ڕۆڵی دەرامەتی ئاوی سەر زەوی لە پەرەپێدانی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا
پێشەکی
دەرامەتی ئاو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی سروشت و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ مرۆڤ بەڵام زانیاریی گشتی لە بارەی گرنگیی دەرامەتی ئاوەوە تا ڕادەیەکی زۆر سنووردارە و بۆیە کاری زانستی و کردەیی پێویستە بۆ ئەوەی ئاستی تێڕوانین و پێزانینی هاووڵاتی بۆ پرسی دەرامەتی ئاو بەرز بکرێتەوە.ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، بە تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستیەی کە ئاو دەبێتە کێشەی سەرەکی لە سەدەی بیستویەکدا، ئەم بڕوایەش لە هەموو کۆنگرە نێودەوڵەتیەکاندا لە دوای کۆنگرەی دبلن لە ساڵی ٢٠١٤ لە نیویورک بەسترا جەختی لێدەکاتەوە {١} "ئاوی سەرزەوی ئەو سەرچاوە ئاویانەن کە بە درێژایی ساڵ بەسەر زەویدا ڕێدەکەن، واتە ڕووباری هەمیشەیی لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی لە دوای بارینی باران و توانەوەی بەفر دروست دەبن واتە ڕووباری وەرزی، لەم ڕووەوە بڕی باران و بەفری تواوەکاریگەری دەخەنە سەر ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی {٢}. ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو بەکارهێنانی ئاو و شێوازی ئەم بەکارهێنانە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا دەرامەتی ئاو وەک سەروەتێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەیر کراوە. خراپبەکارهێنانی سەچاوەکانی ئاو جیاوازیەکی زۆری نیە لەگەڵ نەبوونی، زۆریش لە کاریگەریە نەرێنیەکانی ڕووبەڕووی مرۆڤ بوەتەوەلە کۆن و لە ئێستاشدا پەیوەست بوە بە خراپبەڕێوەبردنی دەرامەتی ئاو{٣}. دەرامەتی ئاو وەک سەرمایەیەکی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لە مانەوە و پێشکەوتنی مرۆڤ و چالاکییەکانی. هەر لە سەرەتاوە، مرۆڤ هەوڵی دەستەبەرکردنی سەرچاوەی دەرامەتی ئاوی لە سروشتدا داوە. هاوکات، دەرامەتی ئاو وەک سەروەتێکی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بووە بە لایەنی تەندروستی و ڕۆحی مرۆڤ. لە ڕێگەی دەرامەتی ئاوەوە نەریتی کۆمەڵایەتیی دەستەجەمعی پەیدا بوون کە کاریگەرییان لە باری دەروونیی مرۆڤ کردووە. ئاو بە بەردەوامی کاریگەریی هەبووە لەسەر جەستە و ڕۆحی مرۆڤ. لە سەردەمی ئێمەدا مەترسیی وشکەگەڕان، پیسبوون و خراپبەکارهێنانی دەرامەتی ئاو وا دەکات کە پێویست بێت ئێمە ستراتیژی نوێ بدۆزینەوە بۆ ئیدارەدانی دەرامەتی ئاو کە بێگومان لە ئەنجامدا پاراستنی ژینگە و سروشتی لێ دەکەوێتەوە. بەرزکردنەوەی ئاگایی گشتی لەمەڕ گرنگبوونی پرسی ئاو دەتوانێت تەنانەت زەمینە بۆ دەرفەتی کاری و بازرگانی تازە لە پەیوەندی لەگەڵ دەرامەتی ئاودا دروست بکات، کە هەم بۆ ئابووریی کۆمەڵگە باش دەبێت و هەم شێوازی بەکارهێنانی ئاو دەگۆڕێت بۆ بەکارهێنانێکی ماقووڵ.
ئامانجی ئەم توێژینەوەیە:
لەم توێژینەوەیەدا، مەبەست لە دەرامەتی ئاو، ئاوی سەرزەوییە کە هەموو ئەو ڕووبەرە ئاوییانە دەگرێتەوە کە لەسەر ڕووی زەوین و بەرچاون و گرنگترینیان بریتین لە چەم، ڕووبار، دەریاچە و دەریاکان. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات پێگە و بایەخی دەرامەتی ئاو لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا بخاتە ڕوو. بۆ ئەم مەبەستە، توێژینەوەکە خوێندنەوە بۆ کۆمەڵیک لێکۆڵینەوەی دیاریکراو لەوبارەیەوە دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕوانگەی دەرامەتی ئاوەوە، سەرلەنوێ ئەم لێکۆڵینەوانە بخاتەوە ڕوو و تیشک بخاتە سەر پێگەی دەرامەتی ئاو وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ مانەوە یاخود نەمانەوەی گەشتوگوزار لە کوردستاندا.
گریمانەی توێژینەوە
یەکەم: ئایا دەرامەتی ئاو بنەمایەکی سەرەکیە بۆ دیاریکردنی شوێنی گەشتیاری؟ یاخود کۆڵەگەی سەرەکیی گەشتوگوزارە؟
دووهەم: تا چەند پرسی گەشتوگوزار لە کوردستاندا بەستراوەتەوە بە پرسی دەرامەتی ئاوەوە؟
سێهەم: ئایا شوێنی گەشتوگوزار دەتوانێت بەبێ دەرامەتی ئاو هەبێت لە هەرێمی کوردستاندا؟
ناوچەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا
دەرامەتی ئاو پەیوەندیەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سەرهەڵدان وگەشەسەندنی گەشتوگوزاردا هەیە و کاریگەریان لەسەر چالاکیەکانی گەشتوگوزار بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەردەکەوێت ، بە شێوەیەک کە بەشێکی زۆر لە چالاکیە گەشتوگوزاریەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەستن بە سەرچاوەکانی ئاو{٤}.هەرێمی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق، خاوەنی ناوچەی گەشتوگوزاری زیاترە و کەشوهەوایەکی لەبارتر و باران و بەفرێکی زیاتر، هاندەری سەرهەڵدانی ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتوگوزار بوون لە هەرێمی کوردستاندا. ئەمە بە تایبەت لە ژمارەی بەرچاوی گەشتیارانی ناوچەکانی تری عێراق بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کورستان بە ڕوونی دەردەکەوێت. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناوچە گەشتییارییەکان، جگە لە ئاو و هەوای گونجاو، بوونی ژمارەیەکی بەرچاو ڕووبار، دەریاچە و چەمەکانی کوردستانن کە زەمینەی ناوچەی گەشتیاریی خۆڕسکیان پتەوتر کردووە. مەبەست لە ئاوی سەرزەوی هەموو ئەو ڕووبەرە ئاویانە دەگرێتەوە کە لەسەر زەوی و بە ئاشکرا دیارە وە بەرچاو دەکەوێت کە گرنگترینیان بریتین لە چەم و ڕووبارەکان و دەریاچەکان ودەریا و زەریاکان {٥}. هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لەو جۆرە ڕووبارانەیە کە گرنگترینیان بریتین لە: ڕووباری تیت، وسیوەیل، زێی گەورە و بچووک، جۆگەسوور، باڵخ و ماوەت. بەشێکی زۆر لەو ڕووبارانە لقی تریان لێ جیا دەبێتەوە کە هەندێکیان وەرزی و هەندێکیشیان هەمیشەیین، وەک ڕووباری سیوەیل و لقەکانی قزڵچە و شلێر و هەروەها لقەکانی تر کە دەڕژێنە ناو سیوەیل وەک کەنار و میراوا. ئەم ڕووبارانە و لقە وەرزی و هەمیشەییەکانیان دەتوانن ببن بە هەوێنی ناوچە گەشتیاریی زۆر زیاتر، بەلام تا ئێستا بە هۆی وەرزیبوونیانەوە کەڵکێکی کەمیان لێ وەردەگیرێت. یەک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی سەرزەوی لە هەرێمی کوردستاندا، ڕووباری دیجلەیە کە هەر پێنج لقەکەی بەسەر خاکی کوردستاندا تێپەڕدەبن{٦}. هاوکات، بۆ هەموو ڕووبارەکان، بە تایبەت لقە وەرزییەکانیان، بڕی باران و بەفر کاریگەریی بەسەر گەشە و بەردەوامبونی ئەو ڕووبارانەوە هەیە. یەک لە هۆکارەکانی کەم بەکارهێنانی ئەو ڕووبارانە، پێدەچێت بۆ هەڵکەوتەی جوگرافیی ڕووبارەکان بگەڕێتەوە کە بۆ نموونە لە ناوچەی ڕاپەڕین، زۆرینەیان لە ناوچەی شاخاویی و دۆڵدا هەڵکەوتوون. بەڵام دەکرێت ببن بە شوێنی گەشتیاریی گرنگ. بەشێکی زۆر لەو ڕووبارانە ڕووبەرێکی گەورەیان هەیە وەک زێی بچووک، و هاوکات لقی زۆریشیان لێ دەبێتەوە وەک هیزۆپ و قەشان و شاورێ. زۆرینەی ئەو ڕووبارانە زەمینەی گەشتیارییان تێدایە بەڵام بە کەمی کەڵکیان لێ وەرگیراوە.
هاوکات پەیوەندیی دەرامەتە ئاوییەکان بە گەشتوگوزارەوە دەکرێت بە دوو شێوە بێت: ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ{٧}. بە واتەیەکی تر، بەشێکی زۆر لە دەرامەتە ئاوییەکان سەرچاوەی سەرەکیی گەشتوگوزار پێک دەهێنن و بەبێ ئەوانە، ناوچە گەشتوگوزارەکان پەکیان دەکەوێت. ئاوی ڕووبار و دەریاچەکان، بە نموونە، سەرچاوەی سەرەکین بۆ بەشێکی زۆر لەو ناوچە گەشتوگوزارییانە، وەک مەلەوانی و گەشتی بەلەم و سەوڵلێدان و ڕاوەماسی کە ڕاستەوخۆ بە ئاوەوە بەستراونەتەوە. لە بەشی ناڕاستەوخۆی سامانی ئاو بە گەشتوگوزارەوە، باس لەو ژینگە سرووشتیە دەکرێت کە دەرامەتی ئاو بۆ شوینە گەشتوگوزارییەکان دەستەبەری دەکەن.
لە بەشێک لە ناوچە گەشتیارییەکان، بۆ نموونە لە پارێزگای سلێمانی، زۆریی دەرامەتە ئاوییەکانی سەرزەوی، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاری. هەر وەک لە لێکۆڵینەوەکەی ئامانج جەلال ئەحمەددا دەردەکەوێت، لە کۆی ٢٦ پرۆژە، ٢١یان ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەریی دەرامەتە ئاوییەکانەوەن. ئەوەیش بە هۆی بوونی دەریاچەی دووکان، زێی بچووک و چەمەکانەوەیە. هاوکات ڕێکردنی ڕووباری گەورەی وەک زێی بچووک کە نزیکەی ٤٠٧ کیلۆمەتر درێژ دەبێت، دەتوانێت ببێتە پاڵپشتی ناوچەی گەشتوگوزاری زۆر زیاتر. ئەم زێیە هاوکات، بەشێکی زۆر لە ئاوایی و قەزاکانی ئەو ناوچەیە بە یەکەوە گرێ دەدات، لەوانە دەشتی پشدەر و بیتوێن و لە ڕێگەی لقی جیاوازەوە دەگاتە دووبز و ئاڵتوون کوپری.
بەڵام هەروەک لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە، سوودوەرگرتن لە زێی بچووک لە بواری گەشتوگوزاردا سنووردارە، لە کاتێکدا کە بە هۆی لەباربوونی ئاوی زێ و لقەکانی، دەکرێت ببێتە پاڵپشتی گەشتوگوزاری گەورە. بۆ نموونە پلەی گەرمای ئاوی زێی بچووک نزیکەی ٢٠ پلەیە و بۆ چالاکییە گەشتوگوزارییەکان گونجاوە. هەروەها نزیکیی زێی بچووک لە قەزا و ناحییەکان وای کردووە کە هاتوچۆ بۆ کەنارەکانی زێ ئاسان بیت. زێی بچووک هەم دیمەنێکی جوانی پێ بەخشراوە بە هۆی بەرزی و نزمی، هەمیش دەوڵەمەندە بە سامانی ماسی و هاوکات کەنارەکانی داپۆشراوە بە دارودرەخت. ئەم حاڵەتە بۆ ڕووباری (تابین)یش هەر وایە کە بە تەنیشت ژمارەیەک گونددا تێدەپەڕیت و دەتوانێت ئەم ئاواییانە بکات بە ناوچەی گوشتوگوزاری زۆر سەرنجڕاکێش. لەو ناوچەیەدا جگە لە سەیرانگای گەلی خدران، کە شوێنێکی گەشتیاریی قەرەباڵغە، شوێنی تری گەشتوگوزار یان نییە، یان ئەگەر هەبێت بەبێ خزمەتگوزارییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بوونی دارستان و گیاوگۆڵێکی زۆر لەو ناوچەیەدا، دەتوانێت بۆ پەرەپێدان بە گەشتیاری بە کار بێت،. چەمی چەرمگا، چەمی خڕی سەراو و کەلکان و چەندین چەمی تر وەک دەرامەتی بەپیتی ئاو، لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتوون و کەڵکێکی ئەوتۆیان لێ وەرنەگیراوە.
هەر لەو ناوچەیەدا چەند دەریاچە و گۆمێک هەڵکەوتوون، وەک گۆمی بگێڵ کە لە توانەوەی بەفری زنجیرە شاخەکانی قەندیلەوە دروست بووە و دیمەنێکی جوانی سروشتیی دروست کردووە. بەڵام لە هەموو ئەو دەرامەتە ئاوییانە گرینگتر، دەریاچە و بەنداوی دووکانە کە نزیکەی ٢٥٠ کیلۆمەتر دووجایە و لە زێی بچووکەوە سەرچاوە دەگرێت. بەنداوی دووکان کە لە کاتی خۆیدا بۆ ڕیگریگرتن لە لافاو، ئاودێریکردن، بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕاوەماسی و گەشتوگوزار دروست کرا، بە هۆی چیاکانی دەوروبەرییەوە، بووە بە شوێنێکی دڵڕفێن و شوێنیکی باشی گەشتیاری. درێژایی کەنارەکانی دەریاچەکە نزیکەی ١٤٥ کیلۆمەترە کە دەتوانێت لە هەندێک شوێن ببێت بە شاری گەشتیاری. بە پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەو وڵاتانەی کە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر دەریاچە و دەریان، بەڵام بە هۆی ئاو و هەوای ساردەوە ناتوانن بۆ گەشتیاری کەڵک لە سەرچاوە ئاوییەکانیان وەربگرن، هەموو دەریاچە و ڕووبارەکانی کوردستان، نزیکەی لە هەر چوار وەرزدا توانای ڕاکێشانی گەشتیاریان هەیە بە هۆی گەنجاوبوونی ئاو و هەوا و پلەی گەرما.
هەروەک لە لێکۆڵینەوەی (ڕێباز لوقمان مستەفا) دەردەکەوێت، بۆ نموونە قەزای پێنجوێن دەوڵەمەندە بە چەم و ڕووبارە وەرزییەکان کە بە هۆی بارانی زۆرەوە دروست دەبن و دەکرێت بۆ گەشتوگوزار کەڵکی زۆریان لێ وەربگیرێت. بەڵام پێنجوێن هاوکات خاوەنی ڕووباری هەمیشەیشە کە بە دریژایی ساڵ ئاویان لێ نابڕێت، چونکە ئاوی ژێرزەوی بەشیکی زۆری ئاوی ئەو ڕووبارانە پێک دەهێنێت. بۆ نموونە ڕووباری شلێر کە لە هەرچوار وەرزدا ئاوی هەیە، لە تێکەڵبوونی سێ ڕووباری بچووکی تری میشاو، سپیکان و شەهیدان پێک دێت و چەندین جۆگەی تری لێ دەبێتەوە و کۆی ئەو ڕووبارانە ناوچەیەکی دیاریکراو دەگرنە خۆ کە دەتوانن ببنە هەوێنی شوێنێکی باشی گەشتوگوزار. ئەگەرچی ئێستا ژمارەیەک ناوچەی گەشتوگوزار وەک سەرسوراو، شێخ ئەڵوان و گۆڵیی لێ دروست بووە، بەڵام دەکرێت ناوچەی گەشتیاریی زۆر گەورەتری لێ دروست ببێت. چۆمە وەرزییەکان کە بەو سەرچاوە ئاوییانە دادەنرێن کە لە توانەوەی بەفری سەر چیاکان و بارانەوە دروست دەبن، چۆمی وەرزین و دەتوانن ببن بە هەوێنی ناوچەی گەشتیاریی وەرزی. لە قەزای پینجوێن بۆ نموونە، ژمارەیەکی زۆر چەم وەک چەمی داڕۆخان، وێنە و دۆڵە سوور هەن کە بە وەرزی زستان و بەهار پڕئاو دەبن و دەکرێت بۆ ئەم وەرزانە باوەش بۆ گەشتیار بکەنەوە. هەر ئەو ناوچانە خاوەنی ئاوێکی زۆری ژێرزەویشن و لە چەشنی کانیاو و بیر و کارێز دەبن بە شوێنی گەشتیاریی زۆر.
ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەرامەتی ئاو و گەشتوگوزار لە باسەکانی پێشتر و بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، ئەو ڕاستییە جەخت کرایەوە کە پرسی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا تا ڕادەیەکی زۆر بەستراوەتەوە بە دەرامەتی ئاوەوە. لە ڕاستیدا، ئەم پەیوەندییە بە شیوەیەکە کە دەرامەتی ئاو دەگۆڕێت بۆ هۆکارێکی سەرەکیی سەرهەڵدان، بەردەوامبوون و گەشەکردنی شوێنی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا. هاوکات، بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری دەریاچە، چۆمی وەرزی و ڕووبارەکان بە لقە وەرزی و هەمیشەییەکانیانەوە، دەتوانێت ببێتە پاڵپشتێکی ڕاستەوخۆی گەشەکردنی زیاتری ئابووری گەشتیاری لە کوردستاندا. ئەم ئابوورییە دەتوانێت لە شوێنی خۆیدا دەرفەتی کاری زیاتر بڕەخسینێت و ببێتە سەرچاوەیەکی دارایی بەهێز بۆ کۆی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان. ئەم پرسە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ سەربەخۆکردنی زیاتری ئابووریی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی لە داهاتی ناپێشبینیکراوی نەوتەوە. بەڵام ئەم پەیوەندییە دەبێ دوولایەنە بێت. بە واتایەکی تر، دەرامەتی ئاو پاڵپشتێکی سەرەکی و بەهێز دەبێت بۆ پرسی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و هاوکات پێویستە کە ئابووریی گەشتیاریش ببێتە هۆکاری هێشتنەوە، پاراستن و پەرەپێدانی دەرامەتە ئاوییەکان. ئابووریی گەشتیاری نەک هەر تەنیا نابێ لەسەر وشکاندن و بەهەدەردانی دەرامەتی ئاوەوە بینا بکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ ڕێکخستنەوە و پاراستنی زیاتری سامانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا. ئەم بەکارهێنانە ژیرانە و ستراتیژییانە پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان دەرامەتی ئاو و گەشتیارییەوە دروست دەکات، کە تێیدا بەشێکی دیاریکراوی ئابووریی گەشتیاری بۆ پاراستن و برەودان بە سامانە ئاوییەکان تەرخان دەکرێت. وەرگرتنی باجی بەکارهێنانی ئاو لە شوێنە گەشتیارییەکاندا جێبەجێ دەکرێت و لەو ڕێگەیەوە بە فیڕۆدانی ئاو ڕێگەی لێ دەگیرێت و داهات بۆ پاراستنی دەرامەتی ئاو دەستەبەر دەکرێت. ئەم پرۆسەیە دوولایەنە دواجار دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێزی شوێنە گەشتیارەکان و ئابووریی وڵات.
دەرئەنجام
ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە بە شێوەیەکی گشتی، دەرامەتی ئاو هۆکارێکی سەرەکیی سەرهەڵدان و برەودانی شوێنە گەشتیارییەکانە لە هەرێمی کوردستاندا. دەرامەتی ئاو سامانێکی سروشتیی پڕبایەخە لە هەرێمی کوردستاندا. بەهاداربوون و ستراتیژیبوونی ئەم سەروەتە نیشتمانییە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە بخرێتە پەیوەندی لەگەڵ پرسی گەشتیاریدا لە هەرێمی کوردستان. لە هەرێمدا، زەمینەی لەبار هەن بۆ زیادکردن و برەودان بەم شوێنە گەشتیارییانە، هەم وەک ژمارە و هەم وەک چونییەتی. ئابووریی گەشتیاری دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی ستراتیژیی داهات بۆ هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیی دارایی لە وڵاتەکەدا. ئەم سەربەخۆییە کاتێک ڕوو دەدات کە کەڵکی زانایانەتر لە دەرامەتی ئاوەوە وەربگیرێت کە دەبێتە هەوێنی گەشە و فراوانکردنی شوێنە گەشتیارییەکان. ئەم توێژینەوەیە نیشان دەدات کە هەرێمی کوردستان خاوەنی ژمارەیەکی زۆر سەرچاوەی ئاوییە کە یان کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە یان بە خراپی بە کار هاتوون. ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی دەرامەتی ئاو و گەشتیاری دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ببێتە مایەی پاراستن و گەشەکردنی هەردوو پرس و لە خزمەتی گشتیدا بە کار بێن.
سەرچاوەکان
١- محەمەد ئەمین، هاوڕێ یاسین ،جوگرافیای دەرامەتە سروشتیەکان ،چاپخانەی غەزەلنووس، سلێمانی ٢٠١٥، لا٢١٣.
٢- مستەفا، ڕێباز لوقمان، توانستە جوغرافیەکانی پلاندانان و گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە قەزای پێنجوێن بە بەکارهێنانیGIS ، زاانکۆی سلێمانی، نامەی ماستەر، بڵاونەکراوە، ٢٠١٦، لا٤٩.
٣- محمد أمين, ازاد ,جغرافية الموارد الطبيعية , مطبعة دار الحكمة, بغداد 1990 ص2.
٤- ومحەمەد، ەتمان محەمەد، بنەما جوگرافیەکانی پلاندانانی گەشتیاری لە قەزای شارباژێڕ ،نامەی ماستەر (بڵاونەکراوە) ،٢٠١٥ لا ٤٨.
٥- محەمەد ئەمین، هاوڕێ یاسین،جوگرافیای دەرامەتە سروشتیەکان ، چاپخانەی غەزەلنووس ، سلێمانی،٢٠١٥ لا٢٣٢
٦- یوسف، ئەژین ئەنوەر،توانستە سروشتیەکانی پلاندانان و گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە ناوچە شاخاویەکانی ئیدارەی ڕاپەڕیندا ، زانکۆی راپەرین نامەی ماستەر (بڵاونەکراوە)، ٢٠١٧ لا١٠٢.
٧- ئەحمەد، ئامانج جەلال ، شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ توانستەکانی گەشەپێدانی گەشتوگوزارلە قەزای دوکان، زانکۆی کۆیە، نامەی ماستەر ,بڵاونەکراوە، نەورۆز ٢٧١٥ ،لا٨٠.