دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان

هەڵسەنگاندن بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی دارەکانی پارێزگای دهۆک

By هەناس باسم ئەیوب

پێشەکی

دارەکانی شارستانی ڕۆڵی گرینگیان هەیە لە باشترکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و باشتر کردنی بارودۆخی ژینگەیی لە هەر شارێکدا. هەروەها، لە ناوچەگەلێکی شارستانیدا، شوێنە سەوزە گرینگەکان بە شێوەیێکی گونجاو ناپارێزرێن، ئەوەش دەبێتە هۆی لەنێوچوونی دارستان و لەدەسدانی سوودەکانیان.

پارێزگای دهۆک دەکەوێتە ناوچەیێکی شاخاوی لە هەرێمی کوردستان. دهۆک دەوڵەمەندە بە دەشتایی بە پیت و داروبار و دارستان لە دەورەبەری شار، بۆ وێنە زاویتە کە ٧٠%ی دارستانەکەی بە داری سنەوبەر داپۆشراوە، بەڵام داری بەڕوویشی زۆر تێدایە. ئەم تایبەتمەندییانە سوودی ژینگەییی گرینگیان هەیە. وێنەی (١) زۆرینەی زەویی دارستانی پارێزگای دهۆک دەخاتە ڕوو.

سەرەڕای بوونی ئەم دارە گرینگانەی بە سروشتی گەشەیان کردووە و ناوچە دارستانییەکانی پارێزگای دهۆک، گرەنتیی ئەوە نەدراوە کە ئایا دارستانەکان بە باشی دەپارێزرێن و بەڕێوە دەبرێن یان نا. ئەم سەرچاوانە ڕەنگە لەژێر هەڕەشەی گەورەی لەنێوچوون بن، یان ڕەنگە بە باشی بەڕێوە نەبرێن، ئەمەش دەکرێت کاریگەریی ڕاستەقینە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دابنێت. ئامانج لەم توێژینەوەیە هەڵسەنگاندنی ئەوەیە کە ئایا دارەکانی شارستانیی دهۆک دەپارێزرێن و بە باشی بەڕێوە دەبرێن یان نا. ئامانجەکە ئەوەیە بەڵگە لەسەر بارودۆخی ئێستای پاراستن و بەڕێوەبردنی دارەکانی شارستانی بخاتە ڕوو. با سەیرێکی پرسیاری توێژینەوەکە بکەین: دۆخی ئێستای دارەکانی شارستانی لە پارێزگای دهۆک چۆنە؟

تێگەیشتن لە بارودۆخی ڕاستەقینەی پاراستن و بەڕێوەبردنی دارەکان و ناوچە دارستانییەکان گرینگە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت، چونکە پشتگوێخستنی تەندروستیی ژینگەیی یەکێکە لە پرسە گەورەکان لە پارێزگای دهۆک. هێنانی شیکاریی چەندیێتی بۆ ناوچە سەوزاییەکان، زانیاری لەو کەسانەوەی کە بەرپرسیارن و بەڵگەنامەکان وەک بەڵگە گرینگ و پێویستن بۆ خستنەڕووی ئەوەی کە ئایا ناوچە دارستانییەکان بە تەواوی پارێزراون و بەڕێوە دەبرێن یان کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و پاراستنیاندا هەیە کە تەندروستیی دارستانەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.

ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە هەرچەندە دارەکانی شارستانی لە پارێزگای دهۆک بە گرینگیی ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە ناسراوە، بەڵام پاراستن و بەڕێوەبردنی ئێستایان لە خوار ستانداردە نێودەوڵەتییەکانەوەیە. ئەمەش وای لێدەکات کە ئاسان زیانی پێ بگات بە تایبەت لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەی شارەکان. بۆیە، سیاسەتی بەهێزتر، پلاندانانی باشتر و پشتگیریی کۆمەڵگا پێویستن بۆ پاراستنی سەوزاییەکان و مانەوەیان.

میتۆدناسی

میتۆدی چۆنیێتی و چەندیێتی بەکارهێنرا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ورد و قوڵ و پسپۆڕانە و دیدگای دامەزراوەیی سەبارەت بە بەڕێوەبردن و پاراستنی دارەکانی شارستانی لە پارێزگای دهۆک و, بۆ هەڵسەنگاندنی دارەکانی شارستانی بۆ کۆکردنەوەی داتای  پشت پێ بەستراو. لە بەرانبەر ئەوەشدا، میتۆدی نموونەی ئامانجدار بەکارهێنرا. لە ئەنجامدا، ٣ چاوپێکەوتن کران، لەوانە ٢ کەسیان ئەکادیمی بوون لە بەشی دارستانی زانکۆوە و یەک ڕۆژنامەنووس کە کاری لەسەر پرسە ژینگەییەکان دەکرد. 

دۆخی دارەکانی شارستانیی پارێزگای دهۆک

بارودۆخی ئێستای دهۆک ئەوە پێشان دەدات کە بەرەوپێشچوونێک هەبووە، بەڵام کێشەی ڕاستەقینەی زۆریش هەیە. لە چاوپێکەوتنەکانەوە، هەر سێ بەشداربووەکە یەک دەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دۆخەکە لە هەندێک ڕووەوە باشتربووە، بەڵام هێشتا چەندین هەنگاو دوورە لەوەی باشتر بێت.

بارودۆخی ئێستای دهۆک ئەوە پێشان دەدات کە بەرەوپێشچوونێک هەبووە، بەڵام کێشەی ڕاستەقینەی زۆریش هەیە. لە چاوپێکەوتنەکانەوە، هەر سێ بەشداربووەکە یەک دەنگ بوون لەسەر ئەوەی کە دۆخەکە لە هەندێک ڕووەوە باشتربووە، بەڵام هێشتا چەندین هەنگاو دوورە لەوەی باشتر بێت.

محەمەد ح. ن. (٢٠٢٥)، پسپۆڕی دارستان و پرۆفیسۆر لە زانکۆی دهۆک، بە تێگەیشتن لە هەوڵەکانی شار دەستی پێکرد کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ دەستپێشخەریی سەوزایی سەرەکی دەستپێکراوە. ئەمانە بریتین لە کەمپەینەکانی چاندنی دار، پارکە نوێیەکان و بەرنامەکانی هۆشیاریی گشتی لە زانکۆ و خوێندنگەکان. هەرچەندە سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵانەش، ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرێک لە پرۆژەکان درێژخایەن نین. ئاماژەشی بەوە دا کە "بە نزیکەیی تەنها ٤٠ بۆ ٥٠ لە سەدی پرۆژە سەوزەکان بەردەوامییان هەیە''. "ئەوەی دیکە زیاتر لەبەر پەراوێز خستن و کەمتەرخەمیی دوای چاندن پشتگوێ خراوە''.

هەروەها، د. محمد ح. ن. جەختی لە کێشەیەکی دیکەی بەردەوام کردەوە: ئەوەی کە کەسانی پێویست نایەنە ناو پرۆسەی پلاندانانەوە. باس لەوەش دەکات کە "لە زۆرترین دۆخدا، تەنها دەزگا حکومییەکان بەشدارییان کردووە، بەڵام کۆمەڵگا نێوخۆییەکان، زانکۆکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان پەراوێز خراون. ئەم پرۆفیسۆرە خەمڵاندنی بۆ ئەوەش کردووە کە تەنها ٢٠ لە سەدی لایەنە پێوەندیدارەکان بەشدارییان لە پرۆژەکاندا کردووە. دڵسۆزانەش باس لە پێویستیی وەبەرهێنانی توانا لە نێو دەستەی ئێستادا کرد. "تەنها کۆمەڵێکی کەم ڕاهێنراون لە باخسازی و بەڕێوەبردنی دارستانەکاندا''.

نیگەرانییێکی دیکە کە دکتۆر حەسەن باسی کرد شێوازی بەکارهێنانی خاک لە شاری دهۆک بوو. باسی ئەوەی کرد کە چۆن پرۆژەکانی ئاوەدان کردنەوە بەرەو شاخەکانی دەوروپشت و بە درێژایی ڕووباری هێشکەڕۆ فراوان دەبن، بەڵام بە ئاڕاستەی پلان و پێڕەوەی ماستەر پلانی دهۆک هەنگاویان نەناوە. "لە دە ساڵی ڕابردوودا، لانی کەم ١٥ بۆ ٢٠ لە سەدی ناوچە سەوزەکانمان لەدەست داوە بەهۆی نیشتەجێبوونی نافەرمی و ماڵەکان کە پێیان دەڵێین باخ (مەزرەعە)." ئەو پێی وابوو کە بەشێکی سەرەکیی کێشەکە ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان بە هەند وەرناگیرێن. "تەنها نزیکەی ٣٠ لە سەدی پرۆژە نوێیەکانی گەشەپێدان لەژێر چاودێری و هەڵسەنگاندنی ژینگەیی و ماستەر پلاندا تەواو دەبن. ئەوانەی دیکە بە بێ بیرکردنەوە لە زیانە درێژخایەنەکان بەردەوام دەبن''.

ڕووانگایەکی دیکە لە ئەلبێبۆنی (٢٠٢٤)ەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە، "لەگەڵ ئەوەی دهۆک بەم دواییانە پێشکەوتووە، وەک بنیاتنانی پارک و سەوزایی، ئاستەنگە گەورەکان هێشتا هەر ماون." تێبینیی ئەوەشی کردووە کە هۆشیاریی گشتی وردە وردە زیاتر دەبێت و ئەو دەستپێشخەرییانەی وەک کەمپەینی یەک ملیۆن دار و فراوانکردنی پارکەکانی وەک ئەلۆکە و سەرهەڵدان هەنگاوی باش و گرینگیان ناوە، کە ئەگەری ئەوەیان هەیە ناوچە سەوزاییەکانی شار بە ٣ بۆ ٤ لە سەد زیاد بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی لەوەش کردۆتەوە کە شوێنە سەوزەکان ڕێژەیان نەگەیشتووە بە ئاستی پێویست، بەو واتایەی شوێنی سەوز بۆ هەر کەسێک نزیکەی ٢ مەتری چوارگۆشە دەبێت، واتا هێشتا دوورە لە ستانداردی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، کە ٩ مەتری چوارگۆشەیە بۆ هەر کەسێک و، بەشێکی زۆری کۆمەڵگا وەکو پێویست دەستیان بە سەوزایی ناگا. سەبارەت بە کێشەی پاراستنیش، ئەلبێبۆنی (٢٠٢٥) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە، لەگەڵ ئەوەی یاساکانی وەک یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٨، ماستەر پلانی دهۆک (٢٠٠٨-٢٠٣٢) و، سزای پێویست دانراون بۆ دڵنیا بوونەوە لە نەهێشتنی بڕینی سەوزایی و داروباری دارستانەکان بە نایاسایی، بەڵام زۆر گوێیان پێ نادرێ و جێبەجێ ناکرێن.

ڕۆژنامەنووسێک کە لە نزیکەوە کار لەسەر دۆخی ژینگەیی دهۆک دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە دەستەی ئەکادیمییش باسیان کردبوو کاتێک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە، بارودۆخی دارەکانی شارستانی بەهۆی چەندین هۆکاری سەرەکییەوە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت. "پاراستن لاوازە و چاودێری بە هەند وەرناگیرێت.'' باس لەوەش دەکات کە گەورەترین هۆکارەکان بۆ لەدەستدانی دار و سەوزایی شەڕە بەردەوامەکانن لە نزیک سنوورەکان. لە ناوچەیەکی وەک بارەگەڕەدا، نزیکەی ٤٠ هەزار دار کە تەمەنیان نزیکەی ٣٠ ساڵ زیاتر بوو لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤ لەنێو بران بەهۆی شەڕ لە نێوان هێزە تورکییەکان و پەکەکە.

کێشەیەکی ڕاستەقینەی دیکە بریتییە لە بڕینی نایاسایی لەلایەن بازرگانانەوە کە داری ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ساڵە دەبڕن و بۆ خەڵوز دەیانفرۆشن. هەروەها وێنەی دانیشتووێکی دیکە دێنێتەوە کە نزیکەی ٢٠٠ داری بڕیوە تەنها بۆ دروستکردنی خانوویێک. ئاماژەیشی بەوە کردووە کە هەندێک پرۆژەی حکومی، بە تایبەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبان و پردەکانی دهۆک، زۆرجاران دارەکان دەبڕنەوە و ناوچە سەوزاییەکان لەنێو دەبەن بە بێ ئەوەی پاشان قەرەبوویان بکەنەوە.

هەردوو ڕۆژنامەنووس و ستافی ئەکادیمی ئاماژەیان بۆ ئەوەش کرد کە لەگەڵ زیادبوونی دانیشتووان، ژمارەی دارەکان کەم دەبنەوە و، هیچ شتێک ناچێنرێت بۆ جێگرتنەوەی ئەو ناوچە سەوزاییانەی لەنێوچوون.

ئەگەرچی یاساگەلێک هەن کە دەڵێن هەر خانوویێکی نوێ دەبێت لانیکەم دوو داری هەبێت، ڕۆژنامەنووسەکە گوتی کە خەڵک گوێ بەم یاسایانە نادەن. خانووگەلێکی زۆر هەن کە تەنانەت یەک داریشیان تێدا نییە. ئەو پێشنیاری دروستکردنی دادگایەکی تایبەتی کرد بۆ کێشە ژینگەییەکان و سەپاندنی سزای تایبەت بەسەر هەر کەسێک کە دارێک ببڕێت.

ئەو دەڵێت، کێشەیەکی گەورەی دیکە پاراستنە. هیچ پشتێنەیێکی سنووریی دیاریکراو نییە لە دەورەپشتی دارستانەکان، سیستەمی خۆپارێزی لە ئاگر نییە و وەکو پێویست پاسەوانی دارستان بوونی نییە. ساڵانە دارستانەکان دەسووتێن و کەس لەوێ نییە ڕێگری لە سووتانیان بکات. هەروەها، چیرۆکێکی دیکەی سەیریشی باس کرد: لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کەسێک ٣،٦٠٠ داری لەسەر شاخێک بڕی و بە بێ ئەوەی هیچ کەس دەسگیر بکرێت و پرسیاری لێبکرێت. بەپێی قسەکانی ئەو، ئەو کەسانەی دارەکان دەبڕن و لەنێویان دەبەن زۆرجاران دەسەڵات و پێوەندیی باشیان هەیە، سەرباری ئەمەش ئەوانەی هەوڵی پاراستنی سروشت دەدەن ژمارەیان کەمە و پاڵپشتییان نەکراوە.

ئەو بەڵگەنامانەش کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دارەکانی شارستانی پارێزراو نین. لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن ئیبراهیم و هاوڕێکانییەوە (٢٠١٧) ئەوە نیشان دەدا کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ تا ٢٠١٥ گژوگیا لە دهۆک لە ٣٠.٧ لە سەد بۆ ٢٠.١ لە سەد دابەزیوە، لەگەڵ ئەوەی ناوچەکانی تەلارسازی لە ٨.٣ لە سەدەوە بەرز بووەتەوە بۆ ٢٥.٣ لە سەد. لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی ساڵی ٢٠٢١ بە بەکارهێنانی وێنەی مانگیی دەسکرد ئەوەی پێشانداوە کە ناوچە سەوزەکان لە زەوییە نزمەکان و ناوچە شارستانییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ هێندەی دیکە کەم بوونەوە. ئەمە بەشێکی سەرەکیی لەبەر کەم بارینی باران بووە، بەڵام هۆکارێکی دیکەی ئەوەیە کە ئاوەدان نەکراونەوە.

هەڵسەنگاندنی بنەمابەندی ستاندارد بۆ دارەکانی شارستانی شاری دهۆک

کاتێک ماستەر پلانی شاری دهۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی بیانییەوە دروست کرا، ئەوان گریمانەیان بۆ ئەوە کردبوو کە حکومەت دواتر ستانداردی ئەڵمانی بەکاربهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی دارەکانی شارستانی و بەرگریی ژینگەیی شاری دهۆک. لە بەرانبەر ئەمەدا توێژینەوەکە شیکاریی بۆ ئەوە کرد کە ئایا ستانداردی  SI پێڕەو دەکرێت یان نا، شیکاریی چەندیێتی لەخۆگرت لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەستووری کاری ستانداردی SI ئەڵمانی.

بەهۆی نەبوونی فاکتەری سێیەمی ستانداردی  SI، ئەم توێژینەوەیە ژمارەی دارەکانی بە دوو فاکتەر خەمڵاندووە؛ ئۆتۆمبێل و بزوێنەرەکانی کارەبا، دوای ژمێرکارییەکانی سەرەوە ژمارەی پێویستی دارەکان دەبێت ٣،٢٨٧،٣١٦ دار بێت.

ئێستا شاری دهۆک نزیکەی ٣٢،٠٠٠ داری هەیە (س. سەڵاح، ٢٠٢٤، پێوەندیی کەسی). بەڵام کاتێک تەنها سەیری دوو فاکتەر دەکەین، لەوانە ئۆتۆمبێل و بزوێنەرەکانی کارەبا، ژمارەی دارەکان کە شار بەڕاستی پێویستیی پێیەتی دەگاتە نزیکەی ٣،٢٨٧،٣١٦ دار (ژمێرکارییەکانی سەرەوە). ئەمەش زیاتر لە ١٠٠ هێندەی ژمارەی ئێستایە. دیوێکی دیکەی ئەم پرسە ئەوەیە کە ئەمەش تەواوی وێنەکە نییە، ئەم خەمڵاندنە فاکتەری سێیەم لەخۆناگرێت؛ ژمارەی بینا بەرزەکان بەهۆی نەبوونی زانیاری. بەو واتایەی ژمارەی ڕاستەقینەی دارە پێویستەکان ڕەنگە تەنانەت زیاتریش بێت.

بە کورتی، لەگەڵ ئەوەی هەنگاوگەلێکی ئەرێنی نراون، دهۆک هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی ڕاستەقینە دەبێتەوە وەک کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی یاسا و ناڕێکی لە پلاندانانی شارستانی. بە بۆچوونی ئەوان، لەگەڵ ئەو بەڵگەنامانەی کە پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و شیکاریی چەندیێتی ڕوونە کە دهۆک هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ بایەخ دانی زیاتر بە سەوزایی شارستانی، بەڵام بۆشایی گەورە دەمێنێتەوە لە جۆرایەتی و بڕی دارەکانی شارستانیدا. سنووردارکردنی شوێنە سەوزەکان بۆ هەر کەسێک و، لاوازیی جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستن و ژمارەی سنووردار لە دارەکان بەپێی ستانداردی  SI ئاستەنگە بەردەوامەکان دەخاتە ڕوو.

پێشنیارەکان بەپێی ئەو خاڵە لاوازانە و بۆشاییانەی کە دەستمان کەوتن خرانە ڕوو. بۆ هاوسەنگکردنی دارەکانی شارستانی لە پارێزگای دهۆک و ئاماژە دان بە پرس و کێشە هەنووکەییەکان لە ڕێگای چارەسەری ڕاستەقینە و کردەییەوە.

لەگەڵ هەبوونی یاسا و ڕێسای پێویست سەبارەت بە سەوزاییەکانی پارێزگای دهۆک، هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنیان هێشتا نەزۆکن. بەتایبەت بەهۆی جیاوازیی هۆشیاریی گشتی و دیدگایان بۆ سەوزایی بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی جیهان لەبەر ئەوەی کوردستان بەرەوڕووی ناجێگیریی دۆخی ئابووری و ڕامیاری و ناکۆکییەکان کراوەتەوە. ئەم ئاستەنگانە کێشە ژینگەییەکانیان قووڵتر کردووەتەوە. 

پێشنیاری پلانی ستاندارد بۆ دارەکانی شارستانی

ئەم توێژینەوەیە چەند هەنگاوێکی سەرەتایی وەکو پێشنیاز بۆ چارەسەری ئەم پرسە دەخاتە ڕوو، سەرەتا بە زانینی ژمارەی دارەکان و ئەو شوێنانەی کە گونجاون بۆ چاندنیان. ئەم توێژینەوەیە بە پشت بەستن ستانداردی SI و یاساکانی ٣-٣٠-٣٠٠ بۆ سەوزایی ئەوە دەخاتە ڕوو کە چەند دار پێویستن بۆ چاندن.

کۆتا

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری توێژینەوە، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە کە دارەکان وەکو پێویست نەپارێزراون و بەڕێوە نەبراون. دوستووری کار و یاسا و ڕێساکان لەڕووی چۆنیێتییەوە بە باشی جێبەجێ نەکراون. لە ڕووی چەندیێتییشەوە، دهۆک بەرەوڕووی قەیرانی سەوزاییەوە کراوەتەوە بە هەبوونی ٣٢،٠٠٠ دار کە بەراورد بە ژمارەی پێویست کە ٣،٢٨٧،٣١٦ دارە نزیکەی ١٠٠ هێندە کەمترە، بە پشت بەستن بە هەردوو فاکتەری: ئوتومبێل و بزوێنەرەکانی کارەبا. بۆ ئاماژە دانیش بەم پرسە گرینگانە، چەندین پێشنیازی گرینگ کراون.

سەرچاوەکان

Abdi, A. H. M. (2017). From producers to consumers: The challenges and opportunities of agricultural development in Iraqi Kurdistan. Retrieved from https://www.researchgate.net/publication/317784337

Adttsran. (2021, September 23). What are the WHO guidelines on green space? - ISGlobal Ranking of Cities. ISGlobal Ranking of Cities. Retrieved from https://isglobalranking.org/faq-items/what-are-the-who-guidelines-on-green-space/

Government of South Australia. (2024). Auditor-General Report 6 of 2024: Urban tree canopy management. Retrieved from https://www.audit.sa.gov.au/reports/urban-tree-canopy-management

Hand, K. L., & Doick, K. J. (2019). Understanding the role of urban tree management on ecosystem services. Forest Research. Retrieved from https://cdn.forestresearch.gov.uk/2019/06/frrn039.pdf

Hanas, B. A. (2024). Assessing the integration and implementation of green spaces conservation of Duhok City Master Plan (Unpublished B.Sc. thesis). University of Duhok.

Konijnendijk, C. C. (2022). Evidence-based guidelines for greener, healthier, more resilient neighbourhoods: Introducing the 3–30–300 rule. Journal of Forestry Research, 34(3), 821–830. https://doi.org/10.1007/s11676-022-01523-z

Konijnendijk, C. C., Nilsson, K., Randrup, T. B., & Schipperijn, J. (Eds.). (2005). Urban forests and trees: A reference book. Springer. https://doi.org/10.1007/3-540-27684-X

Malkoç, E. (2024, August). City-wide assessment of urban tree cover and land-cover changes in Edirne using web-based tools.

Roy, S., Byrne, J., & Pickering, C. (2012). A systematic quantitative review of urban tree benefits, costs, and assessment methods across cities in different climatic zones. Urban Forestry & Urban Greening, 11(4), 351–363. https://doi.org/10.1016/j.ufug.2012.06.006

SAVI (Sustainable Asset Valuation). (2023, January 26). Tree planting in Addis Ababa, Ethiopia. Retrieved from https://www.iisd.org/savi/project/tree-planting-in-addis-ababa-ethiopia/

Albeyboni, D. J. (2025, May). Personal communication.

Muhamed, H. N. (2025, May). Personal communication.

Sindory, S. (2024, April 30). Personal communication.

Zebari, B. (2025, May). Personal communication.