دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

دەرفەت و دەرەتانەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ساغکردنەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان

By د. عباد روحی

1)   پێشەکی

لە پاش هێڵکارییەکانی سایکس – پیکۆ و دابەشکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دەگاتە ئەمڕۆ، کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامە لە بەردەم تاراندن و دەرپەڕاندن لە خاکی خۆیدا بووە و بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر بەرپەرچی ئەو دۆخەی داوەتەوە. لە گەڵ دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەکانی دوای سایکس – پیکۆ سڕینەوە و بێ ناسنامەکردن و کۆچبەرکردن و داگیرکاری خاکی کوردستان دەستی پێکرد و لە هەر بەشێک و ناوچەیەک بە جۆرێک هەوڵدرا بۆ تواندنەوەی کورد و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. ئەم رەوتە لە باشووری کوردستان بە تەعریب و ئەنفال و تەسفیر و دەیان شێوازی دیکە لە ژێر کولتوور و چاندی ناسنامەی عێراقی عەرەبی و بەعسیدا بەڕێوەچوو. گەلی کوردیش بە پاشخانی شۆڕشێکی رزگاریخوازانە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە داوە تا دەگاتە ئەو کاتەی کە لە ناوەندەکانی بڕیاری یاسایی لە ئاستی دنیادا ئاوڕێکی جیاواز لە دۆخی کورد لە باشووری کوردستان دەدرێتەوە.

دوای راپەڕینی گەلی کورد و کۆڕەو و شاڵاوە بەربڵاوەکانی هێرش بۆ سەر کوردستان، لە لایەن رێژیمی ئەوکاتەی عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩١دا، نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر پێشنیاری کیسەنجەر هاتەدەنگ و بە پێی بڕیارنامەی ژمارە ٦٨٨ی ساڵی ١٩٩١ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، دۆخێکی پارێزراو بۆ کورد مسۆگەرکرا و ناوچەی دژەفڕین هاتە ئاراوە. ئەمە سەرەڕای ئەوە بوو کە ئەم پارێزە، بەشێکی هەرە زۆری خاکەکەی نەگرتەوە و لە دەرەوەی ناوچەی دژەفڕین مایەوە. دەیانجار کورد و رژیمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هاتنە سەر مێزی دانوستان و پێڤاژۆی ئاشتییان خستەگەڕ بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و ماڵوێرانی بێنن؛ بەڵام لە ئاکامی هەموویاندا لە بەر ناکۆکی لە سەر سنووری جۆگرافیای کوردستان هەموو دانوستانەکان و رێککەوتنەکانی نێوان کورد و رێژیمی عێراق بە هەڵپەسێراوی مانەوە و دیسان کورد دەهاتەوە خاڵی سەرەتا و پاش نسکۆ و کەوتن، دیسان کڵپەی ئاگرێکی نوێی هەڵدەکرد و شۆڕشێکی دیکەی دەخستەوە سەرپێ. بە رووخانی رێژیمی بەعس و نووسینەوەی دەستووری عێراق و چەسپاندنی سیستەمی فیدڕاڵیەت و ماددەی ١٤٠ لە دەستووری ٢٠٠٥دا، ئەو هیوایە زیندوو بووەوە کە کورد دەبێتەوە خاوەن خاکی خۆی و کێشەی ئەو ناوچانەی کە تووشی گۆڕینی دیمۆگرافیا ببوون، بۆ هەمیشە چارەسەر دەکات. ئەم پێگە یاساییە بە پێی دەستووری عێراق، واتە زاگۆنی بنگەیی ٢٠٠٥ مسۆگەرکرا. بەڵام هەنگاو و رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە بوون بە جێگەی ناکۆکییەکی دیکە و دیسان گرژی و ئاڵوزی و تەنانەت جوڵاندنی هێزی بەرانبەر یەکدی لێکەوتەوە. گەیشتە ئەو رادەیەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان بە دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیارنامە، دەستوەردانی لەم بوارەدا کرد. لە کۆی بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتگیری چارەسەی بابەتێک دەکرێت کە لە ئاکامی جێبەجێکردنیدا، کورد بۆ هەمیشە کیشەی خاک و ناوچەدابراوەکانی چارەسەردەکرد. ئەم بڕیارنامەگەلە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەرکراون و پشتگیری چارەسەری یاسایی سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان ئەکەن لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیدا. هیچ یەک لەم بڕیارنامەگەلە لە لایەن هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی سیاسی کوردییەوە بەهەندوەرنەگیراوە و لە کاتی خۆیدا کاری لەسەرنەکراوە. جێبەجێکردنی ئەم بڕیارنامەگەلە پارسەنگی هێزی یاسایی بۆ پێگەی کورد دەگەڕاندەوە و یەکجار و بۆ هەمیشە کێشەی سنوورەکانی خۆی یەکلادەکردەوە.

گرینگی ئەم بڕیارنامەگەلە لەوەدایە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەریکردووە و بابەتی کێشەی خاک و جوگرافیا و سنووری کوردستانی گرێدراوە بە بابەتی ئەمن و ئاشتەوایی نێودەوڵەتییەوە کە تێگەیشتن لەم بابەتە و خوێندنەوەی دێڕە نەنووسراوەکانی و واتا هاودژەکانی، دەتوانێت رێنیشاندەربێت بۆ گەلی کورد و هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکانی لە ئێستا و داهاتوودا.

1.1.  دەربڕینی پرسیارەکان

لە مێژووی هەرێمی کوردستان و کورد لە عێراقدا، ئەوەی کە تا ئێستا بۆ کورد مسۆگەرە و توانیوویەتی کیانێک بۆ خۆی دروستبکات زیاتر لە دەستووری عێراق، گرێدراوی بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ساڵی ١٩٩١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە. ئەم ئەنجومەنە بە پێی ماددەی ٢٤ی بنەڕەتنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە لایەن جڤاتی گشتییەوە ئەرکی سەرەکی پاراستنی سەقامگیری و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی پێسپێردراوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە هەموو رێکارێک دەتوانێ بگرێتەبەر. لە دەرکردنی راسپاردە و پێشنیارنامەوە بگرە تا گەمارۆ و سزای سیاسی و ئابووری و دەستێوەردانی سەربازی و مرۆیی و هەروەها دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتیی بۆ سزادانی تاوانکاران لە مێژووی کار و چالاکییەکانی ئەم ئەنجومەنەدا هەیە. بۆیە لە کوێ ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بکەوێتە مەترسییەوە لەوێ چالاک دەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاشتەوایی نێودەوڵەتی. بۆ جاری یەکەم لە ئاکامی ئەو کارەساتەی بە سەر کورددا هات و بە بۆچوونی ئەم ئەنجومەنە، ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتیی کەوتبووە مەترسییەوە، دەستێوەردانی مرۆیی کرد و لە رێگای دەستنیشانکردنی ناوچەی دژەفڕینەوە هەوڵی پاراستنی کوردی دا و ئەمەش بوو بە بەردێکی بناغە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتێکی هەرێمیی بۆ کورد لە عێراقدا و تا ئێستا بەردەوامە. لە دوای گشتپرسییەکەی ساڵی ٢٠١٧ەوە کە ناوچە ئازادکراوەکانی دەستی داعش لە کورد وەرگیرایەوە و داگیرکرایەوە، سوپای عێراق تا سنووری ئەو ناوچانە پێشڕەویی کرد کە لەو بڕیارنامەیەدا دیاریکرابوون.

ئەم بابەتە، ئەوە راستییە دەردەخات کە زیاتر لە دەستوور لە عێراقدا کە جێبەجێکردنی بەستراوە بە مەزاجی سیاسی و ئایینی و تاییفییەوە، یاسای نێونەتەوەیی هەرێمی کوردستانی پاراستووە. گرینگی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەوەدایە کە بە پێی ماددەی ٢٥ی بنەڕەتنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان، هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەن بۆ دەوڵەتانی ئەندام و نائەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکاندا پابەندیهێنەرە و تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشن و لە پرۆسەی دەنگدان و دەرکردنی بڕیارنامەکاندا دژی بڕیارەکە بووبێتن دەبێ بڕیارەکە جێبەجێبکەن بۆ ئەوانیش پابەندیهێنەرە. سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان دەکرێ بگووترێت کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش زیاتر لە یاساکانی عێراق کوردی پاراستووە. بەڵام کەمتەرخەمی و تێنەگەیشتن لەم بابەتانە وایکردووە کە وەکوو پێویست گرینگی ئەم بڕیارنامانە بۆ کورد روون نەبێتەوە و نەتوانێ کەڵک لەو دەرفەتە زێڕینانە وەربگرێت. لێرەدا کۆمەڵێک پرسیار دێنەئاراوە کە پێوەندییەک لە نێوان دۆخی کورد و ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتییدا دروستدەکات. ئەو هۆکارانەی کە خوڵقێنەری ئەم دۆخەن و کورد دەکاتە بەردەنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و راسپاردەکان و رێکارەکان و پشتگیرییەکانی ئەم ئەنجومەنە بۆ هەرێمی کوردستان لەو مژارانەن کە دەبێ راوەستەی لەسەربکرێت.

بە گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا ناکات و ئەم بوارە بۆ دەسەڵاتی نیشتمانی وڵاتان بەجێدەهێڵێت. بەڵام ئەگەر هەر بابەتێکی ناوخۆیی بوو بە گرژی و ناکۆکی، بە شێوەیەک کە پریشکی ناکۆکییەکان سەربکێشێ بۆ لای پێکدادان و ئاشتەوایی و سەقامگیری بخاتە مەترسییەوە، یان کۆمەڵێک مرۆڤ بە بێ بەرگری بمێننەوە و رێگای خۆپاراستنیان نەبێت و لە بەردەم قوربانیبووندا بن، ئەو کاتە ئەنجومەن بە رێکار و میکانیزمەکانی خۆی دەستێوەردان ئەکات. بە پێی ئەوەی کە ناکۆکی و مەترسییەکانی سەر ئاشتەوایی لە چ ئاستێکدا بن، شێوازی کارەکانی ئەنجومەن جیاواز دەبێت. بۆیە یەکەم هەنگاو دەرکردنی بڕیارە وەکوو راسپاردە بۆ لایەنەکانی ناکۆکی. لە دۆخی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەغداددا ئەم کارەی بە دەرکردنی چەندی بڕیارنامە جێبەجێکردووە کە ساڵ بە ساڵ داوای لە لایەنەکان کردووە کە ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن بۆ ئەوەی کە ئاشتەوایی نەکەوێتە مەترسییەوە.  

زۆرتر لە دە جار لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠٢٣ ئەم ئەنجومەنە داوادەکات کە کێشە سنوورییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی عێراق ئاشتییانە چارەسەربکرێت و شوورای ئەورووپاش پشتگیری ئەم بڕیارانە دەکات. بەڵام مخابن بەهەندوەرنەگیراوە. گەورەترین کێشەی کورد لە عێراقدا لە رابردوو و ئێستا و داهاتووشدا کێشەی خاک و سنووری جوگرافیای کوردستانە. بۆیە تا ئەو بابەتە لە گەڵ حکومەتی ناوەندی یەکلانەبێتەوە هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەش بەردەوام دەبن. ئەم کێشەیە کاکڵەی هەموو ناکۆکییەکانی دیکەیە لە بەڕیوەبردنی سنوورەکانەوە تا دەگاتە سەروەری بە سەر سامانە سرووشتییەکان و سەرخان و ژێرخانی کوردستان. گرینگیی ئەم بڕیارانە و ئەو بەستێن و هەلومەرجەی کە ئەم بڕیارانەی تێدا دەرکراوە و قازانج و دەرفەت و پێدراوەکانی بۆ کورد بە گشتی و بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتیی لەو بابەتانەن کە دەبێ لێکۆڵینەوەی وردی لەسەربکرێت.

1.2.  گرینگیی و پێویستیی ئەم توێژینەوە

هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناکۆکی جۆگرافیی و گەڕاندنەوەی خاکی کوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناتوانێ لە رێکارە یاساییەکان گرینگتر بێت و ئەگەر ئەم رێکارە یاساییانە، بە پشتگیری نەتەوەتەکگرتووەکان بێت، لە هەموو پشتیوانییەکی دیکە بەهێزتر دەبێت. ئەم دەرفەتە، کاتێک دێتە بەردەستی کورد، کە پێوەندی بە ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتییەوە بێت. بۆ دەیانجار لە دوای رووخانی رێژیمی سەددامەوە، ئەم دەوازەیە بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا کرایەوە، بەڵام مخابن کورد چاوی لێنووقاند. بۆیە شرۆڤەکردن و لیکۆڵینەوە لە ناوەرۆک و راسپاردەکانی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و شورای ئەورووپا لەم بوارەدا، جێگای تێرامان و گرینگی پێدانە. ئەگەر ئەم بڕیارانە جێبەجێبکرێن، کێشەی خاک لە باشووری کوردستان بۆ هەتایە چارەسەردەبێت و لە ئاکامدا سەوەری کورد بەسەر خاک و هەموو سەرچاوەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بە شێوەیەکی یاسایی دەچەسپێندرێت.

1.3.  رەهەندی نوێ بوون

دەرفەتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو پێدراوانەی کە لە یاسای نێونەتەوەییدا بۆ گەلان لەبەرچاوگیراون وەکوو پێویست لای کوردەوە گرینگی پێنەدراوە، هەر بۆیە نەتوانراوە کەڵکیلێوەربگیرێت. پاش نووسینەوەی دەستووری عێراق و دانانی ماددەی ١٤٠ بۆ چارەسەری دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی کورد و بەغدا و جێبەجێنەنەکردنی لە ماوەی دیاریکراوی خۆیدا، بە مەبەستی پاراستنی ئەمن و ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتیی لە دووتۆی زیاتر لە دە بڕیارنامەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیکگرتووەکان داوا لە بەگدا و هەولێر و یۆنامی دەکات کە کێشەی سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان چارەسەربکەن بە ئاسایش و سەقامگیری نیودەوڵەتیی نەکەوێتە مەترسییەوە. ئەمە لە مێژووی کارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا یەکەمجارە باسی سنووری ناوخۆیی بکرێت و تا ئێستا توێژینەوەیەکی وردی لەسەر نەکراوە. بۆیە ئەم توێژینەوە کارێکی تازە دەبێت و بە روانینێکی شیکارییانە و خوێندنەوەیەکی ناودەقیی، لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە و هەموو بوارە شاراوەکانی ناو بڕیارنامەکان و دێرە نەنووسراوەکانی کە ناراستەوخۆ ئاماژەیان پێدراوە دەخرێتەبەرباس کە لە جۆری خۆیدا کارێکی بابەتییانە و نوێ دەبێت.

1.4.  پرسیارەکان  

       ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چۆن لە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی باشووری کوردستان دەروانێت؟
       راسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چین و بۆچی ئەم ئەنجومەنە دەستێوەردان لە بابەتی سنووری ناوخۆیی عێراقدا دەکات و دەرهاویشتەکانی بۆ کورد چین؟
       لایەنی شاراوەی ئەم بڕیارانە بۆ کورد چییە و دەبێ چۆن کەڵکیانلێوەربگرێت؟
 

1.5.  شێوازی توێژینەوە

ئەم توێژینەوە بە سوودوەرگرتن لە بنەما و پرنسیپە گشتییەکانی یاسای نێونەتەوەیی و بە خوێندنەوەی سەرچاوەکانی یاسای پێوەندیدار، لە ناوخۆی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵدەدات بە شێوەیەکی پێناسەیی-شیکاریی دۆخی ناوچە دابڕاوەکان لە باشووری کوردستان بە شیوەیەکی یاسایی لێکبداتەوە و ریکارە یاساییەکان بە پێی راسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بخاتە بەرچاو. سەرەتا هەموو بڕیارنامەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بەم بوارە، لێکدەدرێتەوە و پێوەندییان بە جۆگرافیای کوردستان و سنوورە ناوخۆییە ناکۆکی لەسەرەکان و هەروەها بابەتی ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتیی لەم بەستێنەدا دەخرێتەڕوو بە مەبەستی گەیشتن بە رێکارە یاساییە پێشنیارکراوەکان و راسپێردراوەکان.

1.6. بەکارهێنەرانی ئەم توێژینەوە

ئەم توێژینەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی و حوکمرانیی لە هەرێمی کوردستاندا، بۆ نوێنەرانی کورد لە پەرلمانی بەغداد، بۆ حێزبەکان و هەروەها هەموو چالاکوانێکی سیاسی و یاسایی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، بۆ لۆبی سازکردن، بۆ خوێندکاران و ئەکادێمیسیەنەکانی کوردستان سوودمەنددەبێت. لە گەڵ ئەوەشدا دەکرێت بۆ هەڵسووڕاوانی سیاسی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان وەکوو ئەزموون و بەرچاوڕوونی سوودی هەبێت.

2)  ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا

ناکۆکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ناوچە دابڕاوەکان یان ناوچە جێناکۆکەکان، پرسێکی ئاڵۆز و لەمێژینەیە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی مێژوویی هەیە. لە ناوەڕۆکەکەیدا پرسی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زەوییە کە بەسەر باکووری عێراقدا درێژدەبێتەوە، کە بە "ناوچە جێناکۆکەکان یان کێشەلەسەرەکان"[2] ناسراوە. ئەم ناوچانە بەشێکی پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین لەخۆدەگرن، دانیشتوانی هەمەچەشنن، لەوانە کورد، عەرەب، ئاشووری و تورکمان. بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگا و جوگرافیایەکی فرەکەلتوورییان هەیە.  

کەرکوک، بە "دڵی" ناکۆکییەکە دادەنرێت، کەرکوک پارێزگایەکی فرە نەتەوەییە و کێڵگە نەوتییە گەورەکانی تێدایە. هەم حکومەتی هەرێم و هەم عێراق پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە بەشێکە لە خاکی خۆیان. لە دەشتی نەینەوا، بە شێوەیەکی نەریتی ئاشوورییەکان و کەمینەکانی تری مەسیحی نیشتەجێن، کە بەهۆی ململانێکان و ئاوارەبوونەوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی دیمۆگرافی بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها دیالە و سەلاحەدین، بەشێکن لەو پارێزگایانەی ناوچە دابڕاوەکان دەیانگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای بوونی مێژوویی کورد و دانیشتوانەکەی بە جێناکۆکیان دەزانێ. ئەم ناوچانە لە رووی جۆگرافیای سیاسی عێراقەوە لە ئێستادا بە شێوەی خوارەوە دابەشکراون:

1. پارێزگاری نەینەوا

قایمقامیەتی نەینەوا، قەزای عەقرە و بەشی باکووری قەزای شێخان دەگرێتەوە کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە لەژێر دەسەڵاتی کورددان، هەروەها هەرسێ قەزای دەشتەکانی نەینەوا بە دانیشتوانی ئاشووری و ئێزیدی و شەبەک و هەروەها شەنگال تەلعەفەر ئێزیدی و بە تێکەڵاوی کورد و عەرەبن.

2. پارێزگاری هەولێر

خاکی سەرەکی کێشە لەسەری ئەم پارێزگارە قەزای مەخموورە کە لە ساڵی 1991ەوە لە بەشەکانی دیکەی پارێزگاکە بە جیا ماوەتەوە، مەخموور بە شێوەیەکی سەرەکی عەرەب و کوردی تێدایە.

3. پارێزگاری کەرکوک

قایمقامیەتی کەرکوک بە سنوورەکانی پێش ساڵی ١٩٦٨ پێناسە دەکرێت، کە بریتین لە قەزای چەمچەماڵ و کەلار سەر بە پارێزگای سلێمانی و ناحیەی توز سەر بە پارێزگای سەلاح الدین و قەزای کفری سەر بە پارێزگای دیالە. سنوورەکانی کەرکوک دەستکاری کران و قەزا کوردنشینەکان بۆ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی زیاد کران. قەزا عەرەبیەکان بۆ پارێزگای کەرکوک زیاد کران. گوندەکانی تورکمان بۆ پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین زیاد کران.

4. پارێزگای دیالە و قەزاکانی دیکە

ناوچە جێناکۆکەکانی ئەم دەڤەرەش بریتین لە قەزای خانەقین و کفری و بەلەدروز پارێزگای دیالە، قەزای توز کە ئێستا بەشێکە لە قایمقامیەتی سەڵاحەدین و قەزای بەدرە کە ئێستا بەشێکە لە قایمقامیەتی واست.[3]

ناکۆکییەکە ڕەگ و ریشەی لە ململانێی عەرەب و کوردەوە هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم. لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حوسێن، کورد ڕووبەڕووی سەرکوتی توند بووەوە، لەوانە سیاسەتەکانی "عەرەبیکردن" کە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە جێناکۆکەکان بوو بەرەو عەرەب. دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، کورد کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان گرتەوە دەست و ناکۆکییەکان زیاتر پەرەیان ئەستاند.

ناکۆکی ئێستا ڕەگ و ڕیشەی خۆی لە پێکهاتنی پڕ لە گێژاوی عێراق لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەبینێتەوە، ئینگلیزەکان بە نەخشاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەوڵەتێکی عێراقییان دروستکرد کە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی لەخۆگرتبوو، لەوانە عەرەب، کورد و ئاشوری.[4] کورد کە تامەزرۆی چارەی خۆنووسین بوو، لە ئاواتەکانی بێبەش کرا، هەر ئەمەش نارەزایەتییەکانی تووندتر کرد. دۆزینەوەی نەوت لە کەرکوک کێشەکانی ئاڵۆزتر کرد و گرژییە ئابووری و سیاسییەکان و دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەو پێیە زیادیان کرد.[5]

ناوچە جێناکۆکەکان، مۆزایکێکن لە نەتەوەکان و خواستە سیاسییەکان. کورد وەک بەشێک لە کوردستانی مێژوویی خۆی سەیری ئەم ناوچانە دەکات؛ کورد بۆ داواکارییەکانی خۆیان، بەڵگەی مێژوویی و پەیوەندی زمانەوانی و کولتووری و شوناسێکی دیاریکراوی ئەو ناوچانە بە بنەمادەگرن.[6] بۆ چارەسەری ئەم بابەتە کە تا رووخانی سەددام هیچ ئاسۆیەکی یاسایی بۆ بەدینەدەکرا، بە دانانی دەستووری ٢٠٠٥، رووگەیەکی تازە بۆ خواستەکانی کورد بۆ ساغکردنەوەی خاک و نیشتمانەکەی کرایەوە. بە روونی لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی نوێ و فیدراڵدا، ئەم دەروازەیە بە رووی کورددا کرایەوە.

ناوچە جێناکۆکەکان، نزیکەی ٤٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە، کە دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت، ئەمەش پرسەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات. کورد کە لەڕووی مێژووییەوە، ئەم ناوچانە بە کوردی دەزانێت و بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە لە گەڵ خاکی ئێدارەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا، یەکیانبخات و بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان؛ لە بەرانبەردا حکومەتی عێراق سەروەری بەسەر تەواوی خاکەکەدا دووپاتدەکاتەوە، جەخت لەسەر یەکێتی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاک دەکاتەوە.

لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان چوار پارێزگای هەولێر، دەهۆک، هەڵەبجە و سلێمانی، ئیدارەدەکات. ئەم پارێزگایانە بەپێی دەستووری ساڵی 2005 لە سنووری ئێداری حکومەتی هەرێمی کوردستاندان، هەرچەندە دەسەڵاتی کوردیی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن سنووری ڕاستەقینەی خاکە کوردییەکان، تەنیا لەم ناوچەدا قەتیس نییە. بۆیە کورد هەوڵی ئەوەی داوە تا بە رێکاری یاسایی و سیاسی و تەنانەت سەربازیش خاکەکەی خۆی ساغبکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، رێکاری یاسایی لە ناوخۆی عێراق و یاسای نێودەوڵەتیی لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەکوو دەرفەتێکی گونجاو و زێڕین لە دەستی کورددایە بۆ کارپێکردن و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکانی.

3)  رێکاری یاسای ناوخۆیی بۆ چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان

کوردستانی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت. بە واتایەکی تر حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی حکومەتی لە هەرێمی فیدراڵی عێراق وەرگرتووە. ناکۆکی عەرەب و کورد لە عێراق لە چەند توخمێکی پەیوەندیدار پێکهاتووە، لەوانە دابەشکردنی دەسەڵاتی بودجە، تێڕوانینی دژبەیەک سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گرێبەستی نەوت و دابەشکردنی داهاتی نەوت، ناکۆکی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا. گەورەترین ئەگەری مەترسی لەسەر سەقامگیری عێراق، ئاسۆی ململانێی عەرەب و کوردە لەسەر کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە. سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان ئاماژەیە بۆ ئەو خاکانەی باکووری عێراق، واتا باشووری کوردستان؛ کە ئەو ناوچانەن کە بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، لە سەردەمی دەسەڵاتی پارتی بەعسدا، بەعەرەب کراون. بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییە خاکییەکانی عێراق دەبێ لە ڕووی تیۆریەوە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا بە تایبەت لە مادەی ١٤٠دا بدۆزرێتەوە. ئەم ماددەیە و ماددەی ٥٨ی یاسای دوڵەتی کاربەڕێکەری ساڵی ٢٠٠٤ بنەمایەک لە یاسای ناوخۆی عێراقدا سازدەکەن بۆ چارەسەری یاسایی ناوچە جێنانکۆکەکان.

سەبارەت بە پرۆسەی ئاساییکردنەوە، مادەی ١٤٠ی دەستوور، ئاماژە بە مادەی ٥٨ی یاسای ئیداری کاربەڕێکەر[7] دەکات. یاساکە جێبەجێکردنی "خێرا"[8]ی بە پێچەوانەوە بۆ ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو: "ئەو نادادپەروەرییەی کە بەهۆی کردەوەکانی ڕژێمەکانی پێشووەوە دروست بووە، لە گۆڕینی سیما دیمۆگرافیای هەندێک ناوچە، لەنێویاندا کەرکووک"؛ کە دەبیت بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی؛ واتا، دۆخی پێش تەعریب و کۆچاندن.

مادەی ٥٨ یاسای ئیداری کاربەڕێکەر، بە شێوەیەکی تاڕادەیەک ورد، پرۆسەی ئاساییکردنەوە دەخاتەڕوو؛ کە بەدیهێنانی، چوار کردار بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

1)     قەرەبووی دارایی؛

2)     ڕاستکردنەوەی نەتەوە؛

3)    چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی زەوی و موڵک و ماڵ؛ 4)     ساغکردنەوەی سنووری ئیداری پێش بەعس

نە ماددەی ٥٨ی یاسای ئیداری کاربەڕێکەر و نە مادەی ١٤٠، لە بەر ئەوەی ڕێنمایی ورد بۆ گرتنەبەری ئەو جۆرە هەنگاوانە ناخەنەڕوو و زمانی ناڕوونیان هەیە، خۆیان بوونەتە هۆی ناکۆکی.

جگە لەوەش پرۆسەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی مادەکە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد هەیە. بۆ نموونە قەرەبووی دارایی بۆ ئەو کەسانە دابینکرا کە دەیانویست لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کەرکوک بەجێبهێڵن؛ بەو مەرجەی کە خێزانەکان لە ماوەی ٤٠ ڕۆژدا، لە وەرگرتنی قەرەبووەوە، پارێزگاکە بەجێبهێڵن. بەڵام، زانیاریی هەیە کە زۆربەیان، قەرەبووی داراییان وەرگرتووە کەچی شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێنەهێشتووە، هەرچەندە، کۆی ژمارەکە تا ئێستا نادیارە. تەنانەت گووتراوە کە بەشێک لەوانەی قەرەبوویان وەرگرتووە، ئەو پارەیەیان بەکارهێناوە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان لە کەرکوک. سەبارەت بەوانەی دەگەڕێنەوە کەرکوک، دەسەڵات بانگەشەی ئەوە دەکات کە زەوییەکی تەواو نییە بۆ دابەشکردنی بەسەر سودمەندان.[9]

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧وە لیژنەی مادەی ١٤٠ پێشنیاری کردووە بۆ ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی هەرێم، کە هەموو ئەو قەزاو ناحیانەی کە لە کەرکوک دابڕابووەوە، بگەڕێندرێنەوە بۆ قایمقامیەت، بەو قەزایانەشەوە کە هەم حکومەتی هەرێم و هەم حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان کردووە. لەوانە قەزاکانی چەمچەماڵ، کفری، کەلار و توز. بەم شێوەیە کەرکوک دەگەڕێنێتەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی ١٩٧٥.[10]

گۆڕینی سنوورە ئیدارییەکانی ئێستای کەرکوک لەلایەن عەرەب و تورکمانەکانەوە، وەک بەربەستێکی جددی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140 هەست پێدەکرێت، بازنەی هەڵبژاردنی عەرەب و تورکمان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بە گەڕاندنەوەی سنوورەکان، لەسەر ئەو حسابە کە ئەو پرسە تەنها لە کەرکوکدا سنوردار نییە؛ بەڵکوو بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر هەموو عێراق هەیە.

بەپێی دەستوور، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێویستە پێشنیارەکان سەبارەت بە گۆڕینی سنوورە ئیدارییەکانی عێراق بخاتە بەردەم پەرلەمان. لە ساڵی 2011 رەوانشاد جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری ئەوکاتەی عێراق، پڕۆژەیاسایەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە هەر یاسایەک کە لە لایەن ڕژێمی پێشووەوە دەرچووە سەبارەت بە گۆڕینی سنوورەکان، هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا قسەی لەسەر نەکراوە. لە حاڵەتی کەرکوکدا، بۆ گێڕانەوەی سنوورەکانی، سەڵاح الدین و دیالە و سلێمانی هەموویان دەبوو ناوچەکان بگەڕێننەوە بۆ کەرکوک. بۆیە گۆڕینی سنوورەکان پرۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆز دەبێت کە ڕەنگە هەرگیز سەرکەوتوو نەبێت.[11]

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستووری بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) رەزامەندی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی بەدەستهێنا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوکاری تەکنیکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.

• سەرژمێری: ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی دیمۆگرافی.

• ڕیفراندۆم: ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوای ئاساییکردنەوە و سەرژمێری، ڕێگەدان بە دانیشتوان بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیان.  

لە مادەی ١٤٠دا، بە ڕوونی باس لە ئەنجامدانی سەرژمێری کراوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم. وادەیەک دانراوە بۆ سەرژمێرییەک لە تەمموزی ٢٠٠٧دا، ئەمەش لەدەستچوو؛ هەروەها سەرژمێری نیشتمانی عێراق کە بڕیار بوو لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ ئەنجام بدرێت.[12] بنەمای چارەسەرکردنی ناکۆکییە خاکییەکانی عێراق دەبێ لە ڕووی تیۆریەوە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراقدا بدۆزرێتەوە. بەڵام بابەتەکە دووفاقییە و بە ئاسانی دەتوانرێت وەک دژبەیەک لێکبدرێتەوە. لە مادەی ١٤٠دا هاتووە کە، یەکەم: دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەنگاوی پێویست بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەرجەم بڕگەکانی مادەی ٥٨ی یاسای ئیداری کاربەڕێکەر دەگرێتە ئەستۆ. دووەم: ئەو بەرپرسیارێتییەی کە خراوەتە سەر شانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق، کە لە ماددەی ٥٨ی یاسای ئیداری کاربەڕێکەر هاتووە، درێژدەبێتەوە و بەردەوامیش دەبێت بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە بەپێی ئەم دەستوورە هەڵبژێردراوە، بەو مەرجەی بەتەواوی "ئاساییکردنەوە و سەرژمێری" بە ئەنجام بگەیەنێت و لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە بۆ دیاریکردنی ئیرادەی هاووڵاتییان، تا بەروارێک کە لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ زیاتر درێژە نەخایەنێت، و بە "ریفراندۆم"، کۆتایی پێبهێنێت.

هیچ یەک لەم هەنگاوانە کە بە یاسا داڕێژراوە، نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە. رۆژ لە دوای رۆژ، ئەم بابەتە و کێشە کەڵەکەبووەکانی دیکەش بەرەو ئاقارێک رۆشتن کە گرژییەکان زۆرتر بوون و ناسەقامگیری زیاتر سەریهەڵدا. هەر کاتێک کە گرژییەکان سەر بکێشێت بۆ لای مەترسی بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەوتەوەیەکگرتووەکان دەستێوەرداندەکات. بە پێی جۆری مەترسییەکانی سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی، جۆری دەستێوەردانەکەش جیاواز دەبیت؛ لە راسپاردە و راوێژ و رێنماییەوە، تا کردەی سەربازی و سەپاندنی ئاشتەوایی لەخۆدەگرێت.

دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق کە دۆخەکە بە هەڵواسراوی و ئاڵۆزی و بە بێ تێپەڕاندنی رێکاری یاسایی ماوەتەوە و لە کاتی دیاریکراویی خۆیدا جێبەجێنەکراوە، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش بە دەرکردنی بڕیارنامە یەک لە داوی یەکەکانی خۆی و بە پێناسەکردنی وەکوو "سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان" یان "ناکۆکی لەسەرەکان"، بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی دەزانێ. لەم رێگایەوە هەوڵدەدات تا بە شێوەیەکی ئاشتییانە ناکۆکییەکان چارەسەربکات.

لە بەشی داهاتووی ئەم توێژینەوەدا، بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بەم دۆخە، وەکوو ریکارەکانی نەتەوەیەکگرتووکان دەخرێتە بەرباس.

4)  ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی و ناوچە جێناکۆکەکان

لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەنجومەنی ئاسایش دەزگایەکی تایبەت بۆ هاوکاری عێراق لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ژێر ناوی "یۆنامی"[13]دا دادەمەزرێنێت. ئەم دەزگایە کە وەکوو راسپێردراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا ئیشدەکات، دواتر رادەسپێردرێت کە لە نێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستاندا، جۆرێک لە رێککەوتن پێکبهێنێت کە بتوانن کێشە سنوورییەکانی خۆیان چارەسەربکەن. هەر وەک پێشتر باسی لێوەکرا، بە پێی دەستووری عێراق و یاسا ناوخۆییەکانی، دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٧دا، کێشەکانی ناوچەدابڕاوەکان، لە رێگای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و بە رێکارەکانی ماددەی ٥٨ی لێژنەی ئێداری دەوڵەتی کاربەڕێکەر، یەکلابکرێتەوە. لە ماوەی یاسایی خۆیدا ئەم رێکارانە هیچیان نەکرا؛ بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ئەنجومەنی ئاسایش لە رێگای بڕیارنامەی ژمارە ١٧٧٠وە داوا لە یۆنامی دەکات کە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی عێراق و لەوانە ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچە دابڕاوەکان، هاوکاری و راوێژ و پاڵپشتی پێشکەشی حکومەت بکات؛ بە جۆرێک کە رێکارەکانی دەستووری عێراق بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لێرەدا ئەم پرسیارە دێتەئاراوە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دەبێ دەستێوەردان لە ئاوەها بابەتێکدا بکات. بە پێی ماددەی ٢٤ی بنەڕەتنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرکی سەرەکی پاراستنی ئەمن و ئاسایش یان ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی لە لایەن ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سپێردراوە بە ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم رێکخراوەیە. بۆیە، لە کوێ ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی بکەوێتە بەرمەترسی و هەڕەشەی لەسەر بێت، بە پێی جۆری مەترسییەکان، لە سەر بنەمای بەشی شەشەم و حەوتەمی بنەڕەتنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی رادەپەڕێنێت. بابەتی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی سنوور ناناسێت و رەنگە ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی لە ئەگەری چارەسەر نەکردنیدا سەربکێشێت بۆ لای گرژییەکی نێودەوڵەتیی و ئەمن و ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی بخاتە مەترسییەوە. بۆیە لەم کاتانەدا ئەنجومەنی ئاسایش، بە دەرکردنی بڕیارنامە، هەڵوێست و راسپاردە و داکارییەکانی خۆی بۆ لایەنەکانی ناکۆكییەکە رادەگەیەنێ.

لە دۆزی ناوچە دابراوەکانی کوردستاندا، ئاراستەی ناکۆکی و گرژییەکان بە تایبەت داوی ئەوەی کە رێکارەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق بە هەڵواسرای مانەوە و جێبەجێنەکران، بەرەو گرژی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی تەشەنەی دەکرد؛ ئەنجومەنی ئاسایش خێرا هەڵوێستی خۆی نواند و بە دەرکردنی کۆمەڵێک بڕیارنامە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، لە داوی تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، تا ساڵی ٢٠٢٣، داوای لە لایەنەکانی ناکۆکییەکە کردوە کە بە مەبەستی پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی،[14] بە رێکارە دەستوورییەکان و بە شێوەیەکی ئاشتییانە، بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوانی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکلابکەنەوە.

سەرجەم ئەو بڕیارنامەی کە لەم بوارەدا لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرکراون، بۆ هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی و بۆ لایەنەکانی ناکۆکییەکە، پابەندیی هێنەرە. ئەم پابەندییە لە بنەڕەتنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سەرچاوە دەگرێ. کە بە راشکاوی باسی لێوەکراوە. بەپێی مادەی ٢٥ی بنەڕەتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، “وڵاتانی ئەندام رەزامەندن و ڕێکدەکەون لەسەر قبوڵکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بنەڕەتنامەکە”. ئەو کرداری "ڕازیبوون بە قبوڵکردن"ە، ئاماژەیە بۆ ئەو ڕەزامەندییە گشتییەی کە دەوڵەتەکان لە کاتی پەسەندکردنی بنەڕەتنامەکەدا، دەریانبڕیووە. دەستەواژەکە دەبێ وەک دەربڕینی ئەو بیرۆکەیە بخوێنرێتەوە کە ئەندامان پابەندن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان.[15] بۆیە هەم حکومتی عێراق و هەم هەریمی کوردسان و هەم کۆمەڵگای نیودەوڵەتیی ئەبێ پابەندبن بە ناوەرۆک و داواکارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە کە لە دووتۆی هەموو ئەو بڕیارنامانەدا رایگەیاندووە.

ئەنجومەنی ئاسایش بە فەرمی دان بەوەدا دەنێت کە کێشەیەک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە کە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنیدا، دەکرێت ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی نێودەوڵەتیی بخاتە مەترسییەوە. لێردەا پێویستە واتای دژبەری ئەم مژارە خوێندنەوەی بۆ بکرێت؛ کە ئەگەر بێتوو ئەم کێشە بۆ کورد چارەسەر نکیرێت و حکومەتی عێراق پابەندی دەستوور و راسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نەبێت، ئەوا ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی دەکرێت بکەوێتە مەترسییەوە یان بخرێتە مەترسییەوە. لێرەدا، بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش خۆیان بە ناراستەوخۆ دەتوانن وەکوو نەخشەرێگایەک بن بۆ کورد کە بتوانێ واتا دژبەرەکەی و دێڕە نەنووسراوەکانی بخوێنێتەوە و بە بنەما وەریانبگرێت. یەکەمجارە لە مێژووی کار و چالاکییە یاسایی و سیاسی و کارگێڕی و سەربازییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا، بە راشکاوی باسی سنووری ناوخۆی وڵاتێک دەکرێت وەکوو مژارێکی پێوەندیدار بە ئەم و ئاسایس و ئاشتی نێودەوڵەتییەوە. لە مێژووی خەباتی سیاسی و سەربازیی و یاسایی کورد لە باشووری کوردستانیشدا، ئەوەی کە تا ئێستا بۆ کورد دەستەبەرکرابێت و بە مسۆگەری مابێتەوە، هەر ئەوەیە کە لەم رێگایەوە و لە کەناڵی ئەنجومەنی ئاسایشەوە کراوە. ئەنجومنەی ئاسایش باسی سنوورێک دەکات لە ناوخۆی وڵاتێکدا کە تێکهەڵکێشی ئەمن و ئاشتی نێودەوڵەتیی کراوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی " سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان"[16] بۆ یەکەم جار لە مێژووی خۆیدا، ئاماژە بۆ ئەو ناوچە و خاکانە دەکات کە هەر دوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم داوای دەکەن، بەتایبەتی کەرکوک کە دەوڵەمەندە بە نەوت و ناوچەیەکی فرەکەلتوورییە.

دەستووری عێراق کە لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕیفراندۆمێکی نیشتمانی پەسەند کرا، میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان کە دەکەوێتە ناو چوارچێوەی جۆگرافیایەکەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش بە "سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان" پێناسەی دەکات، لە ڕێگەی پرۆسەی ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕیفراندۆمەوە، دابیندەکات. بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ تەواو بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەکراوە؛ بۆیە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووکان دەسپێشخەری دەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جێبەجێکردنی مادەی 140 وەک ڕێگای دەستووری و دیموکراسی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان و دەستەبەری ئاشتی و سەقامگیریی، پێناسە دەکات. هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، لە ناوچە جێناکۆکەکان، ڕێز لە "ئیرادەی خەڵک" بگرن. هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە و داوای لێکردوون کە بەشداری لە گفتوگۆ و هاریکاریی بنیاتنەردا بکەن.

لە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئاماژە بەوە کراوە کە چارەسەرکردنی سنوورە ناکۆکی لەسەرەکانی ناوخۆ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا، بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عێراق زۆر پێویستە، هەروەها پێویستی بە ڕێبازێکی هەمەلایەنە و گشتگیر هەیە کە لایەنە مێژوویی و یاسایی و سیاسی و مرۆییەکانی ئەو پرسە لەبەرچاو بگرێت. دەستەواژەی "سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان" لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 2007ەوە کەڵکی لێوەرگیراوە و بەردەوام دووپات بووەتەوە. بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆکی ئەم بڕیارنامانە و راسپاردەکان و کاریگەرییە یاساییەکانیان، لە درێژەی ئەم بابەتەدا، شرۆڤەیەکی کورت بۆ هەر یەکیان دەکرێت. هەموو ئەم بڕیارنامە و راسپاردانە بۆ ئەوە بووە کە بڵێت "جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتی ئەخاتە مەترسییەوە"؛ و ئەم خاڵە گرینگە لای کورد وەکوو خۆی نرخاندنی بۆ نەکراوە؛ و پێش ئەوەی ئەم کارت و دەرفەتە بەنرخ و زێڕینە بەکاربهێنێ و سنوورەکانی خۆی و جوگرافیای خۆی و هەروەها سەروەری یاسایی و سیاسی خۆی، بە سەر خاک و سەرچاوە و سامانە سرووشتییەکانی خۆیدا مسۆگەربکات، بە هەنگاونان بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی، بە بێ هەڵسەنگاندنی کات و رەهەند و لێکەوتە جیاجیاکانی بە تایبەت رەهەندی یاسایی، هەموو دەرفەتەکانی خۆی لەوکاتەدا، سووتاند.

5)  تێڕوانینی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان

بەگشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتاندا دەستێوەردان ناکات؛ مەگەر ئەوەیکە دۆخێک بێتە ئاراوە کە ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتیی بکەوێتە مەترسییەوە؛ لە وەها دۆخێکدا ئەنجومەنی ئاسایش بە پێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێدراوە و لە ماددەی ٢٤ بنەڕەتنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، هەنگاوەکانی بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی دەخاتەگەڕ. بە بۆچوونی ئەنجومەنی ئاسایش، بە هەڵواسراوی مانەوەی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و پەکخستنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق، هەلومەرجێک دێنێتە ئاراوە کە مەترسی بۆ سەر ئەمن و ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی سازدەکات. بۆیە بەردەوام لە دووتوێ بڕیارنامە یەک لە دوای یەکەکانی خۆیدا پێویستیی چارەسەری ئاشتییانەی ئەم دۆخە دووپات دەکاتەوە. خاڵی گرینگی ئەم بڕیارنامانە ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کار و چالاکییەکانی ئەنجۆمەنی ئاسایشدا، باسی کێشەی سنووری ناوخۆیی نێوان هەرێمێک و حکومەتی ناوەندی لە دەوڵەتێکی فیدراڵدا دەکات کە ئەگەر گرژی لێبکەوێتەوە دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئامن و ئاسایشی نێودەوڵەتیی.

• بڕیارنامەی 1770 (2007): بۆ یەکەمجار دەستەواژەی "سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان"ی ناساند، دانی بە گرنگی ئەو پرسەدا نا و داوای "دیالۆگ و گفتوگۆی بنیاتنەر"ی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا کرد.[17] هەروەها داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧ ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) درێژ دەکاتەوە و بەرپرسیارێتیەکانی دەخاتەڕوو. یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی یونامی ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانە سەبارەت بە پێداچوونەوە بە دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگە دەستوورییەکان، هەروەها لەسەر پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قبوڵکراون بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان.[18] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە بوونی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنێت و نێوەندگیریی خۆی پێشکەش دەکات بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنیان. ئەنجومەنی ئاسایش دان بە سنووریکدا دەنێت کە سنوورەکانی دیکە جیاوازە. ئەمە خۆی لە خۆیدا، دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە بەوەی کە ئەو سنوورەی کە لە نێوان کورد و عێراقدا هەیە، جیاوازە لە سنووەرکانی نێوان پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

• بڕیارنامەی ١٨٣٠ (٢٠٠٨): ئەرکی نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژکردووەتەوە.[19] لە بڕیارنامەکەدا جەخت و گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی یونامی دووپاتکرایەوە لە پاڵپشتیکردنی بۆ هەوڵەکانی گەل و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان، لەوانەش پێگەی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.[20]

• بڕیارنامەی ١٨٨٣ (٢٠٠٩): ئەنجومەنی ئاسایش بە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی پێشووتری خۆی، جەختی لەسەر پێویستی گفتوگۆ و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ کردەوە، کە بە بۆچوونی ئەنجۆمەنی ئاسایش، نەخشەڕێگای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی خستووتەڕوو.[21] ئەم بڕیارنامە، زیاتر جەختی لەسەر گرنگی سەرژمێرییەکی باوەڕپێکراوی دانیشتووان کردەووتەوە و پێشوازی لە دامەزراندنی لیژنەیەکی هاوبەش کردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکانی ئاساییکردنەوە. ئەمانە ئاماژە و پشتگیرییە بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی ماددەی ٥٨ی یاسای ئێدارەی کاربەڕێکەر و ماددەی ١٤٠ی دەستوور. ئەنجومەنی ئاسایش لە رێگای ئەم بڕیارنامەوە سەبارەت بە سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان، داواکەی خۆی دووپاتدەکاتەوە و داوادەکات کە هەر دوو لا (مەبەست دەسەڵاتی هەولێر و بەغدایە) هەوڵ بدەن بە مەبەستی پاراستنی ئاشتەوایی و یەکگرتنی نیشتمانی و رێگریکردن لە پەرتەوازەیی، بگەن بە رێگاچارەیەکی گشتگیر و بەرفراوان سەبارەت بە دابەشکردنی سەرچاوەکان و سامانی سرووشتی و دەستەبەرکردنی رێگایەک بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سنوورییە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.

• بڕیارنامەی 1936 (2010): بە داننان بە تەواوبوونی کارەکانی لیژنەی ئاساییکردنەوەی هاوبەش، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە دەست بە کاری زیاتر بکەن بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. هەروەها گرنگی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی بە تەواوی دووپاتکردووتەوە.[22]

• بڕیارنامەی ٢٠٠١ (٢٠١١): ماوەی دوانزە مانگ ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق (یونامی) درێژکردەوە. یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی یونامی، وەک لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، بریتییە لە "پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قبوڵکراون بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان".[23] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان، دیسان دان بە بوونی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنێت و ئامادەیە ئامۆژگاری و پاڵپشتی و هاوکاریی هەردوولا بکات، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێکی ئاشتیانە و پەسەندکراوی هەردوولا.

• بڕیارنامەی ٢٠٦١ (٢٠١٢): جەخت لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لە پڕۆسەی سیاسی و گفتوگۆیەکی سیاسی گشتگیر، خۆبەدوورگرتن لە لێدوان و ئەو کردارانەی کە دەتوانێت گرژییەکان زیاتر بکات، دەکاتەوە؛ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە لەسەر دابەشکردنی سەرچاوەکان، و بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پەرەپێدانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و دادپەروەرانە بۆ سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان.[24]

بڕگەی دووەمی بەشی "کارپێکردن یان کرداری"[25] ئەم بڕیارنەمەیە، دەڵێت: "بڕیار دەدات کە نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و یونامی، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، و بە لەبەرچاوگرتنی نوسراوی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سکرتێری گشتی[26] بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی ئەرکەکانیان وەک لە بڕیارنامەی 2001 (2011)دا هاتووە".[27] بڕیارنامەی ٢٠٠١ (٢٠١١) جەخت لە بەرپرسیارێتییەکانی یونامی دەکاتەوە سەبارەت بە "ئامۆژگاری و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گەل و حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان، پێشخستنی گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و ئاشتەوایی نیشتمانی بەپێی دەستوور، ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی ناوچەیی، پەرەپێدانی پرۆسە قبوڵکراوەکان بۆ حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان".[28]

بڕگەی شەشەمی بەشی کارپێکردن، دەڵێت: "داوا لە سکرتێری گشتی دەکات کە هەر چوار مانگ جارێک، ڕاپۆرت بدات بە ئەنجومەن، سەبارەت بەو پێشکەوتنانەی کە بەدەست هاتوون بەرەو جێبەجێکردنی هەموو بەرپرسیارێتییەکانی یونامی".[29] ئەم ڕاپۆرتانە دەتوانن نوێکارییەکان سەبارەت بە دۆخی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان و هەوڵەکانی یونامی بۆ ئاسانکاری چارەسەرکردنیان پێشکەش بکەن.

• بڕیارنامەی ٢١٦٩ (٢٠١٤): ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) تا ٣١ی تەمموزی ٢٠١٥ درێژکردووەتەوە. لە بڕیارنامەکەدا جەخت لە گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت یونامی کرایەوە لە ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گەلی عێراق لەوانە کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەت بۆ بەهێزکردنی دامودەزگا دیموکراسیەکان و پێشخستنی گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و ئاشتەوایی نیشتمانی بەپێی دەستوور، ئاسانکاریی ناوچەیی بۆ دیالۆگ، پەرەپێدانی پرۆسەی قبوڵکراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان، و پێشخستنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری و منداڵان و گەنجان و گروپە لاوازەکان.[30]

• بڕیارنامەی ٢٢٣٣ (٢٠١٥): ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) تا ٣١ی تەمموزی ٢٠١٦ درێژ دەکاتەوە و داوای یەکلاییکردنەوەی سیاسی دەکات لەسەر ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بڕیارنامەکە گرنگیدانی نەتەوەیەکگرتووەکان و بەتایبەتی یونامی دووپاتدەکاتەوە لە ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گەل و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناکۆکەکانی ناوخۆ و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی ناوچەیی و پێشخستنی ئاشتەوایی نیشتمانی بەپێی دەستوور.[31]

• بڕیارنامەی ٢٢٩٩ (٢٠١٦): ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) تا ٣١ی تەمموزی ٢٠١٧ درێژ دەکاتەوە و بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی دەخاتەڕوو. یەکێک لە ئەرکەکانی یونامی بریتییە لە پەرەپێدانی پڕۆسەی قبوڵکراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناکۆکەکانی ناوخۆ، کە سەرچاوەی گرژی و ململانێی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

داوا لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم دەکات بە گیانی هاوبەشی ڕاستەقینە هاوکار بن و کار بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی بکەن، لەوانەش لە ڕێگەی چارەسەرکردنی سنوورە جێناکۆکەکانی ناوخۆ.[32] جەخت لەسەر گرنگیدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی یونامی دەکاتەوە لە ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گەلی عێراق و حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پێشخستنی گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و ئاشتەوایی نیشتمانی و پەرەپێدانی پرۆسەکان بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە ناکۆکەکان.[33]

جێگای سەرنجە بگوترێت کە ئەنجوومەنی ئاسایش لە بڕیارنامەی 2299 (2016)دا بۆ یەکەمجار مەرجی هاوکاری نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی زیاد کرد. دەکرێ بگوترێ کە حکومەتی هەرێمی بە هاوتای حکومەتی عێراق داناوە و لە باریی یاساییەوە پێگەیەکی یەکسانی پێبەخشیون بۆ دانوستان و چارەسەری ناکۆکی لە سەر سنوورە ناوخۆییەکان. لە رێگای ئەم بڕیارنامەوە جەخت دەکاتەوە لە پێویستیی بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتوانی عێراق لە پرۆسەی سیاسی، لە گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، بۆ خۆبەدوورگرتن لە لێدوان و ئەو کردارانەی کە دەتوانن گرژییەکان زیاتر بکەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە لەسەر دابەشکردنی سەرچاوەکان، و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، پەرەپێدانی چارەسەرێکی گونجاو و دادپەروەرانە بۆ سنوورە ناکۆکی لەسەرەکانی ناوخۆی وڵات و کارکردن بۆ پتەوکردنی یەکێتی نیشتمانی، لەوانەش "لەڕێگەی هاوکاری نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان" و جەختکردنەوە لەسەر گرنگییەکی هەمەلایەنە و پرۆسەی سیاسی گشتگیر بە سەرۆکایەتی عێراق بۆ پشتگیریکردن لە گفتوگۆ بۆ هەموو ئەوانەی دەستبەرداری توندوتیژی دەبن و ڕێز لە دەستوور دەگرن.

دیسان جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگیدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی یونامی لە ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گەلی عێراق لەوانەش کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی عێراق بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە دیموکراسیەکان و پێشخستنی گفتوگۆی سیاسی گشتگیر و ئاشتەوایی نیشتمانیی بەپێی دەستوور، دڵنیابوون لە هەماهەنگی هەوڵەکانی ئاشتەوایی، ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی ناوچەیی، پەرەپێدانی پرۆسەی قبوڵکراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان. لە رێگای ئەم بڕیارنامەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش، هەردوو لایەنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ناکۆکییەکانیان لەسەر سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان بەگوێرەی دەستووری عێراق یەکلایی بکەنەوە.

• بڕیارنامەی ٢٣٦٧ (٢٠١٧): بڕیارنامەکە جەخت لەسەر پێویستی بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی دانیشتوانی عێراق دەکاتەوە لە پڕۆسەی سیاسیدا، لە گفتوگۆی سیاسی گشتگیردا، لەوانەش لەڕێگەی بەشداریکردنی یەکسانی ژنان، و لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراقدا، خۆبواردن لە هەر لێدوان و کردارێک، کە بتوانێت گرژییەکان زیاتر بکات، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە لەسەر دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان، بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، پەرەپێدانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گونجاو بۆ سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان، هەروەها کارکردن بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نیشتمانی، لەوانەش لەڕێگەی هاوکاریی نێوان حکومەتی عێراقەوە و حکومەتی هەرێم بە ڕۆحی هاوبەشی ڕاستەقینە.[34] دیسان لەم بڕیارنامەدا جەخت لە سەر هاوکاری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکاتەوە و بە واتایەکی دیکە پێگەیەکی یەکسانیان پێدەبەخشێ.

• بڕیارنامەی ٢٤٢١ (٢٠١٨): ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) تا ٣١ی ئایاری ٢٠١٩ درێژدەکاتەوە، یەکێک لە ئەرکەکانی یونامی ڕاوێژکاری و هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانە لەسەر پێداچوونەوە بە دەستوور، جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەروەها لەسەر پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قبوڵکراون بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان.[35] ئەم بڕیارنامە بە داننان بە گرژییە بەردەوامەکان و وەستانی پێشکەوتنەکان، هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە گفتوگۆ و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دووپاتکردەوە. هەروەها جەختی زۆری لەسەر پێویستیی دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاسایش و پاراستن بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان کردەووتەوە.

• بڕیارنامەی ٢٤٧٠ (٢٠١٩): ئەم بڕیارنامەیە لە ٢١ی ئایاری ٢٠١٩ پەسەندکرا بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) تا ٣١ی ئایاری ٢٠٢٠ سەبارەت بە ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، لەوانە پرسە ئەمنییەکان، پرسی مرۆیی، سیاسی، ئابووری و مافەکانی مرۆڤ. یەکێک لە بەرپرسیارێتییەکانی یونامی وەک لە بڕیارنامەکەدا هاتووە، ڕاوێژکردن و پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانە سەبارەت بە پێداچوونەوەی دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و هەروەها پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە پەسەندکراون بە پێی دەستوور لە حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە ناکۆکی لەسەرەکان.[36] ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان دان بە بوون و گرنگیی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەنێت، هەروەها ئامادەیە کارئاسانی بۆ گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەردوولادا بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە و دەستووری.

• بڕیارنامەی ٢٥٢٢ (٢٠٢٠): ئەم بڕیارنامەیە هاوکات لە گەڵ ئەوەی کە ئەرکی نوێنەرایەتی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (یونامی) تا ٣١ی ئایاری ٢٠٢١ درێژ دەکاتەوە، دیسان جەخت لە بەرپرسیارییەتی یۆنامی و ناوەرۆکی بڕیارنامەکانی پێشووتر دەکاتەوە؛[37] کە بەشێکیان پێوەندییان بە سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکانەوە هەیە. بڕیارنامەکە ئەوە دەگەیەنێت کە یونامی ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان بەغدا و هەولێر دەگێڕێت؛ بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە دێرینەکانیان لەسەر سنوورە ناوخۆییەکان و داهاتی هاوبەشی نەوت، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بوونەتە سەرچاوەی گرژی و ململانێ لە نێوان عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

• بڕیارنامەی ٢٦٣١ (٢٠٢٢): ئەم بڕیارنامە باسی ئامۆژگاری و پاڵپشتی و هاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات سەبارەت بە پێداچوونەوەی دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و هەروەها جەخت لەسەر پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە بە پێی یاسا بۆ حکومەتی عێراق قبوڵکراون بە مەبەستی چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان دەکاتەوە.[38] پاڵپشتی چالاکانەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن و گفتوگۆی ڕێکوپێک و بنیاتنەر بکەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەشێوەیەک کە لەگەڵ یەکڕیزی عێراق و دەستورەکەیدا بگونجێت.[39]

• بڕیارنامەی ٢٦٨٢ (٢٠٢٣): ئەم بڕیارنامە بە داننان بە هەستیاریی و ناسەقامگیریی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و ئەگەری نوێبوونەوەی ململانێکان، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی پێشووتر و راپەراندنی ئەرکی نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) دەکاتەوە، کە ئەرکی ئامۆژگاری و پاڵپشتی و هاوکاریکردنی حکوومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانە سەبارەت بە پێداچوونەوەی دەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و هەروەها پەرەپێدانی ئەو پرۆسانەی کە حکومەتی عێراق قبوڵکراون بۆ چارەسەرکردنی سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان؛[40]

سەرجەم ئەم بڕیارنامانە باسی چەند خاڵی گرینگ دەکەن و بەردەوام لە هەموویاندا دووپات دەکرێنەوە. سنوورێک هەیە لە نێوان کوردستان و عێراقدا، کە کێشەی لەسەرە؛ ئەو سنوورە لە روانینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، سنووری ناوخۆیی کێشەلەسەر و جێناکۆکە، واتا لە سنوورێکی ئاسایی نیە و جیاوازی هەیە لە گەڵ سنوورەکانی دیکەدا؛ پێگەیەکی یاسایی و سیاسی یەکسان و هاوشان و هاوتا بە هەولێر و بەغدا واتا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەبەخشێ؛ ماددەی ١٤٠ی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق بووەتە بەشێک لە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ناکرێت بە مەزاجی سیاسی و تایفی لە عێراقدا بە ئاسانی هەوڵی پشتگوێخستن یان هەموارکردن و هەڵوەشاندنەوەی بدرێت؛ سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، چیدی تەنیا مژاری یاسای دەستووری عێراق نین و پێگەیەکی یاساییان لە یاسای نێودەوڵەتییدا وەرگرتووە؛ و بابەتی ناوچە کێشەلەسەرەکان و دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان تێکهەڵکێش کراون لە مژاری ئەمن و ئاسایش و سەقامگیریی و ئاشتەوایی نێودەوڵەتییدا و پێکەوە گرێدراون.

6)  دەرەنجام

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان تەنیا لە دۆخێکدا دەستوەردان دەکات کە ئاشتەوایی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی لە بەردەم مەترسیدا بێت؛ یان کەوتبێتە مەترسییەوە. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش لە دوو دۆخی جیاوازدا هەڵوێست دەنوێنێت کە یەکەمیان لە ساڵی ١٩٩١دا بووە و سیستەمێکی پارێزراوی بۆ کورد لە ئەوکاتەدا دروستکرد؛ کە چیتر نەکەوێتە بەردەم لەناوچوون. ئەمەش لە ئاکامی ئەو دۆخەدا هاتبووە ئاراوە کە ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کورددا هاتبوون، ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتیی خستبووە مەترسییەوە و پێشێلکاری بەرچاو لەم بوارەدا روویاندابوو. بۆیە بە ناوچەی دژەفڕین و دانانی سنوورێک بۆ داگیرکەر، کوردستان تا ئەمڕۆ لە نێوەی خاکەکەی خۆی لە باشووری کوردستاندا، پارێزراوە.

دۆخی دووهەم ئەو ناکۆکییانەی کورد لە گەڵ حکومەتی عێراقدا دەگرێتەوە کە بە درێژایی مێژووی دوای دامەزراندنی عێراق خەباتی بۆ کردووە؛ ئەویش کێشەی خاک و سنوورە. تەشەنەکردنی ئەم ناکۆکییانە، ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتی ئەخستە مەترسییەوە، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەوەی ئەم مەترسییانە نەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتەوایی و سەقامگیری، پێش دروستبوونی شەڕ و گرژی لە رێگای راسپاردە و پێشنیارەکانی خۆیەوە، داوا لە حکومەتی بەغدا و هەولێر دەکات کە ناکۆکییەکانی خۆیان لە سەر سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان یەکلابکەنەوە؛ بۆ ئەوەی کە ئاشتەوایی و سەقامگیری نێودەوڵەتی نەکەوێتە بەردەم هەڕەشە و مەترسییەوە. بەڵام کورد لەم دەرفەتە تا ئێستا کەڵکیوەرنەگرتووە. گرینگی ئەم بڕیارنامانە لەوەدایە کە لە بەشێکیاندا، هاوکاتە لە گەڵ رێفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق و سەربەخۆیی کوردستان. نەدیتن و پشتگوێخستنی ئەم دەرفەتانە، لە ناوچوونی گرینگترین دەسکەوتی هەرێمی کوردستان بوو؛ کە دەکرا ببێتە هۆی یەکلاکردنەوەی یەکجاری هەموو کیشەکانی کورد لە عێراقدا. گرینگ بوو کە کورد دێڕە نەنووسراوەکانی ناو ئەم بڕیارنامانە لە رێگای شرۆڤەی یاسایی دەقەکانییانەوە بخوێنێتەوە و تێبگات؛ و دواتر هەنگاو هەڵبگرێت بۆ لای داواکارییەکانی دیکەی خۆی. نەخوێندنەوەی ئەم دەرفەتە وەکوو خۆی، بوو بە هۆی لاوازی پێگەی یاسایی هەرێم و لەدەستدانی سەروەری بە سەر بەشی گەورەی خاک و سامانەکەی خۆی و دواکەوتنی چارەسەری کێشەی خاک و جوگرافیاکەی بۆ کاتێکی نادیار.

پاش تاوتوێکردنی سەرجەم بڕیارنامە پێوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە دۆخی ناوچە کێشەلەسەرکان و سنوورە ناوخۆییە ناکۆکی لەسەرەکانەوە دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە "ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان چۆن لە دۆخی ناوچە جێناکۆکەکانی باشووری کوردستان دەروانێت؟". ئەنجومەنی ئاسایش داکۆکی لە سەر چارەسەری دەستووری ناوچە دابڕاوەکان بە پێی دەستووری ٢٠٠٥ی عێراق دەکاتەوە وپشتگیرییەکی هەمەلایەنەی یاسایی و تەکنیکی و ئیداری و سیاسی بۆ چارەسەریی و یەکلاکردنەوەی ئەم دۆخە پێشکەش و پێشنیاردەکات. پێگەیەکی نێودەوڵەتیی بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبەخشێت و هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق وەکوو یەک چاولێدەکات و پێگەیەکی هاوشانیان پێدەبەخشێ و بە بەردەنگ وەریاندەگرێت. لە بۆچوون و رامانی ئەنجومەنی ئاسایشدا، سەرەڕای پشتگیری و داکۆکی لە عێراقێکی یەکپارچە و دیمۆکرات و فیدراڵ و فرەکەلتوور، جەخت لە سەر جیاوازی سنووری خاکی کوردستان وەکوو سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان" دەکاتەوە و پێگەیەکی تایبەتی پێدەبەخشێ کە لە سنوورەکانی دیکە جیاوازە؛ لە حەگەری جێبەجێکردنیدا دەبێتە هێڵکاری نوێی دابەشکاری جۆگرافیای سیاسی عێراق؛ و پێگەیەکی پارێزراوی یاسایی بۆ ئەو سنوورانە بە پێی یاسای نێونەتەوەیی مسۆگەر دەکات کە وەکوو سنوورەکانی هێڵی سەوز و ناوچەی دژەفڕین پارێزراو دەبێت و بۆ هەمیشە دەبێتە کیانێکی یاسایی پارێزراو. پاش ئەوە کوردستان دەتوانێ هەنگاوی بنێت بۆ چارەسەریی یەکلایی و یەکجارەکی مافی چارەی خۆنووسین.

سەبارەت بەوەی کە "راسپاردەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چارەسەری سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چین و بۆچی ئەم ئەنجومەنە دەستێوەردان لە بابەتی سنووری ناوخۆیی عێراقدا دەکات و دەرهاویشتەکانی بۆ کورد چین" دەکرێ بەم شێوەیە ئەم بابەتە گەنگەشە بکرێت کە راسپاردەکانی ئەنجومونی ئاسایس بۆ چارەسەری سنوورە ناوخۆییە کێشەلەسەرەکان، لە سەر پێڤاژۆی چارەسەری ئاشتییانە و سازان و دانوستانی نیشتمانی گشتگیر بە بنەما وەرگرتنی رێکارەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقن کە پێش هەموو شتێک دەبێت ئاسەوارەکانی تەعریب و کۆچاندن و ئەنفال و گۆڕینی دیمۆگرافیا وەکوو "سێ کوچکەی هەرەس" ئاسایی بکرێنەوە و پاش ئەوە سەرژمێری و دواتر راپرسی بکرێت. بۆیە دەبێت کورد زایتر لە هەموو لایەنەکانی دیکە پێداگری لە جێبەجێکردنی دەستوور بکاتەوە و پشتیوانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەم بابەتە بە هەندوەربگرێت. لە ئەگەری ملکەچنەبوونی لایەنەکانی دیکەدا بۆ ئەم مەبەستە ئەو بژاردانەی کە لە دێڕە نەنووسراوەکانی بڕیارنامەکاندا بەدیدەکرێت، دەکرێ بخرێتە گەڕ. ئێستا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە "لایەنی شاراوەی ئەم بڕیارانە بۆ کورد چییە و دێڕە نەنووسراوەکانی کامانەن و کورد دەبێ چۆن کەڵکیانلێوەربگرێت؟". بۆ خوێندنەوی لۆژیکی هەر دەقێک یان بەڵگەنامەیەکی یاسایی دەبێت "واتای دژ"ی هەر چەمکێک یان واتایەک بەهەندوەربگیرێت. بۆ وێنە لە پێشەکی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە کە سەرجەم ئەو ماف و ئازادییانەی کە لەم جاڕنامەیەدا هاتووە دەبێ بە سەروەری یاسا دەستبەربکرێن و بپارێزرێن؛ بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ داوجار ناچار نەبێت بۆ پاراستنی ئەم ماف و ئازادییانە پەنا بباتە بەر شۆڕش و سەرهەڵدان. واتا، ئەگەر لە ریگای سەروەری یاساوە نەکرا ئەم ماف و ئازادییانە بپارێزرێن، ئەوا "شۆڕش و راپەڕین و سەرهەڵدان" بژاردەیەکەی ناچاریی و رەوایە لە بەردەم ئەو مرۆڤانەی کە مافەکانیان پێشێلکراوە. واتای هاودژی ئەم دەقە یاساییە ئەوەیە کە بە ناراستەوخۆ بەڵام بە روونی دەڵێت، ئەگەر یاسا مافا بنەڕەتییەکانی مرۆڤی نەپاراست و یاسا سەروەر نەبوو، بژاردەیەک نامێنێتەوە بێجگە بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکان لە رێگەی شۆڕشەوە. تەنانەت دەکرێت بگاتە ئاستی شۆڕشی چەکداری و بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی نیشتمانیی؛ وەکوو ئەو خەباتەی کە کورد لە بەرانبەر داگیرکەران کردوویەتی و بەم شرۆڤە یاساییە رەوایی بوونی وەرگرتووە و یاسای نێونەتەوەییش دانیپێداناوە.

سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠٢٣ سەبارەت بە دۆخی ناوچە دابڕاوەکان و سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان، دەرکراوە، باسی ئەوە دەکەن کە ئەم بابەتە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئاسایش و ئاشتەوایی و سەقامگیریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی دەخاتە مەترسییەوە. دیوی بەرانبەری ئەم بۆچوونە یان واتای هاودژی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادە نەبوو ملکەچی جێبەجێکردنی دەستوور و چارەسەریی ئاشتییانە و دەستووریی ئەو ناوچانە بێت، ئەوا دۆخێک دێتە ئاراوە کە ئاشتەوایی و ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتیی دەخاتە مەترسییەوە. ئەمە بژاردەی بەردەستی کوردە کە دێڕە نەنووسراوەکانی بڕیارنامەکە باسی لێودەکەن. ئەو بژاردەیە و هەلومەرجی رەخساندنی دۆخەکەی شتێکە کە کورد دەتوانێ گرژی بکاتەوە یان خاوی بکاتەوە. لە ئەگەری ناچارەسەری ئاشتییانەدا، خولقاندنی دۆخی گرژی و توندترکردنەوەی ناکۆکییەکان[بە هەر شێوازێک] و تێکهەڵکێشکردنی لە بابەتی تێکچوونی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بژاردەیەکە کە لە شێوەی دەستێوەردانی چەشنی ساڵی ١٩٩١ بەدوای خۆیدا دێنێ. بۆیە گرینگە هاوکات لە گەڵ پێداگری بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و رێکارەکانی ماددەی ١٤٠ و لێژنە پێوەندیدارەکانی، مێکانیزم و دەرفەت و دەرەتانەکانی نێو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و بژاردە شاراوەکانی پێداگرییان لەسەر بکرێت و بخرێنە چاورچێوەی بەرنامەی کار و چالاکی فرەلایەنی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە. ئەم خاڵە لەبەرچاوبگیرێت کە ئەنجومەنی ئاسایش کاتێک دەستوەردانی راستەوخۆی کرداریی دەکات کە ئاڵۆزییەکان و مەترسییەکانی سەر ئەمن و ئاسایش و سەقامگیریی و ئاشتی نێودەوڵەتیی بگەنە ئاستێک کە پێوەرەکانی بەشی حەوتەمی بنەڕەتنامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووتان، بیانگرێتەوە. ئەوە بێگومان بژاردەیەکی کراوەیە لە بەردەم کورددا؛ ئەگەر چارەسەری دەستووری و ئاشتییانە دەستەبەر نەکرا و مسۆگەر نەبوو.

7)  سەرچاوەکان

1.     Anderson Liam and Gareth Stansfield (2009). Crisis in Kirkuk: The Ethno-politics of Conflict and Compromise, University of Pennsylvania Press.

2.     Anderson, L. (2015). Kurdish autonomy in Iraq and Turkey: Comparative and international law perspectives (Vol. 38). Routledge.

3.     Azizi, Sattar. (2018). The UN Security Council and Iraq’s Disputed
 Internal Boundaries, The Iranian Review for UN Studies (IRUNS). Vol.1, No.1, pp. 27-63

4.     Barnett, M. (2017). Iraq and the Kurds: Navigating a Fragile State. International Affairs, 93(2), 429-448.

5.     Bartu Peter (2010). “Wrestling with the Integrity of a Nation: The Disputed Internal Boundaries of Iraq”. International Affairs, Vol. 86 No. 6

6.     Crisis Group. (2023, October 6). Iraq's disputed territories: Avoiding a flashpoint. https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq

7.     Gunes, C., & Yassami, F. (2018). The Kurds in Iraq after the 2003 US invasion. Routledge.

8.  Higgins Rosalyn, “The Advisory Opinion on Namibia: Which UN Resolutions Are Binding under Article 25 of the Charter?”, (1972), The International and Comparative Law Quarterly, Vol.21, No. 2, pp. 270-286

9.     International Crisis Group. (2017). Iraq: The Disputed Internal Boundaries. International Crisis Group.

10.  Kane Sean (2011). Iraq`s Disputed Territories: a view of the Political Horizon and Implications for U.S. Policy, United States Institute of Peace.

11.  Kurdistan Regional Government. (2024, January 25). Disputed Territories. https://moderndiplomacy.eu/2022/11/20/northern-iraq-and-the-kurdistani-disputed-territories/

12.  letter from the Minister of Foreign Affairs of Iraq to the Secretary-General (S/2012/520). Cited in: Azizi, Sattar. (2018). The UN Security Council and Iraq’s Disputed
 Internal Boundaries, The Iranian Review for UN Studies (IRUNS). Vol.1, No.1, pp. 27-63

13.  Liam Anderson and Gareth Stansfield (2009). Crisis in Kirkuk: The Ethno-Politics of Conflict and Compromise (University of Pennsylvania Press)

14.  McDowall, David. (1997). A Modern History of Iraq. I.B. Tauris.

15.  McDowall, David. (2019). The Kurds: A Nation Denied. Bloomsbury Academic.

16.  Morris Samuel, Khogir Wirya, Dlawer Ala’Aldeen (2015). The Future of Kirkuk: A Roadmap for Resolving the Status of the Governorate, The Middle East Research Institute.

17.  Peter Bartu (2010). “Wrestling with the Integrity of a Nation: The Disputed Internal Boundaries of Iraq”, International Affairs, Vol. 86 No. 6.

18.  Ramcharan G. Bertrand (2002). The Security Council and the Protection of Human Rights, (Hague: Martinus Nijhoff Publisher).

19.  Republic of Iraq. (2005). Constitution of the Republic of Iraq.

20.  Rouhi, Ebad. (2023), The Kurdistan Region and the loss of its legal opportunities granted by the United Nations to Return Disputed Areas, Journal of legal Affairs Center, Suleimani

21.  Rouhi, Ebad. (2023), The Kurdistan Region and the loss of its legal opportunities granted by the United Nations to Return Disputed Areas, Journal of legal Affairs Center, Suleimani

22.  Simma Bruno, Daniel Erasmus Khan, Georg Nolte and Andreas Paulus, eds. (2012). The Charter of the United Nations, Oxford University Press.

23.  Sorani Shaxavan. Rouhi Ebad and Abdullahi Javanmeer, (2022). The legitimacy of the 2017 referendum on the independence of the Kurdistan Region from the perspective of the Iraqi constitution and international law, The Quarterly Journal of World Politics 11 (Issue 1 - Serial Number 39), 253-278

24.  Van Bruinessen, A. H. (1992). Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan. Zed Books.


25.   UN Security Council Resolutions, /RES/1770 (2007). Available at: https://undocs.org/S/RES/1770(2007)

26.   UN Security Council Resolutions, /RES/1830(2008). Available at: https://undocs.org/S/RES/1830(2008)

27.   UN Security Council Resolutions, /RES/1883 (2009). Available at: https://undocs.org/S/RES/1883(2009)

28.   UN Security Council Resolutions, /RES/1936 (2010). Available at: https://undocs.org/S/RES/1936(2010)

29.   UN Security Council Resolutions, /RES/2001 (2011). Available at: https://undocs.org/S/RES/2001(2011)

30.   UN Security Council Resolutions, /RES/2061 (2012). Available at: https://undocs.org/S/RES/2061(2012)

31.   UN Security Council Resolutions, /RES/2169 (2014). Available at: https://undocs.org/S/RES/2169(2014)

32.   UN Security Council Resolutions, /RES/2233 (2015). Available at: https://undocs.org/S/RES/2233(2015)

33.   UN Security Council Resolutions, /RES/2299 (2016). Available at: https://undocs.org/S/RES/2299(2016)

34.   UN Security Council Resolutions, /RES/2367 (2017). Available at: https://undocs.org/S/RES/2367(2017)

35.   UN Security Council Resolutions, /RES/2421 (2018). Available at: https://undocs.org/S/RES/2421(2018)

36.   UN Security Council Resolutions, /RES/2470 (2019). Available at: https://undocs.org/S/RES/2470(2019)

37.   UN Security Council Resolutions, /RES/2522 (2020). Available at: https://undocs.org/S/RES/2522(2020)

38.   UN Security Council Resolutions, /RES/2531 (2022). Available at: https://undocs.org/S/RES/2531(2022)

39.   UN Security Council Resolutions, /RES/2631 (2022). Available at: https://undocs.org/S/RES/2631(2022)

40.   UN Security Council Resolutions, /RES/2682 (2023). Available at: https://undocs.org/S/RES/2682(2023)


 
[1]. Ebad Rouhi, Assistant Professor of Public International Law, Department of Law, Cihan University of Sulaymaniyah, Kurdistan, Iraq. Email: [email protected] & [email protected]

+964(0)774-142-8242


[2]. Disputed Areas

[3]. Azizi, Sattar. (2018). The UN Security Council and Iraq’s Disputed
 Internal Boundaries, The Iranian Review for UN Studies (IRUNS). Vol.1, No.1, pp. 27-63

[4]. McDowall, D. A. (1997). A modern history of Iraq. I.B. Tauris.

[5]. Anderson, 2015 Anderson, L. (2015). Kurdish autonomy in Iraq and Turkey: Comparative and international law perspectives (Vol. 38). Routledge.

[6]. Van Bruinessen, Martin (1992). Agha, Shaikh and State: The Social and Political Structures of Kurdistan (London: Zed Books).

[7]. Transitional Administrative Law (TAL)

[8]. expeditious

[9]. Morris Samuel, Khogir Wirya, Dlawer Ala’Aldeen, The Future of Kirkuk: A Roadmap for Resolving the Status of the Governorate, The Middle East Research Institute, September 2015.

[10]. Peter BARTU “Wrestling with the Integrity of a Nation: The Disputed Internal Boundaries of Iraq” (2010), International Affairs, Vol. 86 No. 6.

[11]. Morris and others, supra note 16 at 19

[12]. Liam ANDERSON and Gareth STANSFIELD, Crisis in Kirkuk: The Ethno-Politics of Conflict and Compromise (University of Pennsylvania Press, 2009)

[13]. United Nations Assistance Mission for Iraq (UNAMI)

[14]. International Peace and Security

[15]. Higgins Rosalyn, “The Advisory Opinion on Namibia: Which UN Resolutions Are Binding under Article 25 of the Charter?”, (1972), The International and Comparative Law Quarterly, Vol.21, No. 2, pp. 270-286

[16]. disputed internal boundaries

[17]. UN Security Council Resolutions, /RES/1770 (2007)

[18]. UN Security Council Resolutions, /RES/1770 (2007), paragraph 2.a.iii

[19] . UN Security Council Resolutions, /RES/1830(2008), p. 1.

[20] . UN Security Council Resolutions, /RES/1830(2008), pp. 1-2

[21] . UN Security Council Resolutions, /RES/1883 (2009)

[22] . UN Security Council Resolutions, /RES/1936 (2010)

[23]. UN Security Council Resolutions, /RES/1936 (2011), p. 2

[24]. UN Security Council Resolutions, /RES/2061 (2012), p. 2

[25]. Operative

[26] . letter from the Minister of Foreign Affairs of Iraq to the Secretary-General (S/2012/520)

[27] . UN Security Council Resolutions, /RES/2061 (2012), p. 3

[28] . UN Security Council Resolutions, /RES/2001 (2011), p. 2

[29]. UN Security Council Resolutions, /RES/2061 (2012), p. 2

[30]. UN Security Council Resolutions, /RES/2169 (2014), p. 3

[31]. UN Security Council Resolutions, /RES/2233 (2015), p. 2.

[32]. UN Security Council Resolutions, /RES/2299 (2016), p. 5.

[33]. UN Security Council Resolutions, /RES/2299 (2016)

[34] . UN Security Council Resolutions, /RES/2367 (2017).

[35]. UN Security Council Resolutions, /RES/2421 (2018), paragraph 2.b.ii.

[36]. UN Security Council Resolutions, /RES/2470 (2019), p. 2.

[37]. UN Security Council Resolutions, /RES/2522 (2020).

[38]. UN Security Council Resolutions, /RES/2531 (2022), paragraph 2.b.ii.

[39]. UN Security Council Resolutions, /RES/2631 (2022), paragraph 2.g

[40]. UN Security Council Resolutions, /RES/2682 (2023).