەی خەرجییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیەکان بزانرێت. خەرجییە ڕاستەوخۆیەکان بریتیین لە تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان کە کەرتی تەندروستی گشتی ئەنجامی دەدات، خەرجییە ناڕاستەوخۆیەکان مەودایان بەرفراوانترە و بریتیین لە لەو تێچووانەی کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری نیشتمانی دروستدەکەن بە شێوازە جۆراوجۆرەکان (بهاڤان، ٢٠١٩). ئەو زیانانەی کە بەهۆی خەرجییە ناڕاستەوخۆیەکان دروست دەبن، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی نیشتمانی لە ئەنجامی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی ژمارەی کاتژمێرەکانی کارکردن (جاگنوور و ئەوانی تر، ٢٠١٥).
سەرەڕای ئەو هۆکارە زۆرانەی کە بەشدارن لە ڕووداوەکانی هاتوچۆ، نەبوونی داتا و زانیاری هاتوچۆی متمانەپێکراو ئاڵنگاری بۆ ئەو توێژەرانە دروست دەکات کە هەوڵدەدەن ئەم پرسانە بە بەکارهێنانی شێوازی زانستی شی بکەنەوە و بڕیاری پەیوەست بدەن لەسەر بنەمای بەڵگە و ئامار. تەنانەت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دیزاینی ڕێگاوبانەکان و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، کێشەی شیکاری و تێگەیشتن لە شێوازی ڕووداوەکان و هەلسوکەوتی شۆفێر هەیە. بەدەستهێنانی بنکەیەکی زانیاری کە تایبەتە بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە بەدەست بهێنرێت. ئەو زانیاریانەی لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە کۆدەکرێنەوە لە ڕاپۆرتە نووسراوەکانەوە وەرگیراون کە ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوێک لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆ نووسراون. ئەم ڕاپۆرتانە زانیاری لەسەر ئەو کەسانە لەخۆدەگرن کە بەشدارن لە ڕووداوەکە، زانیارییەکان بریتین لە: زانیاری شۆفێر، جۆری ئۆتۆمبێل و تایبەتمەندییەکانی شوێنی ڕووداوەکە. بەڵام، وەک وڵاتانی دیکەی تازەپێگەیشتوو، ئەو زانیاریانەی کە لەم ڕاپۆرتانەدا لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆ نووسراون سنووردارن و کەمترن لەو زانیاریانەی کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەدەست دەهێنرێن. ئەم سنووردارییەی زانیاری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازە سەرەتاییەی فۆرمەکان (موحەمەد و ئەوانی تر، ٢٠١٩). هەروەها نەبوونی سیستەمێکی چاودێری تەندروستی گشتگیر یان هەماهەنگییەکی کاریگەر لە نێوان قوربانییەکان و دامەزراوە پزیشکییەکان بۆ چاودێریکردنی باشییان بەشداری کردووە لە ئاڵۆزی بەڵگەنامەکردنی وردی زانیارییەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
گفتوگۆ
لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ لە ژێر چاودێری بەریتانیادا، دەزگایەکی حکومی کە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس ناسراوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دروستکرا. ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیارێتی جۆراوجۆری پێ سپێردرا لەوانە بەڕێوەبردنی هاتووچۆ، داڕشتن و جێبەجێکردنی ڕێساکانی مۆڵەتی شۆفێری، پرۆسەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل، پابەندبوون بە ستانداردەکانی سەلامەتی، جێبەجێکردنی سنووری خێرایی، هەروەها دەرکردن و جێبەجێکردنی پێبژاردن و سزا بۆ ئەو کەسانەی کە سەرپێچی ڕێساکانیان کردووە (ئەل- تەهافی، ٢٠١٦).
لە ئێستا هەرێمی کوردستان کێشەی خراپی و کەمی بەرنامەی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری هەیە تا یارمەتی شۆفێری تازەپێگەیشتوو بدات لە پەرەپێدانی تواناکانی شۆفێری، و هەروەها تووشی بەرکەوتنیان بکات لەگەڵ حاڵەتی شۆفێری ڕاستەقینە کە لە سەر شەقامەکان تووشی دەبن (بەکر و ئەوانی تر، ٢٠٠٦). بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەولێر و دهۆک ئەو سیستەمەی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێرییان بەکارهێناوە کە لە کۆریای باشوور بەکاردێت، لە کاتێکدا سلێمانی و هەڵەبجە ئەو سیستەمەی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێرییان بەکارهێناوە کە لە دانیمارک بەکاردەهێنرێت (عوسمان و کارۆل، ٢٠١٥). بەشی ڕاهێنانی کردەیی هەردوو سیستەمەکە دوورە لە بارودۆخی ڕاستەقینەی هاتوچۆ بە تایبەت لە هەولێر و دهۆک، بەڵکو ڕاهێنانەکە لە چوارچێوەی ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراودا ئەنجام دەدرێت کە دوورە لە ئۆتۆمبێلی دیکە. جگە لەوەش، سەرەڕای وەبەرهێنانی بەرچاو لە ئاوەدانکردنەوە و فراوانکردن و بە سەلامەت کردنی ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، زۆرێک لە ڕێگاوبانەکان ستانداردە هاوچەرخەکانی سەلامەتییان تێدا نییە. بەم پێیە ڕێوشوێنی سەلامەتی ناتەواو دەبێتە هۆی خراپی بارودۆخی ڕێگاوبانەکان (محەمەد و هاوکارانی، ٢٠١٩).
زۆربەی ئابووریناسان بانگەشە بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی ئابووری بۆ لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەسەر کوالیتی ژیان دەکەن. بەڵام لێکۆڵینەوەی ورد لەم باسە و خەمڵامدنی تێچووی ئابووری ڕووداوەکانی هاتوچۆ کارێکی سەختە و پڕە لە نادڵنیایی. سەرەڕای ئەم سەختییە، کۆدەنگیەکی گشتی هەیە کە تەنانەت هەڵسەنگادنی نزیکەیی باشترە لە پشتگوێ خستنی ئەم باسە (ئێلڤیک، ٢٠٠٠).
دوا ووتە
لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا سەقامگیری ڕێژەیی و گەشەی ئابووری و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبووە. بەڵام گرنگە دان بەوەدا بنێین کە وەک زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بە خێرایی گەشەیان کردووە، ئەم گەشەسەندنە هەندێک دەرئەنجامی نەرێنی هەبووە. داننان بە دەرئەنجامە نەرێنییانەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ جەخت لەسەر پێویستی ڕێوشوێنی سەلامەتی ڕێگاوبان دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانیە داراییە کە لە ئەنجامی ڕووداوەکانی هاتوچۆ دروست دەبێت. وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی سەلامەتی لە ڕێگاوبان و خۆپاراستن لە ڕووداوی هاتوچۆ زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی دەرئەنجامە داراییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ. باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، لەوانەش ڕێگاوبانی باش پارێزراو لەگەڵ تەکنیکە کاریگەرەکانی بەڕێوەبردنی هاتوچۆ، بەشدارن لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن و بریندار بوون بە ڕووداوی هاتوچۆ. هەروەها هەڵمەتەکانی هۆشیاری و جێبەجێکردنی یاساکانی هاتوچۆ زۆر گرنگن بۆ دروستکردنی ئاکاری لێخوڕینی بەرپرسیارانە، کە لە کۆتاییدا ژمارە و قورسایی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە (رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ٢٠١٨).
سەرچاوەکان
Al-Tahafi, A.-W., 2016. The historical development of traffic police in. Iraq Accessed June 02. http://www.itp.gov.iq/ar/article/
Baker, S.P., 2006. National evaluation of graduated driver licensing programs. US Department of Transportation, National Highway Traffic Safety Administration.
Bhavan, T., 2019. The economic impact of road accidents: the case of Sri Lanka. South Asia Economic Journal, 20(1), pp.124-137.
Elvik, R., 2000. How much do road accidents cost the national economy?. Accident Analysis & Prevention, 32(6), pp.849-851
Hughes, B.P., Newstead, S., Anund, A., Shu, C.C. and Falkmer, T., 2015. A review of models relevant to road safety. Accident Analysis & Prevention, 74, pp.250-270.
Jagnoor, J., Prinja, S., Lakshmi, P.V.M., Aggarwal, S., Gabbe, B. and Ivers, R.Q., 2015. The impact of road traffic injury in North India: a mixed-methods study protocol. BMJ open, 5(8), p.e008884
Jrew, B., Msallam, M., Khaled, S. and Abojaradeh, M., 2017. Analysis and evaluation of traffic accidents for principle urban streets in Arbil city in Iraq. Diyala Journal of Engineering Sciences, pp.118-131.
Kohale, N.D., Bankar, S.L. and Bagde, N.S., 2014. ROAD ACCIDENTS AND ITS SOCIAL AND ECONOMICAL EFFECTS. International Journal of Mechanical Engineering and Robotics Research, 3(2), p.480.
Leidman, E., Maliniak, M., Sultan, A.S.S., Hassan, A., Hussain, S.J. and Bilukha, O.O., 2016. Road traffic fatalities in selected governorates of Iraq from 2010 to 2013: prospective surveillance. Conflict and health, 10(1), pp.1-10
Mohamed, H.A., 2015. Estimation of socio-economic cost of road accidents in Saudi Arabia: Willingness-to-pay approach (WTP). Advances in Management and Applied Economics, 5(3), p.43
Mohammed, H., Jaff, D. and Schrock, S., 2019. The challenges impeding traffic safety improvements in the Kurdistan Region of Iraq. Transportation Research Interdisciplinary Perspectives, 2, p.100029.
Othman, S. and Carroll, J., 2015. A new strategy to enhance traffic safety in developing countries. In 24th International Technical Conference on the Enhanced Safety of Vehicles (ESV) National Highway Traffic Safety Administration (Vol. 15, p. 0059).
Shinar, D., 2017. Traffic safety and human behavior. Emerald Publishing Limited
The Revolutionary Command Council, R, 1971. Traffic Law No. 48 of 1971
United Nations, 2007. Road Safety Review in Selected ESCWA Member Countries. 59. UN, New York.
World Health Organization. (2018). Global status report on road safety 2018. Geneva: World Health Organization. Retrieved from https://www.who.int/publications/i/item/9789241565684.